رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانى عێراق فەرمانیدا بە پێکهێنانى لیژنەیەک بۆئەوەى هەموو ئەو زەوى و موڵکانەى دەکەونە سەر رێگەى گەشەپێدان، بخرێنە سەر وەزارەتى گواستنەوە.
ئەو بڕیارە لە کۆبوونەوەیەکى لیژنەى باڵاى پڕۆژەى رێگەى گەشەپێدان بووە کە 30ـى حوزەیران بە سەرۆکایەتیى محەممەد شیاع سوودانى، سەروکوەزیرانی عێراق لە بەغدا کرا.
بە گوێرەى نووسینگەى رۆژنامەڤانیى سەرۆکوەزیرانى عێراق، بڕیار دراوە لیژنەیەک پێکبهێندرێت بۆ ئەوەى لەسەر بنەماى نەخشەى رێگەى گەشەپێدان ئەو زەوی و موڵکانە دیاری بکرێت کە ئەو رێگەیەى پێدا تێپەڕدەبێت، بۆئەوەى خاوەندارێتى و لایەنى یاسایی دیاری بکرێت و کاربکرێت بۆ ئەوەى بەگوێرەى رێکارە یاساییەکان بکرێن بە ناوى وەزارەتى پلاندانانەوە.
رێگەى گەشەپێدان 1200 کیلۆمەتر دەبێت، لە رێگەى ئاسن و وشکانى پێکدێت بۆ گواستنەوەى گەشتیار و کاڵاى بازرگانى، بە 11 پارێزگای عێراق و هەرێمى کوردستان تێپەڕ دەبێت.
ئەو لیژنەیەى کە خاوەندارێتیى ئەو زەوییانە یەکلادەکاتەوە، پێکهاتووە لە نوێنەرانى کۆمپانیاى هێڵى ئاسن، فەرمانگەى خانووبەرەى دەوڵەت، دەستەى گشتیى رووپێوی، فەرمانگەى زەوییە کشتوکاڵییەکان، بەڕێوەبەرایەتیى گشتیى شارەوانییەکان و رێگەوبان.
تێچووی پڕۆژەى رێگەى گەشەپێدان 17 ملیار دۆلارە، قۆناخی یەکەمی پڕۆژەکە ساڵی 2028 تەواو دەبێت و دوایین قۆناخى لە 2050 تەواو دەبێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ