رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتى پەروەردەى عێراق بەشێک لە مووچەى فەرمانبەران بۆ تەواوکردنى قوتابخانە و باخچەکانى منداڵان و نۆژەنکردنەوەیان دەگێڕێتەوە.
بەگوێرەى نووسراوێکى وەزارەتى پەروەردەى عێراق کە ئاراستەى هەندێک لە بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانى کردووە، داواى کردووە بڕێک پارە وەک رسومات لە مووچەى فەرمانبەرانى ببڕدرێت لە چوارچێوەى هەڵمەتى نیشتمانى بۆ بونیاتنانى قوتابخانە و باخچەى منداڵان.
سەباح حەبیب، ئەندامى لیژنەى پەروەردەى پەرلەمانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: "بڕینی ئەو پارەیە لەگەڵ مووچەى مانگى ئاب دەستپێدەکات، پارەکە بۆ سندووقێکە بۆ تەواوکردنی قوتابخانە و باخچە تەواونەکراوەکان."
بڕینی پارەکە جیاوازە، بۆ ئەو چوار مانگەى کە ئەم ساڵ وەردەگیرێت بۆ فەرمانبەرانی هەمیشەیی 10 هەزار دینارە، بۆ فەرمانبەرانی گرێبەست چوار هەزار دینارە. هەروەها بۆ ئەو فەرمانبەرانەی کە دەبووایە لە ساڵی 2020 پارەیان لێ بگێردرێتەوە، شەش هەزار دینارە.
وەزارەتى پەروەردەى عێراق لە روونکردنەوەیەکدا ئاماژەى بەوەداوە ئەو بڕە پارەیە لە هەموو بەڕێوەبەرایەتییەکان نابڕدرێت، بەڵکو ئەوانە دەگرێتەوە کە ئەو رسوماتە لە مووچەکانیان نەبڕدراوە کە بڕى پارەکەى بۆ ساڵێک دوو هەزار دینارە.
بەگوێرەى نووسراوێکى دیکەى وەزارەتى پەروەردەى عێراق بڕى ئەو پارەیەى لە مانگى ئاب بۆ مانگى کانوونى یەکەمى ئەم ساڵ دیاریکراوە کە ببڕدرێت، مانگانە دوو هەزار دینارە و بە تێکڕاى ئەو پێنج مانگە 10 هەزار دینار دەکات.
سەباح حەبیب گوتى: "بڕینى ئەو بڕە پارەیە بەگوێرەى یاسایە کە وەزارەتى پەروەردە کارى پێدەکات".
ساڵى 2019 پەرلەمانى عێراق یاسای رسوماتى پولى هەڵمەتى نیشتمانى بۆ بونیاتنانى قوتابخانە و باخچەى منداڵانى پەسندکرد، ئەو بڕە پارەیە بەگوێرەى ئەو یاسایە لە فەرمانبەرانى وەزارەتى پەروردە وەردەگیرێت.
بەگوێرەى یاساکە بڕى هەزار دینار دیاریکراوە بۆ ئەوەى لەلایەن وەزارەتى داراییەوە بۆى بگەڕێندرێتەوە و بخرێنە نێو خەرجى وەزارەتەکە بۆ بونیاتنانى قوتابخانە و باخچەى منداڵان، ئەوە جگە لەو بڕە پارەیەى کە بەگوێرەى یاسای رسوماتى پولى ساڵى 2012 وەردەگیرێت کە ئەویش هەزار دینارە و پێکەوە دەکاتە دوو هەزار دینار.
وەزارەتى پەروەردەى عێراق رایگەیاندووە ئەو بڕە پارەیەى ئێستا وەردەگیرێت ئەوەیە کە پێشتر زۆر لە بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکان لە فەرمانبەرانیان وەرنەگرتووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ