عەممار حەکیم: دەبێت هەڵبژاردن لە کات و ساتی خۆیدا بەڕێوەبچێت

30-05-2024
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
عەممار حەکیم لە بێستوون تۆک.
عەممار حەکیم لە بێستوون تۆک.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

رێبەری رەوتی حیکمەی نیشتیمانی لەکاتی بەشداریکردنی لە بەرناوی بێستوون تۆکی رووداو رایگەیاند، ئەو لەگەڵ دواخستن و پێشخستی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق نییە و "دەبێت هەڵبژاردن لەکاتی خۆیدا بکرێت."
 
عەممار حەکیم ئاماژەی بەوە کرد، ئەو هیچ هۆکارێک بۆ دواخستن و پێشخستنی هەڵبژاردن نابینێت: "پێموایە بنەماکە ئەوەیە کە هەڵبژاردنەکە لە کات و وادەی ئاسایی خۆیدا بەڕێوەبچێ، سرووشتییەکە ئەوەیە، ئەگەر بمانەوێ بیکەینە پێشوەخت دەبێ هۆکار و بەڵگەمان هەبن. کەس ناڵێ بۆچی هەڵبژاردن لە وادەی خۆی دەکەن".
 
سەرۆکی رەوتی حیکمەی نیشتیمانی پێیوایە کە پێشخستنی هەڵبژاردن لە وادەی دیاریکراوی خۆیدا کێشە بۆ کاری حکومەت دروست دەکات: "ئێستا هەر ئەمڕۆ بڵێین هەڵبژاردن دەکەین، ئەگەر بکەوێتە ساڵێکی دیکەش، لە ئێستاوە دەکەوینە ناو جەمسەرگیری. لەناکاو خۆمان لەناو هەڵمەتێکی هەڵبژاردندا دەبینینەوە کە دۆخی گشتی دەشڵەقێنێ و ئەم سەقامگیری و کەڵەكەبوونە پۆزەتیڤە و ئەم پێشڤەچوونەی ئێستامان لەدەست دەچێ، لەبەر هەموو ئەم هۆیانە ئێمە لەگەڵ هەڵبژاردنی پێشوەخت نین."
 
عەممار حەکیم رەتیکردەوە کە لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی ئێستای عێراق و هیچ لایەنێکی دیکە بچێتە نێو هاوپەیمانی و گوتی: "تا ئێستا جارێ وادەکەی دیار نییە و هیچ رێکارێک لەو رووەوە نابینین، بۆیە بیرۆکەی هاوپەیمانێتیش جارێ تا ئەم ساتە نە لەگەڵ هێزەکانی نێو چوارچێوە و نە لەگەڵ بەڕێز سوودانی نەکەوتووەتە بەرباس."
 
 
رێبەری رەوتی حیکمە پشتیوانیی رەوتەکەی بۆ حکومەتی ئێستا عێراق دەربڕی: "پێمانوایە لەسەر رێچکەیەکی دروست دەڕوات، خزمەتگوزاری پێشکەش دەکات و دەستکەوتی هەیە و سەرکەوتوو بووە لە بەدیهێنانی جۆرێک لە سەقامگیری و هەروەها پێکەوەژیانی نێوان پێکهاتەکانی پایەدارتر کردووە و لەو رووەوە هاوکاریی کردووە، ئەمانە کۆمەڵێ شتن کە ئێمەش باوەڕمان پێیانە و بەردەوام جەختیان لەسەر دەکەینەوە، بۆیە کاتێک بەڕێز سوودانی ئەمە تەبەنی دەکات و کاری لەسەر دەکات، ئێمە بەهێزەوە پشتیوانی دەبین."
 
هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عێراق، ئەگەر هیچ رێگرییەکی بۆ دروست نەکرێت، لە ئۆکتۆبەری داهاتوو ئەنجام دەدرێت. 
 
تەمەنی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق 07-01-2024 بەسەر دەچوو، بەڵام لە 22-11-2023 پەرلەمانی عێراق مادەی حەوتی یاسای کۆمیسیۆنی هەموار کردەوە و شەش مانگ تەمەنی درێژکردەوە، واتا تاوەکو 07-07-2024.
 
رۆژی 22ی ئایار، پەرلەمانی عێراق درێژکردنەوەی ماوەی کارکردنی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی تاوەکو 06-01-2025 پەسند کرد، ئەوەش بەمەبەستی بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان.
 
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

باڵەخانەی پەرلەمانی عێراق

سوننەکان نەیانهێشت پڕۆژەیاسای گەڕانەوەی خانوو و زەوییەکان لە پەرلەمانی عێراق دەنگی لەسەر بدرێت

بەهۆی دروستبوونی دەمەقاڵێ و گرژی لەنێوان بەشێک لە پەرلەمانتارانی کورد و پەرلەمانتارانی سوننە، دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمانی عێراق هەڵگیرا. ئەندامێکی لیژنەی یاسایی پەرلەمانی عێراق دەڵێت، چەندین جارە سوننەکان رێگرن لە دەنگدان بەو پڕۆژەیە