تەندروستیی نەینەوا بۆ رووداو: گیانلەدەستدان بەهۆی رووداوەکەی حەمدانیەوە گەیشتە 107 کەس


رووداو دیجیتاڵ 

یاریدەدەری بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی نەینەوا دەڵێت، دوایین ئاماری گیان لەدەستدان بەهۆی رووداوەکەی حەمدانیەوە گەیشتە 107 کەس و لەنێویاندا 38 تەرم هەن کە لە دادپزیشکین و ناناسرێنەوە. دەشڵێت، تیمەکان بەردەوامن لە وەرگرتنی نموونە لە کەسوکاری قوربانییەکان بۆ ئەوەی بەزووترین کات تەرمە نەناسراوەکان رادەستی کەسوکاریان بکرێتەوە. 

رۆژی شەممە، 30-9-2023، دکتۆر ئەحمەد نازم دووبەردانی، یاریدەدەری بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی نەینەوا بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "تاوەکو ئێستا 107 کەس مردوون؛ هێشتا دیار نییە تەرمی دیکە مابێت لە هۆڵەکە دەربهێنرێت یان نا؛ ئەوە پەیوەندی بە بەرگریی شارستانییەوە هەیە، بەڵام 38 تەرم لەنێو ئەو 107 تەرمە ناناسرێنەوە".
 
ئەحمەد نازم دەشڵێت، "هۆکاری نەناسینەوەی تەرمەکان ئەوەیە زۆر سووتاون و بەتەواوەتی دەموچاو و لەشیان تێکچووە، دوو لە تەرمەکان پارچە پارچەن".
 
بەپێی ئەو بەرپرسەی تەندروستیی نەینەوا، نزیکەی 200 کەس بەهۆی رووداوەکەوە برینداربوون. دەشڵێت، "ئەو تەرمانەی کە ناناسرێنەوە پشکنینی DNAیان بۆ دەکرێت و بەشێک لە خێزانەکان نموونەیان لێوەرگیراوە بۆ ناسینەوەی تەرمی کەسە نزیکەکانیان؛ هەوڵ دەدەرێت لەگەڵ دەرچوونی پشکنینەکان تەرمەکان بدرێنەوە بە کەسی نزیکیان."
 
شەوی 26ـی ئەم مانگە بۆ قەزای حەمدانیە راچڵەکێنەربوو، دوای ئەوەی نزیک کاژێر 11ـی ئەو شەوە لە ئاهەنگی بووکگواستنەوەدا لە هۆڵی هەیسەم کە تایبەت بە بۆنەکان، بەهۆی بەکارهێنانی یارییە ئاگرینەکانەوە بنمیچی هۆڵەکە سووتا.