ئەنجامی لێکۆڵێنەوە لە ئاگرکەوتنەوەکەی حەمدانیە رادەگەیێندرێت


رووداو دیجیتاڵ 

وەزیری ناوخۆی عێراق دەڵێت، ئەمڕۆ شەممە ئەنجامی لێکۆڵێنەوە لە ئاگرکەوتنەوەکەی هۆڵی بۆنەکانی قەزای حەمدانیەی پارێزگای نەینەوا رادەگەیێندرێت. سەرپەرشتیاری لیژنەی لێکۆڵینەوەش دەڵێت، خاوەنی هۆڵەکە مۆڵەتی کارکردنی نەبووە و بە زێدەڕۆ دروستکراوە.

عەبدولئەمیر شەمەری، وەزیری ناوخۆی عێراق لەبارەی راگەیاندنی ئەنجامی لێکۆڵینەوەکەی حکومەتی عێراق تایبەت بە هۆکار و وردەکارییەکانی رووداوەکەی 26ـی ئەیلوولی قەزای حەمدانیە لە پارێزگای نەینەوا کە بەهۆیەوە زیاتر لە 100 کەس گیانیان لەدەستدا و زیاتر لە 150 کەسیش برینداربوون، رایگەیاند، "دوای تەواوبوونی کارەکانی لێژنەی تایبەت، وەزارەتی ناوخۆ ئەمڕۆ ئەنجامەکانی تایبەت بە کارەساتەکەی قەزای حەمدانیە رادەگەیێنێت".
 
لەسەر ئەو بابەتە لیوا کازم بورهان، سەرپەرشتیاری ئەو لیژنەیەی بۆ لێکۆڵێنەوە لە ئاگرکەوتنەوەکەی قەزای حەمدانیە لەلایەن حکومەتی عێراق و لە رۆژی یەکەمی کارەساتەکەوە پێکهێنراوە، بە ئاژانسی فەرمیی هەواڵی عێراقی گوت، "لایەنە بابەتی و رووکارییەکانی لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە تەواو بووە. ئێمە لە کۆتاییەکانی بابەتەکەین و بۆ وەزیری ناوخۆ بەرزی دەکەینەوە بۆ پەسندکردنی. وەزیری ناوخۆ سات بە سات لەگەڵماندایە".
 
کازم بورهان هەروەها دەڵێت، "ئەمجارە لێکۆڵینەوە و ئەنجامەکان جیاواز دەبن لە جارەکانی پێشوو، چونکە رێکار و بڕیاری زۆر گرنگی تێدا دەدرێت".
 
ئەو بەرپرسەی وەزارەتی ناوخۆ دەڵێت، "هۆڵی هەیسەم کە رووداوەکەی تێدا روویدا لە ساڵی 2013 دروستکراوە؛ خاوەنەکەی مۆڵەتی کارکردنی نییە، بەڵام ئەو هۆڵە 10 ساڵ دەبێت لەسەر زەویی کشتوکاڵی و بە زێدەڕۆ دروستکراوە، سەرەڕای ئەوەش، یەکەی کارگێڕیی ناوچەکە هیچ رێکارێکیان بەرامبەری نەبووە و رایاننەگرتووە یان لایاننەبردووە".
 
عیسام بەهنام، قایمقامی قەزای حەمدانیە ئەمڕۆ شەممە لەبارەی ئەنجامی لێکۆڵینەوەکانەوە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئەو هۆڵە لە ساڵی 2013 دروستکراوە، واتە پێش ئەوەی من پۆستی قایمقامی حەمدانیە وەربگرم، چونکە من لە ساڵی 2018ـەوە ئەو پۆستەم وەرگرتووە؛ چاوەڕوانی ئەنجامی لێکۆڵینەوەکانیش دەکەین و جارێ هیچ هەڵوێستێکمان نابێت".
 
شەوی 26ـی ئەم مانگە بۆ قەزای حەمدانیە راچڵەکێنەربوو، دوای ئەوەی نزیک کاژێر 11ـی ئەو شەوە لە ئاهەنگی بۆکگواستنەوەدا لە هۆڵی هەیسەمی تایبەت بە بۆنەکانی قەزاکە بەهۆی بەکارهێنانی یارییە ئاگرینەکانەوە بنمیچی هۆڵەکە سووتا. لە ئەنجامی کەوتنەوەی ئاگرەکەدا زیاتر لە 100 کەس گیانیان لەدەستدا و زیاتر لە 150 کەسی دیکەش برینداربوون.