بەهۆی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانەوە، گواستنەوەی مامۆستایان لە عێراق رادەگیرێت
رووداو دیجیتاڵ
بەهۆى ئەنجامدانى هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکانى عێراقەوە گواستنەوەى مامۆستایان لە عێراق رادەگیرێت.
30ى تشرینى یەکەمى 2023، عیماد جەمیل، سەرۆکى تیمى رۆژنامەڤانیى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، بە فەرمانى محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق گواستنەوەی مامۆستایان لەنێوان قوتابخانەکانى عێراق رادەگیرێت تاوەکو ئەو کاتەى ھەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکان تەواو دەبێت.
بڕیارە لە 18ـى کانوونى یەکەمى 2023، هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکانى عێراق بکرێت کە 15 پارێزگا دەگرێتەوە.
عیماد جەمیل گوتیشى، "ئەو بڕیارە بۆ دروستنەبوونى کێشەیە بۆ بەڕێوەبەرى بنکەکانى دەنگدان کە لە مامۆستایان و بەڕێوەبەرانى قوتابخانەکان پێکدێن."
یەکەمجارە لە دواى 10 ساڵ، هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکان لە عێراق دەکرێت؛ یەکەم جاریشه لە دواى 18 ساڵ ئەو هەڵبژاردن لە کەرکووک بکرێت.
لە 15 پارێزگاکەى عێراق حەوت هەزار و 166 ناوەندى دەنگدان هەن کە دەنگدەران لە رێگەیانەوە دەنگ بە بەربژێران دەدەن.