رووداو دیجیتاڵ
ئەنجوومەنی دادوەریی عێراق رایگەیاند بەهۆی دامەزراندنی 83 راوێژکارەوە، پارێزگاری پێشووی ئەنبار بە یەک ساڵ زیندانیکردن سزادرا.
رۆژی سێشەممە، 30-07-2024 ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند: "دادگەی ناوەندیی تاوانەکانی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی لە کەرخ سزایەکی سووکی بۆ ماوەی یەک ساڵ لە دژی پارێزگاری پێشووی ئەنبار دەکرد، ئەویش بەهۆی دامەزراندنی 83 راوێژکار لە دیوانی پارێزگا بەپێچەوانەی یاسا."
ئەو سزایە بەپێی حوکمەکانی مادەی 331 ـی یاسای سزادانی عێراق ژمارە 111ـی ساڵی 1969 بۆ عەلی فەرحان، پارێزگاری پێشووی ئەنبار دەرچووە. بەپێی ئەو ماددەیە هەر فەرمانبەرێک بە خزمەتی گشتی راسپێردرابێت بە ئەنقەست سەرپێچی کارەکانی کاربکات یان ئامادە نەبێت کار بکات و بەهۆیەوە زیان بە بەرژەوەندیی تاکە کەسێک بگەیەنێت یان بۆ بەرژەوەندیی کەسێک زیان بە بەرژەوەندیی کەسی دیکە بگەیێنێت ئەوا بە گرتن و پێبژاردن سزا دەدرێت.
عەلی فەرحان حەمید دلێمی، پارێزگاری پێشووی ئەنبار، سەرۆکی فراکسیۆنی ئیستیقرارە لە ئەنجوومەنی پارێزگای ئەنبار کە هاوپەیمانێتییەکانی سیادە، ئەنبار ناسنامەمانە، حەسمی نیشتمانی، عەزم و ئەنباری یەکگرتوو پێکدێت و پێنج ئەندامی هەیە.
لە رۆژی 19ـی نیسانی 2023، عەلی فەرحان، پارێزگاری پێشووی ئەنبار کۆتایی بە ئەرکی 83 لە راوێژکارەکانی خۆی هێنا، دواتر دەستەی دەستپاکیی عێراق دەستی بە لێکۆڵینەوە لەو بابەتە کرد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ