رووداو دیجیتاڵ
لە ماوەی خولی پێنجەمی پەرلەمانی عێراق تەنیا 11 لێپرسینەوە و میوانداریکردنی بەرپرسان هەبوونە، هیچ وەزیرێکی کابینەکەی سوودانی لێپرسینەوەی لەگەڵدا نەکراوە، میوانداریی تەنیا پێنج وەزیر کراوە.
لێپرسینەوە لە هیچ وەزیرێک نەکراوە
بەپێی بەڵگەنامەیەکی فەرمی کە لە پەرلەمانی عێراق دەرچووە و تایبەتە بە لێپرسینەوە و میواندریکردنی بەرپرسان لە ماوەی دەستبەکاربوونی خولی پێنجەمی پەرلەمان لە 9ـی کانوونی دووەمی ساڵی 2022ـەوە تاوەکو ئێستا، دەردەکەوێت، لەو ماوەیەدا پەرلەمان لێپرسینەوەی لە هیچ وەزیرێکی کابینەکەی محەممەد شیاع سوودانی نەکردووە، کە ژمارەیان 23 وەزیرە، بەڵکو تەنیا میوانداریی پێنج وەزیری کردووە. بەو پێیە رێژەی لێپرسینەوە لە وەزیرانی کابینەکەی سوودانی سفرە.
لە ماوەی دەستبەکاربوونی خولی پێنجەمەوە، پەرلەمان لە ماوەیەدا تەنیا دوو جار پەرلەمان لێپرسینەوەی کردووە و بەمشێوەیە:
- 3ـی ئەیلوولی 2023، لێپرسینەوە لە سەرۆک و ئەندامانی ئەنجوومەنی ئەمیندارانی تۆڕی راگەیاندنی عێراق.
- 13ـی شوباتی 2024، لێپرسینەوە لە سەرۆکی تۆڕی راگەیاندنی عێراقی.
هادی سەلامی، ئەندامی لیژنەی دەستپاکیی پەرلەمانی عێراق بە رووداوی گوت: "بەداخەوە یەکێک لەو خولانەی پەرلەمان کە لە لێپرسینەوە لە بەرپرسان خراپە ئەم خولەیە، هۆکارەکانیشی زۆرن، لەوانە رووپامایی سیاسی و بوونی گرێبەستی ژێر بەژێر، جگە لەوە هیچ لایەنێک ناتوانێ لێپرسینەوە لە وەزیری لایەنەکەی دیکەی دیکە بکات لە ترسی ئەوەی هەمان شت بەرامبەر بە وەزیرەکەی دەکرێتەوە، جگە لەوەی ئۆپۆزیسیۆنێکی بەهێز نییە ژمارەیەک لایەنی سیاسیی لەپشتەوە بن."
ئەو پەرلەمانتارە پێیوایە بەهۆی نەبوونی لێپرسینەوە لە بەرپرسان، بەتایبەت وەزیرەکان، "گەندەڵی بە شێوەیەکی فراوانتر هەیە."
تەنیا چوار میوانداری
بەپێی بەڵگەنامەکەی بەردەستی رووداو، پەرلەمانی عێراق لە ماوەیەی ئەو دوو ساڵ و زیاتر لە شەش مانگەی ئەم خولە، تەنیا چوار جار، میوانداری پێنج وەزیری کردووە.
ئەو پێنج وەزیرەی میوانداریکراون، بریتین لە "دارایی، سەرچاوەکانی ئاو، داد، دەرەوە و کشتوکاڵ."
میوانداری یەکێکە لەو رێککارانەی لەلایەن پەرلەمانەوە دەگیرێتەبەر، لەگەڵ لێپرسینەوە لەوەدا جیاوازە داوای روونکردنەوە لە بەرپرسەکە دەکرێت، زۆر جار لە لێژنەکاندا دەبێت، یان لەنێو کۆبوونەوەی گشتیی پەرلەمان، بۆ روونکردنەوە دەبێت، بەڵام لێپرسینەوە جیاوازە و رەنگە ببێتە هۆی دوورخستنەوەی وەزیر یان بەرپرسەکە.
میواندارییکردنی بەرپرسانی عێراق لەو دوو ساڵ و شەش مانگەی ئاماژەی بۆ کراوە، بەمشێوەیە بووە:
- 28ـی شوباتی 2022، میوانداریکردنی وەزیری دارایی عێراق لەبارەی بەهای دیناری عێراق.
- 10ـی تشرینی دووەمی 2022، میوانداریکردنی وەزیرانی سەرچاوەکانی ئاوی عێراق، کشتوکاڵ، لەبارەی پلانی وەزارەت بۆ چارەسەرکردنی کەمئاوی.
- 12ـی ئەیلوولی 2023، میوانداریکردنی وەزیرانی، دەرەوە، سەرچاوەکانی ئاو، داد، لەبارەی قەیرانی ئاو لە عێراق.
خولی پێنجەمی پەرلەمانی عێراق، دوای نزیکەی سێ مانگ لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە 10ـی ئۆکتۆبەری 2021، لە 9ـی کانوونی دووەمی ساڵی 2022، یەکەم کۆبوونەوەی سوێندخواردنی ئەندامانی کرد و سەرۆک و دوو جێگرەکەی هەڵبژارد.
لەماوەی تەمەنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی عێراق لێپرسینەوە و میواندارییەکان بەپێی ساڵەکان بەمشێوەیە بووە:
2022
- سفر لێپرسینەوە
- دوو میوانداری
2023
- یەک لێپرسینەوە
- یەک میوانداری
2024
- یەک لێپرسینەوە
- یەک میوانداری
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ