رووداو دیجیتاڵ
عەممار حەکیم لەکاتی بەشداریکردن لە بەرنامەی بێستوون تۆکی تۆڕی میدیایی رووداو رایگەیاند، دەستووری عێراق پەنجەرەی بۆ دروستکردنی هەرێمی دیکە واڵا کردووە، بەڵام ئەوە بەو مانایە نایەت کە هەموو ناوچەکانی دیکەی عێراق ببنە هەرێم.
مێوانی ئەمجارەی بەرنامەی بێستوون تۆک-ی تۆڕی میدیایی رووداو عەممار حەکیم، سەرۆکی رەوتی حیکمە بوو کە شەوی پێنجشەممە(30-05-2024) پێشکێشکرا. رێبەری رەوتی حیکمە باسی لەوە کرد کە ئەو لەگەڵ دروستکردنی هەرێمی دیکە لە عێراقدا نییە، چونکە ئێستا بە هەبوونی سیستەمی فیدراڵی چەندین کێشە لە عێراقدا هەن و بە دروستبوونی هەرێمی دیکە و سیستەمی کۆنفیدراڵیی چەندین کێشەی دیکە روو لە عێراق دەکەن.
عەممار حەکیم لەوبارەیەوە گوتی: "چاوەڕوانیی هەرێمی کوردستان لە حکومەتی فیدراڵی و هەروەها چاوەڕوانیی حکومەتی فیدراڵیش لە هەرێم، دەریخست کە ئێمە لەسایەی سیستەمێکی فیدراڵیدا ئەو هەموو کێشەیەمان هەیە، ئەی دەبێ لە سیستەمێکی کۆنفیدراڵیدا چۆن بێ؟ بێگومان کێشەی گەورەترمان دێتەڕێ و ململانێی زۆرترمان دەبێ. جا تا دەگەینە سەقامگیری و ئاسایش و خۆشگوزەرانی و دڵنیابوونەوە لە یەکێتیی خاکی عێراق، پێموایە پەرە بەم ئەزموونەی خۆمان بدەین باشترە."
رێبەری رەتی حیکمە ئاماژەی بە دروستبوونی هەرێمی کورستان کرد و گوتی: "دەزانین کە پرسی هەرێمی کوردستان شتێک نییە لە 2003 پەیدابووبێ، دیفاکتۆیەک بوو پەیوەندیی بە بارودۆخی پێشترەوە هەبوو، واقیعی عێراقیش هات و مامەڵەی لەگەڵ ئەو تایبەتمەندییە کرد".
ئەگەرچی سوننەکان چەندینجار هەوڵی بەهەرێمکردنی ناوچەکانیان داوە، بەڵام بەهۆی کێشەی نێوانیان و دووبەرەکی سەرکردە سوننەکان سەرکەوتوو نەبوون لە دروستکردنی ئەو هەرێمە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ