موسەننا ئەمین باسی شەڕەکەی نێو پەرلەمان لەسەر ئاڵای کوردستان دەکات
رووداو - بەغدا
موسەننا ئەمین، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامی لە پەرلەمانی عێراق لە دانیشتنی پەرلەماندا داوای لە سەرۆکوەزیران و وەزیری بەرگریی عێراق دەکات سزای یاسایی ئەو ئەفسەرە بدەن کە سووکایەتی بە ئاڵای کوردستان کرد لەبەردەم کەسوکاری ئەنفالکراواندا لە بیابانەکانی سەماوە.
لەبارەی ئاڵۆزیی و گرژییەکانی نێو پەرلەمان، د. موسەننا ئەمین بە رووداوی راگەیاند "لە سەرەتای دانیشتنەکەی پەرلەماندا داوای قسەکردنم کرد لەسەر ئەو ڤیدیۆیەی بۆم نێردرابوو، کە تێیدا ئەفسەرێک سووکایەتی بە هەست و شعوری ئەنفالکراوان دەکات، لەناو گۆڕی بەکۆمەڵ و ئەو هەموو ئێش و ئازارەدا چاوی بڕیوەتە سەر ئاڵای کوردستان لەسەر شانی یەکێک لە کەسوکاری قوربانیان. من گوتم ئەمە سووکایەتییە بە نەتەوەی کورد و بە ئاڵای کوردستان کە ئاڵایەکی دەستوورییە لە عێراقدا و دەبێ لە هەموو شوێنێک رێزی لێبگیرێت".
د. موسەننا ئەمین دەڵێت "ئەوە دروستکردنی فیتنە و دووبەرەکییە لەناو عێراقدا، لەکاتێکدا لە هەموو کات زیاتر پێویستمان بە یەکڕیزیی هەیە. داوامکرد لەوەی سەرۆکوەزیران و وەزیری بەرگریی عێراق سزای یاسایی ئەو ئەفسەرە بدەن، تاوەکو کەسی سووکایەتی بە ئاڵای کوردستان نەکات. هەروەها باسی ئەوەم کرد چەند رۆژێک لەمەوبەر لە تورکیاش گەنجێکی کوردستان هەر لەبەرئەوەی ئاڵای کوردستانی لەسەر شان بووە لێیدراوە، وەزارەتی دەرەوەش دەبوو هەر لەبەر ئەوەی هاووڵاتییەکی عێراقییە و لێیدراوە دەبوو قسەی لەسەر بکردایە".
پەرلەمانتارەکەی فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامی گوتیشی "جێگری سەرۆکی پەرلەمان (حەسەن کەعبی) پێی باشنەبوو ئەو موداخەلەیە لە راگەیاندن بڵاوبکرێتەوە، لەسەر ئەوە بووە مقۆمقۆ بەڵام ژمارەیەکی زۆر لە پەرلەمانتارانی کوردستان هاتینەدەرەوە و دانیشتنەکە نیسابی یاسایی نەما. دواتر جێگری سەرۆکی پەرلەمان (.د بەشیر حەداد) داوای لێکردم بچمەوە دانیشتنەکە و هەمان موداخەلە بکەم بەڵام هەندێ وشەی لێ لاببەم لکە بەو سەربازەم گوتبوو نەخۆشە و رەگەزپەرستە و کێشە دەوروژێنێت. منیش جارێکی دیکە قسەکانم کردەوە و بڕیارە ئەمڕۆ بڵاوبکرێتەوە".
د. موسەننا ئەمین دەشڵێت "سەرۆکی پەرلەمان داوای لە من کرد نووسراوێکی بۆ بنووسم تاوەکو لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە دروستبکرێت و منیش نووسراوەکەی ئاراستە دەکەم".
سالار مەحموود، راوێژکاری سەرۆککۆماری عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداو راگەیاند، ئەو ئەفسەرەی کە داوای داگرتنی ئاڵای کوردستانی لە کەسوکاری ئەنفالکراوان کرد، داوای لێبووردنی کرد.
بەڵام حەسەن عەلی فەرەج، ئەو گەنجە تاقانەیەی ئەفسەرەکە داوای لێکرد ئاڵاکە لەسەر شانی لاببات، گوتی "ئەو ئەفسەرەی بێڕێزی بە ئاڵای کوردستان کرد بەهیچ شێوەیەک داوای لێبوردنی لێنەکردووم و ئامادەش نەبووە داوای لێبووردن بکات".
ئەو گرتە ڤیدیۆیەی کە تێیدا ئەفسەرێکی سوپای عێراق داوا لە کەسوکاری ئەنفالکراوان دەکات ئاڵای کوردستان لەسەر شانیان دابگرن.