جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق: کارەکانی پەرلەمان دەستپێدەکەنەوە

30-08-2022
محەممەد رەحیم کەریم @Mohammed_mrk
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق رایدەگەیێنێت، لە سبەینێوە کارمەندان و فەرمانبەرانی پەرلەمانی عێراق دەگەڕێنەوە سەر کارەکانیان و هەنگاو بە هەنگاو کارەکانی پەرلەمان دەستپێدەکاتەوە؛ ئاماژەی بەوەش کرد، لە هەفتەی داهاتووەوە کۆبوونەوەی دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان دەستپێدەکاتەوە. لەبارەی کۆبووەنەوەی پەرلەمانیشەوە دەڵێت، پێویستی بە لێکتێگەیشتنی سیاسییە.
 
د. شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لەمیانی بەشداریکردنی لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ، کە نوێنەر فاتیح پێشکێشی دەکات، رایگەیاند، "پەیامەکەی ئەمڕۆی سەدر کاریگەریی هەبوو لە هێورکردنەوەی دۆخەکە و گوتارەکەی لە گوتاری مەرجەعیەت دەچوو تاوەکو سیاسییەک، چونکە بێلایەن بوو."
 
لەبارەی دەستپێکردنی کۆبوونەوەکانی پەرلەمانی عێراقەوە جێگری سەرۆکی پەرلەمان ئاماژەی بەوە کرد، هەنگاو بە هەنگاو دەستدەکەن بە هەوڵەکان بۆ دەستپێکردنەوەی کارەکانی پەرلەمان و بۆ کۆبوونەوەی پەرلەمانیش پێویستە لایەنەکان لێکتێگەیشتنیان هەبێت لەسەر پرسی کۆبوونەوەکانی پەرلەمان.
 
د. شاخەوان عەبدوڵڵا سەبارەت بە رێککەوتنی نێوان پارتی و یەکێتی گوتی، لە رابردوودا کۆبوونەوە و دیدار هەبووە و تاوەکو ئێستا بە شێوەیەکی فەرمی هیچ رێککەوتنێک نییە و هەردوو لایەنیش سوورن لەسەر بەربژێرەکانیان.
 
جێگری سەرۆکی پەرلەمانی ئاماژەی بەوەش كرد، دوای کشانەوەی سەدرییەکان لە پەرلەمان، ئێستا پەرلەمانی عێراق لاسەنگە، چونکە 73 نوێنەری خەڵکی تێدا نییە و ئەوەش کاریگەریی لەسەر لاسەنگی پەرلەمان دروستکردووە.
 
لەبارەی مەرجی پارتییەوە بۆ دەستپێکردن و بەشداریکردن لە کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق، د. شاخەوان عەبدوڵڵا ئەوەی خستەڕوو، مەرجی پارتی ئەوەیە تاوەکو رێککەوتن نەکرێت لەسەر پرسی سەرۆککۆمار لەنێو کورد، بابەتی سەرۆککۆمار نابێت بخرێتە بەرنامەی کارەوە.
 

 

جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق دەڵێت، یەکەمجارە موقتەدا سەدر وەکو مەرجەعێکی شیعە قسە دەکات، نەوەک وەک کەسایەتییەکی سیاسی یان ئەوەی بەشێک بێت لەو شەڕەی لە ماوەی دوو رۆژدا لە ناوچەی سەوزی بەغدا روویدا؛ دەشڵێت: "لە پاڵ پەیامە سیاسییەکەی ئەمڕۆ فەتواشی هەبوو و هەندێک لە شرۆڤەکارانیش پێیانوایە ئەوە هەنگاوێکی نوێیە و هەنگاونانە بەرەو مەرجەعیەتی شیعە".
 
دوای شەو و رۆژێکی خوێناوی، بە گوتارێکی شەش خولەکی موقتەدا سەدر هەموو شتێک کۆتاییهات و شوێنکەوتووانی کشانەوە، تەنانەت لە بەردەم پەرلەمانی عێراقیش کە ماوەی مانگێک بوو مانیان گرتبوو.
 
بە گوتەی شاخەوان عەبدوڵڵا، رووداوەکانی دوو رۆژی رابردوو لە بەغدا و شەڕ و ئاڵۆزییەکانی شوێنەکانی دیکە "چاوەڕوانکراوبوون، چونکە زۆرجار باسمان لەوە کردووە ئەو یەکتر قبووڵنەکردنە و یەکتر رەتکردنەوەیە دواجار بەرەو ئاڵۆزی و شەڕ دەچێت".
 
شاخەوان عەبدوڵڵا پێیوایە ئەو رووداوانە وایکرد کە گوشارێکی نێودەوڵەتی و نێوخۆیی لەسەر چوارچێوەی هاوئاهەنگی و رەوتی سەدر دروستبێت "بۆ ئەوەی کۆتایی بەو دۆخە بهێنن؛ دواجار موقتەدا سەدر بڕیاریدا بە کشانەوەی لایەنگرانی لە ماوەی چەند خولەکێکدا شەڕەکە راوەستا و لایەنگرانی رەوتی سەدر شوێنەکەیان جێهێشت".
 
سەبارەت بە گوتارەکەی موقتەدا سەدر بۆ کشانەوەی لایەنگرانی رەوتەکە، بە بڕوای شاخەوان عەبدوڵڵا "گوتارەکەی ئەمجارەی موقتەدا سەدر تەواو جیاواز بوو بەراورد بە گوتارەکانی پێشووی یان توویتەکانی پێشووی. ئەو بۆ یەکەمجارە ئەمڕۆ وەکو مەرجەعێکی شیعە قسەی کرد، نەوەک وەک کەسایەتییەکی سیاسی یان ئەوەی بەشێک بێت لەو شەڕەی کە ئەمڕۆ و دوێنێ روویدا".
 
شاخەوان عەبدوڵڵا دەشڵێت: "لە پاڵ پەیامە سیاسییەکەی ئەمڕۆ، موقتەدا سەدر فەتواشی هەبوو کە هەندێک لە شرۆڤەکاران پێیانوایە هەنگاوێکی نوێیە و هەنگاونانە بەرەو مەرجەعیەتی شیعە؛ بابەتی حەرامکردن و حەڵاڵکردنی خوێن و شەڕ بابەتێکە لە رابردوودا مەرجەعیەت قسەی لەسەر کردووە، بەڵام ئەمڕۆ لەسەر زاری ئەو ئەو بابەتە وروژێندرا".
 
شاخەوان عەبدوڵڵا پێیوایە ئەگەر مالیکی یان چوارچێوەی هاوئاهەنگی بە گشتی راگەیێندراویان دەکردبووایە "ئەو شەڕە رانەدەوەستا، تەنانەت ئەگەر کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش داوای کردبا. بەڵام دوای ئەوەی موقتەدا سەدر بڕیاری راگرتنی شەڕیدا و بابەتی خوێنڕشتنی حەرامکرد، لە ماوەی چەند چرکەیەکدا هەموویان گۆڕەپانەکەیان جێهێشت".
 
جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لەبارەی پەیامەکەی موقتەدا سەدر گوتی: "موقتەدا سەدر وەکو بەشێک لە ململانێیەکە کە رەوتە قسەی نەکرد، بەڵکو سوپاسی حەشدی کرد؛ باسی دوو لایەنی کرد؛ باسی حەشدی کرد و باسی لە ملیشیای بێزراو کرد، واتە دەیەوێت ململانێیەکەشی لەگەڵ حەشددا بەرتەسک بکاتەوە بۆ لایەنێک کە پێی دەڵێت میلیشیای بێزراو کە مەبەستی لایەنێکە لەنێو حەشدی شەعبی؛ بۆیە سوپاسی حەشدی شەعبی کرد و باسی میلیشیای بێزراویشی کرد، ئەمەش وەکو هەوڵێکە بۆ ئەوەی لە ئاییندەدا زیاتر ئامانجەکان بەرەو حەشد نەچن، بەڵکو بەرەو کەسەکان بچن".
 
بە بڕوای شاخەوان عەبدوڵڵا، "دووبەرەکی" لەنێو لایەنەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی دوای پەیامەکەی موقتەدا سەدر دیار بووە و دەڵێت: "دوای ئەوەی موقتەدا سەدر ئەو پەیامەی نارد، لایەنەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگیش دووبەرەکیەکیان پێوەدیار بوو؛ بەشێکی زۆریان پشتگیری ئەو هەڵوێستەی موقتەدا سەدریان کرد و بەهەنگاوێکی گەورەیان دانا بۆ ئەوەی کۆتایی بە خوێنڕشتن بهێندرێت لە عێراق، بەڵام دواتر مالیکی هات و بە نەفەسی جاران قسەی کرد راگەیێندراوێکی تووندی هەبوو کە پێچەوانەی هەموو ئەو لایەنانە بوو کە لە چوارچێوەی هاوئاهەنگی پشتگیری سەدریان کردبوو".
 
شاخەوان عەبدوڵڵا پێیوایە پێشتریش ئەو "دووبەرەکییە" لەنێوان لایەنەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی هەستی پێکراوە و گوتی: "پێش ئەوەی خۆپێشاندەران بچنە نێو پەرلەمان، ناکۆکییەکی گەورە لەنێوان لایەنەکانی نێو چوارچێوەی هاوئاهەنگی هەبوو، پێم وایە پێداچوونەوە بە بەربژێری چوارچێوەی هاوئاهەنگیش دەکرێت".
 
سەبارەت بە نزیکبوونەوەی پارتی و یەکێتی لەسەر بەربژێرێکی هاوبەش بۆ سەرۆککۆمار، شاخەوان عەبدوڵڵا دەڵێت: "چەند جارێک دانیشتن کراوە؛ هەرێمی کوردستان گرفتی دیکەی هەیە. چەند کۆبوونەوەیەک و دانیشتنی نهێنیش کراوە، بەڵام یەکلاکردنەوەی ئەو پرسە لەسەر ئەوەی کورد بە یەک بەربژێر بچێتە پەرلەمان، دەبێت هەردوولا بە فەرمی ئەوە رابگەیێنن".
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە