پارێزەرێک لە میسان دەکوژرێت

رووداو دیجیتاڵ
 
پارێزەرێک لە پارێزگاى میسانی عێراق بە گولـلە دەکوژرێت. بە گوتەى بەرپرسێکى سەندیکاى پارێزەران، بە "هەڵە" کوژراوە و بەدواداچوون بۆ دۆسییەکەى دەکەن.
 
شەوى رابردوو 29ى ئاب لە ناوچەى ریسالە لە پارێزگاى میسان، پارێزەرێک بە ناوى سەجاد سەباح بە گولـلە کوژرا.
 
30ى ئاب، ئەحمەد زەیدى، ئەمیندارى سەندیکاى پارێزەرانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى گوت، "بەدواداچوونمان کردووە و دەرکەوتووە کە کوشتنى پارێزەرەکە بەئەنقەست نەبووە، بەڵکو بە هەڵە کوژراوە، کاتێک شەڕ لە نێوان دوو هۆزدا روویداوە".
 
ئەوە دووەم پارێزەرە لە ماوەى کەمتر لەهەفتەیەکدا لە عێراق بکوژرێت؛ 27ـی ئاب ئەحمەد ئەسەدیی لە نووسینگەکەى خۆى لە بەغدا کوژرا.
 
ئەمیندارى سەندیکاى پارێزەرانى عێراق رایگەیاند، بەدواداچوون بۆ دۆسییەى کوژرانى سەجاد سەباح دەکەن و لەگەڵ دادگەى تایبەت بەو دۆسیەیە قسە دەکەن.