وەزارەتی ناوخۆی عێراق: یەکشەممە ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان لە رووداوەکەی حەمدانیە ئاشکرا دەکەین

رووداو دیجیتاڵ 

راوێژکاری وەزیری ناوخۆی عێراق رایگەیاند، سبەی بەیانی ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان لەبارەی رووداوەکەی حەمدانیە بە پشتبەستن بە بەڵگەی دەنگ، رەنگ و شایەتحاڵەکان ئاشکرا دەکەن.
 
رۆژی شەممە، 30-09-2023، لیوا سەعد مەعن، راوێژکاری وەزیری ناوخۆی عێراق رایگەیاند، "سبەی بەیانی (یەکشەممە)، وەزیری ناوخۆی عێراق لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەڤانیدا ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان ئاشکرا دەکات کە لیژنەی تایبەت بە لێکۆڵینەوە لە رووداوەکەی حەمدانیە ئامادەیان کردووە کە بە فەرمانی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق و بە سەرپەرشتی وەزیری ناوخۆ پێکهێنراوە."
 
سەعد مەعن گوتی: "وردەکاریی ئەنجامی لێکۆڵینەوەکە بە دەنگ، رەنگ و شایەتحاڵەکان ئاشکرا دەکرێن. پەلە ناکەین، پشت بەخوا سبەی بەیانی، وەزیری ناوخۆ هەموو دەرەنجامەکانی پەیوەست بە رووداوەکە ئاشکرا دەکات."
 
شەوی 26ـی ئەم مانگە دوای ئەوەی دەوروبەری کاژێر 11:00ـی ئەو شەوە لە ئاهەنگی بووکگواستنەوەدا بەهۆی بەکارهێنانی یارییە ئاگرینەکانەوە بنمیچی هۆڵەکە سووتا و بەهۆی نەبوونی مەرجەکانی سەلامەتی و زۆریی ژمارەی ئەو کەسانەی لە هۆڵەکەدا بوون کە نزیکەی 900 کەس دەبوون و کوژانەوەی کارەبا، تاوەکو ئێستا زیاتر 107 کەس گیانیان لەدەستدا و 38یان ناناسرێنەوە.
 
محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، رۆژێک دوای رووداوەکە سەردانی قەزاکە و شوێنی رووداوەکەی کرد و داوای لێکۆڵینەوەی لە رووداوەکەی کرد و 72 کاژێری دانا بۆ تەواوکردنی ئەنجامەکانی.