رووداو دیجیتاڵ
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لەبارەی پێشنیازەکەی دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) بۆ عەبدوڵڵا ئۆجەلان قسەی کرد و گوتی، ئەگەر ئەو هەڵوێستەی باخچەلی بێ بڕیاردانی پێشوەختە هەڵسەنگاندنی بۆ بکرێت، سوودی دەبێت.
لە پرۆگرامێکی تایبەت بە 101ـەمین ساڵیادی راگەیاندنی کۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان لە کۆشکی کۆماری لە ئەنقەرە بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی زۆر لە بەرپرسانی ئاکپارتی و مەهەپە گوتارێکی پێشکێشکرد.
بەشێک لە گوتارەکەی ئەردۆغان تایبەت بەو پێشنیازە بوو کە دەوڵەت باخچەلی هەفتەی رابردوو لەبارەی شەڕی نێوان سوپای تورکیا و گەریلاکانی پەکەکە خستیەڕوو.
ئەردۆغان گوتی، "ئەو هەڵوێستانەی بەم دواییە بە رێبەرایەتیی هاوبەشی هاوپەیمانیی جمهوورمان نیشاندراون، باوەڕمان وایە ئەگەر لەژێر رۆشنایی باکگراوندێکی فراوانەوە و بەبێ بڕیاردانی پێشوەختە هەڵسەنگاندنیان بۆ بکرێت، سوودی زیاتریان دەبێت".
ئەردۆغان گوتی، "بۆ گوتنی شتی نوێ، چاوپۆشیمان لە کێشەکان نەکرد، بەڵکو چووینە دۆخێکەوە کە تێیدا پێداگری بۆ چارەسەرکردن پێویستە. ئەگەر وا نەبێت، جیاوازیمان لەگەڵ وڵاتە تازە دەرکەوتووەکان نابێت".
دەوڵەت باخچەلی رۆژی 1-10-2024 لە پەرلەمانی تورکیادا چووە لای فراکسیۆنی دەم پارتی و تەوقەی لەگەڵ کردن؛ رۆژی 22-10-2024یش بانگەوازی لە عەبدوڵڵا ئۆجەلان کرد بچێتە پەرلەمان و لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی دەم پارتیدا هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە رابگەیێنێت بۆ ئەوەی قۆناخێکی نوێ دەستپێبکات.
ئەو دوو هەنگاوەی باخچەلی، بەتایبەتی کە پشتیوانیی ئەردۆغانی بەدواداهات، وەک ئاماژەیەک بۆ دەستپێکردنی پرۆسەیەکی چارەسەریی پرسی کورد لێکدەدرێتەوە.
دەقی گوتەکانی ئەردۆغان:
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا: "ئەو هەڵوێستانەی بەم دواییە بە رێبەرایەتیی هاوبەشمان لە هاوپەیمانیی جمهوور نیشاندراون، باوەڕمان وایە ئەگەر بەبێ بڕیاردانی پێشوەختە هەڵسەنگاندنیان بۆ بکرێت، سوودی زیاتریان دەبێت. ئەم هەڵوێستە نەریتێکە لە عەقڵی دەوڵەتی دێرین و لە ئەزموونی هەزاران ساڵەی گەلەکەمانەوە هاتووە. چاوپۆشیمان لە کێشەکان نەکرد، بەڵکو چووینە کەشێکەوە کە تێیدا ویستی پێداگرانە بۆ چارەسەرکردن پێویستە. ئەگەر وا نەبێت، جیاوازیمان لەگەڵ وڵات و گەلە تازە دەرکەوتووەکان نابێت".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ