سەدر: دەبێ گرووپە چەکدارەکان لە ناوچەی سەوز دەربچن

30-08-2022
ئاسۆ فیشەگی
A+ A-

رووداو-هەولێر

رێبەری رەوتی سەدر رایگەیاند، دەبێت گرووپە چەکدارەکان لە ناوچەی سەوزی بەغدا دەربچن و "رێگەش بە گەندەڵییەکی دیکە بە سەرکردایەتیی گەندەڵکاران نادەین".
 
موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر، پاش نیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە 30-08-2022 لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا داوای لە لایەنگرانی کرد کۆتایی بە شەڕ و خۆپێشاندان و مانگرتن بهێنن و بگەڕێنەوە ماڵەکانیان.
 
ساڵح محەممەد عێراقی کە بە وەزیری رێبەری رەوتی سەدر ناسراوە، ئەمڕۆ سێشەممە لە هەژماری خۆیدا لە تویتەر دوو تویتی لە زاری رێبەری رەوتی سەدرەوە بڵاوکردەوە کە تێیاندا هاتووە: "ئەی شۆڕشگێڕانی ئاشتیخواز بەڵێنەکەتان بردەسەر و لە ئاستی پێویست بوون".
 
وەزیرەکەی سەدر لەسەر زاری موقتەدا سەدر دەشڵێت: "رێگەنادەین هێرش بکرێتەسەرتان [هێرش بکرێتە سەر خۆپێشاندەران]، چونکە ئێوە پارێزەری چاکسازین. هەروەها رێگە بە گەندەڵییەکی دیکە بە سەرکردایەتیی گەندەڵکاران نادەین. سوپاس بۆ ئێوە".
 
وەزیرەکەی سەدر لە تویتەکەیدا کە گوزارشت لە بۆچوونی سەدر دەکات هەروەها باسی لەوەش کردووە کە "دەبێت گرووپە چەکدارەکان، ئەگەرچی لە ژێر هەر ناونیشانێک بێت و سەر بە حەشدی شەعبی بن، دەبێت لە ناوچەی سەوزی [بەغدا] دەربچن؛ بۆ ئەوەی هێزە ئەمنییەکان خێرا دۆخەکە کۆنترۆڵ بکەن، ئەگەرنا دەوڵەت شکۆی نابێت".

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە