پەرلەمانی عێراق لیژنەیەکی بۆ بەدواداچوون و سەرپەرشتیکردنی پڕۆژەکانی دیالە پێکهێنا

 
رووداو دیجیتاڵ 

پەرلەمانی عێراق لیژنەیەکی بۆ سەرپەرشتیکردن و بەدواداچوونی پڕۆژەکانی پارێزگای دیالە پێکهێنا و داوا لە پارێزگار و پارێزگای دیالە دەکات ئاسانکاریی بۆ بکەن. ئەندامێکی لیژنەکەش دەڵێت: کارەکانیان بۆ چاودێریکردنی چۆنێتی جێبەجێکردنی پڕۆژەکان دەبێت.
 
بەپێی نووسراوێکی پەرلەمانی کە لەلایەن عەلی جاسم حمێداوی، سەرۆکی لیژنەی خزمەتگوزاری و ئاوەدانکردنەوە ئەمڕۆ پێنجشەممە، 29ـی ئابی 2024 واژۆکراوە و رەوانەی پارێزگا و پارێزگاری دیالە کراوە، لیژنەیەکی سێ پەرلەمانتاری بۆ "بەدواداچوون و سەرپەرشتیکردنی پڕۆژەکانی خزمەتگوزاری لە پارێزگای دیالە." پێکهێنرا. 
 
ئەندامانی لیژنەکە بریتین لە پەرلەمانتاران، هومام عەلی تمێمی، سەرۆکی لێژنە؛ تەقی ناسر وائیلی، خدر عەلی مەنتک، ئەندامانی لیژنە.
 
پەرلەمانتار تەقی ناسر وائیلی، ئەندامی لێژنەکە بە رووداوی گوت: "کارەکانی ئێمە بۆ ئاگاداربوون و چاودێری و سەرپەرشتیکردنی پڕۆژەکانی خزمەتگوزارییە لە پارێزگاکە، ئەوەش لەچوارچێوەی جێبەجێکردنی ئەرکەکانی پەرلەمانە کە ئەرکی چاودێریی بەپێی دەستوور و یاسای پەرلەمانی عێراق ژمارە 13ـی ساڵی 2018ـی هەیە."
 
ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە، 15 کورسیی هەیە، حەوتیان لە فراکسیۆنەکانی عەرەبی سوننەن و حەوتی دیکەیشیان لە فراکسیۆنەکانی عەرەبی شیعەن، ئەندامەکەی دیکەش لە پشکی یەکێتییە.
 
رۆژی دووشەممە، 05-08-2024، ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە لە کۆبوونەوەیەکدا کە لە کۆى 15 ئەندامى ئەنجوومەن، 13ـیان ئامادە بوون، سەرجەم پڕۆژەکان و خەرجکردنى بودجەکانیانى راگرت، لیژنەیەکیشی بۆ وردبینى لەو پڕۆژانە پێکهێنا کە لە سێ مانگی رابردوودا بڕیاریان لێدراوە.
 
رۆژی یەکى ئابی 2024 عەدنان شەمەرى، بە پارێزگارى دیالە هەڵبژێردرا کە نزیکە لە نوورى مالیکى، سەرۆکى هاوپەیمانیى دەوڵەتى یاسا. هاوکات عومەر کوروى، بە سەرۆکى ئەنجوومەنى پارێزگاى دیالە هەڵبژێردرا، کە لە هاوپەیمانیى سەروەریى سوننەکانە.