دەنگدان لەسەر بەپارێزگابوونى هەڵەبجە دواخرا و دانیشتنی پەرلەمانی عێراق بۆ سبەی هەڵگیرا
رووداو دیجیتاڵ
دەنگدان لەسەر یاساى بەپارێزگابوونى هەڵەبجە لە پەرلەمانى عێراق دواخرا و سەرۆکى پەرلەمان داوایکرد نەخشەیەکى دیکەى نوێی پارێزگاکەیان بۆ بنێردرێت.
ئەمڕۆ (شەممە 30ـی ئەیلوولى 2023)، پەرلەمانى عێراق کۆبووەوە، یەکێک لە بڕگەکانى کارنامەکەى دەنگدان بوو لەسەر یاساى بەپارێزگابوونى هەڵەبجە، بەڵام دەنگدان لەسەر پڕۆژەیاساکە دواخرا و کۆبوونەوەکەش بۆ سبەى یەکشەممە هەڵگیرا.
سۆزان مەنسوور، پەرلەمانتاری عێراق قسەی بۆ رووداو کرد و گوتی "دواخستنی دەنگدان بە بەپارێزگاکردنی هەڵەبجە بیانوویەکی یاسایی هەیە و پەرلەمان داوای نەخشەی نوێی پارێزگای هەڵەبجە دەکات.' گوتیشی 'نەخشەکەی هەڵەبجە کۆنە و ئێستا گۆڕاوە.''
هەروەها کۆردۆ عومەر، جێگرى سەرۆکى لیژنەى هەرێم و پارێزگاکان لە پەرلەمانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، دەنگدان لەسەر یاساى بەپارێزگابوونى هەڵەبجە دواخرا و لە کۆبوونەوەکەدا محەممەد حەلبووسی، سەرۆکى پەرلەمان دوایکرد نەخشەیەکى دیکەى سنووری کارگێڕیى هەڵەبجە لەلایەن حکومەتى هەرێمى کوردستانەوە رەوانەى پەرلەمان بکرێت.
پڕۆژەیاسای بەپارێزگابوونى هەڵەبجە لە چوار مادە پێکهاتووە؛ یەکەم مادە باسی بەپارێزگابوونى هەڵەبجە دەکات وەک نۆزدەیەمین پارێزگاى عێراق کە ناوەندى پارێزگاکە شارى هەڵەبجە دەبێت، مادەى دووەمیش ئاماژەى بەوە داوە ئەنجوومەنى وەزیرانى هەرێمى کوردستان سنوورى یەکە ئیدارییەکانى پارێزگاکە دیاری بکات.
چرۆ حەمە شەریف، ئەندامى پەرلەمانى عێراق لە فراکسیۆنى یەکێتیى نیشتیمانیى کوردستان بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، سەرۆکى پەرلەمان ئاماژەى بەوەدا نووسراوى فەرمى بۆ حکومەتى هەرێمى کوردستان دەکەن بۆ ئەوەى نەخشەى نوێى پارێزگاى هەڵەبجەیان بۆ بنێرن، کە هەندێک گۆڕانکارى تێیدا کراوە و دواى ئەوەى نەخشەکەیان پێدەگات، دەیخەنەوە کارنامەکەى کۆبوونەوەکانەوە بەمەبەستى دەنگدان لەسەری.
بەرلەوەى دەنگدان لەسەر یاساى بەپارێزگابوونى هەڵەبجە بخرێتە خشتەى کارى کۆبوونەوەکانى پەرلەمان، حکومەتى هەرێمى کوردستان نەخشەى کارگێڕیى پارێزگاکەى رەوانەى پەرلەمان کردووە.
دارا سێکانیانى، ئەندامى لیژنەى یاسایى پەرلەمانى عێراق بە تۆى میدیایی رووداوى گوت "رەنگە دواخستنەکە پەیوەندی بە دۆخى گشتیى نێو پەرلەمانەوە هەبێت، کە ئەگەر بشخرایە دەنگدانەوە دەنگى پێویستى نەدەهێنا."
لە 18ـی ئەیلوولەوە ئەمە چوارەمجارە دەنگدان لەسەر یاساى بەپارێزگاکردنى هەڵەبجە لە پەرلەمانى عێراق بخرێتە کارنامەوە و دواتر دوابخرێت.
پاساوى دواخستنى دەنگدان بە یاسای بەپارێزگاکردنى هەڵەبجە لەلایەن ژمارەیەک لە پەرمانتارانى عەرەبەوە بۆ ئەوە بووە؛ چەند قەزایەکى دیکە بکرێنە پارێزگا، لەوانە تەلەعفەر لە سنوورى نەینەوا.
ژمارەی دانیشتووانی هەڵەبجە زیاتر لە 135 هەزار کەسە؛ پارێزگاکە لە قەزایەک و چوار ناحیە پێکهاتووە؛ قەزای ناوەندی هەڵەبجە و ناحیەکانی خورماڵ، بیارە، بەمۆ و سیروان.