لەنێو خۆڵەمێش بەدوای سۆراخێکی کەسوکاریدا دەگەڕێت: "ماڵمان وێران بوو"

30-09-2023
عەدلە بەکر
سەلوا لەنێو خۆڵەمێشدا بەدوای سۆراخێکی کەسوکاریدا دەگەڕێت.
سەلوا لەنێو خۆڵەمێشدا بەدوای سۆراخێکی کەسوکاریدا دەگەڕێت.
نیشانەکردن ئاگرکەوتنەوە لە حەمدانیە
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

کەسوکاری بەشێک لە قوربانییانی رووداوە کارەساتبارەکەی حەمدانیە لەنێو خۆڵەمێشی هۆڵی زەماوەندەکە بەدوای پاشماوەی ئازیزانیان دەگەڕێن. گۆڕستانی قیامە تەرمی 68 کەسی لە قوربانییان لەخۆگرتووە و لە چاوەڕوانی تەرمی زیاتر دایە، بەو پێیەی بەشێکی برینداران دۆخی تەندروستییان ناجێگیرە. 
 
ئەوەی لە سەرەتای ڤیدیۆکەدا دەردەکەوێت، سەلوا شەشایە، لەنێو دارووپەردووی پاشماوەی هۆڵە سووتاوەکەی حەمدانیەدا بە چاوی پڕ فرمێسکەوە بەدوای ئاسەوارێکی کەسوکاریدا دەگەڕێت، بەڵام جگە لە خۆڵەمێش هیچی دیکە نادۆزێتەوە. 
 
سەلوا دەڵێت، "کەسوکارەکەم، هاوڕێ و دراوسێکام بوونەتە قوربانی. زۆر کەسمان لە قەرەقۆش لەدەستدا و ماڵمان وێران بووە. دوێنێ چوومە گۆڕستان، نزیکەی 50 تەرمیان بەخاک سپارد و ئەمڕۆش حەوت تەرمی دیکەیان بەخاک سپاردووە. سبەیش ژمارەیەک تەرمی دیکە بەخاک دەسپێردرێن." 
 
نیهاد یەلدەخەنا، یەکێکی دیکەیە لە کەسوکاری قوربانییان. باسی کاتی ئاگرکەوتنەوەکەی حەمدانیە دەکات. فرمێسک لە چاوەکانی وشک بوون و تەنانەت ناتوانێت بە فرمێسکیش دەربڕین لە خەم و پەژارەکەی بکات. هاوژینەکەی لە ئاگرەکەدا لەدەستداوە و تاوەکو ئێستا چارەنووسی کچە 22 ساڵانەکەی دیار نییە. 
 
نیهاد دەڵێت، "ئێمە کاژێر 8:30 خولەک لە ماڵەوە بەرەو هۆڵی زەماوەندەکە رۆیشتین. دەوروبەری کاژێر 10:00 لە نزیک کێکەکە یاریی ئاگرین دانرابوون. هەر کە یاریی ئاگرین پێکرا، ئاگر بەربووە بنمیچی هۆڵەکە و قەرەباڵخی دروستبوو. هەرکەسەو دەیویست خۆی رزگار بکات. منیش خێزانەکەم بە پاڵپێوەنان برد تاوەکو بەر دەرگاکە. لەو کاتەدا ئاگرەکە تەشەنەی کرد، خەڵكی یەکدییان پاڵدەدا، کارەبا بڕا و هۆڵەکە تاریک داهات." 
 
تاوەکو ئێستا ژمارەی تەرمی ئەو کەسانەی لە گۆڕستانی قیامە بەخاک سپێردراون، گەیشتووەتە 68 تەرم و پێشبینی دەکرێت ژمارەکە بەرزبێتەوە، بەو پێیەی بەشێکی برینداران دۆخی تەندروستییان ناجێگیرە. 
 
ئیستیڤیانۆس حەنا، کەسایەتییەکی کریستیانە و دەڵێت، "کارەساتێکی گەورە بوو. ئێمە زۆر بەم رووداوە خەمباربووین. دەمانەوێت جارێکی دیکە رووداوی لەم شێوەیە دووبارە نەبێتەوە. با جارێکی دیکە رووداوی لەو شێوەیە بەسەرماندا نەیێت." 
 
شەوی 26ـی ئەیلوولى 2023، ئاگر لە هۆڵێکی ئاهەنگێڕانی قەزای حەمدانیە کەوتەوە، زیاتر لە 100 کەس گیانیان لەدەستداوە و نزیکەی 150 کەسیش بریندارن. بەگوێرەی دادپزیشکی دهۆکیش، تاوەکو ئێستا 38 تەرم بێ سەروشوێنن یانیش ناناسرێنەوە و پێویستییان بە پشکنینی DNA هەیە. 
 

 

 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

سەرۆک بارزانی

دەستپێشخەرییەک لە سەرۆک بارزانییەوە بۆ دیاریکردنی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق

راوێژکارێکى محەممەد حەلبووسی رایگەیاند لە کۆبوونەوەى لەگەڵ لایەنە سوننەکان سەرۆک بارزانى دەستپێشخەریى کردووە بۆ یەکلاکردنەوەى پۆستى سەرۆکى پەرلەمان، داوای لێکردوون بە یەک بەربژێرەوە بچنە پەرلەمان.