رووداو - دیالە
دژی سووتاندنی کۆپییەکی قورئانی پیرۆز لە سوێد، شیعە و سوننە لە پارێزگای دیالە بەیەکەوە نوێژی هەینییان کرد. گوتارخوێنی مزگەوتی خرنابات لە ناحیەی عەبارە لەلایەن موقتەدا سەدرەوە راسپێردرابوو گوتار بدات. پەیامی نوێژخوێنان ئەوەیە دژایەتی و بەگژداچوونەوەی هەر هەوڵێک دەکەن کە هێرش بێت بۆسەر ئایینی ئیسلام و قورئانی پیرۆز.
عەبدولڕەزاق فەیاز، لایەنگری رەوتی سەدر لە دیالە بە رووداوی گوت، "دەبێت هەڵوێست و وەستانێکی راستەقینە هەبێت، نەک تەنیا بە قسە، دەبێ بە کردار هەبێت. پێویستە پەیوەندییەکان بپچڕێندرێت لەگەڵ حکومەتی سوێد و ناسنامە لەو تاوانبارە بسەندرێتەوە کە ئەو تاوانەی گەورەیەی کردووە."
دوای نوێژی هەینی، نوێژخوێنان لەنێو شەقامەکانی خرنابات بە دروشم و گوتافەوە سووڕانەوە و بەڕێکەوتن بەرەو "خۆپێشاندانی ملیۆنیی بەغدا" کە لەسەر داوای موقتەدا سەدر رێکخرابوو. ئەحمەد جاسم، خۆپێشاندەرە و دەڵێت، "پەنا بەخودا دوای تەواوبوونی نوێژی هەینیی دیالە، هەموو بەڕێدەکەوین بەرەو بەغدا."
زرخام خەلیل، دانیشتووی خرناباتە و باس لەوە دەکات، "دوای نوێژ، هەموو دەردەچین بۆ خۆپێشاندان دژی ئەو کارە خراپە کە لەلایەن هاوڕەگەزخوازەکانەوە کراوە."
زۆربەی ناڕەزایەتییەکان لە عێراق لەسەر ئەو رووداوە لەلایەن لایەنگرانی سەدرییەوە رێکخراوە. لە کەرکووکیش لە نوێژی هەینیی زۆربەی مزگەوتەکاندا، پەیامی ناڕەزایی دژی سووتاندنی قورئانی پیرۆز بڵاوکرایەوە.
دکتۆر ئەحمەد کەرکووکی، پێشنوێژ و گوتارخوێنی مزگەوتی شۆراو گوتی، "ئێمەش جەنگی بیر بە بیر دەکەین، قەڵەم بە قەڵەم دەکەین، تۆپ بە تۆپ دەکەین. کاتێک دەستدرێژی دەکرێتە سەر پیرۆزیی دوو ملیار مرۆڤی سەر زەوی، ئەوە پێی ناگوترێت ئازادی."
دوای نوێژی هەینی و ناڕەزایی لە زۆربەی پارێزگاکان، بۆ بەشداری لە "خۆپێشاندانی ملیۆنی"، بەشێک لە شیعە و سوننە مەزهەبەکانی عێراق گەیشتنە بەغدا و بەشداریی ناڕەزایەتییەکانیان کرد لەبەردەم باڵیۆزخانەی سوێد. داوایان کرد عێراق رێکاری تووند دژی سوێد و ئەو وڵاتانە بگرێتەبەر کە تێیاندا سووکایەتی بە پیرۆزییەکانی ئیسلام دەکرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ