کۆمیسیۆن وادەی تۆمارکردنی هاوپەیمانیێتییەکانی بۆ شەشی ئاب درێژکردەوە

رووداو دیجیتاڵ


جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "کۆمیسیۆن وادەی تۆمارکردنی هاوپەیمانیێتییەکانی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق بۆ شەشی ئاب درێژکردەوە."

 

جومانە غەلای هەروەها گوتی درێژکردنەوەی ئەو وادەیە، بەمەبەستی پێدانی کاتی زیاترە بە قەوارە و پارتە سیاسییەکان بۆ تۆمارکردنی هاوپەیمانیێتییەکان.
 
هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان بڕیارە رۆژی، 18-12-2023 لە هەموو پارێزگاکانی عێراق جگە لە چوار پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان بکرێت. 
 
کورد چاوی لەوەیە لە پارێزگای کەرکووک ژمارەیەکی زۆر کورسی و لە پارێزگاکانی نەینەوا و سەلاحەدین و دیالەش بە لەبەرچاوگرتنی ژمارەی دانیشتووانی کورد، کورسی بەدەست بهێنێت، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ هاوپەیمانییەکی کوردستانی پێکنەهێنراوە. 
 
رۆژی شەممە 29ـی تەممووز، محەممەد خورشید، یاریدەدەری بەرپرسی مەکتەبی رێکخستنی کەرکووک - گەرمیانی پارتی بە رووداوی گوت، "پارتی بۆ پێکهێنانی هاوپەیمانی لەگەڵ چەند لایەنێک لە گفتوگۆدایە و هەندێک لایەن ئامادەیی خۆیان دەربڕیوە، بەڵام لە کەرکووک لەگەڵ برایانی یەکێتی دوورین لە یەکدی و ماوەیەکە گفتوگۆکان لەنێوانماندا وەستاون."
 
پێشتر جومانە غەلای بە رووداوی گوتبوو "کۆمیسیۆن لە ساڵی 2015ـەوە 281 حیزبی سیاسی و 20 هاوپەیمانی تۆمارکردووە؛ 14 هاوپەیمانیی نوێ و شەش هاوپەیمانیی پێشووش خواستی خۆیان بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکەدا خستووەتەڕوو."
 
هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان بۆ یەکەمجار لە ساڵى 2005ـەوە لە کەرکووک دەکرێت. دوایین هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکان لە عێراق کرابێت لە ساڵى 2013 بوو.