لێبووردنی نێودەوڵەتی: عێراق زۆرترین شوێنبزری لەسەر ئاستی جیهاندا هەیە

رووداو دیجیتاڵ

رێکخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی رایگەیاند، ژمارەی ئەو کەسانەی لە عێراق لە ساڵی 1968ـەوە شوێنبزرکراون لەنێوان 250 هەزار بۆ یەک ملیۆن کەس دەبێت، بەوەش عێراق زۆرترین شوێنبزری لەسەر ئاستی جیهاندا هەیە، سەنتەری نێودەوڵەتیی جنێڤیش بۆ دادپەروەری دەڵێت "ژمارەی بێسەروشوێنبووان زیاتر لە یەک ملیۆن کەسە."
 
رۆژی 30ـی ئابی هەموو ساڵێک بە رۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی تاوانی بێسەروشوێنبزرکردن دادەنرێت، ئەو رۆژە لەلایەن کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە لەساڵی 2010ـوە دیاریکراوە.
 
سەنتەرێکی نێودەوڵەتی: عێراق زیاتر لە یەک ملیۆن بێسەروشوێنی هەیە
 
رۆژی 30ـی ئابی 2023، سەنتەری نێودەوڵەتیی جنێڤ بۆ دادپەروەری، لە رۆژی جیهانیی شوێنبزرکردنی زۆرەملێ، راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا باسی عێراق دەکات، دەڵێت "تاوانەکانی شوێنبزرکردن لە عێراق بووەتە یەکێک لە بابەتە گرنگەکانی بەدواداچوونەکانی نێودەوڵەتی، چەندین لیژنەی نێودەوڵەتی بەدواداچوون بۆ زانینی شوێنی ئەو کەسانە و لێپرسینەوە لە تاوانکاران و بەدیهێنانی دادپەروەری بۆ قوربانییان دەکەن."
 
بەپێی ئەو سەنتەرە، "عێراق لەسەرووی ریزبەندی ئەو وڵاتانەوەیە کە زۆرترین بێسەروشوێنیان هەیە، بەپێی لایەنە نێودەوڵەتییەکان لەساڵی 2003ـوە تاوەکو ئێستا، یەک ملیۆن کەس بێسەروشوێن بوون، تیمی نەتەوە یەکگرتووەکانیش روونیکردووەتەوە کە پێڕاگەیاندنی بە بێسەروشوێنبوونی 16 هەزار کەسی لەنێوان ساڵانی 1968 تاوەکو 2003 پێگەیشتووە، ئەوە جگە لەوەی هەزاران کەس لەلایەن داعشەوە شوێنبزر کراون."
 
بەپێی پێناسەی رێککەوتننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پاراستن لە بێسەروشوێنکردن، مەبەست لە بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێ دەستگیرکردن، راگرتن، رفاندن یان هەر شێوەیەک لە شێوەکانی بێبەشکردنە لە ئازادی لەلایەن فەرمانبەرانی دەوڵەتەوە یان ئەو کەس و گرووپانەوە کە بە مۆڵەتی دەوڵەت و رەزامەندی و پشتیوانیی کاردەکەن، دواتریش دان بە بێبەشکردنی کەسەکە لە ئازادییەکانی یان دیارنەمانی نانێن یان شوێنەکەی ئاشکرا ناکەن، ئەوەش وایلێدەکات لە پارێزگاریی یاسا بێبەش ببن."
 
رێکخراوەکە داوا لە حکومەتی عێراق دەکات پابەندبێت بە بەتاوانناساندنی شوێنبزرکردن و لێکۆڵینەوە تێیدا و، رادەستکردنی تاوانباران بە دادگەکان و گەرەنتیکردنی قەرەبووکردنەوەی قوربانییان، لەگەڵ ئەوەشدا دەڵێت، حکومەتەکانی عێراق لە گرتنەبەری رێوشوێنە خوازراوەکانی دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان بۆ گەرەنتیکردنی تاوانەکە، شکستیان هێناوە.
 
روانگەی عێراقی بۆ مافەکانی مرۆڤ: لە پێنج ساڵدا 12 هەزار کەس بێسەروشوێن کراون
 
روانگەی عێراقی بۆ مافەکانی مرۆڤ، ئەمڕۆ (چوارشەممە، 30-8-2023) لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند "بێسەروشوێنان لە عێراق لەبیرکراون و تەنیا بوونەتە ژمارە و لە دەزگاکانی راگەیاندنەوە لە بۆنەکاندا باسدەکرێن، بەبێ زانینی چارەنووسیان."
 
روانگەکە ئاماژەی بە ناحیەی سەقڵاوییە لە پارێزگای ئەنبار کردووە و دەڵێت بەپێی زانیارییەکان لە ساڵی 2016ـدا 600 کەسی تێدا بێسەروشوێن کراون، هەرچەندە خەڵکەکەی باسی 700 کەس دەکەن، کە بەشی زۆریان لەلایەن هێزەکانی سوپای عێراق و حەشدی شەعبییەوە براون.
 
بەپێی ئەو رێکخراوە عێراقییە، تەنیا لەنێوان ساڵانی 2017 تاوەکو 2023 زیاتر لە 12 هەزار خێزانی عێراقی پێڕاگەیاندنیان بۆ شوێنبزربوونی کەسوکارەکانیان کردووە، ئەو ژمارەیە کۆتایی نییە، بەڵکو سەتان خێزان هەن کە بۆ بەدواداچوونی چارەنووسی کەسوکارە شوێنبزربووەکانیان، ناوێرن بڕۆنە دادگەکان و سکاڵا بکەن.
 
رۆژی چوارشەممە مستەفا سەعدوون، بەرپرسی روانگەی عێراقی بۆ مافەکانی مرۆڤ بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "هەوڵەکانی حکومەتەکانی عێراق لەبارەی ئەو دۆسیەوە روون نین، رەنگە لە بنەمادا هەر هەوڵیشی نەبێت، بەتایبەت لەگەڵ ئەو بێئومێدییەی لەنێو کەسوکاری شوێنبزربووەکاندا هەیە و هێشتا چارەنووسیان نازانرێت."
 
بەرپرسی رێکخراوەکە داوا لە پەرلەمانی عێراق دەکات بە ئاڕاستەی زانینی چارەنووسی ئەو کەسانە و دۆسیەی بێسەروشوێنان جوڵە بکات و دەستەیەکی سەربەخۆ بۆ بەدواداچوونی ئەو دۆسیەیە دابمەزرێنێت، بەمەرجێک رێکخراوەکانی مافەکانی مرۆڤی عێراقی و خاچی سوور و نەتەوە یەکگرتووەکان لە زۆرترین لێکۆڵینەوەدا بەشداری بکەن بۆ ئەوەی بە شەفافی ئەنجامەکان بۆ رای گشتی ئاشکرا بکرێن.
 
روانگەی عێراقی بۆ مافەکانی مرۆڤ باسی لەوەش کردووە، ماوەی 10 ساڵ دەبێت، بەدواداچوون بۆ دۆسیەی بێسەروشوێنان دەکەن و بۆیان دەرکەوتووە حکومەتی عێراق لەو دۆسیەیەدا "کەمتەرخەمە".
 
رێکخراوەکە رەخنە لە حکومەتی عێراق و پەرلەمانیش دەگرێت، دەڵێت تائێستا کاریان لەسەر ئەوە نەکردووە یاسایەک بۆ بێسەروشوێنکردن هەبێت، لەگەڵ ئەوەشدا دەڵێت لە ساڵی 2019 بەشدارییان لە گفتوگۆکانی نووسینەوەی یاسایەک کردووە، بەڵام دواتر ئەو رەشنووسە نەبووەتە یاسا و بابەتەکە پەراوێزخرا.
 
لێبووردنی نێودەوڵەتی: لەنێوان 250 هەزار بۆ یەک ملیۆن کەس شوێنبزرکراون
 
بەپێی رێکخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی، عێراق لەسەروو ئەو وڵاتانەوەیە کە زۆرترین بێسەروشوێنی تێدایە، لەنێوان 250 هەزار بۆ یەک ملیۆن کەس دەبن، دوای ئەو لوبنان دێت کە لەنێوان ساڵانی 1975 تاوەکو 1990، 17 هەزار و 415 کەس دەبن، پاشان سووریا دێت کە هێشتا ژمارەکان دیارنین، بەڵام بە دەیان هەزار کەس دەبن وەکو رێکخراوەکە ئاماژەی بۆ کردووە، یەمەنیش لەساڵی 2015ـوە زیاتر لە هەزار و 547 کەسی تێدا بێسەروشوێنکراوە.
 
رێکخراوەکە باسی لەوەش کردووە، عێراق لە چەندین قۆناخدا خەڵکی تێدا بێسەروشوێن کراوە، لەوانە لە سەردەمی بەعس لەنێوان ساڵانی 1968 تاوەکو 2003، لەسەردەمی داگیرکردنی عێراق لەساڵی 2003 تاوەکو 2011 کە هێزەکانی ئەمریکای تێدا بوو، لە ساڵانی تووندوتیژیی تایفی و شەڕی نێوخۆیی لەنێوان ساڵانی 2006 تاوەکو 2008، هەروەها لە ساڵانی 2013 تاوەکو 2017 کە رێکخراوی داعش بەشێک لە عێراقی کۆنترۆڵکردبوو، لەگەڵ ساڵی 2019 کە تێیدا خۆپێشاندانی گەورەی گەنجان لە زۆر لە پارێزگاکانی عێراق بەڕێوەچوون.
 
نیسان ساڵحی، ئەندامی لیژنەی مافەکانی مرۆڤ لە پەرلەمانی عێراق، لەبارەی دۆسیەی بێسەروشوێنان و شوێنبزرکردنەوە، رۆژی چوارشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت "ئەو دۆسیەیە لە ساڵی 2003ـوە تائێستا فەرامۆش کراوە، لە پێش ساڵی 2003ـشەوە پەراوێزخرابوو، واتە زیاتر لە 50 ساڵ دەبێت لە عێراق رووداوەکانی بێسەروشوێنکردن بەردەوامە و هیچ چارەسەرێکی ئەو دۆسیەیە نییە."
 
لە یادکردنەوەی رۆژی جیهانیی قوربانیانی شوێنبزرکردن، ئەمڕۆ لیژنەی مافەکانی مرۆڤی پەرلەمانی عێراق، لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند "هێشتا زۆر لە بێسەروشوێنان لە سەردەمی رژێمی لەنێوچووی بەعسەوە و تاوەکو ساڵی 2004 چارەنووسیان نادیارە و هیچ زانیارییەک لەبارەیانەوە نییە، هەروەها چەندین کەس لەلایەن رێکخراوەکانی وەکو داعشەوە بێسەروشوێنکراون و چارەنووسی راستەقینەیان نادیارە."
 
لیژنەکە داوای لە حکومەتی عێراق  کردووە پەلەبکات لە ناردنی خێرای رەشنووسی یاسایەکی تایبەت بە بێسەروشوێنان بۆ پەرلەمان بۆ ئەوەی لەگەڵ رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی کاری لەسەر بکرێت و، بکرێتە یاسا و بنکەیەکی یاسایی فەرمی هەبێت بۆ تۆمارکردنی ئەو کەسانەی بێسەروشوێنکراون و لەو پێناوەدا لەگەڵ لیژنەی نێودەوڵەتیی بێسەروشوێنان هاوئاهەنگی بکرێت بۆ زانینی چارەنووسی ئەو کەسانە.
 
خاچی سوور: لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵ 994 دۆسیەی بێسەروشێنمان تۆمارکردووە
 
رێکخراوی خاچی سووری نێودەوڵەتی، لەبارەی بێسەروشوێنان لە عێراقەوە راگەیێندراوێکی بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت "بەهۆی ناکۆکییە چەکدارییەکانەوە عێراق بووەتە شوێنی زۆرترین بێسەروشوێن لە جیهاندا، هێشتا چارەنووسی سەدان هەزار کەس نادیارە و زۆر خێزان بەردەوامن لە گەڕان بەدوای کەسوکارەکانیاندا و دڵنیانین لە چارەنووسی شوێنبزربووان."
 
جان جیرۆم کازابیانکا، سەرۆکی نێردەی لیژنەی نێودەوڵەتیی خاچی سوور لە عێراق لەوبارەیەوە لە لێدوانێکدا گوتوویەتی "لە شەش مانگی یەکەمی ساڵی 2023، 994 خێزانی عێراقی داواکارییان بۆ گەڕان بەدوای کەسوکارە ونبووەکانیان پێشکێشکردووە، چارەنووسی 171 کەس دیارە، هەروەها پێنج خێزان لە دەرەوەی عێراق بەیەکتر شادکراونەتەوە."
 
دەشڵێت "ئێستا 28 هەزار و 892 دۆسیەی بێسەروشوێنان هەن و یەکلایی نەکراونەتەوە و لەگەڵ دەسەڵاتدارانی عێراق بەردەوامین بۆ یارمەتیدان لە کۆتاییهێنان بە نەهامەتیی ئەو خێزانانە."