بانکی ناوەندیی عێراق هەنگاوێکی نوێی حەواڵەی دەرەکی رادەگەیێنێت
رووداو دیجیتاڵ
بانکی ناوەندیی عێراق هەنگاوێکی نوێی حەواڵەی دەرەکی بە هاوبەشیی 13 بانکی عێراقی دەستپێدەکات.
ئەمڕۆ هەینی، 30ـی ئابی 2024، بانکی ناوەندیی عێراق لە راگەیێندراوێکدا سەبارەت بە دەستپێکردنێکی نوێی حەواڵەی دەرەکی رایگەیاند، "شاندی بانکی ناوەندیی عێراق لە نیویۆرک هەنگاوێکی نوێی حەواڵەکردنی دەرەکی بە هاوبەشی 13 بانکی عێراقی رادەگەیێنێت. بەپێی ئەو رێککەوتنەی لەگەڵیان کراوە، بانکە عێراقییەکان دەتوانن یۆرۆ، یوانی چینی، رووپیەی هیندستانی و درهەمی ئیماراتی حەواڵە بکەن".
سەرچاوەیەک لە بانکی ناوەندیی عێراق بە رووداوی راگەیاند، "لە چەند رۆژی داهاتوودا ناوی ئەو 13 بانکە بڵاودەکرێنەوە کە مافی ئەنجامدانی حەواڵەکردنی دەرەکیان پێدەدرێت".
بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی بانکی ناوەندیی عێراق، "کۆمپانیای وردبینی نێودەوڵەتی ناسراو بە E&Y چاودێری حەواڵەکردنەکە دەکات، ئەوەش بۆ دڵنیابوونە لە سەلامەتیی پڕۆسەی حەواڵەکردن و پابەندبوونی بانکە عێراقییەکان بە پێوەرە نێودەوڵەتییەکانەوە".
بانکی ناوەندیی عێراق ئەم هەنگاوەی بە "رەنگدانەوەی پابەندیی بانکەکە بۆ گەیشتن بە بەرزترین ئاستی شەفافیەت، ئاسایشی حەواڵەی دەرەکی و بەرزکردنەوەی متمانەی نێودەوڵەتی بە سیستمی دارایی عێراق" پێناسە دەکات.
ئەوە لە کاتێکدایە، رۆژی 4ـی ئاب، عەلى عەللاق، پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق رایگەیاند، دەکرێت 85%ى حەواڵەى دەرەکى لەنێوان بانکە عێراقییەکان و بانکە نێردەرەکاندا بێ تێپەڕبوون بە وردبینی بانکى فیدراڵیى ئەمریکادا بێت.
بەهۆی خراپی حەواڵەکردنی دراو و بردنی بۆ ئەو وڵاتانەی لە لیستی سزاکانی گەنجینە و بانکی فیدراڵیی ئەمریکادان، زیاتر لە 10 دامەزراوە و بانکی عێراق سزادراون.