لە بەغدا دژی سووتاندنی قورئانی پیرۆز 'خۆپێشاندنی ملیۆنی' دەکرێت


رووداو دیجیتاڵ

دوێنێ پێنجشەممە، لە کاردانەوەی ناڕەزایەتییەکان لە بەرامبەر سووتاندنی قورئانی پیرۆز لەلایەن گەنجێکی عێراقی لە ستۆکهۆڵم، خۆپێشاندەران بە دروشمی "بەڵێ بەڵێ بۆ قورئان، نەخێر نەخێر بۆ هاوڕەگەزخوازان) هەڵیانکوتایە سەر باڵیۆزخانەی سوێد لە بەغدا. ئەمڕۆش "خۆپێشاندانی ملیۆنی" لە بەرامبەر باڵیۆزخانەی سوێد بەڕێوەدەچێت.
 
کەڕاڕ محەممەد، خۆپێشاندەر بە رووداوی گوت، "پەیاممان بۆ بەشێک لەو هاوڕەگەزخوازانەیە کە کتێبی خوایان سووتاند، تاکە مرۆڤ لە دژیان وەستایەوە سەید موقتەدا سەدر بوو. ئەمە لە کاتێکدایە هەمووان بێدەنگ و نوستوون. پەیامی ئێمە بە روونی ئەوەیە، رێگەنادەین هیچ کەس دەستدرێژی بکاتە سەر کتێبی خوا."
 
خۆپێشاندەران لەسەر رێنمایی موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر، ئاڵای هاوڕەگەزخوازانیان سووتاند. سەدر داوای لە حکومەت کرد رێکاری تووند بگرنەبەر و لەسەروویانەوە دەرکردنی باڵیۆزی سوێد لە عێراق. 
 
حەیدەر عەلی، یەكێکی دیکە لە خۆپێشاندەرانی رۆژی پێنجشەممە گوتی، "قورئان تەنیا موڵکی رەوتی سەدر نییە، موڵکی ئیسلامە، موڵکی هەموو سوننە و شیعە و عەرەبەکانە. ئەمڕۆ قورئان بەدەستی گەنیوەکان سووتێندراوە، بۆیە پێویستە حکومەت دەسبەجێ باڵیۆزی سوێد لە عێراق دەربکات و پەیامێکیان پێبگەیێنێت. پێویستە هەمووان بە سوننە و شیعە بۆ سەرخستنی قورئان یەکبگرین."
 
 
ئەمڕۆ ئێوارە لەسەر داوای رێبەری رەوتی سەدر، "خۆپێشاندانی ملیۆنی" لە بەرامبەر باڵیۆزخانەی سوێد لە بەغدا بەڕێوەدەچێت و خۆپێشاندەران ئاڵای هاوڕەگەزخوازانیان لەسەر زەوی داناوە و بەسەریدا هاتووچۆ دەکەن، هاوکات داوا دەکەن باڵیۆزخانەی سوێد لە بەغدا دابخرێت.
 
یەکێک لە خۆپێشاندەران قسەی بۆ ئەنمار غازی، پەیامنێری رووداو کرد و گوتی، بە هەموو شێوەیەک سووتاندنی قورئان سەرکۆنە دەکەن، چونکە ئەمە دەستووری خودایە و نابێت هیچ کەسێک سووکایەتیی پێ بکات. گوتیشی، سوپاسی سەرۆک بارزانی دەکەن کە لە بەرامبەر ئەو کارەدا هاتووەتە دەنگ و پەیامی تووندی هەبووە.