بەرهەم ساڵح: سیستمی سیاسی و دەستووری نەیتوانی رێگە لە رووداوەکان بگرێت
رووداو دیجیتاڵ
دوای هێوربوونەوەی دۆخەکە، بەرهەم ساڵح، سەرۆککۆماری عێراق رۆژی سێشەممە گوتارێکی پێشکێشکرد و رایگەیاند، سیستمی سیاسی و دەستووری نەیتوانی رێگە لە رووداوەکان بگرێت.
بەرهەم ساڵح، سەرۆککۆماری عێراق لە گوتارەکەیدا دڵگرانی و نیگەرانیی قووڵی خۆی بەرامبەر زیادبوونی گرژییەکان لەم دوو رۆژەدا و رژانی خوێنی عێراقییەکان دەربڕی و گوتی: "پێویستە دان بەوەدا بنێین سیستمی سیاسی و دەستووری نەیتوانی رێگە لە رووداوەکان بگرێت. کاتێک دۆخەکە ئاڵۆز دەبێت و گرژی سەرهەڵدەدات، بە گوتار و سەرکۆنەکردن و هیواخواستن چارەسەر نابێت، بەڵکو بە ویست و کاری نیشتمانی و سووربوون دەکرێت ئەو کارە بکرێت".
بەرهەم ساڵح هەڵوێستی موقتەدا سەدر بۆ کۆنترۆڵکردنی دۆخەکەی بەرزنرخاند و گوتی: "هەڵوێستێکی بەرپرسیارانە و ئازایانە بوو. پێویستە ئەم هەڵوێستە بقۆزینەوە بۆ دەرچوون لە قەیرانی سیاسیی هەنووکەیی".
سەرۆککۆماری عێراق ستایشی هێزە ئەمنییەکانی کرد، ئەوەش وەک خۆی دەڵێت، بەهۆی ئارامگرتن و دان بەخۆداگرتنیانەوە کە مامەڵەیەکی پیشەییانەیان لەگەڵ دۆخەکە کرد و راشیگەیاند: "گەلە بوێرەکەمان کە بە نوێنەرایەتیی هەموو جیهان رووبەڕووی داعش بووەوە ناکەونە بۆسەی لێکترازانی نێوخۆیی"؛ گوتیشی، راگرتنی خوێنڕشتن کارێکی زۆر گرنگە، بەڵام واتای ئەوە ناگەیێنێت قەیرانە چەقبەستووە سیاسییەکە کە چەندین مانگە بەردەوامە، کۆتایی هاتووە و گوتی: "ئەو قەیرانەی رووبەڕووی بووینەوە، قەیرانێکی هەنووکەیی لەناکاو نەبوو، بەڵکو قەیرانێکی کەڵەکەبووی پەیوەندیدارە بە سیستمی بەڕێوەبردنەوە".
سەرۆککۆماری عێراق گوتیشی، "لە چوارچێوەی ئەرکە دەستوورییەکانمدا، پێشتر چەندجارێک بانگەشەم کردووە و ئەمڕۆش راشکاوانە دووپاتی دەکەمەوە کە پێویستمان بەچاکسازییە بە جۆرێک چارەسەری هەموو هەڵەکانی سیستمی بەڕێوەبردن بکات کە بووەتە مایەی گومانی هاووڵاتییان. ناکرێت لەمە زیاتر گرەو لەسەر ئۆقرە و ئارامیی هاووڵاتییانمان بکەین لە رێگەی سڕکردن بە قسە و بەڵێنەکان. گەل سەرچاوەی رەوایەتییە و هیچ دەسەڵاتێک رەوا نییە ئەگەر خواست و چاوەڕییەکانی گەل بەجێ نەگەیێنێت".
بەرهەم ساڵح باسی لەوەش کرد کە کاتی هاتووە سەرجەم لایەنەکان دەست بە گفتوگۆی راستەوخۆ و راشکاوانە بکەن بۆ دروستکردنەوەی بنەمایەکی زۆر بەهێزی دەوڵەتداری کە رای گشتیی بەشداربێت لە گفتوگۆکانیدا و دواتر بە کردەیی هەنگاویان بۆ بنرێت؛ دووپاتیکردەوە کە هەڵبژاردنی پێشوەختە بەشێک دەبێت لە چارەسەرییەکان و گوتی: "بەدڵنیاییەوە ئەم دۆخە مایەی قبووڵکردن نییە و نابێ بەردەوام بێت. بۆیە ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی نوێی پێشوەختە بەگوێرەی لێکتێگەیشتنی نیشتمانی دەرچەیەکە بۆ ئەم قەیرانە چەقبەستووەی وڵات. هیچ پلە و پۆستێک لە بەرژەوەندیی گەل گرنگتر نییە و لەمەش گرنگتر چارەسەرکردنی ریشەیی دۆخەکە و دەرچوونیەتی لە گێژاوەی قەیرانەکان."
بەرهەم ساڵح پێداگریی لەوەکرد کە پشکپشکێنە هۆکارێکی سەرەکییە بۆ بەردەوامبوون بەم دۆخە و گوتی: "شەڕی ئێمە شەڕی بونیاتنانەوەی دەوڵەتە. بێ رێزگرتن لە مەرجەعییەتی دەوڵەت و دامەزراوەکانی و دەستنەبردن بۆ دەسەڵاتەکانیان، کاری بونیاتنانەوە جێبەجێ ناکرێت. ئەو پشکپشکێنەیەی خۆی بەسەر دۆخی کۆمەڵگەماندا سەپاندووە، رێگرە بۆ گەیشتن بە بەڕێوەبردنێکی ژیرانە".