رووداو دیجیتاڵ
کورد لە خورماتوو چاوى لەسەر سێ پۆستى قەزاکەیە و بڕیارە لایەنە کوردستانییەکان بۆ ئەو پرسە و دەستنیشانکردنی بەربژێر بۆ پۆستەکان، کۆببنەوە.
یاسین داوودى، ئەندامى ئەنجوومەنى پارێزگاى سەلاحەددین بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، بڕیارە لایەنە کوردستانییەکان لە خورماتوو لە بارەى ئەو پۆستانە کۆببنەوە کە هەوڵ بۆ وەرگرتنیان دەدرێت لە سنوورى قەزاکە.
یاسین داوودى گوتى: "لەو کۆبوونەوەیەدا تاوتوێى پۆستەکان و بەربژێرەکانی ئەو پۆستانە دەکرێت، دواتر لەگەڵ لایەنە عەرەبییەکان لەسەر ئەو پۆستانە دانوستاندن دەکرێت".
لە کۆى 15 ئەندامى ئەنجوومەنی پارێزگای سەلاحەددین کورد یەک ئەندامى هەیە، کە ئەویش لە پشکی یەکێتى نیشتمانى کوردستانە.
ئەندامەکەى ئەنجوومەنى پارێزگاى سەلاحەددین گوتی: "کورد لە قەزاى خورماتوو چاوى لەسەر هەر سێ پۆستى بەڕێوەبەرانى کشتوکاڵ، پەروەردە و شارەوانییە."
بەڕێوەبەرى گشتى وەبەرهێنانى سەلاحەددین و چوار پۆستى دیکە لە ئاستى بەڕێوەبەر لە خورماتوو بەدەست کوردەوەن، لە دواى هێرشەکانی 16ى ئۆکتۆبەرى 2017 باڵاترین پۆستى قەزاکەى لە دەستدا کە قایمقام بوو، لەو کاتەوە پۆستەکە بەدەست شیعەوەیە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ