رووداو دیجیتاڵ
گرووپە چەکدارەکانى نزیک لە ئێران لە دژى راکێشانى هێڵى گواستنەوەى نەوتى عێراق بۆ بەندەرى عەقەبەى ئوردن دەوەستنەوە و هەڕەشەى ئەوەش دەکەن ئەگەر ئیسرائیل هێرش بکاتە سەر لوبنان، بەرژەوەندییەکانى ئەمریکا لە عێراق و ناوچەکە بەئامانج دەگرن.
هاوئاهەنگیى موقاوەمەى عێراقى کە کۆکەرەوەى گرووپە چەکدارە عێراقییەکانى نزیک لە ئێرانە، 30ـى حوزەیران لە راگەیێندراوێکدا هەڕەشەى ئەوە دەکەن ئەگەر ئیسرائیل هێرش بکاتە سەر لوبنان، هێرشەکانیان زیاد دەکەن و بەرژەوەندییەکانى ئەمریکا لە عێراق و ناوچەکە دەکەنە ئامانج.
ئەو گرووپە ئاماژەى بەوەشداوە، پێویستە لەو دۆخەدا پاڵپشتیی گەلى فەلەستین بکرێت و هەڵوێست بەرامبەر ئەو وڵاتانە بگیرێتەبەر کە لەگەڵ ئاساییکردنەوەى پەیوەندین لەگەڵ ئیسرائیل، نەک بە گوتەى خۆیان، بە نەوتى عێراق پاڵپشتى ئەو وڵاتانە بکرێت.
هاوئاهەنگیى موقاوەمەى عێراقى ئاماژەى بەوەداوە، هێڵى گواستنەوەى نەوتى بەسرە -عەقەبە پارەیەکى زۆرى عێراق بەهەدەر دەبات، بەبێ سوودى ئابووری "خاڵى سەرەتاى چوونى عێراقە بۆ ناو پڕۆسەى ئاساییکردنەوە لەگەڵ ئیسرائیل".
پڕۆژەى هێڵى گواستنەوەى نەوتى بەسرە- عەقەبە لە کێڵگەى رومێلەى بەسرەوە درێژ دەبێتەوە بۆ بەندەرى عەقەبەى ئوردن لەسەر دەریاى سوور و درێژیی بۆرییەکە 1700 کیلۆمەترە.
لە خشتەى بودجەى 2024ى عێراق بڕى 6.4 تریلیۆن دینار بۆ جێبەجێکردنى ئەو پڕۆژەیە تەرخان کراوە، تواناى هەیە لە قۆناخى کۆتایی زیاتر لە سێ ملیۆن بەرمیل نەوت هەناردە بکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ