24 تابلۆی پابلۆ پیکاسۆ لە بەغدا نمایشکران

رووداو - هەولێر

لە ماوەی 100 ساڵی رابردوودا، یەکەمجارە لە بەغدا پێشەنگایەکی تایبەت بە تابلۆکانی پابلۆ پیکاسۆ، هونەرمەندی نێوداری ئیسپانی دەکرێتەوە، کە ماوەی سێ رۆژ بەردەوام دەبێت.

پیشەنگاکە 24 تابلۆی جۆری لیتۆگرافیای تایبەت بە پیکاسۆی لەخۆگرتووە و، لەلایەن هەوادارێكی عێراقی کۆکراونەتەوە.

قاسم سەبتی، سەرۆکی کۆمەڵەی نیگارکێشانی عێراق لەمبارەیەوە دەڵێ "کارەکان بریتین لە لیتۆگرافیا، گرافیک و هێڵکاری کە ناویان دەنێن کاری کاغەز. ئەوانە تابلۆی رەنگی رۆنی نین. خاوەنەکەیان بەدرێژایی 30 ساڵ لە هۆڵەندا و ئەوروپا کۆیکردوونەتەوە، دواجار ئەوانەی لە بەغدا نمایش کردن. بەغدا لە دژبەیەکچوونێکدا دەژیت، ژیان و مەرگ".

پیشەنگاکە بەناوی "پیکاسۆ لە بەغدا-یە" کراوەتەوە، ژمارەیەکی زۆر لە هونەرمەند، نیگارکێش و قوتابیانی هونەرە جوانەکانی بۆلای خۆی راکێشاوە.

محەمەد شەوقی، هونەرمەند دەڵێ "دەتوانم بڵێم ئەم پیشانگایە بەشێكە لەو سەقامگیرییەی بڕیارە لە عێراقدا جێگیر ببێت. بەر لە چەند ساڵێک نەدەتوانرا ئەم پیشانگایە بکرێتەوە، چونکە لەوانەیە لەبەر گرانی تابلۆکان، تووشی کێشە بوویتایە".

نرخی بچووکترین تابلۆ، دەگاتە نزیکەی 20 هەزار دۆلاری ئەمریکی و، هەرچەندە پێشەنگاکە ماوەی سێ رۆژ بەردەوام دەبێت، بەڵام چاوەڕێ دەکرێت بەشێکی کەمی تابلۆکان بفرۆشرێن.

 

پێداچوونەوە: هەڵات رێبوار