وەزارەتی دارایی عێراق وردبینی لە لیستی مووچەی مانگی 6ـی مووچەخۆران دەکات؛ کەی مووچە دێت؟

30-06-2024
دیناری عێراقی. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو
دیناری عێراقی. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی دارایی عێراق دەستی کردووە بە وردبینی لە لیستی مووچەی مانگی 6ـی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان و بڕیارە رۆژی دووشەممە مووچەکانیان خەرج بکات.
 
هەڵکەوت عەزیز، پەیامنێری رووداو لە وەزیری دادی عێراق پرسی: مووچەی هێزە ئەمنییەکان و فەرمانبەران بەکوێ گەیشتووە و کەی خەرج دەکرێت؟ خالید شوانی رایگەیاند، "هیچ بەربەستێکی سیاسی و یاسایی لەبەردەم ناردنی مووچەی فەرمانبەران و هێزە ئەمنییەکاندا نییە. ئەوەی هەیە وردبینییە لە لیست و ناوەکان". ئەو وەزیرە نەیشاردەوە کێشە و تێبینی لەسەر ناو و لیستی هێزە ئەمنییەکان هەن، بەڵام چارەسەر دەکرێن. 
 
خالید شوانی بە رووداوی گوت: "بابەتەکان پەیوەستە بە وردبینیکردن لەلایەن دیوانی چاودێریی دارایی عێراق و دیوانی چاودێریی دارایی هەرێمی کوردستان، هەروەها بەرزکردنەوەی لیستەکان بەشێوەیەکی هونەری بەپێی داخوازیی وەزارەتی دارایی عێراق، بەو شێوەیە ئاسایی شایستەی فەرمانبەران دەگاتە هەرێمی کوردستان. سەبارەت بە مووچەی هێزە ئەمنییەکان، هەندێک کێشە و تێبینی هەیە لە ناوەکان، لە لیستەکان و وردبینیکردن لەڕێگەی کۆدەوە، ئەمانەش قابیلی چارەسەرکردنن، لێکتێگەیشتن هەیە لەسەر ئەوەی مووچەی هێزە ئەمنییەکانیش رەوانەی هەرێمی کوردستان بکرێت". 
 
پێشنیازکراوە بۆ سەرۆکوەزیرانی عێراق کە هەردوو دیوانی چاودێریی دارایی عێراق و هەرێمی کوردستان راسپێردرێن بۆ ئامادەکردنی لیستی سەرجەم مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بەو شێوەیەی وەزارەتی دارایی عێراق دەوێت، تاوەکو مانگانە کۆتایی بەو کێشانە بێت کە دەبنە رێگر لەبەردەم خەرجکردنی مووچەکانیان. 
 
عەدنان جحێشی، پەرلەمانتاری عێراق گوتی: "بەم نزیکانە کێشە هونەرییەکان چارەسەر دەکرێن ئینشاڵڵا، ئێمە وای دەبینین کە پێویستە دانیشتنێک لەنێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی بکرێت، بۆئەوەی چارەسەرێکی یەکجارەکی ئەو بابەتە بکرێت، چونکە مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان برامانن و بەشێکن لەم گەلە، ناکرێت مووچەکانیان بەدەست نەگات، ئەوانیش مافی خۆیانە مووچەکانیان مانگانە وەگرن، ئەم مافە لە دەستووردا بۆیان گەرەنتیکراوە". 
 
بەهۆی کێشە لە ناو و لیستی هێزە ئەمنییەکان، وەزارەتی دارایی عێراق خەرجکردنی مووچەکانیانی راگرتووە، بۆ ئەوەش لەگەڵ وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان لەگفتوگۆدان تاوەکو بەزوویی چارەسەری بکەن. 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

کۆبوونەوەی سەرۆک بارزانی و فایەق زێدان لە بەغدا

سەرۆک بارزانی و فایەق زێدان تاوتوێی بارودۆخی سیاسیی عێراق دەکەن

سەرۆک مەسعود بارزانی لەگەڵ فایەق زێدان، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق لە بەغدا کۆبووەوە و بارودۆخی سیاسیی عێراق، پەیوەندی نێوان لایەنەکان و دواپێشهاتە هەرێمایەتییەکانیان تاوتوێ کرد.