رووداو - هەولێر
ساڵانە لە چلەی ماتەمینی ئیمامی حوسێن، بە سەدان هەزار زیارەتکاری شیعەی ئێران لە رێگەی دەروازەی میهرانەوە بەرەو کەربەلا، ناوەندی سەرەکیی شیعەکان لە عێراق بەڕێدەکەون.
شیعەکانی ئێران و عێراق و ناوچەکانی دیکەش بەیەکەوە لە رێوڕەسمی چلەی ئیمام حوسێندا، یادی تێپەڕبوونی زیاتر لە 13 سەدە بەسەر کوژرانی نەوەی پێغەمبەری ئیسلام، ئیمام حوسێن دەکەنەوە.
یەکێک لە زیارەتکارەکان دەڵێ "کاتێک رێوڕەسمی چلە دەستپێدەکات، جارێکی دیکە دۆستایەتی شیعەکانی عێراق و ئێران باشتردەبێت. ئێمە دەچینە کەربەلا و ئەوانیش دێنە مەشهەد و قووم بۆ سەردانکردن".
لەم رێوڕسمەدا شیعەکان بەبێ هەستکردن بە ماندووبوون هاوکاری یەکدی دەکەن، هاوکات خەڵکانێکی زۆر بەخۆبەشی یارمەتی ئەو کەسانە دەدەن، کە پێویستییان بە هاوکارییە، هەر لە پێدانی خواردن و خواردنەوە تاوەکو دەگاتە ئامادەکردنی جلوبەرگ.
هەروەها بەشێک لە خۆبەخشەکان، پێڵاو بۆ سەردانکاران بەخۆڕایی پاکدەکەنەوە و بۆیان بۆیە دەکەن. موحسین محەبی، خۆبەخشێکە و دەڵێ "هیچ جیاوازییەک لە نێوان رەگەز، نەتەوە و زماندا نییە، ئەوان هەموویان سەردانکەری ئیمام حوسێنن و پێی هەموویان ماچ دەکەین".
رێوڕەسمی چلەی ئیمام حوسێن، کە مەبەست لێی تێپەڕینی 40 رۆژ بەسەر کوژرانی ئیمام حوسێنە، ئەمساڵ کەوتووەتە ئەمڕۆ(30-10-2018).
بۆ بەرزراگرتنی ئەم رۆژە لە چەند رۆژی رابردووەوە شەپۆلی سەردانکەرانی ئێران بۆ کەربەلا دەستیپێکردووە و بەپێی ئامارەکانیش تەنیا بۆ ئەمساڵ زیاتر لە یەک ملیۆن و 800 هەزار ئێرانی بۆ بەشداریکردن لە چلەی ماتەمینی ئیمام حوسێن، ڤیزەی عێراقیان وەرگرتووە و هاتوونەتە عێراق.
پێداچوونەوە: هەڵات رێبوار
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ