د.بەرهەم ساڵح: هێرشەکانی ئێران قبووڵکراو نین

30-09-2022
ئاسۆ فیشەگی
نیشانەکردن بۆردوومانی بارەگای حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆککۆماری عێراق رایگەیاند، "بۆردوومانەکانی ئێران و تورکیا بۆ سەر ناوچەکانی هەرێمی کوردستان پێشهاتی مەترسیدارن، قبووڵ ناکرێن و سەروەریی عێراق پێشێل دەکەن، بۆیە دەبێ بووەستێندرێن." 
 
لە راگەیێندراوێکدا کە نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق رۆژی هەینی 30-09-2022 بڵاویکردەوە، هاتووە، د. بەرهەم ساڵح، سەرۆککۆماری عێراق پێشوازی لە قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق کرد.
 
هەر لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "لە دیدارەکەدا هەردوولا بۆردوومانەکانی ئێرانیان بۆ سەر چەند ناوچەیەکی هەرێمی کوردستان تاوتوێ کرد کە ژمارەیەک شەهید و برینداریان لێکەوتەوە." 
 
لەو چوارچێوەدا د. بەرهەم ساڵح رایگەیاند: "بۆردوومانەکانی ئێران پێشهاتی مەترسیدارن و قبووڵ ناکرێن؛ هەروەها زێدەڕۆیین بۆ سەر سەروەریی و ئاسایش و سەقامگیری وڵاتێک و سەلامەتی هاووڵاتییانی." 
 
رۆژی چوارشەممە 28-09-2022، ئێران لە رێگەی دەیان مووشەکی بالیستی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی خۆکووژەوە هێرشی کردە سەر بارەگاکانی هێزەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە شارەکانی کۆیە، پردێ و زڕگوێز، بە هۆیانەوە 17 کەس گیانیان لەدەستدا و نزیکەی 50 کەسی دیکەش برینداربوون.
 
هێرشەکانی ئێران کاردانەوەی کۆمەڵگەی نێوەدەوڵەتی و چەندین ناوەندی جیهانی و وڵاتانیان بەدوای خۆیاندا هێنا، هەروەها نیگەرانیی تووندی نێوخۆییان لێکەوتەوە.
 
د. بەرهەم ساڵح گوتیشی: "بۆردوومانە بەردەوامەکانی تورکیا بۆ سەر ناوچەکانی هەرێمی کوردستان قبووڵ ناکرێن و سەروەریی عێراق پێشێل دەکەن؛ بۆیە دەبێ بووەستێندرێن و رێگە لە لێکەوتەکانیشیان بگیرێت." 
 
هەر لە راگەیێندراوەکەی سەرۆکایەتیی کۆماردا هاتووە: "هەردوولا لە دیدارەکەدا جەختیان لەسەر بەدواداچوونی ئەم دۆسیەیە کردەوە لەگەڵ بەرزترین ئاستەکانی وڵاتانی دراوسێ، چونکە ئەمە پێشهاتێکی مەترسیدارە. یەکلاکردنەوەی کێشە و پرسە ئەمنییەکان بە گفتوگۆ و بەدواداچوونی هاوبەش و رێگە دیپلۆماسییەکان دەکرێت." 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە