رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی رەوتی حیکمە لەبارەی بە پارێزگابوونی هەڵەبجە پشتیوانی خۆی دەربڕی و گوتی، "هاوسۆزی و ئاوێتە"ـی پرسی هەڵەبجەیە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا نەرێنی نییە ئەگەر ناوچەکانی دیکە هاوشێوەی هەڵەبجە داوای بە پارێزگابوون بکەن.
عەممار حەکیم، سەرۆکی رەوتی حیکمە شەوی پێنجشەممە، 30-05-2024 مێوانی بەرنامەی بێستوون تۆک بوو، لە وەڵامی پرسیاری گەنجێکی هەڵەبجەیی کە ئایا دەتوانن دڵنیای وەربگرن کە ئەمجارە دەنگدان بۆ بەپارێزگابوونی هەڵەبجە لە پەرلەمانی عێراق بەڕێوەچوو، گرفتی لەبەردەم دروست ناکرێت؟
سەرۆکی رەوتی حیکمە لە وەڵامی ئەو گەنجەدا گوتی: "کە من هاوسۆزم لەگەڵ هەڵەبجە و ئەوەش لەبەر هۆکارێکی سادە، کاتێک گەنج بووم کاتێک قەسابخانەکەی هەڵەبجە روویدا لە ئێران خوێندکار بووم بەهۆی ئەوەی زمانی عەرەبیم دەزانی داوای هاوکاریکردن[ـی قوربانییانی هەڵەبجە]م لێکرا."
عەممار حەکیم چیرۆکی ئەو کاتەی خۆی لەگەڵ قوربانییانی هەڵەبجە دەگێڕێتەوە و دەڵێت: "[لە کاتی کیمیابارانکردنی هەڵەبجەدا] چەندین هەفتە لە نەخۆشخانە بووم، ناوی بریندارەکانم تۆمار دەکرد، خێزانەکان بە یەکدیی دەگەیاندەوە، ناوی شەهیدەکانمان تۆمار دەکرد و وێنەمان دەگرت تاوەکو دواتر منداڵەکانیان بزانن ئەمانە کێن."
سەرۆکی رەوتی حیکمە باسی ئەو وێنانەی کرد کە تاوەکو ئێستا لەبارەی کیمیابارانکردن و "کارەساتەکەی" هەڵەبجە بڵاودەکرێنەوە و رایگەیاند: "زۆرینەی ئەو وێنانە لەلایەن ئەو وێنەگرەوە گیراون کە لەگەڵ مندا بووە لە نەخۆشخانە." لە قسەکانیدا ئاماژەی بە ناوی وێنەگرەکە نەکرد.
لەبارەی پرسی بە پارێزگابوونی هەڵەبجە و داوای نوێنەرانی شارەکانی دیکەی عێراق لە پەرلەمان بۆ بە پارێزگاکردنی ناوچەکانیان هاوشێوەی هەڵەبجە، عەممار حەکیم ئاماژەی بەوەکرد، "هاوسۆزم لەگەڵ هەڵەبجە، ئێمە پشتیوانی ئەم بابەتە[بە پارێزگابوونی] دەکەین، بەڵام نەرێنی نییە، ئەگەر لە پاڵ ئەوەشدا شوێنەکانی دیکە ئەگەر شیاوبن بۆ ئەوەی ببن بە پارێزگا و مەرجە ئیدارییەکانیان تێدابێت، خەڵکیش لە شوێنانی دیکەش سوود لەم هەلە وەربگرن و زیاتر لە یەک پارێزگا پەسند بکەین، بەڵام ئێمە پشتیوانی پارێزگای هەڵەبجە دەکەین."
لە کۆتایی گوتەکانی عەممار حەکیم، بێستوون عوسمان پێشکێشکاری بەرنامەی بێستوون تۆک جەختی کردەوە کە گەنجەکە داوای بەڵێنی لێکردووە، لەوبارەیەوە سەرۆکی رەوتی حیکمە گوتی: "ئەو کەسە بەڵێن دەدات، کە خاوەنی زۆرینەی پەرلەمان بێت، بەڵام ئێمە زۆرینە نین، بەڵام تەنیا فراکسیۆنێکمان هەیە لە پەرلەمان و پشتیوانی دەکەین، بەڵام دەڵێین با چەند شوێنێکی دیکەشی لەگەڵ بێت. ئەگەر دوو یان سێ پارێزگا دروست بکەین، ئەمە شتێکی باشە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ