بەتۆمەتی سووکایەتی بە حەشدی شەعبی داوای هەڵگرتنی پارێزبەندیی پەرلەمانتارێک دەکرێت
رووداو دیجیتاڵ
بەتۆمەتی "سووکایەتیکردن بە حەشدی شەعبی و تۆمەتبارکردنی سەرکردەکانی بە کوشتنی خۆپێشاندەران"، سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی سکاڵا لەسەر پەرلەمانتارێکی سەربەخۆ تۆمار دەکات، داواکاری گشتیش داوای هەڵگرتنی پارێزبەندیی لە پەرلەمان دەکات.
داواکاری گشتیی لە ئەنجوومەنی دادوەریی عێراق داوا لە سەرۆکایەتیی پەرلەمان دەکات پارێزبەندی لەسەر پەرلەمانتار "سەجاد سالم" هەڵبگرێت بەمەبەستی دادگاییکردنی لەسەر سکاڵایەکی فالح فەیاز، سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی.
سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی، بە پاساوی"سووکایەتیکردن بە دەستەی حەشدی شەعبی و تۆمەتبارکردنی سەرکردەکانی بە کوشتن" بەپێی بڕگەی یەکی مادەی 433ـی یاسای سزادانی عێراق سکاڵای لەسەر ئەو پەرلەمانتارە تۆمار کردووە.
ئەو بڕگەیەی یاسای سزادانی عێراق باسی قسە هەڵبەستن و تاوان دانە پاڵ کەسێک دەکات، کە سزاکەی زیندانیکردن و پێبژاردنیە، ئەگەر تاوان دانە پاڵەکە لە رۆژنامە یان چاپکراوەکان یان بە هۆکارێکی دیکە بڵاوبکرێتەوە، سزاکەی قورستر دەبێت.
داواکاری گشتی لەسەر داوای سەرۆکایەتی دادگەی تێهەڵچوونەوەی واست، ئەو داوایەی ئاراستەی پەرلەمان کردووە.
مادەی 63ـی دەستووری عێراق، پارێزبەندیی پەرلەمانتار بە دەنگی زۆرینەی رەهای ئەندامانی پەرلەمان هەڵدەگرێت، نابێت لە ماوەی پەرلەمانتارییدا هیچ پەرلەمانتارێک دەستگیربکرێت، تەنیا ئەگەر تاوانێکی کردبێت، دەستگیرکردنەکەشی دەبێت بە رەزامەندیی پەرلەمان بێت.
لە ساڵی 2022، دادگەی لێکۆڵینەوەی رەسافەی بەغدا لەسەر سکاڵایەکی فالح فەیاز، سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی و ئەبو فەدەک محەممەداوی، سەرۆکی ئەرکانی دەستەی حەشدی شەعبی سکاڵایان لەسەر ئەو پەرلەمانتارە کردبوو، گوایە لە هەژماری لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس لە رۆژی 17ـی تەمموزی 2022 ئەو دوو بەرپرسەی حەشدی بە کوشتنی خۆپێشاندەران و بێسەروشوێنکردنیان تۆمەتبار کردبوو.
سەجاد سالم، یەکێکە لە نوێنەرانی پارێزگای واست لە پەرلەمانی عێراق، لەدایکبووی ساڵی 1988ـە، یەکێکە لەو کەسانەی بە دەنگی بەشێک لە خۆپێشاندەران کە بە تشرینییەکان دەناسرێن بووە پەرلەمانتار، بەهۆی سکاڵا و هەڕەشەکانەوە، ساڵی 2023 داوای لە حکومەت کردبوو لە هێرش و هەڕەشەی گرووپ و میلیشیاکان بیپارێزێت.
بەپێی روانگەی عێراقی بۆ مافەکانی مرۆڤ، کە رێکخراوێکی عێراقییە لە خۆپێشاندانەکانی ساڵی 2019ـی عێراق کە بە 'خۆپێشاندانەکانی تشرین' دەناسرێت، 624 کەس گیانیان لەدەستدا، زۆرینەیان لە بەغدابوون.
خۆپێشاندانەکانی مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی 2019، دژی هەژاری، بێکاری، گەندەڵی و خراپی خزمەتگوزارییەکان لە نێوەڕاست و باشووری عێراق دەستیانپێکرد.
خۆپێشاندەرانی تشرین ئەوکات داوای رووخاندنی حکومەت و گۆڕینی سیستمی سیاسییان دەکرد لەگەڵ گۆڕینی چینی سیاسەتڤان و لایەنە سیاسییەکان.
خۆپێشاندانەکە چەند مانگێک بەردەوام بوو. بە گوێرەی رێکخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی، لە گرژییەکاندا زیاتر لە 600 کەس کوژران و زیاتر لە 20 هەزار کەسی دیکە برینداربوون، کە زۆرینەیان خۆپێشاندەر و چالاکڤان بوون.