رووداو دیجیتاڵ
حیزبی دەعوەی ئیسلامی عێراق رایگەیاند، هەڵمەتێک بۆ تێکەڵکردنی بابەتەکان و شێواندنی رای گشتی بۆ پڕۆژەیاسای هەموارکردنەوەی یاسای باری کەسی هەیە.
حیزبی دەعوەی ئیسلامی کە نووری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا سەرۆکایەتیی دەکات، راگەیێندراوێکی لەبارەی پرۆژەیاسای هەمواری یاسای باری کەسیی عێراق بڵاوکردەوە: "ئازادی خەسڵەتێکی سەرەکیی سەردەمی نوێی سیاسییە کە لە عێراق پێشینەی نەبووە، ئەو ئازادییەش بەرهەمی قوربانیدانی عێراقییە ئازادیخوازەکانە لەسەرجەم پێکهاتەکان، هەمواری یاسای باری کەسی بۆ چەسپاندنی ئازادیی تاکی عێراق هاتووە بۆ پێدانی ماف پێی لەپێناو رێکخستنی باری کەسیی بەپێی ئەو مەزهەبەی باوەڕی پێیەتی."
حیزبی دەعوەی ئیسلامی دەڵێت: "باری کەسی بەشێکی سەرەکییە لە حوکمە شەرعییەکان لەلای هەموو مەزهەبەکان، وەکو حوکمی پەرستش.. ئەم پرۆژەیە لەگەڵ رێڕەوە دەستووری و دیموکراسیی کارپێکراو لە وڵات دەگونجێت."
حیزبی دەعوەی ئیسلامی، دەستخۆشی لەو ئەندام و فراکسیۆنانەی پەرلەمان دەکات کە پشتگیری هەموارەکە دەکەن و دەڵێت: "دەستخۆشیشیان لێدەکەین بۆ پێشکێشکردنی ئەو روونکردنەوە دروستانە و دوور لە بانگەشەی دژ کە یاساکە تێیدا نییە و پەیوەندیی پێوە نییە، مەبەست لەو بانگەشانە تێکەڵکردنی بابەتەکان و شێواندنی رای گشتی و دروستکردنی دۆخێکی دژە بۆ هەوڵەکانی پەسەندکردنی."
راگەیێندراوەکەی حیزبی دەعوە، دوای کۆبوونەوە و راگەیێندراوی شەوی دووشەممە، 29ـی تەممووزی 2024ـی هاوپەیمانیی چوارچێوەی هاوئاهەنگیی شیعەکان دێت کە داوایکردبوو پرۆژەکە پەسەندبکرێت.
بەپێی هەموارەکە، دەبێت ژن و پیاو لەکاتی هاوسەرگیری ئەو مەزهەبە دیاریبکەن کە دەیانەوێت حوکمەکانی بەسەریاندا جێبەجێ ببێت، لەکاتی ناکۆکیی نێوان ژن و پیاوێکی مەزهەب جیاوازدا، مەزهەبی پیاوەکە کاری پێدەکرێت.
هەمواری یاسای باری کەسی کە لەبەردەستی پەرلەمانە، لەلایەن پەرلەمانتار رائید مالیکی، پەرلەمانتاری سەربەخۆ پێشکێش کراوە، بەپێی هەموارەکە مادەی دووەمی یاساکە هەمواردەکرێتەوە و بڕگەی سێی بۆ زیاددەکرێت، کە ئەمانەی تێدایە:
- دیاریکردنی مەزهەب بۆ ئەوەی گرێبەستی هاوسەرگیرییەکەی لەسەر بکرێت و حوکمەکانی ئەو مەزهەبەیان بەسەردا جێبەجێ بکرێت.
- هەر کەسێک پێشتر ئەوەی نەکردووە، دەتوانێت داواکاری بۆ هەڵبژاردنی مەزهەب پێشکێش بکات.
- ئەگەر ناکۆکی لەنێوان هاوسەرەکان هەبوو لەبارەی ئەو مەزهەبەی بەپێی حوکمەکانی گرێبەست دەکەن، گرێبەستەکە بەپێی مەزهەبی پیاوەکە دەبێت.
- دیوانەکانی وەقفی سوننە و شیعە پابەند دەبن، پەڕاو و تۆماری حوکمە شەرعییەکان لە پرسەکانی باری کەسی دروستبکەن.
- تۆمار یان پەڕاوەکان حوکمەکانی باری کەسی بەپێی فیقهی شیعەی جەعفەری دەبێت بۆ شیعە و یەکێکی دیکە بەپێی فیقهی سوننە دەبێت، لە دانانیاندا پشت بە بۆچوونی کەسە دیارەکانی هەردوو مەزهەبەکە لە عێراق دەبەسترێت.
- ئەگەر دیاریکردنی ئەو کەسە دیارەی لە مەزهەبی شیعە پشتی پێدەبەسترێت کێشەی تێکەوت، ئەوا بۆچوونی ئەو مەرجەعە ئایینییە پشتی پێدەبەسترێت کە زۆرینەی شیعە لە عێراق پەیڕەویی دەکەن. لە سوننەش رای ئەنجوومەنی زانستی و فەتوا وەردەگیرێت.
خاڵی دووەمی هەموارەکە ئەوەیە بڕگەی پێنج لە مادەی 10 لادەبرێت و ئەم دەقە شوێنی دەگرێتەوە: "دادگەی باری کەسی گرێبەستەکانی هاوسەرگیری پەسەند دەکات، دوای ئەوەی لەلایەن کەسانی رێگەپێدراوەوە لە دیوانەکانی وەقفی سونە و شیعە یان لایەنێکی شەرعی یان یاسایی پەسند دەکرێن."
هەموارەکە نیگەرانیی بەشێک لە چالاکانی مافەکانی مرۆڤ و ئافرەتانی لێکەوتووەتەوە و، دەڵێن گرێبەستی هاوسەرگیری بەپێی مەزهەب دابەشکردنی عێراقە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ