گوتەبێژی سوودانی: لەوپەڕی ئامادەباشیدان بۆ بەرپەرچدانەوە

رووداو دیجیتاڵ 
 
گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق رایدەگەیێنێت، هێزەکانیان لەوپەڕی ئامادەباشیدان بۆ بەرپەرچدانەوەی هەر هێرش و پەلامارێک. 
 
دووشەممە 30-09-2024، لیوا یەحیا رەسوڵ، گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق بە میدیای فەرمی عێراقی راگەیاند، هێزەکانی عێراق ئەرکی خۆیان جێبەجێدەکەن بۆ پاراستنی سەروەریی عێراق. هەموو رێکارێکیان گرتووەبەر لە تووندتۆڵکردنی سنوور لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ بەتایبەتی لەگەڵ لایەنی سووریا لە ناوچەکانی باکووری رۆژهەڵات دا.
 
گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق گوتی: "هێزەکانمان بۆ شەڕ و بەرپەرچدانەوە لەوپەڕی ئامادەباشیدان، هەموو رێکارێکی پێویست لەسەر سنوور گیراوەتەبەر".
 
هەروەها راشیگەیاند، گەیاندنی هاوکارییەکانی عێراق بۆ لوبنان بەردەوامە و نەوەستاوە، ئەمە ئەرکێکی مرۆییە. عێراق یەکەم وڵات بووە، کە هاوکاریی بۆ لوبنان ناردووە. ئەمڕۆش پێشوازیان لە 144 ئاوارەی لوبنانی کردووە، کە بەشێکیان بریندارن.
 
لیوا یەحیا رەسوڵ گوتیشی، بە رێگەی زەوینی و ئاسمانی هاوکارییەکان رەوانەی لوبنان دەکرێت. لەگەڵ بەردەوامی هێرش و بۆردوومانەکانی فڕۆکەکانی ئیسرائیل چاوەڕیی دۆخەکە دەکەن، بۆ ئەوەی هاوکاری زیاتر لە رێگەی ئاسمان و زەوینەوە بگەیێننە لوبنان.