باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق سەرکۆنەی هێرشەکەی بەغدا دەکات
رووداو دیجیتاڵ
باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق هێرشی سەر چەند براندێکی ئەمریکی و نێودەوڵەتیی سەرکۆنە دەکات و داوا لە حکومەتی عێراق دەکات لێکۆڵینەوەیەکی ورد بکات و بکەرانی هێرشەکان رووبەڕووی بەرپرسیارییەتی بکاتەوە.
رۆژی پێنجشەممە، 30-05-2024 ئەلینا رۆمانۆوسکی، باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسی: "سەرکۆنەی هێرشەکانی ئەم دواییانە دژی بازرگانییە ئەمریکی و نێودەوڵەتییەکان دەکەین. داوا لە حکومەتی عێراق دەکەین لێکۆڵینەوەیەکی ورد بکات، بکەران رووبەڕووی بەرپرسیارییەتی بکاتەوە و رێگە لە هێرشی دیکە بگرێت."
بەرەبەیانی ئەمڕۆ (پێنجشەممە)، باڵەخانەى کۆمپانیای کاتەرپیلەرى ئەمریکی لە ناوچەی جادرییە و پەیمانگەی کامبریج لە شەقامی فەڵەستین لە بەغدا کرانە ئامانج.
رووداوى یەکەم کاژێر 1:20 خولەک لەبەردەم کۆمپانیا ئەمریکییەکە بوو؛ رووداوى دووەمیش 10 خولەک دواتر لەبەردەم پەیمانگەى کامبریج بووە.
رۆمانۆوسکی هەروەها رایگەیاند: "ئەم هێرشانە ژیان و موڵکی عێراقییەکان دەخاتە مەترسییەوە و توانای عێراق لە راكێشانی وەبەرهێنانی دەرەکی لاواز دەکات."
باڵیۆزی ئەمریکا ئەوەشی خستەڕوو: "ئێمە پابەندین بە هاوبەشیی نێوان ئەمریکا و عێراق بۆ بونیادنانی دەرفەتی ئابووری و خۆشگوزەرانی بۆ هەموو عێراقییەک."
ئەو دوو هێرشە دواى چوار رۆژ لە هێرشکردنە سەر رێستۆرانتەکانى (KFC) و لیزچیللی هاوس هات کە دوو براندنى ئەمریکیین.