رووداو - هەولێر
نۆ ساڵ پێش ئێستا حکومەتی عێراق لەگەڵ ئیدارەی پێشووی ئەمریکا بە سەرۆکایەتیی باراک ئۆباما، گرێبەستێکی بە بەهای چوار ملیار و 300 ملیۆن دۆلار واژۆکرد.
ئەوکاتە ئەمریکا پێیوابوو گرێبەستەکە پشتیوانییەکی دیکەی ئەمریکایە بۆ عێراق لەپێناو بەهێزکردنی هێزی ئاسمانی و ئیدی عێراق دەتوانێت فڕۆکەی F16 بەکاربهێنێت.
یەکەم هەنگاوی گرێبەستەکە ساڵی 2012 جێبەجێکرا و ئەوکاتە عێراق و ئەمریکاش پێیانوابوو ئیدی هێزی ئاسمانیی عێراق لەسەر پێی خۆی دەوەستێت, بەڵام چەند فڕۆکەوانێکی عێراقی بە میدیایەکی ئەمریکییان راگەیاندووە، لەو پرۆژەیەدا ملیاران دۆلار بەهەدەردراوە، چونکە هێزی ئاسمانیی عێراق ناتوانێت سەرپەرشتیی ئەو فڕۆکانە بکات کە تاوەکو ئێستا هاتوونەتە وڵات و بەمەش ناپارێزرێن.
لەسەر بنچینەی گرێبەستەکە، ئەمریکا 34 فڕۆکەی F16 دەداتە عێراق، بەڵام تاوەکو ئێستا 18 فڕۆکەیان هاتوونەتە عێراق و لە بنکەی ئاسمانیی بەلەد لە باکووری بەغدا جێگیرکراون.
لە سەرەتای ئەمساڵیشدا و دوای کوژرانی قاسم سولەیمانی و هێرشی مووشەکیی ئێران بۆسەر هەندێک بنکەی ئاسمانی، هەندێک لە بەڵێندەرەکانی ئەو گرێبەستە، بەغدایان جێهێشتووە.
فڕۆکەوانەکان دەڵێن، ئەو فڕۆکە جەنگییانە لە بنکەی ئاسمانیی بەلەد بەردەوام پێویستیان بە خزمەتگوزاری و سەرپەرشتیکردن هەیە، بەڵام کشانەوەی ئەو ئەمریکییانە وایکردووە هیچ گەرەنتییەک بۆ پاراستنی فڕۆکەکان نەمێنێت.
هەروەها دەشڵین، بەهۆی نەبوونی پارچەی یەدەگ و بنکەی چاککردنەوەی تایبەت بۆ فڕۆکەکان، ناتوانن مەشق و راهێنان لەسەر فڕۆکەکان بکەن، بۆیە ئێستا لەو 18 فڕۆکەیە تەنیا 7 دانەیان کاردەکەن.
بەڵام بەرپرسانی سەربازیی عێراق دەڵێن، هەموو فڕۆکەکان کاردەکەن و هیچ کێشەیەکیان نییە؛ هەرچی فڕۆکەوانەکانن دەڵێن، تەنیا ژمارەیەکی کەمیان لە شەڕی دژی داعشدا بەکارهاتوون.
فڕۆکەوانەکان باس لەوەش دەکەن، ئێستا بنکەی ئاسمانیی بەلەد لەلایەن عێراقییەکانەوە بەباشی بەڕێوە نابرێت و هەندێک کەسیش سووتەمەنی لەو بنکەیە دەبەنە دەرەوە و بە قاچاخ دەیفرۆشن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ