لە دیوانییە دواى چوار ساڵ برنج دەچێندرێت
رووداو دیجیتاڵ
دواى چوار ساڵ، کێڵگەکانى مەرەزە لە سنووری قەزای غەمماس لە پارێزگای دیوانییە بووژانەوە و جووتیاران برنج بەرهەم دەهێنن.
حوسێن فەتلاوى ، جووتیارە و دەڵێت: "چوار ساڵ بوو زەوییەکەمان وشک ببوو و چەڵتووکمان تێدا نەدەچاند. ئەم ساڵ داوایان کرد دەست پێ بکەینەوە؛ ئاویان پێداین و کارەبایان لێ بڕین، لەکاتێکدا ئێستا زەوییەکانمان پێویستى بە ئاودانە، بەڵام کارەبایان لێ بڕین، ئەوە زیان بە کشتوکاڵەکەمان دەگەیێنێت".
مەرەزە بەوە ناسراوە پێویستی بە ئاوی زۆرە. کارەباش بۆ کارپێکردنی مزەخە و گواستنەوەى ئاو لە رووبارەوە بۆ نێو کێڵگەکانى چەڵتووک پێویستە. مێرووش کێشەیەکی دیکەیە بەرۆکی جووتیارانی گرتووە.
مەحموود ساڵح، جووتیارێکی دیکەیە و دەڵێت: "ئەو قڕکەرانەى دەوڵەت پێى داوین کرم و مێروو لەنێو نابەن، ناچار بووین قڕکەر لە بازاڕ و بەنرخى بەرز بکڕین کە لەنێوان 50 بۆ 100 هەزار دینارە بۆ ئەوەى گەرەنتى بەرهەمێکى زیاتر بکەین".
برنجى دیوانییە پشت بە ئاوى رووبارى فورات دەبەستێت؛ پێشبینی دەکرێت بەرهەمى برنجى ئەم ساڵى بگاتە 150 هەزار تۆن.
دیوانییە بە برنجى عەمبەر ناسراوە، بەهۆى وشکەڵییەوە لە چوار ساڵى رابردوودا تەنیا رێگە بە 6500 دۆنم درا بەو جۆرە برنجە درا بۆ ئەوەى لەنێو نەچێت.