ژنێک لە دیالە بە تۆمەتی فرۆشتنی کچەکەی دەستگیرکرا

رووداو دیجیتاڵ
 
فەرماندەیی پۆلیسی دیالە دەستگیرکردنی ژنێکی دانیشتووی بەعقوبەی ناوەندی پارێزگاکەی راگەیاند و دەڵێت، نیازی هەبووە کچەکەی بفرۆشێت یان لە بەرامبەر لەشفرۆشی پێکردنیدا پارە وەربگرێت.
 
ئەمڕۆ هەینی، 30ـی ئابی 2024، فەرماندەیی پۆلیسی دیالە راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا دەڵێت، هێزەکانیان توانیویانە "ژنێک بە ناوی (ئـ. ئـ. هـ.) دەستگیربکەن کە بەنیاز بووە کچە 17 ساڵییەکەی بە بڕی 10 ملیۆن دینار بفرۆشێت یان لەشفرۆشی پێبکات". 
 
فەرماندەیی پۆلیسی دیالە ئاماژە بەوەش دەکات، "دوای ئەوەی سەرجەم زانیارییەکان لەسەر دایک و کچەکە کۆکرانەوە، بە فەرمانی دادوەر دەستگیرکران و رادەستی یاسا کران". 
 
بەگوێرەی مادەی 3ـی ژمارە 8ـی یاسای سزادانی عێراقی، هەرکەسێک کاری بازرگانی بە مرۆڤ بۆ کاری بێ رەوشتی بکات یان هاوکار بێت بۆ ئەنجامدانی کارێکی لەوجۆرە، بە 3 بۆ 7 ساڵ زیندانی دەکرێت.