پەرلەمانتارانى عێراق واژۆ بۆ داخستنى باڵیۆزخانەى ئەمریکا کۆدەکەنەوە
رووداو دیجیتاڵ
ژمارەیەک پەرلەمانتارى عەرەب واژۆ بۆ کۆبوونەوەیەکى داخراوى پەرلەمان کۆدەکەنەوە بۆ تاوتوێکردنى داخستنى باڵیۆزخانەى ئەمریکا لە بەغدا و دەرکردنى باڵیۆزخانەکە وەک کاردانەوەیەک لە بەرامبەر جەنگى ئیسرائیل و گرووپە چەکدارەکانى فەلەستین لە کەرتى غەززە.
بەگوێرەى داواکارییەک کە ژمارەیەک پەرلەمانتارى واژۆیان کردووە بۆ ئەوەى ئاراستەى سەرۆکایەتى پەرلەمانى بکەن، داوا دەکەن کۆبوونەویەکى لە ناکاوى داخراو بکرێت بۆ تاوتوێکردنى پرسی دەرکردنى باڵیۆزى ئەمریکا لە عێراق و داخستنى باڵیۆزخانەکە و هەڵپەساردنى پەیوەندیی دیبلۆماسی لەگەڵ ئەو وڵاتانەى کە پاڵپشتیی ئیسرائیل دەکەن.
بەگوێرەى داواکارییەکە، تاوتوێکردنى ئەو پێشنیازە بەهۆى شەڕى نێوان سوپاى ئیسرائیل و گرووپە چەکدارەکانى فەلەستین بووە لە شارەى غەززە.
دارا سێکانیانى، ئەندامى لێژنەى یاسایی پەرلەمانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى گوت، "ئاگادارى ئەو داواکارییەى پەرلەمانتارانین، بەڵام بە شێوەیەکى فەرمى بە ئێمەیان رانەگەیاندووە کە بەشداربین لەو واژۆکردنەکەدا."
زیاتر لە 30 پەرلەمانتارى عێراق واژۆیان لەسەر ئەو داواکارییە کردووە کە سەرجەمیان عەرەبن و زۆرینەیان شیعەن.
بەگوێرەى مادەى 28ـى پەیڕەوى ناوخۆى پەرلەمانى عێراق، بۆ ئەنجامدانى کۆبوونەوەى نائاسایی دەبێت 50 پەرلەمانتار داواکارى پێشکێش بکەن.
رۆژی 7ـی تشرینى یەکەمی2023، بزووتنەوەی حەماس ئۆپەراسیۆنی ناونراو بە "تۆفانی ئەقسا"ـی لە دژی ئیسرائیل دەستپێکرد. دواتر ئیسرائیل بە هێرشی مووشەکی بۆ سەر کەرتی غەززە و گەمارۆ خستنە سەر کەرتەکە وەڵامی هێرشەکەی حەماسی دایەوە و تاوەکو ئێستاش شەڕ بەردەوامە.