بەڕێوەبەری ئاسایشی فڕۆکەخانەی بەغدا بۆ رووداو: گەشتە ئاسمانییەکان بەردەوامن

رووداو دیجیتاڵ 

بەڕێوەبەری ئاسایشی فڕۆکەخانەی بەغدا لەدوای بیستنی دەنگی چەند تەقینەوەیەک بە رووداوی گوت، ئاسایشی فڕۆکەخانە کێشەی نییە و گەشتە فڕۆکەوانییەکان بەردەوامن. 

شەوی دووشەممە، 30-09-2024 زیاد ئیسماعیل، پەیامنێری رووداو گوتی، دەنگی چەند تەقینەوەیەک لە بنکەی ڤیکتۆریا کە بنکەیەکی سەربازیی ئەمریکییە بیستراوە. دواتر دەنگۆی راگرتنی گەشتە ئاسمانییەکانی فڕۆکەخانەی بەغدا بڵاوبووەوە. 
 
د. حوسێن عەلی، بەڕێوەبەری ئاسایشی فڕۆکەخانەی بەغدا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "دۆخی ئەمنیی فڕۆکەخانەکە ئاساییە و گەشتە فڕۆکەوانییەکان بەردەوامن." 
 
پەیامنێری رووداو لە بەغدا دەڵێت، چوار مووشەک ئاراستەی بنکەی ڤیکتۆریا کراون، بەڵام سیستمی بەرگریی بنکە سەربازییەکە وەڵامی داوەتەوە و ئاراستەکەی گۆڕیوە و لە گەراجێکی نزیک شوێنەکە کەوتووەتە خوارەوە.
 
لەبارەی زیانی مووشەکەکانەوە زیاد ئیسماعیل گوتی: تائێستا باسی زیانەکان نەکراون، بەڵام لەنێو بەغدا بۆنی گۆگرد بڵاوبووەتەوە. 
 
ئاراستەکردنی ئەو مووشەکانە لەدوای هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ لوبنان و کوشتنی حەسەن نەسروڵڵا، ئەمینداری گشتیی حیزبوڵڵا دێت، 'مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق' رایگەیاندبوو، کە لەبەرامبەر "داگیرکارییەکانی" ئیسرائیل بێدەنگ نابن و هەڵوێستیان دەبێت.