30-07-2022
21:50
باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا: ناکۆکییەکانتان بە ئاشتییانە چارەسەر بکەن
خۆپێشاندەران لە پەرلەمانی عێراق. وێنە: مستەفا گۆران - رووداو
باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا راگەیێندراوێکی لەبارەی گرژی و ئاڵۆزییەکانی ئەمڕۆی بەغدا بڵاوکردەوە و دەڵێت: "لە نزیکەوە چاودێریی ئاڵۆزییەکان دەکەین و داوا لە هەموو لایەنە سیاسییەکان دەکەین دان بەخۆیاندابگرن و لە تووندوتیژی دووربکەونەوە."
باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە تۆڕە کۆمەڵاتییەکان راگەیێندراوێکی بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت: مافی خۆپێشاندانی ئاشتییانە و ئازادیی رادەربڕین هەڵقوڵاوی دەستووری عێراقە، بەڵام جەختدەکاتەوە کە خۆپێشاندانەکان بە ئاشتییانە بەڕێوەبچن و هەروەها لایەنە سیاسییەکانیش بەشێوەیەکی ئاشتییانە ناکۆکییەکانیان چارەسەربکەن.
باڵیۆزخانەی ئەمریکا دەڵێت، نیگەرانین لە بڵاوبوونەوەی هەواڵی تووندوتیژییەکان، ئەمە لەکاتێکدایە، بەگوێرەی وەزارەتی تەندروستیی عێراق، تائێستا لانیکەم 125 کەس لە گرژی و ئاڵۆزییەکانی ئەمڕۆی بەغدا برینداربوون.
ئەمڕۆ لایەنگرانى رەوتى سەدر لە بەغدا خۆپێشاندانیان دژى بەربژێرکردنى محەممەد شیاع سوودانی بۆ پۆستى سەرۆکوەزیرانی وڵات لە لایەن هاوپەیمانیى چوارچێوەى هاوئاهەنگییەوە دەستپێکرد و چوونە نێو هۆڵى پەرلەمانى عێراق. خۆپێشاندەران مانگرتنیان راگەیاندووە و دەڵێن، "چاوەڕێی فەرمانین لە موقتەدا سەدر، تاوەکو فەرمانمان پێ نەکرێت لە پەرلەمان ناکشێینەوە".
لە خۆپێشاندانەکەدا 125 کەس برینداربوون کە 100 کەسیان هاووڵاتی سڤیل بوون و 25 کەسەکەی دیکەشیان ئەندامی هێزە ئەمنییەکان بوون.
دەقی راگەیێندراوی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا:
لەنزیکەوە چاودێری ئاڵۆزییەکانی ئەمڕۆی بەغدا دەکەین و نیگەرانیشین لە بڵاوبوونەوەی هەواڵی بەکارهێنانی تووندوتیژی. مافی خۆپێشاندانی ئاشتییانە و ئازادیی رادەربڕین هەڵقوڵاوی دەستووری عێراقە. داوای خۆمان دەخەینە پاڵ داوای هەموو لایەنەکان لە تەواوی پێکهاتەی سیاسی عێراق بۆ دان بەخۆداگرتن و دوورکەوتنەوە لە تووندوتیژی و هەروەها چارەسەرکردنی ناکۆکییە سیاسییەکانیان لە رێگەی پرۆسەی ئاشتییانەی پشتئەستوور بە دەستووری عێراق.
زیاتر بخوێنەوە
20:13
حەلبووسی دانیشتنەکانی پەرلەمانی عێراقی تاوەکو کاتێکی نادیار هەڵپەسارد
محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق
سەرۆکی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، بڕیاریانداوە دانیشتنەکانی پەرلەمانی عێراق تاوەکو کاتێکی نادیار هەڵپەسێرین.
محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ئەمڕۆ شەممە 30/7/2022، لە راگەیێندراوێکدا ئاشکرایکرد: "ئێمە لە دۆخێکی قورس و هەستیارین کە وا پێویست دەکات هەموومان تۆڕەییمان بوەستێنین و زۆر ئارامگربین و لە ئاستی بەرپرسیارێتیی نیشتمانی راستەقینەدا بین، هەمووان تێیدا بە یەکسانی ئەنجامەکان لە ئەستۆ بگرن، هەرچییەک بن و بە هەر ئاراستەیەک بچن".
محەممەد حەلبووسی گوتیشی: "جیاوازیی دیدگەکان تەنانەت لە نێوان لایەنەکان لە زۆربەی وڵاتە پێشکەوتووەکان و لە نێو دێرینترین دیموکراسییەکانی جیهان دۆخێکی ئاساییە، بۆیە ئاستی هەرچەندێک بێت هەر گفتوگۆ چارەسەرە. هەروەها، بانگەوازەکەمان راستگۆیانە و دڵسۆزانەیە بۆ هەموو لایەنە سیاسییەکانی ئەم وڵاتە بریندارە، بۆ پێشخستنی بەرژەوەندیی باڵای نیشتمان و هاووڵاتی. هەروەها، بۆ وردبوونەوە لە لێکەوتەکانی رووداوەکان و ئەنجامە کارەساتبارەکانیان، ئەگەر گرژی و نیگەرانی بەردەوام بن".
سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ئاماژەش دەکات: "لە روانگەی بەرپرسیارێتیی نیشتمانی و سیاسی و پیشەییەوە، هەروەها، لە روانگەی پابەندبوون بە سوێند. بڕیارماندا: یەکەم، دانیشتنەکانی پەرلەمان تاوەکو کاتێکی نادیار هەڵپەسێرین. دووەم، داوا لە فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان دەکەم رێکاری پێویست بگرێتەبەر بۆ پاراستنی دامەزراوەکان و خۆپێشاندەران، کە داوایان لێدەکەم ئاشتیخوازیی خۆیان و سامانەکانی دەوڵەت بپارێزن".
سەرۆکی پەرلەمانی عێراق جەختیشی کردەوە: "داوا لە هەموو سەرکردە و لایەنە سیاسییەکان دەکەم کۆبوونەوەیەکی نیشتمانیی گشتگیر بکەن، بۆ ئەنجامدانی گفتوگۆیەکی نیشتمانیی کارا و بەرپرسانە ئەنجامەکانی بۆ نیشتمان بن. هاوکات، بەرژەوەندیی نیشتمان بخرێتە پێشی هەموو بەرژەوەندییە حیزبی و کەسییەکان. هەروەها، هاوڕا بن بۆ پاراستنی وڵات و سامانەکانی گەل، بۆ ئەوەی ئەمە لەم قەیرانەمان دەرباز بکات، کە درێژەی کێشا و گەل زۆر چاوەڕوانی چارەسەرکردنی بوو".
19:37
عەممار حەکیم داوای دەستپێکردنی گفتوگۆ لەنێوان سەدر و چوارچێوەی هاوئاهەنگی دەکات
عەممار حەکیم سەرۆکی رەوتی حیکمەی نیشتمانی
سەرۆکی هاوپەیمانیی هێزەکانی دەوڵەت، کە بەشێکە لە چوارچێوەی هاوئاهەنگی رایگەیاند: "داوا لە برایانی رەوتی سەدر و لایەنەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی دەکەین گفتوگۆیەکی کراوە و راستەوخۆ و بونیادنەر دەستپێبکەن، ئەوەش لە ژێر چەتری نیشتمان و بەرژەوەندیی نیشتمانی بۆ پاراستنی خوێنی عێراقییەکان".
عەممار حەکیم، کە هاوکات سەرۆکی رەوتی حیکمەی نیشتمانییە لە عێراق، ئەمڕۆ شەممە 30/7/2022 لە راگەیێندراوێکدا گوتی: "ئەو دۆخە نالەبارەی عێراق پێیدا تێدەپەڕێت، ئەوە لە هەمووان دەخوازێت کە ژیری و لۆجیک و گفتوگۆ و نەرمی نواندن بۆ عێراق و گەلەکەی بنوێنن. لێرەوە بە راستگۆیی و نیازێکی پاکەوە داوا لە برایانی رەوتی سەدر و لایەنەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی دەکەین گفتوگۆیەکی کراوە و راستەوخۆ و بونیاتنەرانە دەستپێبکەن، ئەوەش لە ژێر چەتری نیشتمان و بەرژەوەندیی نیشتمانی بۆ پاراستنی خوێنی عێراقییەکان".
عەممار حەکیم گوتیشی: "دەبێ لەو گفتوگۆیەدا جەخت بکرێتەوە لە دڵنیاییکردنەوەی هەمووان لە لایەن هەمووانەوە، سەبارەت بەوەی کە نیازی پەراوێزخستنی هیچ کەسێک بۆ بەرژەوەندیی کەسێکی دیکە نییە. هەروەها وەکو هەمیشە دڵنیایی دەدەین کە گفتوگۆ تاکە رێگەی نزیک و کورتە و هیچ رێگەیەکی دیکە نییە بۆ گەیشتن بە چارەسەری گونجاو و سەرکەوتوو بۆ رزگارکردنی عێراق، لەگەڵ خۆپاراستن لە خزانە نێو دۆخێک [کە] نیشتمان بەرەو نەخوازراو ببات".
سەرۆکی هاوپەیمانیی هێزەکانی دەوڵەت هەروەها دەشڵێت: "داوا لە هەموو لایەنەکان و جەماوەریان دەکەین دانبەخۆیاندا بگرن و زۆر ژیربن بۆ رێگرتن لە فەوتانی ئەو نیشتمانەی کە قەرەبوو ناکرێتەوە".
زیاتر بخوێنەوە
17:08
کازمی: دۆخەکە سەختە و پێویستە رێگە لە بەریەککەوتن لەگەڵ هێزە ئەمنییەکان بگیرێت
کازمی: دۆخەکە سەختە و پێویستە رێگە لە بەریەککەوتن لەگەڵ هێزە ئەمنییەکان بگیرێت
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانی عێراق دەڵێت، دۆخەکە "زۆر سەختە" داوا دەکات رێگە لە بەریەککەوتن لە هێزە ئەمنییەکان بگیرێت، هەروەها دەشڵێت، پێویستە لایەنە سیاسییەکان دان بە خۆیاندا بگرن.
ئەمڕۆ بۆ دووەم جار لایەنگرانى رەوتى سەدر لە بەغدا خۆپێشاندانیان دژى بەربژێرکردنى محەممەد شیاع سوودانی بۆ پۆستى سەرۆکوەزیرانی وڵات لە لایەن هاوپەیمانیى چوارچێوەى هاوئاهەنگییەوە دەستپێکرد و چوونە نێو هۆڵى پەرلەمانى عێراقەوە.
مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا رایگەیاند، "دەبێت لایەنە سیاسییەکان پێکەوە دابنیشن و گفتوگۆ بکەن و رێکبکەون، ئەوەش لە پێناو عێراق و عێراقییەکان. دەبێت لایەنە سیاسییەکان دووربکەونەوە لە بە ناپاک ناساندن و پەراوێزخستنی یەکدی".
لە بەشێكی دیکەی راگەیێندراوەکەدا کازمی ئاماژەی بەوە دا، "داوا لە هەمووان دەکەم هێمن، ئارام و ژیر بن؛ هەروەها داوایان لێدەکەم پەنا بۆ رووبەڕووبوونەوە نەبەن؛ داواکارم لە هاووڵاتییان رووبەڕووی هێزە ئەمنییەکان نەبنەوە و رێز لە دامەزراوەکانی دەوڵەت بگرن."
لە خۆپێشاندانەکاندا گرژی دروستبوو، بەپێی دوایین ئاماری وەزارەتی تەندروستیی عێراق، بەهۆی خۆپێشاندانەکانەوە 125 بریندار گەیێندراونەتە دامەزراوە تەندروستییەکان. 100 برینداریان هاووڵاتیی سڤیل و 25 کەسەکەی دیکەشیان ئەندامی هێزە ئەمنییەکانن.
دەقی گوتاری مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بەبۆنەی پێشهاتەکانی ئەم دواییە:
بەناوی خوای بەخشندەی میهرەبان
گەلی عێراقی پایەبەرز..
خوشک و برایانی خۆشەویست...
هاووڵاتیانی بەڕێز....
سڵاوی خواتان لێ بێت...
لەم دۆخە زۆر سەختەدا بەوپەڕی راستگۆیی و خۆشەویستییەوە قسەتان بۆ دەکەم. لەم مانگە پیرۆزەی موحەڕەم؛ ئێمە گەلێکین کە بە باوەڕداری و بەها و پرەنسیپی پیرۆز ناسراوین؛ لێبوردەین و لێدەبوورین لەپێناو برایەتی و یەکسانی؛ هەروەها بۆ ئامانجێکی پیرۆزی مرۆیی و نیشتمانی.
ئەم گەلە ئارامگر و خۆبەخشە کە هیچ رۆژێک درێخی نەکردووە لە پێناو عێراق، لەوسەری باکوورییەوە تاوەکو ئەوسەری باشووری، لە رۆژهەڵاتییەوە تاوەکو رۆژئاوای، شایەنی ئەوەیە وەڵامێکی بدەینەوە کە لە ئاست ئەو قوربانیدانە بێت.
گەلی ئێمە تامەزرۆی ژیانە و ئاژاوە، خوێن، شەڕ، تۆڵەکردنەوە و ململانێی ناوێت؛ رق و کینەی ناوێت؛ داهاتوویەک دەخوازێت کە لە ئاستی قوربانییەکان و ئەو نەهامەتییە بێت چەشتوویەتی. بۆیە دەبێت لایەنە سیاسییەکان پێکەوە دابنیشن و گفتوگۆ بکەن و رێکبکەون، ئەوەش لە پێناو عێراق و عێراقییەکان. دەبێت لایەنە سیاسییەکان دووربکەونەوە لە بە ناپاک ناساندن و پەراوێزخستنی یەکدی؛ دەبێت لایەنە سیاسییەکان رووحێکی نیشتمانیی بەرز و گشتگیریان هەبێت، چونکە هەزار رۆژ گفتوگۆکردن بە هێمنی باشترە لە ساتێک کە تێیدا دڵۆپێک خوێنی عێراقییەکی تێدا بڕژێت.
داوا لە هەمووان دەکەم هێمن، ئارام و ژیر بن؛ هەروەها داوایان لێدەکەم پەنا بۆ رووبەڕووبوونەوە نەبەن؛ داواکارم لە هاووڵاتییان رووبەڕووی هێزە ئەمنییەکان نەبنەوە و رێز لە دامەزراوەکانی دەوڵەت بگرن.
دەبێت هەموومان هاوئاهەنگ بین بۆ راگرتنی ئەوانەی کە ئەم ئاژاوە زیاد دەکەن؛ دەبێت هەمووان باش بزان کە ئاگری ئاژاوە هەمووان دەسووتێنێت.
دۆخەکە زۆر خراپە.. زۆر بەداخەوە ئەمەش راستییەکی تاڵە؛ بۆیە دەبێت هاوئاهەنگیمان هەبێت و هەموومان یەکدەست بین بۆ ئەوەی خۆمان بەرەو لەنێوچوون نەبەین. دەبێت پەنا بۆ عەقڵ و ویژدانی خۆمان ببەین و عێراق و عێراقییەکان لە ئامێز بگرین، نەوەک ئەوەی خەمی بەرژەوەندی کەسیمان بێت.
هەمووان بەرپرسیارێتییان لەسەر شانە؛ حیزبەکان و چینی سیاسەتمەداران و هێزە کۆمەڵایەتییەکان و هەموو ئەوانەی کە کاریگەرن؛ دەبێت بڵێین: پێویستە هەمووان بە پێی بنەمای ژیری و دووربینی مامەڵە بکەن لەپێناو عێراق بۆ ئەوەی جارێکی دیکە نەدۆڕێین.
عێراق ئەمانەتە و نابێت لەدەستی بدەین. ئەمە گوتەیەکە راستگۆیانە پێتان دەڵێم. ئەو شتانەی بە نهێنی و ئاشکرا دەگوترێن گوێم لێیان دەبێت. ئێمە راستگۆین، بەڵام ئومێدەوارین کەسانی دیکەش راستگۆبن، ئەوەش لەبەر خاتری عێراق و عێراقییەکان.
بەرپرسیارێتییەکە لەئەستۆ دەگرین و ئامادەین بەبێ دوودڵی هەر کارێک بکەین لەبەر خاتری عێراق. کێشەکە سیاسییە و چارەسەرەکەشی سیاسییە؛ بۆیە دەکرێت لە رێگەی گفتوگۆی راستگۆیانە و بونیادنەر و هەروەها نەرمی نواندن چارەسەر بکرێت، ئەوەش لە پێناو عێراق و عێراقییەکان.
عێراق خەڵکی ژیری تێدایە، بەڵام هۆشداری دەدەین هۆشداری دەدەین لە بەردەوامبوونی ئەو گرژییە سیاسییە بۆ ئەوەی ئەو مینانە نەتەقنەوە کە بە درێژایی دوو ساڵی رابردوو بە هێمنی هەوڵی پووچەڵکردنەوەمان دەدان.
هەر بژین
بژی عێراق؛ نیشتمانیی ئێمە و رۆڵەکانمان
مستەفا کازمی
سەرۆکوەزیرانی وڵات
فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان
30-7-2022
15:48
وەزیرى موقتەدا سەدر دەڵێت، تێکدانى ئاسایشى تائیفی هەرێمی کوردستان و ئەنبار و تەقاندنەوەى درۆن، "شکاندنى شکۆى دەوڵەتە، نەوەک پاراستنى دامەزراوەکان لە گەندەڵى" و بە نەیارانى رەوتەکەی دەڵێت: "نەکەن بانگەشە بۆ تێکدانى ئاسایشى کۆمەڵایەتى بکەن".
رۆژی شەممە، 30ـى تەممووزى 2022، ساڵح محەممەد عێراقى، وەزیرى موقتەدا سەدر، رێبەرى رەوتى سەدر راگەیێندراوێکى بڵاوکردەوە و تێیدا ئاماژەى بەوەداوە کە تەقاندنەوەى درۆن و تێکدانى "ئاسایشی تائیفى هەرێمی کوردستان و ئەنبار شکاندنى شکۆى دەوڵەتە"، نەوەک پاراستنى دامەزراوەکان لە گەندەڵى.
وەزیرەکەى سەدر هۆشداریی دەداتە نەیارانى ئەو رەوتە و دەڵێت: "نەکەن بانگەشە بۆ تێکدانى ئاسایشى کۆمەڵایەتى بکەن، وەک ئەوەى پێشتر لە مانگرتنەکاندا دژی هەڵبژارنەکانى ئێستا ئەنجامتاندا و بە ساختە ناوتان برد".
ئەو راگەیێندراوەى ساڵح محەممەد عێراقى کە هەڵوێستەکانى بە بۆچوونى موقتەدا سەدر دادەنرێت، کەمێک دوای بڵاوکردنەوەى راگەیێندراوێکى هاوپەیمانیى چوارچێوەى هاوئاهەنگى رکابەرى رەوتى سەدر هات کە تێیدا ئاماژەى بەوەدابوو، دەوڵەت و دامەزراوەکانی و رەوایەتییەکەی و ئاشتیی کۆمەڵایەتى هێڵى سوورن و پێویستە لەسەر هەموو عێراقییەکان بەهەموو شێوازێکى ئاشتییانە بەرگرییان لێبکەن.
ئەمڕۆ لایەنگرانى رەوتى سەدر لە بەغدا خۆپێشاندانیان دژى بەربژێرکردنى محەممەد شیاع سوودانی بۆ پۆستى سەرۆکوەزیرانی وڵات لە لایەن هاوپەیمانیى چوارچێوەى هاوئاهەنگییەوە دەستپێکرد و چوونە نێو هۆڵى پەرلەمانى عێراقەوە.
زیاتر بخوێنەوە
15:47
نوێنەرایەتیی نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراق دەڵێت، ئەو دۆخەی عێراقی گرتوەتەوە جێگەی نیگەرانییە و ئاماژە بەوەش دەکات، لەم کاتەدا هەڵوێستی ژیرانە پێویستن بۆ رێگەگرتن لە زیادبوونی تووندوتیژییەکان.
رۆژی شەممە 30-7-2022 نوێنەرایەتیی نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراق- یونامیی راگەیێندراوێکی لەبارەی دۆخی عێراق بڵاوکردەوە و دەڵێت، ئەو دۆخە پڕ لە گرژییەی کە لە وڵات بەردەوامە جێگەی نیگەرانیی قووڵیەتی.
یونامیی ئاماژە بەوە دەکات کە دۆخی وڵات پێویستی بەوەیە لەم کاتەدا هەڵوێستە ژیرانەییەکان دەربکەون و رێگەنەدەن تووندوتیژی لە وڵاتدا زیاتر بێت.
وەک لە راگەیێندراوەکەیدا هاتووە، هانی هەموو لایەنەکان دەدرێت گرژییەکە کەمبکەنەوە، ئەوەش لە بەرژەوەندی هەموو عێراقییەکاندایە.
زیاتر بخوێنەوە
15:39
وەزارەتی تەندروستیی عێراق رایگەیاند، بەهۆی خۆپێشاندانەکانی ئەمڕۆی بەغداوە 125 بریندار گەیێندراونەتە دامەزراوە تەندروستییەکان.
وەزارەتەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، 100 برینداریان هاووڵاتیی سڤیل و 25 کەسەکەی دیکەشیان ئەندامی هێزە ئەمنییەکانن.
زیاتر بخوێنەوە
15:16
چوارچێوەى هاوئاهەنگى داوا لە لایەنگرانی دەکات دژە خۆپێشاندان بکەن
خۆپێشاندەرێک لەنێو باڵەخانەی پەرلەمانی عێراق
هاوپەیمانیى چوارچێوەى هاوئاهەنگى داوا دەکات دژە خۆپێشاندان بەرامبەر خۆپێشاندانەکانى ئێستای بەغدا بکرێت و دەشڵێت: "بەرپرسیارێتیی ئەم دۆخە و دەستدرێژیکردنە سەر دەوڵەت و دامەزراوەکانى، دەخەینە ئەستۆى ئەو لایەنانەى کە لە پشت ئەو دۆخەوەن."
رۆژی شەممە، 30ى تەممووزى 2022، هاوپەیمانیى چوارچێوەى هاوئاهەنگى راگەیێندراوێکى لەبارەى خۆپێشاندانى لایەنگرانى رەوتى سەدر بڵاوکردەوە و رایگەیاند: "بە نیگەرانییەکى زۆرەوە دەڕوانینیە ئەو رووداوانەى لەم چەند رۆژەدا بەغداى پایتەختیان گرتووەتەوە، بەتایبەت دەستدرێژیکردنە سەر دامەزراوە دەستورییەکان و چوونە نێو پەرلەمان و هەڕەشکردن بۆ هێرشکردنە سەر دەسەڵاتى دادوەرى و دامەزراوە فەرمییەکان و دەزگا ئەمنییەکان."
چوارچێوەى هاوئاهەنگى جەخت لەسەر دانبەخۆداگرتن دەکاتەوە و داواش لە هاووڵاتییان دەکات خۆپێشاندانى ئاشتییانە رێکبخەن بۆ بەرگریکردن لە دەوڵەت و دامەزراوەکانى و رەوایەتی لە پێش هەموویانەوە دەسەڵاتى دادوەری و یاسادانان و وەستانەوە بە "رووى ئەو دەستدرێژییەى دەکرێتە سەر دەوڵەت و دامەزراوەکانى و دەرچوون لە یاسا."
ئەو هاوپەیمانێتییە کە زۆرینەى لایەنە شیعەکان لەخۆ دەگرێت، بەرپرسیارێتیى ئەم دۆخە دەخاتە ئەستۆى ئەو لایەنانەی کە ئەو پێیوایە لەپشت دۆخەکەوەن و دەشڵێت: "دەوڵەت و دامەزراوە رەوایەتییەکەی و ئاشتیى کۆمەڵایەتى، هێڵى سوورە و پێویستە لەسەر هەموو عێراقییەکان بەهەموو شێوازێکى ئاشتییانە بەرگرییان لێبکەن."
زیاتر بخوێنەوە
14:37
لایەنگرانى رەوتى سەدر: پرسەى ئیمام حوسێن لە پەرلەمان دادەنێین
خۆپێشاندەران لەنێو هۆڵی کۆبوونەوەکانی پەرلەمان. وێنە: مستەفا گۆران - رووداو
لایەنگرانى رەوتى سەدر لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بانگەشە بۆ دانانى پرسە دەکەن بۆ یادى ئیمام حوسێن لە باڵەخانەى پەرلەمان؛ پەرلەمانتارێکى دەستلەکارکێشاوەى ئەو رەوتە دەڵێت، "ئەوە چاوەڕانکراوە و هەر شتێک خۆپێشاندەران بیانەوێت، دەکەین."
لەنێو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانى عێراق لایەنگرانى رەوتى سەدر بانگهێشتنامەیەکیان بڵاوکردووەتەوە بۆ دانانى پرسە بە بۆنەى یادى کوژرانى ئیمام حوسێن لەنێو باڵەخانەى پەرلەمان.
بەگوێرەى بانگهێشتنامەکە، ئەو پرسەیە کاژێر 7ـی ئێوارەى 30ـى تەممووز لەنێو باڵەخانەى پەرلەمان لەنێو ناوچەى سەوزى بەغداى پایتەخت ئەنجام دەدرێت.
قەیس فەڕتوسی، ئەندامى دەستلەکارکێشاوەى پەرلەمانى عێراق لە فراکسیۆنى رەوتی سەدر بە تۆڕى میدیایی رووداوى گوت، "ئەو هەنگاوە چاوەڕانکراوە و هەر شتێک خۆپێشاندەران بیانەوێت، دەکەین و وەک ئەوەى کە دەگوترێت هەموو زەویەک کەربەلایە و هەموو رۆژێک عاشورایە."
قەیس فەڕتوسی گوتیشى، "ئەوەى ئێستا دەکرێت شۆڕشە و ئەوەى ئیمام حوسێنیش کردى هەر شۆڕش بووە لە دژى نادادى."
زیاتر بخوێنەوە
14:36
سەرۆکى پەرلەمانى عێراق و جێگرەکەى: دەبێت رەوشى ئاشتییانەى خۆپێشاندانەکان بپارێزرێت
محەممەد حەلبووسی و شاخەوان عەبدوڵڵا
هەریەک لە سەرۆکى پەرلەمانى عێراق و جێگرەکەى داوایان لە خۆپێشاندەران کرد کە ئاراستەی ئاشتییانەى خۆپێشاندان بپارێزن و فەرمانیشیاندا بە پاسەوانانى پەرلەمان رووبەڕووى خۆپێشاندەران نەبنەوە.
رۆژی 30ـی تەممووزى 2022، محەممەد حەلبووسی، سەرۆکى پەرلەمانى عێراق لە راگەیێندراوێکدا داواى لە خۆپێشاندەران کرد کە ئاراستەی ئاشتییانەى خۆپێشاندانەکان بپارێزن و فەرمانى بە پاسەوانانى پەرلەمانیش کرد رووبەڕووى خۆپێشاندەران نەبنەوە و لەنێو پەرلەماندا چەک هەڵنەگرن. هەروەها ئەمیندارێتى گشتیى پەرلەمانیشی راسپارد لەگەڵ خۆپێشاندەران قسە بکات.
بەگوێرەى راگەیێندراوەکە، محەممەد حەلبووسی فەرمانى داوە بە فەرمانبەرانى ناوەندى تەندروستیى پەرلەمان کە بۆ دۆخە لەناکاوە تەندروستییەکان ئامادەبن.
هاوکات، شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگرى سەرۆکى پەرلەمانی عێراق لە راگەیێندراوێکدا داواى لە خۆپێشاندەران کرد دۆخى ئاشتییانەى خۆپێشاندانەکان بپارێزن و زیان بە باڵەخانە حکومییەکان و پاسەوانانى دامەزراوەکانى دەوڵەت نەگەیێنن.
شاخەوان عەبدوڵڵا فەرمانیدا بە پاسەوانانى پەرلەمان کە هێز بەکارنەهێنن بەرامبەر ئەو خۆپێشاندەرانەى چوونەتە نێو باڵەخانەى پەرلەمانەوە و رێز لە ویستیان بگرن.
ئەمڕۆ لایەنگرانى رەوتى سەدر لە بەغدا خۆپێشاندانیان دەستپێکرد دژى بەربژێرکردنى محەممەد شیاع سوودانی بۆ پۆستى سەرۆکوەزیران لەلایەن هاوپەیمانیى چوارچێوەى هاوئاهەنگى و چوونە نێو هۆڵى پەرلەمانى عێراقەوە.
زیاتر بخوێنەوە
13:44
خۆپێشاندەران چوونە بەردەم باڵەخانەی ئەنجوومەنی دادوەریی عێراق و کشانەوە
خۆپێشاندانی لایەنگرانی سەدر لە بەغدا
خۆپێشاندەران لە بەردەم باڵەخانەی ئەنجوومەنی دادوەریی عێراق کۆبوونەوە و هەوڵیان دەدا بڕۆنە نێو باڵەخانەکە.
دوای ئەوە، محەممەد ساڵح عێراقی کە بە وەزیرەکەی سەدر ناسراوە لە تویتێکدا داوای لە خۆپێشاندەران کرد نەچنە باڵەخانەکە و بکشێنەوە.
هەر دوای ئەو پەیامەی وەزیرەکەی سەدر، خۆپێشاندەران جارێکی دیکە بەرەو باڵەخانەی پەرلەمانی عێراق گەڕانەوە.
12:48
وەزارەتی تەندروستیی عێراق برینداربوونی 60 خۆپێشاندەر رادەگەیێنێت
خۆپێشاندانەکەی ئەمڕۆی لایەنگرانی موقتەدا سەدر لە بەغدا. وێنە: AFP
وەزارەتی تەندروستیی عێراق رایگەیاند، لە خۆپێشاندانەکانی بەغدا 60 کەس برینداربوون.
لەبارەی رەوش و ژمارەی بریندارەکانی خۆپێشاندەرانی بەغدا، وەزارەتی تەندروستیی عێراق راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت، تاوەکو ئێستا دامەزراوە تەندروستییەکانیان پێشوازییان لە 60 برینداری خۆپێشاندانەکە کردووە کە برینی هەشت کەسیان سەختە و گواستراونەتەوە بۆ چاودێریی چڕ.
وەزارەتی تەندروستیی عێراق تەواوی دامەزراوەکان و کارمەندانی خستووەتە ئامادەباشییەوە و دەڵێت، هەموو رێکارێکی تەندروستیی پێویست بۆ چارەسەرکردنی بریندارانی خۆپێشاندانەکە دەگرنەبەر.
12:19
خۆپێشاندەران لە بەغدا چوونە ناوچەی سەوز و چوونە نێو باڵەخانەی پەرلەمانی عێراق.
بەگوێرەی دیمەنەکانی نێو باڵەخانەکە، خۆپێشاندەران چوونەتە نێو هۆڵی کۆبوونەوەکان و کافتریای پەرلەمان و پشوو دەدەن.
12:10
محەممەد ساڵح عێراقی کە بە وەزیرەکەی سەدر ناسراوە لە تویتێکدا ئاماژەی بەوە کرد، "هێزە سیاسییەکان بەرپرسن لە هەر دەستدرێژیەک کە بکرێتە سەر خۆپێشاندەران."
محەممەد ساڵح عێراقی ئاماژەی بەوەش کرد، "هێزە ئەمنییەکان لەگەڵ چاکسازین و چاکسازى لەگەڵ ئەوانە.. پارەى عێراقتان دزى واز لە دەستدرێژکردنە سەر خوێنى پاک بهێنن."
زیاتر بخوێنەوە
12:03
خۆپێشاندانەکانی بەغدا گرژی تێکەوت و بەگوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری رووداو، هەشت خۆپێشاندەر بریندارن کە برینی دووانیان سەختە.
پەیامنێری رووداو باسی لەوەش کرد، تەنیا یەک بەربەستی کۆنکرێتی لەبەردەم خۆپێشاندەراندا ماوە بۆئەوەی بچنە نێو ناوچەی سەوز.
ئەمە لەکاتێکدایە، مستەفا کازمی داوای لە هێزە ئەمنییەکان کرد ئاسایشی خۆپێشاندەران بپارێزن و داواشی لە خۆپێشاندەران کرد ناڕەزایەتییەکانیان بەشێوەیەکی ئاشتییانە دەربڕن.
11:59
لە کاتی خۆپێشاندانەکانی بەغدا دەنگی تەقەیەکی زۆر دێت
بەهۆی خۆپێشاندانەکانی بەغداوە لایەنگرێکی سەدر برینداربوو و لە کاتی خۆپێشاندانەکاندا دەنگی تەقەیەکی زۆر و بەهێز دێت.
هەر لە کاتی بەڕێوەچوونی خۆپێشاندانەکاندا هێزە ئەمنییەکان لە رێگەی پرژاندنی ئاو و بۆمبی دەنگییەوە هەوڵدەدەن بڵاوە بە خۆپێشاندەران بکەن.
زیاتر بخوێنەوەلایەنگرانی سەدر وێنەی موقتەدا سەدرییان بەرزکردووەتەوە و بەربەستێکی کۆنکرێتییان بڕیوە، دەیانەوێت بچنە نێو ناوچەی سەوز و هێزە ئەمنییەکان رێگرییان لێدەکەن
— Rudaw (@Rudawkurdish) July 30, 2022
📸Ahmad Al-Rubaye / AFP pic.twitter.com/p8GxsgCll5
11:55
مستەفا کازمی، فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق داوا لە هێزە ئەمنییەکانی وڵات دەکات ئاسایشی خۆپیشاندەران بپارێزن. هەروەها کازمی داوا لە خۆپێشاندەران دەکات ناڕەزایەتییەکانیان بەشێوەیەکی ئاشتییانە دەربڕن.
مستەفا کازمی لە پەیامێکدا ئاماژەی بەوەش کردووە، "بەردەوامبوونی گرژییە سیاسییەکان دەبێتە هۆی زیادبوونی گرژییەکانی شەقام و ئەوەش لە بەرژەوەندی گشتییدا نییە."
زیاتر بخوێنەوە
11:04
لایەنگرانی موقتەدا سەدر ئەمڕۆ لە گۆڕەپانی ئازادی تەحریری بەغدا درێژەیان بە خۆپێشاندانەکەیان دەدەن کە درەنگانی هەینی دەستیان پێکرد. خۆپێشاندانەکە دوو رۆژ دوای ئەوە هات کە سەتان لایەنگری سەدر بۆ رەتکردنەوەی محەممەد شیاع سوودانی، بەربژێری چوارچێوەی هاوئاهەنگی بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران، چوونە نێو ناوچەی سەوز، بەڵام دواتر بە فەرمانی رێبەرەکەیان، بڵاوەیان بە خۆپێشاندانەکەیان کرد و پەرلەمانی عێراقیان جێهێشت.
گردبوونەوەی جەماوەری و گرتنەدەستی جڵەوی خۆپێشاندانەکان، یەکێکە لەو ستراتیژییانەی کە سەدر پێی دەناسرێتەوە، ئەو کەسایەتییەی کە بە سەنگ و ئەجێندایەکی ناسیۆنالیستی دژە ئێرانی، لە گۆڕەپانی سیاسیی وڵاتی دوو رووبارەکە خۆی دەبینێتەوە.
هەڵکوتانەکەی رۆژی چوارشەممە بۆ سەر پەرلەمان کە تۆڕی میدیایی رووداو بە وردی رووماڵی کرد، دوای ئەوە هات کە نووری مالیکی، سەرۆکوەزیرانی پێشوو کە تاران پاڵپشتی دەکات و بە رکابەرێکی سەرەکیی سەدر دادەنرێت، سیاسەتڤانێکی نزیک لە خۆی بۆ سەرۆکایەتیی حکومەتی نوێی عێراقی بەربژێرکرد.
چی بووەتە هۆی ئیفلیجبوونی پڕۆسەی سیاسیی عێراق؟
دوای نزیكەی 10 مانگ لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی گشتیی، عێراق نەیتوانیوە حكومەتێکی نوێ پێكبهێنێت. ئەو چەقبەستووییە درێژە، وڵاتەکەی لە جووڵە خستووە و هیچ رێگەیەکی روونیش بۆ دەرچوون لێی نییە. لە لایەکی دیکەوە، ئێران لە پشت پەردەوە هەوڵدەدات نێوماڵی شیعە رێکبخاتەوە، کە ئەوەش توانای تێکدانی هاوسەنگیی سیاسی لەگەڵ ئەمریکا هەیە.
ئەو ئیفلیجییە، پڕۆسەی سیاسی عێراقی گۆڕیوە بۆ دیمەنێکی هاوشێوەی یارییەکی شەترەنج کە گرەوێکی زۆری لەسەر بێت و چاوەڕوان دەکرێت لێکەوتەکانی ناسەقامگیرکەر بن. خەڵکە عێراقییە ئاساییەکەش، دوای هەڵبژاردنەکە، هیچ بژاردەیەکیان جگە لە سەیرکردن نییە.
ناڕەزایەتییەکەی رۆژی چوارشەممە کە تاوەکو ئەم ساتەش لە گۆڕەپانی تەحریری بەغدا بەردەوامە، وەک پەیامێکی ئاگادارکردنەوە بوو بۆ نەیارانی سەدر بەوەی کە وێڕای کشانەوەی رەوتەکە لە پەرلەمان، ناتوانن چاوپۆشی لە سەنگ و قورساییەکەی بکەن.
جووڵەی لایەنە بەهێزەکان چی بووە؟
سەدر و مالیکی دوو کەسایەتیی بەهێزی نێو گۆڕەپانەکەن. هەرچەندە سەدر و هاوپەیمانەکانی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانیی تشرینی یەکەمدا زۆرترین کورسیان بەدەستهێنا، بەڵام نەیانتوانی بگەنە زۆرینەی دوو لەسەر سێی پێویست بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار کە هەنگاوێکی گرنگە پێش ئەوەی سەرۆکوەزیران هەڵبژێردرێت.
دوای تێکچوونی دانوستاندنەکان، سەدر پارتەکەی لە پەرلەمان کشاندەوە و رایگەیاند کە لە دانوستاندنەکانی پێکهێنانی حکومەت دەچێتە دەرەوە.
سەدر، کە دەتوانێت سەتان هەزار شوێنکەوتووی خۆی بە تویتێک بڕژێنێتە سەر شەقامەکان، هەرکاتێک بیەوێت، دەتوانێت پڕۆسەی سیاسی پەکبخات.
مالیکی سەرۆکایەتی هاوپەیمانیی چوارچێوەی هاوئاهەنگی دەکات کە لەلایەن لایەنە شیعەکانی نزیک لە ئێرانەوە پێکهێندراوە. بە نەمانی بەربەستە سەرەکییەکەیان، هاوپەیمانییەکە جێگەی پەرلەمانتارە دەستلەکارکێشاوەکانی سەدری پڕکردەوە. هەرچەندە ئەو هەنگاوە یاسایی بوو، بەڵام لە هەمان کاتیشدا وەکو دنەدانێک دژی هاوپەیمانییەکەی سەدر بینرا؛ هەنگاوێک کە دەرفەتی ئەوەی بەچوارچێوە بەخشی زۆریەنی پەرلەمانیی بکەوێتە دەست.
رۆژی دووشەممەی رابردوو هاوپەیمانییەکە محەممەد شیاع سوودانی، وەزیری پێشووی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی عێراقی وەک بەربژێری خۆی بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران دەستنیشانکرد؛ کەسایەتییەک کە دڵسۆزانی سەدر پێیانوایە بە قسەی مالیکی دەجووڵێتەوە.
سەرەتا مالیکی پۆستی سەرۆکوەزیرانی بۆ خۆی دەویست، بەڵام ژمارەیەک تۆماری دەنگیی دزەیان پێکرا کە گوایە تێیاندا مالیکی قسە دەکات و رەخنەی تووند لە سەدر و تەنانەت هاوپەیمانە شیعەکانی خۆیشی دەگرێت. ئەوەش چانسی بەربژێربوونی لێ دوورخستەوە.
جۆشوخرۆشی ئایینی چ رۆڵێک دەگێڕێت؟
سەدر لە هاندانی شوێنکەوتووانیدا، دوو شتی بەکارهێناوە: توڕەیی دژی بەربژێرکردنی محەممەد شیاع سوودانی و جۆشوخرۆشی پێش رۆژی عاشورا، کە بریتییە لە رۆژی گیانلەدەستدانی ئیمام حوسێن، نەوەى پێغەمبەر محەممەد (د.خ) کە تێیدا شیعەکان بە هەزاران کەس رێپێوان دەکەن بۆ یادکردنەوەی رۆژەکە و لە رۆژانی پێش یادەکەدا جۆشوخرۆشییان بەرزدەبێتەوە.
ناڕەزاییەکەی رۆژی چوارشەممە و پێنجشەممە، تایبەتمەندییەکی هەبوو، کە ئەویش ئەوەبوو هێزە ئەمنییەکان دەستوەردانیان نەکرد و گرژییەکی ئەوتۆ دروستنەبوو. تۆبی دۆج، لێکۆلینڤانی چاتم هاوس پێیوایە ئەوە ئاماژەیەکە کە هیچ لایەنێک نایەوێت خوێنی زیاتر بڕژێت. دۆج دەڵێت، خۆپێشاندانەکە چەند پەیامێکی گەورەی هەڵگرتووە. "یەکەم، ئەمە شەڕێکە لەنێو چینی سیاسیدا و هیچ پەیوەندییەکی بە کۆمەڵگەوە نییە. دووەم، ئەو چینە رەوایەتی خۆی لە تەواوی کۆمەڵگەدا لەدەستداوە."
تەنانەت ئەگەر مالیکی و سەدریش بتوانن ناکۆکییەکانیان چارەسەربکەن، کێشەکانی یاریزانێکی دیکەی گەورەی گۆڕەپانەکە دەمێننەوە کە کوردە. لێکترازانی پارتی و یەکێتی لە بەغدا بە زەقی دەبینرێت. ئەوان سەرەتا پێویستە لەسەر بەربژێرێک بۆ سەرۆکایەتی کۆماری عێراق رێکبکەون.
چ چاوەڕوانییەک لە ململانێی نێو پەرلەمان دەکرێت؟
نە سەدر و نە مالیکی ناتوانن لە پڕۆسەی سیاسی دووربکەونەوە، چونکە هەردووکیان زۆر شتیان هەیە لەدەستیبدەن.
هەردوولا لە نێو حکومەتدا ژمارەیەکی زۆری کەسیان لە جومگە گرنگەکانی حکومەتدا هەیە و دەتوانن لەسەر داوای سەرکردەکانیان رێگری لە دەرکردنی بڕیارە گرنگەکان بکەن و بەربەستی بیرۆکراسییان بۆ دروستبکەن.
تاوەکو ئەوکاتەی کە خولی دووەمی سەر سەرۆکوەزیرانییەکەی لە ساڵی 2014 کۆتاییهات، مالیکی بە دانانی بەرپرسی حکومی لە دامەزراوە سەرەکییەکاندا، لەنێویاندا دەسەڵاتی دادوەری، توانی دەوڵەتێکی قووڵ لە هەموو شوێنێکی حکومەتدا دروستبکات.
لەلایەکی دیکەوە، بە دامەزراندنی ژمارەیەک کەس لە پۆستی گرنگ، سەدر دەوڵەتێکی دیکەی قووڵی هاوتەریبی تایبەت بەخۆی چەسپاند.
لەبەر ئەوە، بەشێک لە هێزەکانی نێو چوارچێوەی هاوئاهەنگی دەزانن کە ئەگەر بێ رێککەوتن و رەزامەندیی سەدر بەرەو پێشەوە هەنگاو بنێن، ئەوا تەنانەت بەبێ ئامادەبوونی لە پەرلەمان، سەدر دەسەڵاتێکی بەرچاوی لەناو حکومەت و شەقامیشدا هەیە و دەتوانێت بەربەستی گەورەیان بۆ دروستبکات.
رۆڵی ئێران چییە؟
وێڕای لێکەوتەکان، چوارچێوەی هاوئاهەنگی ئاماژەی بەوە کردووە کە ئامادەیە بەردەوامی بە هەوڵەکانی پێکهێنانی حکومەت بدات. پەرلەمانتار محەممەد سەعدون، ئەندامی چوارچێوەی هائاهەنگی، ناڕەزایەتییەکەی رۆژی چوارشەممەی بە "هەوڵی کودەتا" ناوبرد، بەڵام جەختیکردەوە کە ئەوە هەوڵەکانی هاوپەیمانییەکە راناگرێت.
محەمەد سەعدوون گوتی: "ئێمە لە پرۆسەی پێکهێنانی حکومەتدا بەشدارین و کورسیی تەواومان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار و دەنگدان بە کابینەی داهاتوو هەیە."
بەربژێرکردنی خێرای سوودانی، نیشاندەری هەوڵەکانی ئێرانە بۆ کۆکردنەوەی لایەنە شیعەکان لە یەک هاوپەیمانییدا. ئەو بەربژێرکردنە بە هەنگاوێکی دیار لە پڕۆسەی پێکهێنانی حکومەتدا بیندرا دوای هەڵبژاردنەکانی تشرینی یەکەم، کاتێک پارتەکانی نزیک لە ئێران دوو لەسەر سێی کورسییەکانیان لەدەستدا.
ئیسماعیل قائانی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران لە ماوەی چەند مانگی رابردوودا چەندین جار سەردانی بەغدای کردووە.
کاری قائانی یارمەتیدانی لایەنەکان بووە بۆ ئەوەی بە یەکگرتوویی بمێننەوە و لەسەر بەربژێری سەرۆکوەزیران رێکبکەون، ئەمە بە گوێرەی ئەو بەرپرسانەی لە نزیکەوە ئاگاداری دانوستاندنەکان بوون و نەیانویستووە ناویان ئاشکرا بکرێت.
بە گوتەی بەرپرسێکی سەر بە هاوپەیمانییەکەی سەدر، قائانی لە کاتی خۆپێشاندانەکانی رۆژی چوارشەممەدا لە پایتەختی عێراق بووە و داوای لە سەرکردەکانی فراکسیۆنەکان کردووە کە هیچ شتێک نەکەن کە ببێتە هۆی توڕەبوونی سەدر.
زیاتر بخوێنەوە
09:35
لایەنگرانى رەوتى سەدر ژمارەیەک بارەگەى رەوتى حیکمە دادەخەن
لایەنگرانى رەوتى سەدر لە کاتی داخستنی بارەگەیەکی رەوتى حیکمە
ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانى عێراق فەرمان بە هێزە ئەمنییەکان دەدات بارەگەى حیزبەکان لەسەرجەم پارێزگاکان بپارێزێت، ئەوەش لە کاتێکدایە لایەنگرانى رەوتى سەدر ژمارەیەک بارەگەى رەوتى حیکمەیان لە بەغدا و بەسرە داخست. عەممار حەکیم، سەرۆکى رەوتەکە دەڵێت، "ئەگەر تۆ دەستکراوەیت بۆ کوشتنم، من دەستکراوە نیم بۆ کوشتنت"، کە زیاتر بەو جۆرە لێکدانەوە بۆ قسەکەی دەکرێت مەبەستی موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدرە.
درەنگانی شەوی رابردوو و بەرەبەیانی ئەمڕۆ لایەنگرانى رەوتى سەدر چەند بارەگەیەکى رەوتى حیکمەیان لە چەند ناوچەیەکى بەغداى پایتەختی عێراق و بەسڕە داخست، ئەوەش وەک ناڕەزاییەک بەرامبەر ئەو گوتارەى عەممار حەکیم، سەرۆکى ئەو رەوتە لە 29ـى تەممووزى 2022 لە بەغدا پێشکێشی کرد و تێیدا گوتی کە "دەستەوەستان نابن بەرامبەر بەو فیتنەگێڕیەى کە هەیە" و دەستبەرداربوونى هاوپەیمانیى چوارچێوەى هاوئاهەنگیشی لە بەربژێرکردنى محەممەد شیاع سوودانى بۆ پۆستى سەرۆکوەزیران رەتکردەوە.
لە دواى داخستنى بارەگەکانی رەوتى حیکمە، عەممار حەکیم لە تویتێکدا نوسی: "ئەگەر تۆ دەستکراوەیت بۆ کوشتنم، من دەستکراوە نیم بۆ کوشتنت، لەبەر ئەوەى من لە خودا دەترسم." ئەم گوتەیەش بەو جۆرە لێکدانەوەی بۆ کرا کە مەبەستی موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدرە.
بەگوێرەى نووسراوێکى فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانى عێراق کە 29ـى تەممووزى 2022 ئاڕاستەى دامەزراوە ئەمنییەکانى کردووە، داوایان لێدەکات بارەگەى حیزبە سیاسییەکان لەسەرجەم پارێزگاکان بپارێزن و رێگرى بکەن لە هێرشکردنە سەریان.
ئەو دۆخەى شەوى رابردوو روویدا، هاوکاتە لەگەڵ ئامادەکارییەکانى لایەنگرانى رەوتى سەدر بۆ ئەوەى ئەمڕۆ 30ـى تەممووز خۆپێشاندانی بەرفراوان لە نزیک ناوچەى سەوز دژى بەربژێرکردنى محەمەد شیاع سوودانى بۆ پۆستى سەرۆکوەزیران بکەن.
زیاتر بخوێنەوە
09:45
خۆپێشاندەران لە پەرلەمانی عێراق و کاردانەوەی لایەنەکان
لایەنگرانی سەدر وێنەی موقتەدا سەدرییان بەرزکردووەتەوە و بەربەستێکی کۆنکرێتییان بڕیوە. وێنە Ahmad Al-Rubaye / AFP
رووداو دیجیتاڵ
خۆپێشاندەرانی بەغدا لە خۆپێشاندان و دەربڕینی ناڕەزایی بەرامبەر هەوڵەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق بەردەوامن و داوای هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانی عێراق و هەڵبژاردنی پێشوەختە دەکەن؛ ئەوان هەوڵی بڕینی بەربەستەکان دەدەن تاوەکو بچنە نێو ناوچەی سەوز.
رۆژی شەممە 30ی تەمموزی 2022، جارێکی دیکە خۆپێشاندەران کە زۆربەیان لایەنگری موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدرن لە گۆڕەپانی تەحریر کۆبوونەوە و دواتر بەسەر پردی کۆمارییدا پەڕینەوە.
بەشداربوویەکی خۆپێشاندانەکە بە ئەنمار غازی، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەو هێزانەی ئێستا پێکهێنەری چوارچێوەی هاوئاهەنگی لە رابردوودا لە دەسەڵات بوون و نەیانتوانیوە خزمەتی عێراقییەکان بکەن.
زۆرینەی ئەوانەی خۆپێشاندان دەکەن قسەکانیان دژی نووری مالیکی و عەممار حەکیمە.
خۆپێشاندەرێک گوتی: "داواکاریمان هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و هەڵبژاردنی پێشوەختە، هەڵوەشاندنەوەی دادگەیە."
خۆپێشاندەران ئاماژە بەوەدەکەن کە خەڵک برسییە و هەژاری لە وڵاتدا زۆر بووە، دەشڵێن، نوێنەرانی ئەوان پەرلەمانتارانی سەدر بوون و کشاونەتەوە و هەربۆیە دەبێت پەرلەمان هەڵبوەشێتەوە.
زیاتر بخوێنەوە