عەممار حەکیم: ناکرێت بودجەی عێراق بۆ هەندێک لە عێراقییەکان بێت و بۆ ئەوانی دیکە نەبێت

30-05-2024
بەرنامەی بێستوون تۆک لەگەڵ عەممار حەکیم.
بەرنامەی بێستوون تۆک لەگەڵ عەممار حەکیم.
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

عەممار حەکیم، سەرۆکی رەوتی حیکمە وەڵامی چەندین پرسیاری لە بەرنامەی بێستوون تۆک دایەوە، لەو چوارچێوەیەدا رایگەیاند، "٪94ـی بودجەی عێراق لە رێگەی نەوتەوەیە، هیوادارم بە یەکسانی بەسەر هەمواندا دابەشبکرێت." هەروەها سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانی بۆ تاران بە "هەنگاوی دروست" ناودەبات. لەبارەی مووچە و بودجەشەوە، دەڵێت، ناکرێت بۆ هەندێک لە عێراقییەکان بێت و بۆ ئەوانی دیکە نەبێت. 
 
دوای پێنج مانگ بەرنامەیەکی نوێی بێستوون تۆک-ی تۆڕی میدیایی رووداو لە شەوی پێنجشەممە، 30-05-2024 کە بێستوون عوسمان پێشکێشی دەکات، پەخشکرا و عەممار حەکیم، سەرۆکی رەوتی حیکمە مێوان بوو. 
 
سەرۆکی رەوتی حیکمە وەڵامی چەندین پرسیاری لەبارەی دۆخی سیاسیی عێراق، هەرێمی کوردستان، پەیوەندییە دەرەکییەکان و چەند پرسێکی دیکە دایەوە لەوانەش هاونیشتمانییەکی هەڵەبجە پرسیاری لەبارەی پشتیوانیان بۆ پارێزگاریکردنی هەڵەبجە لێکرد و لە وەڵامدا رایگەیاند: "هاوسۆزی هەڵەبجەم، پشتیوانی بەپارێزگابوونی هەڵەبجە دەکەین." 
 
لەبارەی سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ تاران، رایگەیاند: "سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، برای ئازیزمان، لە راستیدا پێموایە هەنگاوێکی راست و دروستە لە ئاستی هەرێمی کوردستان و عێراق، کە پەیوەندیی هاوسەنگ لەگەڵ وڵاتانی دراوسێدا بنیاد دەنێین. هەنگاوێکی گرنگە بۆ هەڵوەشاندنەوەی گومانەکان و نەهێشتنی گرێ کوێرەکان."
 
کچە خوێندکارێک بە جلوبەرگی کوردییەوە دیارییەک کە ئاڵای کوردستان بوو بەخشییە سەرۆکی رەوتی حیکمە و لێی پرسی: "ئایا شەرم نییە هەرێمی کوردستان بێ مووچە و بودجە بێت؟" 
 
لە وەڵامدا عەمار حەکیم گوتی: "بێگومان پەسەندکراو نییە بودجەی عێراق بۆ هەندێک لە عێراقییەکان بێت و بۆ ئەوانی دیکە نەبێت. بەڵام پرسیارەکە ئەوەی ئەو بودجەیە لە کوێوە دێت. لە سەدا 94ـی بودجەی ئێمە لە نەوتەوەیە، ئەم نەوتەی عێراق لە یەک سەبەتەدا کۆ دەکەینەوە و بە سەر هەموو عێراقییەکاندا دابەشی دەکەین. هەموو چیڕۆکەکە بریتییە لەوەی گومان وایە پابەندیی هەرێمی کوردستان بێت لە ڕووی بەرهەمهێنانی نەوتەوە و ئەو نەوتە بخاتە سەبەتەکەی عێراق و زینجا بودجەکە بەش بکرێت بە سەر هەموواندا."
 
دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ عەممار حەکیم، سەرۆکی رەوتی حیکمە: 
 
رووداو: بەخێربێن سەرسەر و سەرچاو، پێنج مانگە باس باسی ئەم کورسییەیە، نەک تەنیا لە کوردستان بەڵکو لە هەموو عێراق، رۆژانە دەیان تەلەفۆنم بۆ دێت ئایا ئەمجارە کێ لەسەر ئەم کورسییە دادەنیشێت؟ پێنج مانگە ئەم پرسیارە لەنێو رای گشتی دووبارە دەکرێتەوە، بەڵام بەڕێزان پێنج مانگە پرسیارێکی دیکە هەیە کە من بە دوای وەڵامەکەیدا دەگەڕێم، ئەویش ئەوەیە کە کێ لەسەر ئەو کورسییانە دادەنیشێ کە ئەمڕۆ ئێوە لەسەری دانیشتوون، لەبەر ئەوەی راستە کە زۆر زۆر گرنگە کێ ئە لێرەدا دادەنیشێت، ئەوانەی کە لێرە دادەنیشن، دەسەڵاتدارن، بەڵام ئەوەی لە شوێنی ئێوە دادەنیشن ئایندەسازانن، ئەمڕۆ بۆ پێنج مانگ دەچێت، من یەک یەک هەموو پارێزگاکانی عێراق هەروەها هەموو کوردستانیش لەگەڵ هەموو خوێندکارانی زانکۆکان لە پەیوەندیدا بووم بۆ ئەوەی دڵنیاببمەوە لەوەی کە هیچ کەس و گرووپ و نەتەوەو پێکهاتەیەک نەمێنێت لە عێراق کە ئەمڕۆ لێرە نوێنەرایەتیان نەکرابێت. بە تایبەتی لە هەفتەی رابردوو نەمزانیوە چەند کاژێر خەوتووم و سەیری چاوەکانم بکەن، بەڵام ئەمڕۆ بەرهەمەکەی دەبینیم، کە دەبینم هەمووتان لێرەن و مایکتان بەدەستەوەیە و چانستان هەیە بۆ ئەوەی هەم ژیانتان و هەم ژیانی خەڵکی دیکە لە پارێزگاکانی خۆتان و ملیۆنان کەس لە تەواوی وڵات بگۆڕن. هەمووتان کاڵێی هەڵەبجەتان بیرە کە لە بەرنامەی رابردوو لێرە دانیشتبوو، کاتێک هەستایە سەر پێ و داخی دڵی خۆی بە فرمێسکەکانی رشت و فرمێسکەکانی بوونە زامنی دابینکردنی 400 کورسی خوێندن، لە چوار زانکۆی ئەهلی لە هەرێمی کوردستان و عێراق بۆ 400 خوێندکاری کەمدەرامەت و هەروەها فرمێسکەکانی بوونە هەوێنی چارەسەرکردنی برینێک کە 10ساڵە خوێنی لێدەتکێت. هەمووتان کاکە عیسامی برامتان بیرە کاتێک هەستایە سەر پێ و پرسیاری کرد و پرسیارەکەی بووە گۆڕانکاری گەورە لە پارێزگای موسەننا.
  
عیسام: سوپاس بۆ خوا، من لەڕێی بەشداریمەوە لە بەرنامەی بێستوون تۆک، ئەڵقەی پێنجەم، توانیم ئامانجێک بەدی بهێنم کە دەستکەوتێکی تایبەتی نەبوو بۆ من وەکو هاووڵاتییەکی عێراقیی خەڵکی سەماوە، بەڵکو دەستکەوتێک بوو بەرژەوەندیی گشتی تێدا بوو بۆ هەموو دانیشتووانی پارێزگای موسەننا، ئەویش کردنەوەی دەروازەی جمەیمەی سنووری بوو لەگەڵ شانشینی عەرەبستانی سعودی و ئەو دەروازەیەش دەبێتە سەرچاوەیەکی ئابووریی گرنگ بۆ دانیشتووانی پارێزگاکە. ئەوە جگە لەوەی جەنابی سەرۆکوەزیران 500 ملیار دیناری بۆ پارێزگاکانی موسەننا و قادسیە و میسان تەرخان کرد بۆئەوەی لە هەژاری رزگار ببن.
 
رووداو: دەستخۆش، بێگومان بەڵێنی ئەو خواردنە تایبەتەتانم بیرنەچووەتەوە، ئەمڕۆش هەر بۆ ئەوە کۆبووینەتەوە کە هەنگاوێکی دیکە بنێین و سەرۆکی رەوتی حیکمە، بەڕێز سەید عەممار حەکیم میوانمانە... بەخێربێن بەخێربێن. فەرموون.. 
 
عەممار حەکیم: خێراندار بن.
 
رووداو: بێگوومان من 10 مانگ لەمەوبەر دەستم کرد بە خۆفێرکردنی زمانی عەرەبی، ئێستا دەتوانم بڵێم عەرەبییەکەم خراپ نییە، بەڵام لەو ئاستەش دا نییە کە خوازراو بێت، بەڵام ئەمڕۆ یەکێک لە ماددەکانی دەستووری عێراقی جێبەجێ دەکەین کە دەڵێ، دوو زمانی کوردی و عەرەبی دوو زمانی فەرمی عێراقن و من بە کوردی و جەنابیشت بە عەرەبی قسە بکە و وەرگێڕیش ئامادەکراون.
 
عەممار حەکیم: پشتیوان بەخوا، زۆر سوپاس.
 
رووداو: پرسیاری یەکەم حەز دەکەم من پرسیارت لێبکەم، هەموو عێراق ئەمڕۆ لێرەیە، لە کوردستانەوە لە ئەهوارەکانەوە لە نێوەڕاست و باشوور و رۆژهەڵات و رۆژئاواوە، هەمووشیان پرسیاری زۆر جیددی و بەهێز و بەپێزیان هەیە بۆ جەنابت، پێش هەموو شتێک حەزدەکەم هەستی جەنابت بزانم و ئایا ئامادەن بۆ وەڵامدانەوەی پرسیارەکانی گەنجانی کوردستان و عێراق یان نا؟
 
عەممار حەکیم: بەناوی خوای گەورە و دلۆڤان. سەرەتا بەخێرهاتنی ئێوە و ئەو خوشک و برا بەڕێزانە دەکەم، ئەو گەنجە بەڕێزانە، قوتابییانی زانکۆ. سوپاسی کەناڵی رووداویش دەکەم بۆ ئەم دەرفەتە کە رەخساندوویێتی بۆ ئەوەی رووبەڕوو کۆببینەوە، بۆئەوەی هەموو عێراقییەکان بە فرەچەشنیی خۆیانەوە لە یەک هۆڵدا کۆبنەوە و باسی خەمەکانی عێراق بکەین. ئەمە شتێکە هەموومان پێی خۆشحاڵین و بێگومان هەر پرسیار و هەر تێبینییەک کە پەیوەندی بە واقیعی عێراقەوە هەبێت، پەیوەندی بە هەموومانەوە هەیە و بەو پرسیار و وەڵامدانەوانەش باشتر کامڵ دەبین و ئەمەش بەرژەوەندییەکانی گەلەکەمان گەرەنتی دەکات و دەتوانین بەشێوەیەکی باشتر لە واقیعی عێراق بڕوانین.
 
رووداو: کێ پرسیاری هەیە؟ فەرموو. بەڵی بەڵێ بەغدا.
 
زەینولعابدین: سڵاوتان لێبێ بەڕێز سەید عەممار.. سوپاس بۆ ئەم میواندارییە. پرسیارەکەم لەبارەی رێگەی نازمیەیە و ئەو ئاستەنگانەی هاتوونەتە بەردەمی. رێگەی نازمیە بۆ زانیارییتان ناوچەی نازمیە بە زانکۆی بەغداوە دەبەستێتەوە. ئێمە قوتابییانی زانکۆی بەغدا لەو رووەوە کێشەمان هەیە. نووسینگەی بەڕێز سەرۆکوەزیران نووسراوی بۆ بەڕێزتان کردووە، دەمەوێ لە جەنابتەوە بزانم ئەو ئاستەنگانە چین کە رێگرن لەبەردەم کردنەوەی رێگەی نازمیە و زۆر سوپاس. ناوم زەینولعابدین، لە کۆلێژی زانستە سیاسییەکانم، زانکۆی بەغدا.
 
عەممار حەکیم: بەخێربێی. وەکو دەزانن ئەو شەقامە بە سەرۆکایەتیی کۆمار و دەیان دامەزراوەی دیکەی حکومیی فەرمی و ئەمنیدا تێدەپەڕێ. پێشتر چەند جارێک لەو شەقامەدا تەقینەوە کراوە و بۆمب دانراوە تا گەیشتە ئەوەی حکومەت شەقامەکە دابخات. کاتێک بیستمان کە حکومەت حەز دەکات ئەو شوێنە بکاتەوە، من خۆم پەیوەندیم بە جەنابی سەرۆکوەزیرانەوە کرد و گوتم هەرچی پێویستە بۆ کردنەوەی ئەو رێگەیە ئێمە ئامادەین. وەکو دەزانن داخستنی رێگەکە هەر لە سەرەتاوە لەلایەن ئێمەوە نەبوو، بەڵکو لەلایەن دامەزراوە عەسکەری و حکومییەکانەوە بوو، ئەوان دایانخست و ئەوان لە ئاسایشی ئەو شوێنە بەرپرسن. برایان لە دامەزراوەی سەرۆکایەتیی کۆمار و دامەزراوەکانی دیکە لە گفتوگۆدا بوون لەگەڵ حکومەت بۆئەوەی دڵنیابن لە سەلامەتیی ئەو دامەزراوانە ئەگەر رێگەکە کرایەوە، بەڵام ئەوەندەی پەیوەندی بە ئێمەوە هەیە، بە سەرۆکوەزیرانم راگەیاند، خۆم بە تەلەفۆن قسەم لەگەڵ کردووە کە لای خۆمانەوە هیچ لارییەکمان نییە و کارەکە بۆ دەزگە ئەمنییە تایبەتمەندەکان لێگەڕاوین کە خۆیان بڕیار بدەن.
 
رووداو: دەستخۆش، پرسیارێکی دیکە فەرموو. 
 
دیار ئەلهاشمی: سڵاوتان لێبێ.. ناوم دیار ئەلهاشمی، لە زانکۆی بەغدام کۆلێژی زانستە سیاسییەکان. دوو پرسیارم هەیە لەبارەی رەوتی حیکمە. یەکەمیان رەوتی حیکمە وا ناسراوە کە سەربەخۆیە و میانڕەوە، کەچی چووە پاڵ چوارچێوەی هاوئاهەنگی کە زۆر دوورە لە سەربەخۆیی و میانڕەوی. پرسیاری دووەمم لەبارەی ئایندەی ئەو رەوتەیە. تێڕوانینی ئێوە بۆ ئایندەی ئەو رەوتە لەڕووی سەرکردایەتییەوە چۆنە؟ ئایا ئەحمەد ئەلحەکیمی کوڕت دێت یان کەسانی خاوەن توانا لەناو رەوتەکەوە دەستنیشان دەکرێن کە زیاتر بە سیفەت حەکیم بن نەک بە ناو؟ زۆر سوپاس
 
عەممار حەکیم: سوپاس بۆ ئێوە.
 
رووداو: قوتابییەکانمان زیرەکن، پرسیاری بەهێزیان هەیە..
 
عەممار حەکیم: ئێمە شانازی بە هەموو گەنجەکانی خۆمانەوە دەکەین. چوارچێوەی هاوئاهەنگی کە ناوەکەی ئاوایە، ئەوەی شارەزای دەستەواژە سیاسییەکان بێت تێدەگات کە ئەوە چوارچێوەیەکە بۆ هاوئاهەنگکردنی هەڵوێستەکان. ئێمە لە مامەڵەی سیاسیدا چوارچێوەیەکی هاوئاهەنگیمان هەیە کە ئەوەش لای کەمی پەیوەندییە. ئیئتیلافیشمان هەیە، هاوپەیمانیشمان هەیە، هەروەها یەکگرتنمان هەیە لە یەک پرۆژەدا، کەواتە ئاستی هەیە. ئەم هێزانەی لە چوارچێوەی هاوئاهەنگیدا کۆبوونەتەوە، هێز گەلێکن لە یەک گۆڕەپاندان، شتێکی سروشتییە کە بەریەککەوتن روودەدات، جەماوەریان یەکە و رووبەری کارکردن و جووڵەیان یەکە، بۆیە بڕیاریان دا لەنێو خۆیاندا لەو چوارچێوەیەدا هاوئاهەنگی بکەن، ئەمەش سەرەتایەک بوو، بەڵام بەکردەوە پەرەی سەند بۆ هاوئاهەنگیی زیاتر و پەیوەندیی دۆستانەتر لەنێوان ئەم لایەنانە و توانی لە زۆر مەسەلەی سەرەکیدا یەکهەڵوێستی بنوێنێ. ئەم چوارچێوەیە ئەمڕۆ لە ئەنجوومەنی نوێنەراندا زۆرینەیە. ئەو نوێنەرانەش لەڕاستیدا لەلایەن گەلەوە هەڵبژێردراون، بۆیە بێین جەماوەرێکی ئاوا بەرین تۆمەتبار بکەین، جەماوەرێک بە قەبارەی ئەو جەماوەرەی دەنگیان بۆ هەموو هێزەکانی ناو ئەم چوارچێوەیە داوە، بێین بڵێین ئەم جەماوەرە سەربەخۆ نین، یان بڕیارەکانی سەربەخۆ نین و لەدەستی خۆی نین، من پێموایە ئەمە شتێکە دەبێ چاوی پێدا بگێڕینەوە. مەبەستم بیرۆکەی بەخاینکردن و تۆمەتبارکردنی ئەوانی دی. بەڵێ مافی خۆمە جیاوازبم لەگەڵ ئەوی دی، ئەویش مافی خۆیەتی جیاواز بێت لە من، بەڵام نیشتیمانپەروەری شتێک نییە من بتوانم مۆنۆپۆلی بکەم و بەئارەزووی دڵی خۆم بیبەخشمەوە. بەشی دووەمی پرسیارەکە، مەسەلەی میانڕەوی، بەڵێ ئێمە زۆر هەڵوێستی میانڕەوانەمان هەبوونە کە شانازییان پێوە دەکەین، بەڵام ئەمە بەو مانایە نییە کە دەبێ دووربکەوینەوە لەو لایەنانەی رەنگە لە هەندێ مەسەلەدا هەڵوێستێکی توندتریان هەبێ. پرسیارەکە لێرەدا، ئێمە کاتێک لەگەڵ خەڵکی دیکە دادەنیشین، کاتێک دەبینە هاوپەیمان دەست لە میانڕەویی خۆمان هەڵدەگرین؟ هەڵوێستی خۆمان لە هەندێ بابەت تووند دەکەین یان قەناعەت بە بەرامبەریش دەهێنین کە بێنە نێو رووبەری میانڕەوییەوە. ئەوەی سەرنجی دابێتە هەڵوێستەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی، بە درێژایی ئەو ماوەیەی کە بووینەتە بەشێک لەو چوارچێوەیە، ئەوە دەبینێ کە بەشی ئەوە لۆژیکمان هەبووە بتوانین هاوکاریی ئەوانی دیکەی نێو چوارچێوەکەش بکەین بۆ وەرگرتنی هەڵوێستی نەرمتر و هانمانداون بۆ ئەوە. ئەمە شتێکە بۆ رەوتی حیکمە حیساب دەکرێ کە بچێتە ژینگەیەکەوە، لە پەیوەندیدابێ لەگەڵ هێزی دیکە کە هەندێکیان رەنگە دیدگەی جیاوازیشیان هەبێ، بەڵام رەوتی حیکمە بەشی ئەوە لۆجیکی هەبووە کە ئەوانی دیکە قایل بکات و رایانکێشێتە نێو رووبەری میانڕەوییەوە. ئەمە دەستکەوتێکە بۆ ئێمە نەک خاڵێک بێت لە دژی ئێمە.
 
ئەوە تایبەت بێت بە حیکمە، خۆتان دەزانن کە وەکو هەموو هێز و لایەنێکی دیکەی سیاسی پێڕەوێکی نێوخۆی هەیە، لە سەرۆکەوە هەتا ئاستەکانی خوارەوە لە کۆنگرەیەکی گشتیدا هەڵدەبژێردرێن. کۆنگرەیەکی گشتی کە لە دەستەی گشتیی ئەندامانەوە پێکهاتووە. حیکمە هەر ئەمڕۆ نەک سبەینێ، دەستەی گشتی هەر ئەمڕۆ دەتوانێ کەسێکی دیکە بۆ جێی من هەڵبژێرێ ئەگەر زانییان کەسێکی شیاوترە بۆ ئەم کارە. لە هەڵبژاردنەکانی خولی رابردوودا، ئەندامانی دەستەی گشتی وەکو رێزێک بۆ ئێمە خۆیان بۆ سەرۆکایەتیی رەوتەکە بەربژێر نەکرد. من هەستام مایکم وەرگرت، گوتم برایان کێ لە خۆی رادەبینێ من تەمەنا دەکەم، داوای لێ دەکەم خۆی بەربژێر بکات، ئەوە شتێکی باشە کە بەربژێری زۆرمان هەبن و لە هەڵبژاردنی سەرکردایەتی خۆتاندا بەشدار بن. سەید ئەحمەدی کوڕم هیچ پێگەیەکی گرنگی لەنێو رەوتی حیکمەدا نییە، ئەویش وەکو هەموو ئەوانی دی ئەندامێکە، بەڵام هیچ بەرپرسیارییەکی فەرمی لەنێو رەوتی حیکمەدا نییە. لە مەکتەبی سیاسییەوە بۆ مەکتەبی راپەڕاندن و بۆ هەموو ئاستەکانی دیکە، هەموویان گەنجانێکن کە باوەڕیان بە میتۆدی رەوتی حیکمە هەیە. رەنگە ئەوەش بزانن کە ئێمە بە ئیرادەی خۆمان، لە پێڕەوی نێوخۆدا بڕیارمان داوە کۆتا بۆ خانمان لە 25٪ کەمتر نەبێ. لەو باوەڕەشدا نیم ئەم رێژەیە لە خانمان کە لە مەکتەبی سیاسی ئێمەدا هەیە، لە هیچ هێزێکی دیکەی سیاسیدا هەبێ، چونکە کۆتامان بۆ داناوە و خۆشبەختانەش، لەبەرئەوەی ئەو رێژەیەمان دیاری کردووە، ئەندامانی دەستەی گشتی بەوپەڕی ئازادیی خۆیانەوە دەنگ بۆ خانمان دەدەن. رەنگە لە هەموو مەکتەبی سیاسیدا خانمێک یان دوو خانممان هەبن کە بە کۆتا گەیشتوونەتە مەکتەبی سیاسی، خانمەکانی دیکە هەموویان لە هەڵبژاردنەکاندا پشتگیرییان لە دەستەی گشتی و کۆنگرەی گشتی وەرگرتووە.
 
رووداو: لە عێراق باسی هەڵبژاردن لە پێشە، مادام باسی چوارچێوەی هاوئاهەنگیت کرد، مەبەستمە لێرە پرسیارت لێبکەم لەبارەی هەڵبژاردنەکانی داهاتوو کە بڕیارە لە نێوەڕاستی ساڵی 2025 دا بکرێت، هەوڵێک هەیە بۆ ئەوەی هەڵبژاردنەکان پێشوەخت بکرێت، ئایە ئێوە وەک رەوتی حیکمە پێتان باشە هەڵبژاردن پێشوەخت بکرێت یان لەگەڵی نین؟
 
عەممار حەکیم: وادەی ئاسایی هەڵبژاردنی پەرلەمان مانگی 10ی ساڵی داهاتووە، پێموایە بنەماکە ئەوەیە کە هەڵبژاردنەکە لە کات و وادەی ئاسایی خۆیدا بەڕێوەبچێ، سرووشتییەکە ئەوەیە، ئەگەر بمانەوێ بیکەینە پێشوەخت دەبێ هۆکار و بەڵگەمان هەبن. کەس ناڵێ بۆچی هەڵبژاردن لە وادەی خۆی دەکەن. بەڵام ئەوانەی کە داوای هەڵبژاردنی پێشوەخت دەکەن پرسیاریان لێ دەکرێ کە بۆچی دەتانەوێ پێشوەخت بکرێ؟ هەڵبژاردنی پێشوەخت هەمیشە لەو کاتانەدا دەکرێ کە بنبەستێکی سیاسی پەیدا بووە، کاتێک کە وڵات لە قەیرانێکدایە، وەکو ئەوەی پاش رووداوەکانی تشرین بینیمان، گەنجەکان لەوێ داوای هەڵبژاردنی پێشوەختیان کرد، بۆ ئەوەی ئەوانیش هەلیان دەستبکەوێ نوێنەر بنێرنە ئەنجوومەنی نوێنەران. ئێستا هیچ بنبەستێکی سیاسیمان نییە، هیچ کێشەیەکمان نییە تا پێش وادەی ئاسایی بچین بۆ هەڵبژاردنی پێشوەخت. لە وڵاتێکدا کە سیستمی پەرلەمانی هەیە و هێزی سیاسیی زۆری تێدایە، هەڵبژاردنی پێشوەخت کە جارێک و دووان و سیان چەندبارە بووەوە، ئیدی دەبێتە بنەما، دەکرێتە عادەت. سرووشتیشە لە شوێنێکدا کە ئەو هەموو فرەڕەنگییە سیاسییە هەیە، هەمووان هەر ناتوانن هەموو جارێک بەشدار بن و یەکێک هەر دەبێ ناڕازی بێت. جا ئەگەر لە هەر خولێکدا لایەک راستبووەوە و ئیعتیرازی هەبوو، گوتی هەڵبژاردنی پێشوەختم دەوێ، ئەمە مانای وایە هەمیشە ئەم حاڵەتی ناسەقامگیرییە سیاسییە باڵادەست دەبێ و دیاردەی هەڵبژاردنی پێشوەخت چەندبارە دەبێتەوە، ئەمەش حاڵەتێکی ئاسایی نییە و هیچ ئاماژەیەکی بۆ سەقامگیریی سیاسی تێدا نییە. حکومەتی بەڕێز سوودانی لەسایەی سەقامگیرییەکی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئەمنیدا سەرکەوتووانە کاری خۆی دەکات، پرۆژەکان دەچنە پێشەوە و خەڵکیش هەست بە جۆرێک لە ئاسوودەیی دەکەن کە پێشتر نەبووە و هیچ کاتێک لەم ئاستە نەبووە بەهۆی کێشەگەلێکەوە کە بەرۆکی ئەم وڵاتەیان گرت. جا لەسایەی بارودۆخێکی ئاساییدا پێویستمان زیاتر بە کەڵەکەبوونی پۆزەتیڤانە هەیە. ئێستا هەر ئەمڕۆ بڵێین هەڵبژاردن دەکەین، ئەگەر بکەوێتە ساڵێکی دیکەش، لە ئێستاوە دەکەوینە ناو جەمسەرگیری و لیست و ئەمە لەگەڵ منە و ئەوە لەگەڵ من نییە و چۆن گوشار بخەمە سەر فڵان و.. لەناکاو خۆمان لەناو هەڵمەتێکی هەڵبژاردندا دەبینینەوە کە دۆخی گشتی دەشڵەقێنێ و ئەم سەقامگیری و کەڵەكەبوونە پۆزەتیڤە و ئەم پێشڤەچوونەی ئێستامان لەدەست دەچێ، لەبەر هەموو ئەم هۆیانە ئێمە لەگەڵ هەڵبژاردنی پێشوەخت نین.
 
رووداو: بەڵام ئەو گۆڕانکارییەی جەنابت باسی دەکەی و ئەو کێشمەکێشمەی دروست دەبێت لەنێوان لایەنەکان، هەست ناکەی نیشانەکانی دەستیپێکردووە کە دەرکەوێ لە بەغدا لەگەڵ ئەوەی کە هێشتا باسی هیچ بڕیارێک نەدراوە بۆ هەڵبژاردنی پێشوەخت و واچاوەڕوان دەکرێت کە هەڵبژاردن لەکاتی دیاریکراوی خۆیدا بکرێت، بەڵام نیشانەکانی دروستبوونی کێشەمکێشمن و داخڵ بوون بە هەڵمەتی هەڵبژاردنەکان دەستی پێکردووە بەتایبەتەی کە پەیوەستە بە گۆڕانکاری لە یاسای هەڵبژاردنەکاندا هەیە؟
 
عەممار حەکیم: بەڕاستی من خۆم لەوە دەپارێزم کە ئەمەی دەگوزەرێ وەکو (ناکۆکی) وەسفی بکەم. دەتوانین بڵێین ترسە، نیگەرانییە. لەکاری سیاسیدا کاتێ رکابەرەکەت خەریکە بەهێز دەبێ و خەڵک لەخۆی کۆدەکاتەوە، هێزە رکابەرەکانت دەکەونە دڵەڕاوکێ. وەزیرێک کە سەرکەوتووە، ئەو وەزیرە لە قەوارەیەکی سیاسییە، خەڵک حیزبەکەی بە سەرکەوتوو دەزانن لەبەرئەوەی پاڵێوراوەکەی سەرکەوتوو بووە. پارێزگارێک کە لە شوێنێک سەرکەوتووە، رەنگە دیدگەیەکی باش لای خەڵک بەجێبێڵێت لەسەر خۆی و ئەو لایەنەش کە نوێنەرایەتی دەکات. لەکاری سیاسیدا، هەرلایەک سەرکەوتوو بوو ئەوانی دیکە تووشی دڵەڕاوکێ دەکات، ترسی لا دروست دەکات دەربارەی ئایندەی خۆی و رووبەری ئەو خەڵکەی پشتیوانیی دەکەن. سەرکەوتنی بەڕێز سوودانی بەجۆرێک ئەم ترسەی لای هەندێ لایەنی نێو چوارچێوەی هاوئاهەنگی دروستکردووە. خۆ بەڕێز سوودانی هیچ کورسییەکی لە پەرلەماندا نەبوو، ئەوە چوارچێوەی هاوئاهەنگی بوو کە پشتیوانیی کرد بۆئەوەی ببێتە سەرۆکوەزیران. هەر بە پشتیوانیی ئەویش دەستکەوتی باش بەدەستهاتن. ئێستا ئەگەر ئەو دەستکەوتانە بنکەیەکی جەماوەرییان بۆ بەڕێز سوودانی پێکهێنابێ و ئەمە بۆ خۆی و لیستەکەی خۆی بەکاربهێنێ، مانای وایە پشتیوانی لە چوارچێوەی هاوئاهەنگی وەرگرتووە و ئەو دەنگانەی بۆ پرۆژەیەکی دیکەی جیاواز لە پرۆژەی چوارچێوەی هاوئاهەنگی بەکارهێناوە. ئەم جۆرە قسانە زۆر دەکرێن و لە میدیاکانەوە دەیبیستین، ئەمە ترسە، ئەم ترسەش لە زانستی سیاسی و کاری سیاسیدا ترسێکی رەوایە، بەڵام دەبێ هەوڵ بدەین بۆ کاڵکردنەوەی و بگەڕێین بۆ چوارچێوەیەکی کارکردن کە ئەم جۆرە ترسانە کەم بکاتەوە. من وەکو خۆم بە سەرکردەکانی نێو چوارچێوەی هاوئاهەنگی و دەرەوەی ئەوانیشم گوتووە کە ئەو راپرسیانەی وا دەردەخەن جەماوەری بەڕێز سوودانی رووی لە فراوانییە و 69% ـی خەڵک پشتیوانی دەکەن کە ئەمەش رێژەیەکی بێ پێشینەیە، هەمان ئەو راپرسیانە ئاماژە بۆ ئەوەش دەکەن کە هێزە سیاسییەکانیش پشتیوانیی جەماوەرییان گەیشتووەتە 54%، ئەمەش هەر رێژەیەکی بێ پێشینەیە. بۆیە سەرکەوتنی حکومەت وەکو چۆن رەسیدی سەرۆکی حکومەت بەرز دەکاتەوە، بەڵام جۆرێک رەزامەندیش بۆ ئەو هێزە سیاسییانە مسۆگەر دەکات کە لەپشتی بوونە. هەڵبژاردنە لۆکاڵییەکان کە چەند مانگێ لەمەوبەر بەڕێوەچوو، دەریخست کە جەماوەری هەندێ هێزی سیاسی رووی لە هەڵکشان بووە و هەندێ هێزی سەربەخۆ و شتی لەوجۆرەش پاشەکشەیان کردووە، ئەمە مانای وایە خەڵک هێزێکیان دەوێ توانای هەڵگرتنی بەرپرسیاریێتی هەبێ و بتوانێ هەنگاو بەرەوپێش بنێ و کەسانێک بهێنێتە پێشەوە کە بتوانن ئاواکاری و گەشەپێدان و سەقامگیری بەدی بهێنن. بۆیە سەرکەوتنی سەرۆکی حکومەت رەنگدانەوەی پۆزەتیڤی لەسەر هێزە سیاسییەکانیش دەبێت، ئەمە شتێکە دەبێ لەبەرچاومان روون بێ. بەهەرحاڵ لە هەر قۆناخێکدا کە سەرکردەیەکی وا هەڵدەکەوێ جەماوەر لەدەوری کۆبنەوە، ئەمە ترسێک دەخاتە دڵی ئەوانی دیکەوە. بۆ چارەسەری ئەم جۆرە شتانە پێویستە پێکەوە کاربکەین. هیچ ناکۆکییەکیش لەئارادا نییە. چوارچێوەی هاوئاهەنگی کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی دەکات، هەموو شتەکان پێکەوە گفتوگۆ دەکرێن، بەڕێز جەنابی سەرۆکوەزیران پابەندی بەشدارییە لە کۆبوونەوەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی و ئەم هێزانە تائێستا هەر پێکەوە کار دەکەن.
 
رووداو: ئەو ترس و دڵەراوکێیەی کە باست کرد، لای ئێوەش وەک رەوتی حیکمە هەیە؟
 
عەممار حەکیم: لەڕاستیدا ئێمەش هەر لایەنێکی سیاسین، سروشتییە لە ئاستێکی دیاریکراودا ئاوا بیربکەینەوە، بەڵام لەبەرئەوەی ئێمە رەوتێکین لەسەر شتێکی سیمبولێک دامەزراوین، رەوتی سەدر، رەوتی حیکمە، پارتی دیموکراتی کوردستان کە سیمبوڵێکی وەکو بەڕێز بارزانی هەیە، قەوارەی دیکەش هەن کە پشتیان بە سیمبوڵ گەرمە، ئەمانە هەمیشە جەماوەرێکیان لەدەورە، ئەم جەماوەرە لە هەموو حاڵێکدا پشتیوانی دەبن. ئێمەش رووبەرێک لە جەماوەرمان هەیە کە لە هەموو دۆخێکدا جەماوەرێکی جێگیرە، ئەمە دڵەڕاوکێی ئێمە لەچاو ئەوانی دی کەمتر دەکاتەوە. خاڵی دووەم؛ ئێمە لەگەڵ بەرنامەی کاری بەڕێز سوودانی گونجاوین و بەوپەڕی هێزەوە پشتیوانی دەکەین، بۆیە پێمانوایە کە هەردوولا بە یەک ئاراستە دەڕۆین، ئەمەش دیسان هەندێ لە ترس و دڵەڕاوکێی ئێمە کەم دەکاتەوە. خاڵی سێیەم؛ خاڵی سێیەم ئەوەیە کە ئێمە دیدگەی سیاسیمان و باوەڕی سیاسیمان وایە دەڵێین هەر لایەنێکی سیاسی ئامانجی ئەوە بێت خزمەتێک پێشکێشی خەڵک بکات، ئەگەر ئەوە بەدی دێت و خەڵک رازی دەکات، با لەسەر دەستی خەڵکی دیکەش بێت، گرنگ ئەوەیە ئامانجەکە بەدی هاتووە. رەوتی حیکمە کورسیی زۆرتر یان کەمتری بەربکەوێ، مادام خەڵک رازین و بەرژەوەندییەکانیان لەسەر رێچکەیەکی دروستە، کەواتە ئەوە پرۆژەکەی ئێمە سەرکەوتووە، دیدگەی ئێمە سەرکەوتووە، نیاز و مەبەستمان لە پرۆسەی سیاسی بەدی هاتووە جا لەسەر دەستی ئێمە بووبێ یان دەستی یەکێ لە هاوپەیمانەکانمان.
 
رووداو: کەواتە من هەستدەکەم کە ئاراستەی بەڕێزت و رەوتی حیکمەش جیادەبێتەوە لە ئاراستەی هەندێک هێزی نێو چوارچێوەی هەماهەنگی، هەروەها بۆنی ئەوە دەکەم لە هەڵبژاردن ئێوە لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق بەرەو هاوپەیمانییەک دەڕۆن، بیرۆکەکەم راستە؟
 
عەممار حەکیم:  لەو بەشەیدا ترس و نیگەرانیی ئێمە لە هێزەکانی دیکەی نێو چوارچێوەی هاوئاهەنگی کەمترە، ئاشکرایە کە ئەو چوارچێوەیە گەلێک هێز و لایەنی لەخۆگرتووە، ئێمە لە هەندێ بابەتدا کۆکین، بەڵام لەسەر زۆر مەسەلەی دیکە کۆک نین، ئەمەش نەنگی و کێماسی نییە بۆ چوارچێوەی هاوئاهەنگی. لەو مەسەلانەی گفتوگۆ دەکرێن و لەسەریان هاوڕاین لەگەڵیان دەڕۆین، بەڵام هەریەک لە ئێمەش ئەدەبیاتی تایبەت بەخۆی هەیە، دروشم و پرۆژەی تایبەت بەخۆی هەیە، بەڵام هەموو ئەمە لەو چوارچێوە گشتییەدایە کە هێزەکانی نێو چوارچێوەی کۆکردووەتەوە. بەڵام ئەوەی کە لەگەڵ بەڕێز سوودانی بچینە هاوپەیمانییەوە، تائێستا ئەوەمان نە لەگەڵ بەڕێز سوودانی و نە لەگەڵ هیچ لایەنێکی دیکەش باس نەکردووە، چونکە بەستنی هاوپەیمانی پێویستە لەکاتێکدا بێت کە نزیکە لە هەڵبژاردن. تا ئێستا جارێ وادەکەی دیار نییە و هیچ رێکارێک لەو رووەوە نابینین، بۆیە بیرۆکەی هاوپەیمانێتیش جارێ تا ئەم ساتە نە لەگەڵ هێزەکانی نێو چوارچێوە و نە لەگەڵ بەڕێز سوودانی نەکەوتووەتە بەرباس. بەڵام ببینە هاوپەیمان یان نەبین، ئێمە لەگەڵ بەڕێز سوودانی لە ئاراستە گشتییەکەدا هاوئاهەنگ دەبین، بۆیە دەبینی بە نهێنی و بە ئاشکرا و لە میدیاکانەوە و لە کۆبوونەوە سیاسییەکاندا هەر پشتیوانین، چونکە پێمانوایە لەسەر رێچکەیەکی دروست دەڕوات، خزمەتگوزاری پێشکەش دەکات و دەستکەوتی هەیە و سەرکەوتوو بووە لە بەدیهێنانی جۆرێک لە سەقامگیری و هەروەها پێکەوەژیانی نێوان پێکهاتەکانی پایەدارتر کردووە و لەو رووەوە هاوکاریی کردووە، ئەمانە کۆمەڵێ شتن کە ئێمەش باوەڕمان پێیانە و بەردەوام جەختیان لەسەر دەکەینەوە، بۆیە کاتێک بەڕێز سوودانی ئەمە تەبەنی دەکات و کاری لەسەر دەکات، ئێمە بەهێزەوە پشتیوانی دەبین.
 
رووداو: زۆر باشە با بگەڕێینەوە بۆ پرسیارەکان، زۆرم پێخۆشە کە دەستان دەبینم، فەرموو جەنابت.
 
ئان سەبری: سڵاوتان لێبێ، ناوم ئان سەبری، لە پارێزگای نەینەواوە. دەرچووی زانکۆی موسڵم کۆلیژی ئاداب. پرسیارم بۆ بەڕێزت: دیدگای ئێوە چییە بۆ کۆچی گەنجانی کریستیانی دەشتی نەینەوا، هۆیەکانی چین و ئایا دەکرێ کەمبکرێتەوە و سنووردار بکرێ؟
پرسیاری دووەم؛ هۆی چییە کەسانی کریستیان لە 2500 پلەی وەزیفی دووردەخرێنەوە، لەوانەش بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردە لە پارێزگای نەینەوا؟ سوپاس.
 
عەممار حەکیم: خاتوونێکی بەختەوەر بوو کە ئاوا پشتیوانیی ئێوەی بەدەستهێنا... هیوادارم پاشان وەڵامەکەی ئێمەش بە هەمان ئەندازە پشتیوانی بکرێ. لەڕاستیدا پێکهاتەی کریستیان و هەموو پێکهاتەکانی دیکەش رەنگی دیکە بۆ چەپکەگوڵی عێراق زیاد دەکەن، بۆیە من لەگەڵ لۆجیکی دەستەواژەی کەمینەی ئایینی کۆک نیم. کاتێک باسی هاونیشتیمانییەک دەکەین کە ئینتیمای بۆ ئایینێک هەیە یان بۆ نەتەوەیەک، قسە لێرەدا لەسەر ژمارە نییە، قسە لەسەر جۆرە، لەسەر سەربارێکی جۆرەکییە، هەر پێکهاتەیەک گوڵێکی نێو ئەو چەپکەیە، بۆیە دەبێ وەکو پێکهاتە باسیان بکەین نە وەکو کەمینە. ئێمە جگە لە یەکدی کەسیشمان نییە، هەموومان یەکدی تەواو دەکەین. وەکو خۆم لە چەندین بۆنەدا باسی شتێکم کردووە بەناوی بەڕێوەبردنی هەمەڕەنگی. ئەگەر بتوانین ئەو هەمەڕەنگییە بگۆڕین بۆ سامانێک بۆ عێراق. ئەمڕۆ کریستیانەکانی عێراق پردی گەیشتنی ئێمەن بە جیهانی مەسیحی. کوردی عێراق پردی ئێمەن بەرەو کوردی جیهان. تورکمانی عێراق پردی ئێمەن بەرەو تورکمانی جیهان، بە هەمان شێوە شیعەی عێراق و سوننەی عێراق و ئێزدی و سابیئە و ئەوانی دیکەش، هەریەک لەمانە پردی عێراقن بۆ پەیوەندی لەگەڵ هاوڕەنگەکانیان جا هاوڕەنگی بێت لە باوەڕ یان نەتەوە. ئەمە لەڕووی بەرژەوەندییەوە و لەڕووی پەیوەندییەوە رووبەرێکی بەرین بۆ عێراق دەستەبەر دەکات، بۆیە ئەوپەڕی شانازی بە پێکهاتەی کریستیانەوە دەکەم، هەر هاونیشتیمانییەکی کریستیانیش لە عێراق بڕوات، لەڕاستیدا زیانێک نییە تەنیا بۆ کریستیانەکان، بەڵکو زیانە بۆ تەواوی عێراق، چونکە ئەو فرەڕەنگییە گرنگەمان لەدەست دەچێت کە وەکو رەسیدێکە بۆ ئەم وڵاتە. بێگومان ئەو بارودۆخە ئەمنییە زەحمەتەی عێراقی پێدا تێپەڕی، هەندێ بیری دەمارگیرانە و هەندێ رەفتاری هەڵە لێرە و لەوێ، ئەمانە هەموو بەشداربوون، هەروەها ئەو دەرفەتەش کە بۆ پێکهاتەی کریستیان لە دەرەوەی عێراق بەردەستە. بەشبەحاڵی خۆم لەگەڵ زۆر لە باڵیۆزەکانیش قسەم کردووە. گوتوومە لە نیازی باشی ئێوە تێدەگەم کاتێک دەرگای وڵاتەکانتان واڵا دەکەن و بە کریستیانەکان دەڵێن فەرموون هەلی کۆچتان دەدەینێ. ئێوە دەتانەوێ هاوکارییان بکەن بەڵام بەو کارانە هاوکارییان ناکەن، ئەگەر دەتوانن هاوکارییان بکەن، کاتێک بیکەن کە لە وڵاتی خۆیانن، کاتێک رایاندەکێشنە وڵاتی خۆتان، لەوێ کریستیانێک بۆ ملیۆنان یان سەدان ملیۆن و دەیان ملیۆن بە گوێرەی وڵاتەکە زیاد دەبێ، بەڵام ئێمە لەڕووی جۆرەوە زیانمان بەردەکەوێ، وجودی مێژووییانەی کریستیان لەم وڵاتە زیانی بەردەکەوێ. بۆیە ئەو هاندەرانە و ئەو دەرفەتانەی لەلایەن ولاتانی ئەوروپا و ئەوانی دیکەوە بۆ ئەوان رەخسێنران و سەرباری بارودۆخی زەحمەتی نێوخۆی وڵات، پاڵیان بە زۆر کەسەوە نا بۆ کۆچ. راپۆرتێکی نەتەوەیەکگرتووەکان زۆر دەمترسێنێ کە دەڵێت هەر ئاوارەیەک سێ ساڵ لەو شوێنە بمێنێتەوە کە پەنای بۆ بردووە، زۆر زەحمەتە بگەڕێتەوە شوێنی پێشووی خۆی. ئەمە مانای وایە ئەو خەڵکەی دەڕۆن و لەو وڵاتانە بەرژەوەندی بۆ خۆیان دەبیننەوە، ژیانی خۆیان رێکدەخەنەوە و منداڵەکانیان دەچنە قوتابخانە، زەحمەتە جارێکی دیکە بگەڕێنەوە بۆ وڵاتی خۆیان. رەنگە بە سەردان بگەڕێنەوە، لە هاوینێکدا لە پشوویەک و دەرفەتێکدا، بەڵام گەڕانەوە و نیشتەجێبوونەوە زەحمەتە و ئەوەش بەڕاستی خەسارەتێکی ستراتیژییە بۆ عێراق و دەبێ گرنگی بدەینە هەموو ئەو شتانەی ژیانێکی رێزدارانە بۆ هاووڵاتیانی ئێمە مسۆگەر دەکەن. دەبێ بیانپارێزین بۆئەوەی لە وڵاتی خۆیاندا بمێننەوە و خاکی خۆیان بپارێزن. سوپاس بۆ خوا. خاڵێکم هەبوو سەردەمی منداڵی، هەرجارێ مەدحمان دەکرد دەیگوت ئەوە پەپسییەک بۆ تۆ، ئەو سەردەمە بوتڵی پەپسی زۆر گرنگ بوو. منیش ئەوە پەپسییەک بۆ تۆ .
 
رووداو: پێش بەرنامەکە یەکێک هاتە لام و گوتی من لە خورماتووەوە هاتووم، کوا ئەو کوڕە فەرموو..
 
سۆران: سوپاس بۆ ئەم دەرفەتە من لە قەزای خوورماتووەوە هاتووم لە پارێزگای سەڵاحەددین، خوێندکاری زانکۆی پۆڵیتەکنیکی باکوورم، خوورماتوو بەوە ناسراوە کە عێراقێکی بچووکە خەڵکەکەی لە هەموو پێکهاتەکانی عێراقن، چەند ساڵێکە دانیشتووانی رووبەڕووی شەڕ دەبنەوە، بەتایبەتی شەڕی تایفی کە خوورماتوو پێیەوە دەناڵێنێت، راستە لە راگەیاندنەکان دەگوترێت شاری پێکەوە ژیانە  و سەرکردەکانی دەڵێن شاری ئاشتی و پێکەوەژیانە، بەڵام لە راستیدا بەهیچ شێوەیەک وانییە، بەجۆرێک ئەو رق و قینەیە لە شارەکە هەیە لە هەندێک شوێن بەربەستی کۆنکرێتی لەنێوان گەڕەکە شیعەنشین و کوردنشینەکان داندراون، من دەپرسم ئەو شەڕە تایفییە تاکەی؟ بەڕێزت کەسایەتییەکی دیاری شیعەمەزهەبی خۆت بە دۆستی کورد دەزانی دەتوانی کارێک بکەی بۆ نەهێشتنی ئەم شەڕە تایفییەی خوورماتوو؟ 
 
رووداو: یەک پرسیارم هەیە تاوەکو ئەمڕۆ بەربەستی کۆنکرێتی ماوە لەنێوان گەڕەکە کوردییەکان و تورکمانەکان؟
 
سۆران: بەڵی ماون. رق و کینەکەش بەشێوەکە کە خوورماتوو شارێکی بچووکە، بەڵام شیعە رقی لە کورد و سوننەیە و سووننە رقی لە شیعە و کوردە و کوردیش رقی لە شیعە و سوننەیە، بەداخەوە.
 
رووداو: ئەو خزمەتگوزارییەی ئێستا لە بەغدا هەیە نەگەیشتووەتە لای ئێوە؟
 
سۆران: شەڕی تایفی بەشێوەیەک تەشەنەی کردووە کاتێک خزمەتگوزارییەک دێت بۆ شارەکە جیاوازی دەکرێت لەنێوان گەڕەکەکان بەگوێری شیعە و سوننە و کورد، تەنانەت لە دامەزراندنیش رەنگدانەوەی هەیە.
 
رووداو: زۆر سوپاس
 
عەممار حەکیم: سوپاس بۆ ئەو راشکاوییە و ئەو قسە جوانانە. بەشبەحاڵی خۆم پێموایە ئێمە وەکو خەڵکی عێراق بڕێکی زۆر لە سۆزمان تێدایە، گەلێکی عاتیفین، هەموو پێکهاتەکان واین، بۆیە بەلامەوە ئەستەمە تێبگەم لەوەی کە دوو عێراقی رقیان لە یەکدییە. لە ساتێکدا لێکدی تووڕە دەبین، لە ساتێکدا بە یەکدی هەستیار بین ئەمە مومکینە، بەڵام ئەوەی کە رقمان لە یەکدی بێت؟ هیوادارم وا نەبین. لایکەم من ئەوە نەبینم کە خەڵک رقیان لە یەکدی بێت، بەڵێ رەنگە بەیەکدی هەستیار ببن، شوێنێکی بچووکی وەکو دوزخورماتوو، دەزانین بە درێژایی ساڵان هەندێ کێشە بەرەوڕووی پێکهاتەی دیاریکراو کراونەتەوە. ئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژ هاتووە و پێکهاتەیەکی ناو ئەو شارە بچووکەی کردووەتە ئامانج و بۆ هەمووان نەبووە، ئەمە کاردانەوەی بەرهەم هێناوە، ناچاری کردوون خۆیان خۆیان بپارێزن. خۆم سەردانی ئەو ناوچانەم کردووە، لێم بیستوون و خەڵکم بینیون، وایان لێهاتبوو لە هەموو کۆڵانێکدا بەربەستێکیان دادەنا بۆئەوەی رێ نەدەن ئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژ بچنە کۆڵانەکانیانەوە. کاتێکیش شار بچووک بێ و تەنیا بەشێکی خەڵکەکەی بکرێنە ئامانج، لەوێ زیاتر تورکمان دەبوونە ئامانج، شیعە دەبوونە ئامانج، ئەمە ساڵانێکی درێژ وابوو. لەیادمە زۆرجار شاند لە دووز و ناوچەکانی دیکەوە دەهاتن و پێکەوە دەچووین بۆ لای سەرۆکی کۆچکردوو مام جەلال، دەمانبردن بۆ لای ئەو بە سیفەتی ئەوەی یەکێتی نیشتیمانی ئامادەیی و کاریگەری لەو ناوچانەدا هەبوو، بۆئەوەی کێشەکانیان چارەسەر بکرێ. کاتێ لە شوێنێکی بچووکدا قوربانی بە هەزاران درابن و ساڵانێکی درێژ و بەشێوەیەکی بەردەوام ئامانجی هێرش بووبن، تا ئەو قۆناغە تێدەپەڕێنین پێویستمان بە هەندێ کات هەیە. تۆ وەکو مرۆڤێ بیری لێبکەوە کە دەچێ بۆ نەخۆشخانە، دەبێ نەشتەرگەری بکات. نەشتەرگەرییەکەی سەرکەوتوو بووە، پاشان پزیشکەکە رێگەی دەدات نەخۆشخانە جێبهێڵێ. نەشتەرگەرییەکە سەرکەوتوو بووە و کۆتایی هاتووە، بەڵام قۆناغی هەستانەوە درێژترە لە ماوەی نەشتەرگەرییەکە، رەنگە ناچار بێ مانگێک و دوو مانگ یان سێ مانگ لە جێگەدا بمێنێتەوە تا ئەوکاتەی برینەکەی ساڕێژ دەبێ و هێواش هێواش دەکەوێتەوە جووڵە. ئێمەش ئەمڕۆ، لە هەندێک لەو ناوچانەدا بەو قۆناغی چاکبوونەوەیەدا رەتدەبین. لێرەدا دەستپێشخەرییەکی مرۆڤانە، گۆڕینەوەی پەیامێکی خۆشەویستی لەنێوان دوو کەسی سەر بە دوو پێکهاتە رەنگە زۆر یارمەتیدەر بێت لە کورتکردنەوەی ئەو ماوەی چاکبوونەوەیە. دیوارەکان ناتوانن رێگربن لە بەیەگەیشتنەوەی دڵەکان و رۆحەکان و خۆشەویستیی نێوان رۆڵەکانی شارێک..
 
رووداو: پێموایە لەم بابەتەدا کێشەکە جیاوازە و لەوانەیە جەنابت ئەمە بە ماوەی نەشتەرگەری ببینی، بەڵام ئەوەی من لە قسەکانی ئەو برایە تێگەیشتم هێشتا برینەکە قووڵ دەکرێتەوە و لە قۆناخێک لە قۆناخەکاندا تورکمان شیعەی ئەو ناوچەیە کرابێنە ئامانج، ئەمڕۆش پێکهاتەکانی دیکە دەکرێنە ئامانج، ئەوەی من لە قسەکانی ئەو تێگەیشتم، نەشتەرگەرییەکە سەرکەوتوو نەبووە، بەڵکو ئازارەکانی زیاتر کردووە، ئەمەش تەنیا لە خوورماتوو نییە، بەڵکو من ئەمە لە شنگال دەبینم لە خانەقین دەبینم لە کەرکووک دەبینم لە هەموو ئەو ناوچانەی کە پێویست بوو لە ماددەی 140ی دەستووری عێراقی چارەسەری دۆخەکەدا بکرێت، لەسەر ئەمە ئێوە هەر ئەو رایەتان هەیە کە چەند ساڵە لایەنە شیعییەکانی دیکە لە بەغدا دەسەڵاتدارن و نایانەوێ ماددەی 140 جێبەجێبکەن، دەکرێ ئێوە بۆچوونێکی جیاوازتان هەبێت و بۆ ئەوە نەهێڵیتەوە گەنجێک بچێت دیوارەکان بڕووخێنێت.
 
عەممار حەکیم: بێگومان ئێمە لە بەغدا، سەرکردەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی و ئەوانی دیکەش، سەرکردەکانی شیعە، هیچ ساتێک وا بیرناکەینەوە کە گوشار بخەینە سەر ئەوانی دی، بەپێچەوانەوە ئێمە بەرگری لە پێکهاتەکانی دیکە دەکەین، کام پێکهاتە گەورەتر بوو، بە حوکمی قەبارەی و رووبەری، وا بیردەکاتەوە کە بەرپرسیارێتییەکەی گەورەترە لەڕووی نەهێشتنی ئەم جۆرە کەلێنانە و پاراستنی پێکەوەژیانی نێوان پێکهاتەکان. تێبینیتان کرد لە مەسەلەی سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی نوێنەراندا، خۆ دەکرا لەگەڵی بڕۆین و پشتیوانی لە یەکێک لە لایەنەکان بکەین و لایەکەی دیکە بشکێنین بۆئەوەی سەرۆک لە خۆمان بێت، بەڵام ئەوپەڕی هەوڵمان دا کە لایەنەکان قایل بکەین لەو رووەوە بگەنە سازان. لە کەرکووک و ناوچەکانی دەوروبەری، سیاسەتی ئێمە و بڕیارەکانمان هەمیشە بە ئاراستەی چارەسەری ناکۆکییەکان بووە. خۆتان دەزانن لەپاش هەڵبژاردن، جەنابی سەرۆکوەزیران خۆی سەرپەرشتی چەندین کۆبوونەوەی نێوان لایەنە ناکۆکەکانی کەرکووکی کرد بۆئەوەی هاوکارییان بکات لە وەرگرتنی یەک بڕیاری هاوبەش و دابەشکردنی رۆڵەکان بەجۆرێک کە سەقامگیریی ئەو پارێزگایە گەرەنتی بکات.
 
رووداو: بەڵام هەتا ئێستا پارێزگارێکی هەڵبژێردراوی نییە..
 
عەممار حەکیم: لە دیالەش وایە، ئەو کێشەیە هیچ مۆرکێکی نەتەوەییانەی نییە. هەندێ پارێزگا دۆخیان ئاڵۆزە، بەڵام سیاسەتە گشتییەکە بەو ئاراستەیە نییە لایەک بەسەر ئەوەی دیکەدا زاڵ بکرێ. سیاسەتە گشتییەکە بریتییە لە هاوکاریکردنی هەمووان بۆئەوەی بگەنە یەک، ئەمە رەنگە هەندێ کات بخایەنێ، پێویستی بە هەوڵی زیاتر هەیە، بەڵام ئەمە قۆناغی ساڕێژبوونەوەی برینە، ئەگەر گوتمان نەشتەرگەرییەکە سەرکەوتوو نەبووە، مانای وایە لە رابردوودا گوشار لەسەر لایەک هەبووە و ئەمڕۆش سیاسەتی گوشار هەیە لە لایەنی دووەمەوە لەسەر یەکەم. ئەمە نییە، هیچ سیاسەتێکی گوشار نە لەسەر کورد و نە لەسەر هیچ پێکهاتەیەکی دیکەی ئەو ناوچەیە نییە. ئامانجەکە گەیشتنە بە ئەنجامێکی هاوبەش و بە پێکەوەژیان و هاوکاریی نێوان لایەنەکان و دابەشکردنی رۆڵەکان بەو جۆرەی کە هەموو لایەک رازی بکات. بەڵام هەستیاریی نێوان لایەنەکان لەسەر گۆڕەپان، ئەمەیان بیر لە داهاتوو دەکاتەوە و ئەویان بیر لە رابردوو، هەرلایەک یادەوەریی ناخۆشی لای خۆی هەڵگرتووە، خەڵکێکی زۆر رۆڵەکانیان لەدەستداوە، ئەمە پێویستی بە کات و هەوڵی زیاتر هەیە بۆئەوەی لێکدی نزیک ببنەوە.
 
رووداو: ئێوە لە کوێیوە هاتوون؟ دیوانییە زۆر باشە فەرموون..
 
ئەحمەد حەمید: بەناوی خوای گەورە. بەڕێز عەمار حەکیم، بەڕێز کاک بێستوون و ئەم بەڕێزانەی لێرەن سڵاوتان لێبێ. ئەحمەد حەمیدم لە پارێزگای دیوانیە، دەرچووی بەشی ژمێریاریم لە زانکۆی موسەننا. پرسیارەکەم ئەمەیە، وەکو حکومەتی ناوەندی و وەکو حیزبە سیاسییەکان کە قورساییان لە دەوڵەتدا هەیە. لەبارەی پارێزگای دیوانییە، ئایا هیچ ئاوڕدانەوەیەکی جددی لە پارێزگای دیوانییە دەبێت کە رێ لە داخورانی بگرێ، با ئاوا ناوی بنێم، خزمەتگوزاری نییە، ئاواکاری نییە، هیچ پرۆژەیەکی وەبەرهێنان نییە، پرۆژەیەک نییە کە ئێستا کاری تێدا بکرێ. هەروەها هەردوو کەرتی کشتوکاڵ و پیشەسازی. دیوانیە یەکێ بوو لە دیارترین پارێزگاکان لەو دوو بوارەدا. کەرتی کشتوکاڵ و کەرتی پیشەسازی ئێستا بەتەواوی پەکیان کەوتووە، هیچ پلانێکتان بۆ ئەوە هەیە؟ سوپاس
 
عەممار حەکیم: راستە پارێزگای دیوانییە لە پارێزگای لێقەوماوەکانە، رەنگە دووەم هەژارترین پارێزگای عێراق بێت لەپاش موسەننا بە گوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی پلاندانان و لە ساڵانی رابردوودا لەبەر زۆر هۆکار زیانی گەورەی بەرکەوتووە. بەڕاستی ئاراستەیەکی وا دروست بووە کە گرنگی بەو پارێزگایە بدرێ. سندووقێک بۆ پەرەپێدانی لە دەرەوەی بودجەی تایبەتی خۆی تەرخان کرا و لەسەر ئاستی حکومەتی فیدراڵی بڕیار لە چەند پرۆژەیەکی گەورە درا، پرۆژەی وا کە خزمەتی ژێرخان بکات. گرنگیدان بە کشتوکاڵ بەشێوەیەکی گشتی لەلایەن ئەم حکومەتەوە، بێگومان لەبەرئەوەی دیوانییە پارێزگایەکی کشتوکاڵییە، ئەمە بەشێوەیەکی بەرچاو دەیگرێتەوە. هەروەها سندووقی پارێزگا زۆر هەژارەکان کە ئەمیش دەبێتە سەرچاوەیەکی دیکە، جگە لەوانەش بوونی ئەنجوومەنێکی پارێزگا پاش لەکارکەوتنی بۆ ماوەیەکی درێژ و پارێزگارێکی نوێ و خوێنی نوێ کە دەیانەوێ خزمەت بکەن و ئەنجامێک بەدیبهێنن، هیوادارم بتوانن سوود لەم دەرفەتانە وەرگرن بۆ گۆڕینی واقیعی دیوانییە پشتیوان بەخوا.

رووداو: پەنا بەخوا. زۆر باشە، بەسڕە. فەرموو.
 
خوێندکاری بەسڕە: سەماحەتی سەید عەمار ئەلحەکیم، بەڕێزانی ئامادەبوو، قوتابیانی ئازیز سڵاوتان لێبێت. بەڕێز جەنابی سەید هەموومان هاوڕاین لەسەر ئەو پێشکەوتنەی لە هەرێمی کوردستان بەدی هاتووە، جا لەسەر ئاستی ژێرخان بێت یان لەسەر ئاستی وەبەرهێنان و تەنانەت لەڕووی ئاسایشەوە. پرسیارەکەی من لەبارەی سیستمی فیدراڵیی عێراقە، ئایا بەڕێزت دەتوانی هاندەر و پشتیوان بی لە دامەزراندنی هەرێمێکی دیکە لە عێراق، وەکو هەرێمی بەسرە؟
 
عەممار حەکیم: وەکو دەزانن، سیستەمی سیاسی لە عێراق بەگوێرەی دەستوور سیستەمی فیدراڵییە. بەو مانایەی دەبێ لە چەند هەرێمێکی فیدراڵی پێکدێ و هەر پارێزگایەک یان چەند پارێزگایەک پێکەوە دەتوانن ببنە هەرێمێک یان هەر وەکو پارێزگا بمێننەوە. لەلایەکەوە دەستوور دەسەڵاتی بەرفراوانی داوەتە پارێزگاکان، ئەنجوومەنی پاریزگاکانی پێکهێناوە و وەکو چۆن ئەو دەستوورە ناوی هەرێمی هێناوە، باسی ئەو پارێزگایانەشی کردووە کە لە چوارچێوەی هەرێمدا رێکنەخراون، واتە لە لایەکی دیکەوە ئەم بوارەشی کردووەتەوە. دەشزانن کە باوکی خوالێخۆشبووم سەید عەبدولعەزیز ئەلحەکیم دروشمی هەرێمی باشووری بەغدای بەرزکردەوە، هەرێمێک کە ئەو نۆ پارێزگایە لەخۆبگرێ و پارێزەری مافی ئەو پارێزگایانە بێت. بێگومان کولتووری عێراقی کە هێشتا تازە لە دیکتاتۆری رزگاری بووبوو، دیکتاتۆر رووخا و وڵات کەوتە دۆخێکی زەحمەتەوە، ئەمە هەندێ تێگەیشتنی هەڵەی لەبارەی ئەو بانگەوازە هێنایە ئارا و لە ململانێی سیاسیدا شتەکە وا لێکدرایەوە کە بنەماڵەی حەکیم دەیانەوێ ئیمارەتێک بۆخۆیان دامەزرێنن. وەکو ئەوە بوو کە حەکیم بەدوای شتێکی تایبەتەوە بێت بۆ خۆی، لەکاتێکدا بۆخۆی نەبوو بۆ ئەو خەڵکە بوو. هەرێمێک بە دەسەڵاتی فراوانەوە و بە توانایەکی گەورەوە دەکرا بازێک بدات. بەڵام دوای ئەوەی کە هێزی بیانی لە عێراق چوونە دەرەوە و هاتینە سەر ئەوەی پشت بەخۆمان ببەستین و ئینجا کەوتینە ناو کێشەکانی تیرۆر و کێشەی ئەمنییەوە و دەرکەوت دامەزراوەکانی دەوڵەتمان فشۆڵن، خواستی دامەزراندنی هەرێم وای لێهات کە لەوانە بوو ببێتە هۆی لاوازترکردنی یەکێتیی وڵات. ئەوەی کە چەند هەرێمێک هەبن و هەر هەرێمێک بەجۆرێک بیربکاتەوە و رەنگە هەرێم هەبێت تەنانەت پەیوەندی دەرەکیی تایبەتی هەبێ، ئەمە کاریگەری لەسەر یەکێتیی وڵات و سەروەرییەکەی دەبوو، بۆیە گەیشتینە ئەوەی پەلە نەکرێ، مادام دامەزراوەکانی ئێمە فشۆڵ و لەرزۆکن و خۆمان لاوازین، وا باشتر بوو لە بارودۆخێکی وەهادا بەرەو پێکهێنانی هەرێمی دیکە نەچین، بەڵام ئەمە وەکو مافێکی دەستووری دەمێنێتەوە. هەرکاتێ هەستاینەوە سەرپێ و عێراق بەشێوەیەکی باش خۆی گرتەوە، دامەزراوەکانی ناوەند بەهێز بوون، ئەوکاتە دەکرێ دووبارە ئەو بابەتە بێتەوە بەرباس و ئەوەش مافێکی دەستوورییە بۆ خەڵک هەرکاتێک ویستیان.
 
مەسەلەکە ئەوەیە کە ئێستا کاتەکەی گونجاو نییە. لە سەرەتادا ئەوە دەستپێکی پرۆژەیەک بوو، هەر شتێکیش بەخێرایی لێی چوویتە پێشەوە، رەنگە ئەگەر خەڵک بەپیر بانگەوازەکەی ئەوکاتەی خوالێخۆشبوو سەید عەبدولعەزیز حەکیمەوە چووبان و بەرەو دامەزراندنی هەرێم چووبان، دیارە هەر لەوکاتەدا لەگەڵ خەڵکی ناوچەکانی رۆژئاوای عێراقیش قسەی دەکرد و دەیگوت ئێوەش بڕۆن هەرێمی خۆتان پێکبێنن. ئەم هەرێمانە لە عێراقێکی یەکگرتووی بەهێزدا بەرەو کامڵبوون دەچوون. هێزی عێراق لە هێزی ناوەند و هێزی جەمسەرەکانیدایە. ناوەندێکی بەهێز بە جەمسەری لاوازەوە مانای دیکتاتۆرییە. جەمسەری بەهێز و ناوەندی لاواز واتە لەبەریەک هەڵوەشان و دابەشبوون، ئەوەش ریسکە بە یەکێتیی خاکی عێراقەوە. ناوەندێکی بەهێز و جەمسەرگەلی بەهێز واتە دەوڵەتێکی بەهێز و هەمووشمان چاومان لەوەیە.
 
رووداو: کۆنفیدراڵی، لەبەر ئەوەی 21 ساڵ تێپەڕی بەسەر بنیادنانی عێراقی نوێ، ئامانجیش لە فیدراڵییەت لە سەرەتاوە، کە بە کرداری کێشەکانی عێراق چارەسەربکات وەک کێشەکانی کورد و خاکی کوردستان چارەسەر بکات، وەک باوکی خوالێخۆشبووتان پێشنیازی کردبوو کە بۆ باشووریش ببێت بە چارەسەرێک و  بۆ رۆژئاوای عێراقیش ببێت بە چارەسەرێک، بەڵام ئەمڕۆ دەبینین کە ئەم سیستەمە بەو شێوەیەی کە نووسرابووەوە و ئامانجی بۆ دانرابوو  کار ناکات، هیچ نەبێت هەندێک لە لایەنەکان وایدەبینن کە بەو شێوەیە کار ناکات کە وابڕیاربوو بەو شێوەیە کاربکات، رۆیشتن بەرەو کۆنفیدراڵییەت چارەسەرێکی باشتر نابێت بۆ عێراق، لەبەر ئەوەی تەمشای واقع بکە، بێ لەوەی کە کۆمەڵێک پێکهاتەی جیاواز دروست بووە کە خاوەنی مێژووی جیاوازن خاوەنی سیاسەتی جیاوازن، لە هەمان کاتدا ئێستا ئێمە دوو کیانی جیاوازمان لە عێراقدا هەیە، دوو کیان لەنێو یەک دەوڵەتدا، کۆنفیدراڵییەتێکی نووسراو لە نێو دەستوورێکی بەهێزدا باشتر نابێت بۆ پێناسەکردنی ئەم دۆخە و  بۆ بەڕێوەبردنی وڵاتەکەش لە چوارچێوەی دەوڵەتێکی بەهێزدا؟
 
عەممار حەکیم: بەڕاستی، من وەکو خۆم پێموایە کێشەکە لە سیستەمی فیدراڵیدا نییە، کێشەکە لە جێبەجێکردندایە. کاتێک دەچین سەردانی هاوڕێکانی خۆمان، سەرکردەکانی کوردستان دەکەین، گوێمان لە لیستێک تێبینی دەبێت کە ئەوان پێیانوایە مافی هەرێمەکەی ئەوانە و بەڵام بەغدا و دامەزراوەکانی و وەزارەتەکانی بەباشی کارلێکی لەگەڵ ناکەن. کاتێک دێینە بەغدا و لەگەڵ وەزارەتەکان دادەنیشین، دیسان گوێمان لە لیستێکی درێژی تێبینی دەبێ کە ئەوان پێیانوایە پێشێلکردنی دەسەڵاتە فیدراڵییەکانن. هەرێمیش لە هەندێ رووەوە وا رەفتار دەکات کە ناوچەیەکی کۆنفیدراڵی بێت نەک فیدراڵی. جا ئەگەر سەیری ئەم تێبینییانە بکەین و لە هەردوو لاوە پابەندی ناوەڕۆکی فیدراڵیزم بین، پێموایە ئەوە ئاستێکی عادیلانە لە خۆشگوزەرانی بەدی دێنێ، بەڵام کاتێک دەڵێین لەم ساتەدا پێکهێنانی هەرێمی دیکەی فیدراڵی بەم بارودۆخە لەرزۆکەوە دەبێتە هۆی پارچە پارچەبوونی عێراق، بە دڵنیاییەوە کۆنفیدراڵی لە بارودۆخێکی ئاوادا کە نەمانتوانیوە بگەینە تێگەیشتنێکی هاوبەش لەسەر فیدراڵی و هەندێکیش رێی گشتپرسییان گرتەبەر، چۆن دەتوانین لەسەر تێگەیشتنێکی هاوبەش بۆ کۆنفیدراڵی بسازێین؟ من وەکو خۆم لەگەڵ کۆنفیدراڵی نیم، لەگەڵ جێبەجێکردنی راست و دروستی فیدراڵیم لە هەردوو لایەنەوە، ئەمە لەلایەک دەتوانێ یەکێتیی عێراق بپارێزێ و لەلایەکی دیکە بەرژەوەندی و مافی گەلی کوردستان و هەر هەرێمێکی دیکەش بپارێزێ کە لە ئایندەدا پێکدێ. ئەمە بەڕای من هاوسەنگییە دروستەکەیە. بێگومان هیچ پەنجەرەیەکمان لە دەستووردا بۆ کۆنفیدراڵی نییە. بیرکردنەوە لە کۆنفیدراڵی جگە لەو حاڵەتە واقیعییەی باسمانکرد، پێویستی بە هەموارکردنەوەی دەستوور و سازانی نیشتیمانیش هەیە، ئەوەش لەم کاتەدا ناکرێ، بۆیە لەلایەک کێشەی یاسایی ئاستەنگە و لەلایەک کێشەی واقیعی، چونکە کۆنفیدراڵی لەکاتێکدا کە ناکۆکیمان لەسەر تێگەیشتن لە فیدراڵی هەیە، ئەمە مانای زیادکردنی کێشەیەکی دیکە و دابەشبوونی زیاترە نەک خۆشگوزەرانی لە عێراقێکی یەکگرتوودا وەکو ئەوەی مەبەستمانە.
 
رووداو: بەڕێز سەید عەمار حەکیم، بەڕێزتان دەڵێن کێشەکە لە جێبەجێکردنی فیدراڵیتدایە، جێبەجێکردنی دەستوور کە سیستمی فیدراڵی بۆ ئەم وڵاتە دیاری کردووە، بەڵام جێبەجێکردنی سیستمی فیدراڵییەت لە عێراق پەیوەستە بەوەی کە هەرێمی فیدراڵی دیکە هەبن و ئەنجوومەنی هەرێمەکان هەبێ، ئەو کاتە دەتوانی سیستمێکی فیدراڵی راستەقینەمان هەبێ. تاوەکو ئەوە چارەسەر نەکرێ عێراق ناتوانێت ئاشتی و ئارامی بۆ دانیشتووانەکەی دابین بکات.
 
عەممار حەکیم: بەڕاستی وەکو گوتم دەستوور پەنجەرەی بۆ هەرێمی دیکەش واڵا کردووە. عێراقێکی فیدراڵیش مەرج نییە بەو مانایە بێت کە هەموو ناوچەکانی ببنە هەرێم. بوونی هەرێمێک و پاشان لە بارودۆخێکی گونجاوتردا هەرێمی دیکەی بۆ زیاد بێت، دەتوانێ عێراق بکاتە وڵاتێکی فیدراڵی. دەشزانین کە مەسەلەی هەرێمی کوردستان شتێک نییە لە 2003 پەیدا بووبێ، دیفاکتۆیەک بوو پەیوەندی بە بارودۆخی پێشترەوە هەبوو، واقیعی عێراقیش هات و مامەڵەی لەگەڵ ئەو تایبەتمەندییە کرد، بەڵام قەبارەی ئەو کێشانەی لە ماوەی بیست ساڵی رابردوودا هاتنەپێش، چاوەڕوانیی هەرێمی کوردستان لە حکومەتی فیدراڵی و هەروەها چاوەڕوانیی حکومەتی فیدراڵیش لە هەرێم، دەریخست کە ئێمە لەسایەی سیستەمێکی فیدراڵیدا ئەو هەموو کێشەیەمان هەیە، ئەی دەبێ لە سیستەمێکی کۆنفیدراڵیدا چۆن بێ؟ بێگومان کێشەی گەورەترمان دێتەڕێ و ململانێی زۆرترمان دەبێ. جا تا دەگەینە سەقامگیری و ئاسایش و خۆشگوزەرانی و دڵنیابوونەوە لە یەکێتیی خاکی عێراق، پێموایە پەرە بەم ئەزموونەی خۆمان بدەین باشترە.
 
رووخسار جاف: لە ساڵانی هەشتاکان و نەوەدەکان کورد و شیعە پێکەوە هاوپەیمان بوون دژی رژێمی بەعس. کێشەکانی ئەم دوواییانە وەکو نەبوونی مووچە و ماددەی 140 و بۆردوومانکردنی کێڵگە نەوتی و غازییەکان. کورد پێیوایە شیعە دژی کوردە. ئەمە تاوەکو چەند راستە؟
 
عەممار حەکیم: مومکین نییە شیعە دژی خەڵکی خۆیان و برایانی خۆیان بن، دژی هاوبەشەکانیان لەم نیشتیمانەدا بن، جا کورد بن، سوننەی عەرەب بن، کریستیان بن یان تورکمان یاخود ئێزدی و سابیئە، ئێمە وەکو گوتم جگە لە یەکدی کەسی دیکەمان نییە. هێزی پێکهاتەی شیعی بەو سیفەتەی پێکهاتەی هەرەگەورەیە، هێزی ئەو لە هێزی عێراقدایە، لە پێکەوەژیانی ئاشتیانەی نێوان رۆڵەکانی ئەم گەلەدایە. دەتوانم ئێستا بۆ جەنابتی بژمێرم کە لە چەندین هەڵوێستی رابردوودا و هەتا ئەمڕۆش، پێکهاتەی شیعی بە جەماوەر و بە سەرکردەکانییەوە هەمیشە پشتیوانییان لە دۆزی کوردستان کردووە و بەهەمان شێوە بۆ پێکهاتەکانی دیکەش. ئەم پەیوەندییەی نێوان شیعە و کورد، هەرگیز پەیوەندییەک نەبووە لە دژی خەڵکی دیکە و پێکهاتەی دیکە، لە چوارچێوەی پشتیوانیی چەند لایەنەدا بووە لەنێوان رۆڵەکانی گەلەکەمان بە هەموو پێکهاتەکانییەوە. ئەمە هێشتا وەکو خۆیەتی و بەردەوامە و ئەگەر ساتێک لە ساتەکان کێشەیەکی تێکەوت، ئەوە بە زیانی هەموو لایەک دەشکێتەوە نە تەنیا یەک لایەن. بەڵام وەکو گوتم، بەڕێوەبردنی وڵات و چاوەڕوانیی هەرلایەک لە لایەکەی دیکە، ئێستا بەڕێزت لە هەرێمی کوردستان دەژیت، سروشتییە کە گوێ لە میدیای کوردی دەگریت. میدیای کوردیش بەشێوەیەکی سروشتی دەچێ چاوەڕوانییەکانی هەرێمی کوردستان و حکومەتی هەرێم لە بەغدا زەق دەکاتەوە، بەڵام ئەگەر گوێیەک لە میدیای عێراقیش بگری، گوێ لەو لۆژیکە بگری کە حکومەتی فیدراڵی قسەی پێدەکات، دەبینی هەموو ئەو شتانەی دەکرێن پشتئەستوورن بە یاسا و دەستوور و بەڵگە کە واژۆیان لەسەر کراوە. ئەمانیش وا بیردەکەنەوە کە برایانمان لە هەرێم دەبێ کاراتر بن لە جێبەجێکردنی ئەو کارانە. کەواتە کێشەکە بە تەنیا لە یەک لایەنەوە نییە، بەڵام لە کۆتاییدا ئەمانە کێشەی کارگێڕین. ئێستا بابەتی مووچە، بینیمان دادگای فیدراڵی کە لە هەرێم گلەیی زۆریان لێی هەبوو، بەڵام ئەو بوو حکومەتی فیدراڵیی پابەند کرد بەوەی کێشەی مووچە چارەسەر بکات و وا رێچکەی خۆیشی بەرەو چارەسەر دۆزیوەتەوە. هەروەها زۆر وردەکاریی دیکەش. پێموایە ئێمە شانازی بەو هاوبەشی و برایەتییەی نێوان رۆڵەکانی یەک وڵات دەکەین، بەوجۆرە یەکدی تەواو دەکەین و هاوکاری یەکدی دەبین و پێکەوە ئەو کێشانە چارەسەر دەکەین کە لێرەو لەوێ دێنە پێش و لە نیشتیمان و گەلێکی یەکگرتوودا بەرەوپێشەوە هەنگاو دەنێین.
 
خوێندکار: خۆشحاڵم بە بینینت بەڕێز عەمار حەکیم، دوو پرسیارم هەیە، پرسیارێک و چاڵنجێکە. هیوادارم راشکاوانە وەڵامم بدەیتەوە و وەڵامێکی لاستیکی نەبێ. راتان لەبارەی بڕیاری دادگای فیدراڵی چییە کە رۆڵی دەسەڵاتی یاسادانان و جێبەجێکردنیش دەبینێ و ئەوەش دوورە لە بواری پسپۆڕیی ئەوان کە لە دەستووردا دیاری کراوە و لە ماددەی 141 دا هاتووە؟ چاڵنجەکەش با بۆ دوای بەرنامە بێت.
 
عەممار حەکیم: بەهەرحاڵ، وەکو خۆم کە بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی دەرچوو، ئەوەی کە هەڵبژاردن لە کوردستان بە چوار بازنە دەبێ نە یەک بازنە، تۆماری دەنگدەرانی فیدراڵی نەک تۆماری هەرێم، کۆمیسیۆنی ناوەندی سەرپەرشتی هەڵبژاردنەکان دەکات نەوەک کۆمیسیۆنی هەرێم، دەسەڵاتی دادوەریی فیدراڵی لە سکاڵا و تانەکان دەکۆڵێتەوە نەوەک دادگای هەرێم، هەروەها مەسەلەی کۆتا، بەشبەحاڵی خۆم سەرم سوڕما، بڕیارێکی دادگا بچێتە ئەو وردەکارییەوە!! بۆیە پرسیارم لە سەرۆکی دادگای فیدراڵی کرد، بۆئەوەی بزانم چی روودەدا، مەسەلە چییە؟ دادگای فیدراڵی چۆن دەچێتە ناو ئەو وردەکارییە. ئەوە دادگایەکە بۆ دەستنیشانکردن و راڤەکردنی دەستوور، لەوە زیاتر نا. وەختێ گوێم لە وەڵامەکە بوو حەپەسام، وەڵامەکە زۆر مایەی قەناعەت بوو. بەڕێز سەرۆکی دادگای فیدراڵی چی گوت؟ گوتی کاری من نییە بچمە ئەو وردەکاریانەوە، یەک پرسیارم ئاراستە کراوە: حکومەتی هەرێمی کوردستان ساڵانێک تەمەنی پەرلەمانی هەرێمی درێژ کردووەتەوە، ئەم درێژکردنەوەیە دروستە یان باتڵە؟ پشتم بە دەقی روون و راشکاوی دەستوور بەستووە کە رێگە نادات تەمەنی پەرلەمانی عێراق یەک رۆژ درێژ بکرێتەوە، بۆیە گوتم نەخێر درێژکردنەوەی ماوەی پەرلەمان نادروستە، چونکە ئێمە لە یەک وڵات و لە یەک سیستەمداین. کێشەیەک لەمەدا هەیە؟ پەرلەمانی عێراق نابێ بۆ یەک رۆژیش درێژ بکرێتەوە، پشتی بەو دەقە دەستوورییە بەستووە و گوتوویەتی پەرلەمانی کوردستانیش نابێ درێژ بکرێتەوە. چیرۆکەکە ئەوەندەیە و دادگای فیدراڵی ئەوەندەی گوتووە. بەڵام کاتێک دەڵێی درێژکردنەوە نابێ، ئەمە مانای وایە هەر بڕیارێک لەپاش ئەو درێژکردنەوەیەوە وەرگیراوە، پووچەڵ دەبێتەوە چونکە ئەوەی لەسەر پووچ بیناکرابێ پووچە. وەختێ پەرلەمان ناشەرعی بوو، درێژکردنەوەکەی، هەر بڕیارێکی دەرکردبێ لەو ساتە بەدواوە کە شەرعیەتی نەماوە، بێگومان نابێ ببێتە بڕیار. بۆیە هەموو ئەو بڕیارانەی لەپاش درێژکردنەوەکەوە دراون، هەموویان بە بڕیاری پووچ دانراون، لەوانەش ئەم مەسەلانە. واتا یاسای هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان کە دەیگوت هەر پارێزگایەک بازنەیەکە، لەپاش درێژکردنەوە هەموو هەرێمی کردووە بە بازنەیەک، وەختێ ئەمە پووچەڵ دەبێتەوە، دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی جاران، هەر پارێزگایەک بازنەیەک...
 
رووداو: یاسای هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان ساڵی 1992 نووسراوە. هیچ کاتێک فرە بازنەیی بۆ هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان جێبەجێ نەکراوە. بڕیاری دادگای فیدراڵی لەسەر هەموارێکی یاساکەی ساڵی 1992وە کە چەند ساڵێک پێش ئێستا کراوە.
 
عەممار حەکیم: من ئاوام لە سەرۆکی دادگا بیستووە، کاتێکیش لای هاوڕێی ئازیز و نزیکم کاک نێچیرڤان باسمکرد، ئەویش لاگیریی لەو مانایە کرد و ئیعتیرازی نەبوو وەکو ئەوەی جەنابت ئیعتیرازت هەیە. یان ئەویش وەکو من زۆر شارەزای یاساکان نییە، یان زانیاریی جەنابت ورد نییە، خوا دەزانێ. بەڵام ئەمە قسەی سەرۆکی دادگایە و پێشموایە وردە لە بەیانکردنیدا ، کاک نێچیرڤانیش تەئکیدی کردەوە کاتێک دوو بە دوو باسی ئەو شتەم لەگەڵ کرد. ئیدی وردەکارییەکانی دیکەش بەوشێوەیە. بەڵێ کۆتا دەرکەوت پێش هەموارەکە پێنج کورسی بووە و لەنێو 100 کورسییەکەش بووە، پاش هەموارەکە بووەتە 11 و لە دەرەوەی 100 کورسیەکە، واتا 111. ئەمە گەڕاوەتەوە سەر ژمارەکەی جاران. لەم مەسەلەیەدا دادگای فیدراڵی وا دەردەکەوێ کە دیدێکی دەستووریانەی داوە جا بەڕاستی دەزانین بە هەڵەی دەزانین کەیفی خۆمانە، بەڵام ئەوە دادگایەکە و رێگەی پێدراوە رای خۆی بڵێ، ئەویش دەستنیشانی کردووە کە درێژکردنەوە نادروستە و هەموو ئەو بڕیار و یاسایانەی دەرچوون و ئەو هەموارانەی کەوتوونەتە پاش بڕیاری درێژکردنەوە، پووچەڵن و دەبێ بگەڕێنەوە بۆ پێش درێژکردنەوە. هەڵوێستی دادگای فیدراڵی ئەمە بووە.
 
رووداو: ئایا بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی بڕیاری یاسایین یان دەستێوەردانی سیاسین؟ 
 
عەممار حەکیم: بەشبەحاڵی خۆم باوەڕ ناکەم هیچ دەستێوەردانێکی سیاسی هەبێت. بەڵام وەکو دەزانن، دادگا فیدراڵییەکان لە هەموو جیهاندا نە تەنیا لە عێراق، تەماشای دەستوور دەکەن و تەماشای واقیعە سیاسییەکەش دەکەن، ئەم دووە تێکەڵ دەکەن بۆئەوەی ئاشتی و تەبایی کۆمەڵایەتی مسۆگەر بێت. ئەمە ئەرکی دادگا فیدراڵییەکانە لە هەموو جیهاندا، بە هەموو ناوە جیاوازەکانییەوە.. دەستوور بەجۆرێک راڤە دەکات کە یەکێتیی وڵات گەرەنتی بکات. رۆڵی یەکخەر و نزیکخەرەوە یاری دەکات بۆئەوەی یەکێتیی وڵات بپارێزێ. ئەمە سیاقی کارەکەیە لەم جۆرە شتانەدا. هەمیشە دەتوانین هەندێ لە بڕیارەکانی دادگا هەڵگۆزین، بۆئەوەی بڵێین ئەمە زیانی لە بەرژەوەندی گرووپێک لە خەڵک داوە، ئینجا وای پێشان بدەین کە مەبەستەکەی سیاسییە. ئەوەی تایبەت بێت بە هەرێمی کوردستان بڕیاری زۆر دەرچوون، لەوانەش بڕیاری مووچە کە حکومەتی بەغدای پابەند کرد بەوەی بیدات و ئەوەش لە بەرژەوەندیی هەرێم بوو. بڕیارێکی دیکە کە بەم دواییە دەرچوو، بینییان رۆیشتن بە ئاراستەی ئەنجامدانی هەڵبژاردن لەکاتێکدا لایەنە تەکنیکییەکەی بەتەواوی ئامادە نییە، دابەشبوونی نێوخۆیی بەدوای خۆیدا دێنێ و ئەوەش مەترسیدارە بۆ یەکێتیی هەرێمی کوردستان و یەکێتیی عێراقیش، بۆیە دەستبەجێ بڕیاریان دا کارەکانی کۆمیسیۆن دوابخەن بۆ رێکخستنەوەی تەبایی و یەکڕیزی لە کوردستان، رەنگە هەندێک ئەمە لە بەرژەوەندیی هەرێم ببینن نەک لە زیانی، یان لایکەم لە بەرژەوەندیی هەندێ لایەنە کە سەرەتا وایان پێشبینی دەکرد نەتوانن بەشداریی هەڵبژاردن بکەن و پاشان قەناعەتیان لا پەیدا بوو کە بەشداری بکەن. ئێمەش لەوانە بووین کە ناڕەزاییمان هەبوو، لە هەندێ بڕیاری ئەو دادگایە ناڕازی بووین. تێبینی جددیمان لەسەر هەڵبژاردنەکانی 2021 هەبوو، بەڵگەی روونیشمان هەبوون، بەڵام دادگا لای خۆیەوە، بە پشتبەستن بە هەندێ بەڵگە لەلایەک و بە لەبەرچاوگرتنی واقیعە سیاسییەکەش بەگشتی، پاش مشتومڕی درێژ و چەندین کۆبوونەوە، گوتیان ئێمە لایەنی پسپۆڕ نین بتوانین رای خۆمان بدەین و هەڵبژاردنەکانی 2021 یان تێپەڕاند بەبێ لەبەرچاوگرتنی ئەو بەڵگانەی خستبوومانەڕوو. ئێمە گوتیشمان کە ئەو هەڵوێستە بەلای ئێمەوە عادیلانە نەبوو، بەڵام قەبووڵیشمان کرد. بۆیە نابێ ئەو چاوەڕوانییەمان هەبێ کە دادگا هەرچییەکی گوت هەموومان قەناعەت بکەین، بەڵام پێویستە هەموومان پابەندی بین قەناعەتمان کردبێ یان نا، چونکە هیچ رێگەیەکی چارەسەر نییە جگە لە خۆدانە دەست دامەزراوەیەکی دیاریکراو بۆئەوەی نێوبژیوانی لەنێوان هێزە سیاسییەکاندا بکات و ببێتە نێوبژیوان لە ناکۆکییە جەوهەرییەکاندا. ئەو دادگایە حوکمەکانی خۆی بەگوێرەی تێگەیشتنی خۆی لە دەستوور دەدات، رەنگە لەگەڵی کۆک بین و رەنگە نەشبین، بەڵام بڕیاری خۆیەتی و لەسەر بنەمای دەستێوەردانی سیاسی نییە وەکو دەگوترێ.
 
رووداو: پرسیار هەیە لەسەر پێکهاتەی دادگاکە، دەگوترێ بەپێی دەستوور دادگاکە خۆی دەستووری نییە. پێتوایە دوای هەڵبژاردنی 2025 پێویست دەکات پێداچوونەوەیەک بە پێکهاتەی ئەو دادگایە بکرێت و بەپێی دەستوور بێت؟
 
عەممار حەکیم: بەڕاستی دەبێ جیاوازی لەنێوان دوو شت بکەین، یاسای دادگا و ئەندامەکانی ئەو دادگایە. یاسایەکی نوێ بۆ دادگای فیدراڵی لەبەر رۆشنایی دەستووری عێراقیدا، ئەمە داڕێژراوە و خراوەتە بەردەم ئەنجوومەنی نوێنەرانیش. لە 2013 یشەوە هەتا ئەمڕۆ پەسەند نەکراوە، چونکە پێویستی بە دەنگی دوو لەسەر سێیە چونکە بە پرۆژە یاسایەکی ستراتیژی هەژمار دەکرێ. هەندێ تێبینیش هەبوون کە زۆرینەیان لای برایانمانەوە بوون لە کوردستان، ئێمە رێزی ئەو بۆچوونەی ئەوانمان گرت.. ئەو تێبینییانە بوونە رێگر لەوەی ببێتە یاسا. بەڵام ئەو دادگایە بەگوێرەی یاسا بەرکارەکان کار دەکات، هەمووشمان دەزانین ئەمڕۆ دەوڵەتی عێراق لە زۆر مەسەلەدا هەر بۆ یاساکانی پێش 2003 دەگەڕێتەوە. هەر یاسایەک لەم وڵاتەدا وەکو یاسای بەرکار دەمێنێتەوە تا ئەوکاتەی یاسایەکی نوێ دەردەچێ. ئەندامەکانی ئەو دادگایەش لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقدا هەڵبژێردراون و بە کۆی دەنگیش دەرچوون، هەموو نوێنەرەکانی کوردستانیش دەنگیان بۆ داون. ئەندامە کوردەکانی ناو ئەو دادگایەش لەلایەن کوردستان خۆیەوە بەربژێر کراون. بۆیە وەکو دادگا شەرعییە، وەکو یاسای دادگا هەتا ئێستا پەسەند نەکراوە، بەڵام یاسای بەرکار هەن کە ئەم دادگایە پشتیان پێ دەبەستێ.
 
رەشاد ئەحمەد: بەناوی خوای گەورە و میهرەبان. سەرەتا بەخێرهاتنی سەید عەمار ئەلحەکیم دەکەم. سوپاس بۆ رێکخەرانی ئەم بەرنامەیەش. پێش پرسیارەکەم تێبینییەکی بچووکم هەبوو.. من رەشاد ئەحمەدم لە پارێزگای ئەنبار و لە شاری رومادی. پێش پرسیارەکەم تێبینییەکم هەبوو. لەم ماوەیەی دواییدا تێبینی دەکەم دۆزی فەلەستین لەبیر دەکرێ چ لای حکومەتەوە و چ لای هاونیشتیمانیانەوە. مادام ئەمڕۆ هەموو رەنگەکانی گەلی عێراق لێرە کۆبووینەتەوە، داوا لە بەڕێزتان دەکەم سورەتێکی فاتیحە بنێرین بۆئەوەی جەخت لە پشتیوانیمان بۆ دۆزی فەلەستین بکەینەوە. پرسیارەکەم بۆ سەماحەتی سەید لەبارەی دوایین گۆڕانکاریەکانی سەر گۆڕەپانی سیاسیی عێراقییە و بەتایبەتیش ئەوەی پەیوەندی بە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقەوە هەیە. دوای ئەوەی بەڕێز حەلبووسی سەرۆکایەتی ئەنجوومەنەکەی بەجێهێشت، ئەو قۆناغە چۆن هەڵدەسەنگێنن؟ پێتوایە لە ماوەی داهاتوودا ئەو کورسییە هەر بە بەتاڵی دەمێنێتەوە تا هەڵبژاردنی داهاتوو جا یان هەڵبژاردنی پێشوەخت یاخود هەڵبژاردنی ئاسایی؟ لە حاڵەتی هەڵبژاردنی سەرۆکی ئەنجوومەندا، بەڕای تایبەتی خۆت ئەو هەلە بە کێ دەدرێ کورسی سەرۆکایەتی بباتەوە؟
 
عەممار حەکیم: سوپاس.. بەڕاستی سوپاسی ئەو برا بەڕێزە دەکەم بۆ خستنەڕووی بابەتی هەستیاری فەلەستین و دۆزی فەلەستین و گەلی فەلەستینی زوڵملێکراو. گەلێک بە بەرچاو و گوێی جیهانەوە لەناودەبرێ و خوێنی لەبەر دەچۆڕێ، ئەم گەلە بە چەک و جبەخانەیەک دەکوژرێ کە جیهان سەرلەبەری بۆ ئیسرائیلیان دابین کردووە. ئەو چەک و بۆمبانەی بەسەر خەڵکی فەلەستیندا بەردەدرێنەوە چەکی رۆژئاوایین، دراونەتە ئیسرائیل ئەو گەلە زوڵملێکراوەی پێ بکوژێ. زیاتر لە 30 هەزار شەهید دراوە. زیاتر لە 70 هەزار بریندار هەن. کارەساتێکی گەورەیە، کۆمەڵکوژییەکە بەبەرچاو و گوێی جیهانەوە و هەتا ئێستاش لایەن هەن لەنێو ئەنجوومەنی ئاسایشدا و لە نەتەوەیەکگرتووەکان ڤیتۆ بەکاردێنن دژی هەر هەنگاوێک لە بەرژەوەندیی فەلەستین بێت، جا بۆ دانپێدانان بێت بە دەوڵەتی سەربەخۆ، بۆ مافەکانی بێت یان تەنانەت بۆ راگرتنی جەنگ. چەندین جار تێبینی ئەوەمان کردووە تا ئەم بڕیارەی کۆتایی ئەنجوومەنەکە بۆ راگرتنی جەنگ دەرچوو، بەڵام ئیسرائیل گوێی نەدایە بڕیارەکە. بیهێننە پێش چاو هەر دەولەتێک لەم دنیایە بڕیار لە دژی لە ئەنجوومەنی ئاسایشەوە دەرچووبێ و وەڵام نەداتەوە، چی روودەدات؟ دەستبەجێ هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی و دەیان دەوڵەت دەچنە هاوپەیمانییەوە و بەزەبری چەک ئەو دەوڵەتە ملکەچ دەکەن لەبەرئەوەی لە بڕیارەکانی ئەنجوومەنی ئاسایش یاخی بووە، تەنیا ئیسرائیل لەم بنەمایە بەدەرە بەداخێکی زۆرەوە. ئێستا هیچ کەس قسە ناکات کە بڕیاری ئەنجوومەنی ئاسایش جێبەجێ نەکراوە، بگرە زیاتریش پێ درێژ دەکات بۆئەوەی پەلاماری رەفەح بدات لەکاتێکدا ئەو ژمارە زۆرەی فەلەستینییەکان لەوێن. ئازادیی رادەربڕین جوانە، کاتێک بێڕێزی بە پەیامبەری خودا دەکرێ ئازادیی رادەبڕینە. کاتێک قورئانی پیرۆز دەسووتێ، ئازادیی رادەربڕینە ناتوانین هیچ بکەین، یاسا رێگە نادا. وەختێ پیرۆزییەکانی ئێمە دەکرێنە وێنەی کاریکاتۆری، ئازادیی رادەربڕینە، بەڵام تویتێکی گلەیی لە ئیسرائیل، ئەوە دژایەتیی سامییە و دەبێ تاوانبار بکرێ با سەرۆکی زانکۆی هارڤاردیش بێت، دەبێ دەست لە پۆستەکەی هەڵگرێ، چونکە هاوسۆزیی بۆ فەلەستین دەربڕیوە. ئەمەیە ئازادیی رادەربڕین. مافی مرۆڤ، مافی ژن، مافی منداڵ، ئەگەر لە ئۆکراینا شتێک رووبدات تێدەپەڕێ، بەڵام لە فەلەستین نە منداڵ مافی هەیە و نە ژن و نە مرۆڤ، ئەم دووفاقییە لە پێوەرەکاندا، ئەوەی کە ئەم پێوەرانە لەسەر کۆمەڵێک جێبەجێ ببێ و لەسەر کۆمەڵێک جێبەجێ نەبێ، ئەمە شارستانێتی رۆژئاوا دەخاتە بەردەم ئاڵنگارییەکی مەزنەوە. چۆن دەتوانێ بەرگری لەخۆی بکات؟ لەبەردەم ئێمە موسوڵماناندا نا. ئێستا دەبینن لەبەردەم زانکۆکانی ئەمریکادا خەڵک ناڕەزایی دەردەبڕن. خۆپیشاندانی سەدان هەزار کەسی لە ئەوروپا و شوێنانی دی دەبینین. ئەمانە زۆریان هەر موسوڵمانیش نین، بەڵام وا دەبینن خەلەلی گەورە پەیدا بووە و کێشە هەیە. تکام وایە ئێمەش ئەمە لەبەرچاو بگرین و پێشموایە ئەم قەیرانە زۆر حەقیقەتی بۆ رووتکردینەوە و خستییە بەرچاوی کۆمەڵانی خەڵک. دەریخست چۆن دروشم بەرز دەکەنەوە و بەڵام بەکردەوە پێچەوانەکەی دەکەن. بەڵام مەسەلەی سەرۆکایەتی پەرلەمان، وەکو گوتم ئێمە بەلامانەوە گرنگ بوو لەنێوان هاوبەشەکاندا نەگۆڕێ بۆ شکاندن. خۆ دەکرا بچینە بەرەیەک لە دژی ئەوی دی و کەسێک بێت ببێتە سەرۆکی پەرلەمان، بەڵام نیوەکەی دیکەی ئەو پێکهاتەیە وا هەستیان دەکرد کە شکاون و دیسان دەکەوتنەوە ئاژاوەنانەوە و پەکخستنی دانیشتنەکانی پەرلەمان و بایکۆت و.. بەوجۆرە دەکەوتینە کێشەیەکی بێکۆتاییەوە. ئێمە سەرۆکێکمان بۆ ئەنجوومەنی نوێنەران دەوێ کە کۆتایی بە قەیرانەکە بهێنێ نە ببێتە سەرەتای قەیرانێکی نوێ، بۆیە هەوڵی خۆمان خستەگەڕ بۆ بەدیهێنانی جۆرێک لە سازان. دەرفەتی پێویستمان رەخساند، پاش تێپەڕینی نزیکەی حەوت مانگ، هەفتەی داهاتوو پشت بە خوا دوا مۆڵەت دەبێ بۆ یەکلاکردنەوەی.
 
ئەحمەد حەسەن: سەماحەتی سەید عەمار ئەلحەکیم، بەڕێزان ئامادەبووان سڵاوتان لێبێ. من ئەحمەد حەسەن بەهادلی لە پارێزگای میسانەوە، دەرچووی کۆلیژی ئاداب بەشی ئینگلیزی. بەڕێز سەماحەتی سەید، هەمووان دەزانن کە بەداخێکی زۆرەوە میسانی نەوت و میسانی سامانی هەمەجۆر و میسانی شوێنەوار و زۆنگاوەکان، میسانی شەهیدان و میسانی تووشبووان بە نەخۆشییەکانی شێرپەنجە بەهۆی کێڵگەکانی نەوت کە بەداخەوە کەسیش وەبەرهێنانی تێدا ناکات.. ئەمەی گاز و غەیری گاز کە خێزانەکانمان لەناودەبات. میسان بەدەست کەمیی خزمەتگوزاری و پشتگوێخستنی روون و ئاشکرای حکومەتە ناوەندییەکانی پێشتر و ئەوەی ئێستاشەوە دەناڵێنێ. بەجۆرێک زۆرینەی پرۆژەکانی ئێستای میسان پرۆژەی ناوەندین، ساڵانێکی زۆریشە و هەتا ئێستاش راوەستاون بێ هیچ چاودێری و لێپرسینەوەیەک. لەسەر هەموویشیان گومانی گەندەڵی هەیە، دەستەی دەستپاکی ئەوە دەزانێ و بەداخەوە بابەتەکەیان خستووەتە لاوە و لێگەڕاون عەمارە بکەوێتە دەستی ئەو دێوانەی هەلەکەیان قۆستووەتەوە. بۆیە داوا لە بەڕێزت دەکەین لەڕێی ئەو کاریگەرییە سیاسییەی هەتانە، بەو سیفەتەی خاوەن بڕیارن، گوشار بخەنە سەر حکومەتی ناوەندی بۆئەوەی گرنگی بە میسان بدات و پرۆژەکان بە جووڵە بخاتەوە وەکو هەموو پارێزگاکانی دی. میسان پێویستییەکی زۆری بەو شتانە هەیە کە لێی دزراون، لەوانە بەشە ئاوی پارێزگاکە بۆ گەڕاندنەوەی ژیان بۆ زۆنگاوەکانی. هەروەها دۆزینەوەی چارەسەرێک بۆ وەبەرهێنان لە گازی هاوەڵ کە وا خەریکە خێزانەکانمان لەناودەبات و زۆر سوپاس.
 
عەممار حەکیم: دەزانن میسان دووەم گەورەترین پارێزگای ئێمەیە لەڕووی بەرهەمی نەوتەوە. رۆژانە 420 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەمی هەیە، لەدوای بەسرە پارێزگای دووەممان میسانە. هەفتەیەک لەمەوبەر سەردانم کردن، بە ناوچەکانیدا گەڕاین و گوێمان لە عەشایر و لە دەستەبژێر و گەنجەکانیان گرت و هەندێ لە سکاڵاکانیشیانم گەیاند. ئێستا حکومەتێکی لۆکاڵیی نوێیان هەیە، پارێزگاری نوێ و خوێنی نوێ کە حەزدەکەن شتێک پێشکەش بکەن، بە گرێبەستەکان و کێشەکانیاندا دەچنەوە و دانوستاندنی نوێ لەگەڵ ئەو کۆمپانیایانە دەکەن کە کارەکانیان دواکەوتوون. هیوادارم ئەوەی لە حکومەتی نوێی میساندا بەدیم کرد لە خواست و ئیرادە بۆ کاری مەزن، هیوادارم لە ماوەی داهاتوودا بتوانن ئەوانە بکەن.
 
زینە حەداد: سەرەتا سڵاوێکی گەرم بۆ ئێوە بەڕێز عەمار ئەلحەکیم. من وەکو تورکمانێک هەستم کرد لێرە لەنێوان عەرەب و کورد دەنگمان بزر بووە.
 
رووداو: بەڵام جلوبەرگەکەت تورکمانی نییە
 
زینە حەداد: ئاساییە، لە هەرێمی کوردستان دەژیم. سوپاس. من زینە حەدادم، قوتابیی راگەیاندن لە زانکۆی جیهان، هەولێر. پرسیارەکەی من، ئەوەی پەیوەندی بە ململانێی سیاسی شیعە و شیعەوە هەیە، دیارترین هۆیەکانی چین و چارەسەرەکان چین؟
 
عەممار حەکیم: جوانە. ئەگەر تێبینی قۆناغی یەکەمی پاش 2003 تان کردبێ، ماوەی ساڵانێک ململانێکە لەنێوان پێکهاتەکان بوو، شیعە لەگەڵ سوننە، عەرەب لەگەڵ کورد و کورد لەگەڵ تورکمان، ئێستا دەبینین ئەم ململانێیانە دەگۆڕێن بۆ ململانێی نێو پێکهاتەکان خۆیان. ململانێی شیعی و شیعی، سوننی و سوننی، کورد و کورد، تورکمان و تورکمان. ئایا ئەمە دیاردەیەکی تەندروستە؟ ئەمە پێشکەوتنە یان پاشەکشە؟ من وەکو خۆم بە پێشڤەچوونی دەزانم. بڵێن چۆن؟
چۆن؟ وەختێ ململانێ لەنێوان دوو هێزی شیعی و سوننی بوو، ئەمە دادەبەزێ بۆ کۆمەڵگەش. کۆمەڵگە لەم ململانێ تائیفیەدا دابەش دەبێ. کاتێ ململانێکە عەرەبی کوردی تورکمانی بوو، دەگوازرێتەوە بۆ نێو خەڵک و دیواری کۆنکریتی دادەنرێ، بەڵام ململانێی نێو یەک ماڵ، ململانێی شیعە و شیعە، ئەمە دەبێتە ململانێی تائیفی؟ خۆیان یەک تایفەن، ململانێکە سیاسییە. ململانێی سوننی سوننی، ململانێیەکی سیاسییە. ململانێی کورد و کورد، ململانێیەکی سیاسییە. ململانێی سیاسی جێی نیگەرانی نییە. دەوڵەتان هەموویان، دیموکراسییەکان لەسەر یار و نەیار دامەزراون. ململانێی سیاسی بەرهەمێکی باشتری لێ دەکەوێتەوە، هەڵەکان بەدیاردەکەون، گوشار بۆ باشترکردنی ئەدا زیاتر دەبێ و ئەمانەش هەموو لە بەرژەوەندیی خەڵکن، بۆیە پێموایە ئێمە، بڕوانن ئێستا قەیرانی پەرلەمان چەندە قووڵە، ئەوە حەوت مانگە، بەڵام گوێت لە قسەی تائیفی نابێ، کۆمەڵگە دابەش نەبووە. تۆ تەنیا دەتەوێ بزانی کێ دەبێتە سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران، فڵان بەڕێزە یان فیسار بەڕێز، بۆئەوەی رێزی هەمووی بگرین، ئەمە بۆ وردەکارییەکانی دیکەش هەروایە. من پێموایە گواستنەوە لە ململانێی پێکهاتەکانەوە بۆ ململانێی نێو یەک پێکهاتە، ئەمە ناکۆکیی سیاسییە و لە سیستەمی دیموکراسیدا ئاساییە بە مەرجێک؛ مەرجەکە ئەوەیە ئەم ململانێیە بەباشی بەڕێوەببەین، یاسا دابنێین بۆ ئیدارەدانی ناکۆکی. ئەگەر ئەو یاسایانەمان دانان، ئەوکاتە دەتوانین کێشە سیاسییەکانمان چارەسەر بکەین و ململانێ سیاسییەکەش گوشار دروست دەکات بۆ باشترکردنی خزمەتگوزاری.
 
خوێندکار: بەناوی خوای گەورە، سڵاوێکی گەرم بۆ هەموو ئامادەبووان، لە هەموو پارێزگاکانی عێراقی خۆشەویستەوە بەخێربێن لە هەر شوێنێکەوە هاتوون. سڵاوێکی گەرم بۆ جەنابی بەڕێز عەمار ئەلحەکیم، جوانترین سڵاوت لێبێ. لە باوەشی زانکۆی بەغدا، زانکۆی دایک، ئێستا نازانم ئێمە میوانی بەڕێزتین یان بەڕێزت میوانی ئێمەی.. خودا بتانپارێزێ.
 
با لەگەڵ بەڕێزت بگەڕێینەوە بۆ هەڵوێستێکی سیاسیی پێشوو مادام باسی کاروباری سیاسی دەکەین. با لەگەڵ بەڕێزت باسی مەسەلەی کشانەوەی پێکهاتەیەکی گرنگی نێو پرۆسەی سیاسی بکەین کە ئەویش رەوتی سەدرە. ئەو کشانەوە لەناکاوە کە پرۆسەی سیاسی شۆک کرد و ئەو دەستلەکارکێشانەوە چاوەڕواننەکراوانەی درانە ئەنجوومەنی نوێنەران و سەرۆکی پێشووی ئەنجوومەنی نوێنەران. من ئەم باسە لەگەڵ بەڕێزت دەوروژێنم چونکە بەڕێزت پەیوەندی باشت لەگەڵ هەموو لایەنە سیاسییەکان هەیە و هێڵێکی روون و راشکاوت لەگەڵ هەموو لایەنە سیاسییەکان هەیە، من دەمەوێ لە بەڕێزتەوە تێبگەم، هیچ هۆکارێکی راستەقینە لەپشت کشانەوەی رەوتی سەدر لە پرۆسەی سیاسی هەبوو؟ بۆ ئەمانەتیش بڵێم ئەوە زیانێکی گەورە بوو یەکەم بۆ شیعە و دووەم بۆ پرۆسەی سیاسی، چونکە هەرچۆن بێ برای ئازیزی ئێمەن. دەمەوێ رای تۆ لەو کشانەوەیە بزانم، ئایا هیچ لێکەوتەیەکی هەبوو، هیچ چارەسەرێک هەبوو، هیچ شتێکی نوێ بۆ ئایندە دەبێت؟ من ناوم هانی ئەلعاتی- یە، قوتابی کۆلێژی راگەیاندنم لە زانکۆی بەغدا. رۆژنامەنووسم و ئامادەکار و پێشکەشکاری بەرنامەم. سلاوم بۆ بەڕێزت و زۆر سوپاس.
 
عەممار حەکیم: جارێکی تر دەیڵێمەوە ناکۆکیی سیاسی جێی نیگەرانی نییە، بەپێچەوانەوە شتێک بۆ واقیعی ئێمە ئیزافە دەکات. بۆیە هەر رەوتێکی سیاسی دووربکەوێتەوە ئەوە بە زیانی وڵاتە. بەڕێز حەلبووسی پەیوەندی پێوەکردم، گوتی برایانی سەدری ئاگاداریان کردوومەتەوە کە دەستیان لەکار کێشاوەتەوە و نوێنەریان لە رێگایە نامەی دەست لەکارکێشانەوەکانی پێیە، 73 نامە، رای تۆ چییە و چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەوە بکەم، وەکو برایەک راوێژ بە تۆ دەکەم. گوتم وەڵا برا، ئەبو ڕێکان، هیوادارم هیچیان قەبووڵ نەکەی، تەلەفۆنەکەت هەڵگرە و پەیوەندییەک بە سەماحەتی موقتەدا سەدرەوە بکە، هەوڵ بدە پاشگەزی بکەوە لەو بڕیارە و قایلی بکە کە قەوارەی سەدری لە ئەنجوومەنی نوێنەراندا بە هەمان کارایی و کاریگەری بمێننەوە، ئەگەر رەزامەندی دا ئەوە کارێکی باشت کردووە و ئەگەریش هەر پێداگر بوو لەسەر کشانەوە، تۆ واژۆی مەکە. گوتی ئەی ئەوسا چی بکەم؟ گوتم بانگەوازێک بۆ سەرکردە سیاسییەکان بکە، با کۆبینەوە و تاوتوێی مەسەلەکە بکەین و شاندێک بنێرینە لای سەید سەدر، لەوێ بە هەموومان داوای لێدەکەین بە بڕیارەکەیدا بچێتەوە، ئەگەر دوای ئەوەش هەر سوور بوو لەسەر هەڵوێستی خۆی، ئەوە بڕیار لای خۆیەتی چی لەو قەوارەیەی خۆی دەکات و ئێمەش لەگەڵی دەڕۆین، بەڵام هەر لە یەکەم هەنگاودا با لەگەڵی نەڕۆین. ئەوە قسەی من بوو بۆ بەڕێز حەلبووسی لەوکاتەدا. پێموابوو مانەوەی رەوتی سەدر لەنێو پرۆسەکە سوودبەخشە بۆ خۆیان و بۆ ئێمە و بۆ هەموو لایەک، بەڵام ئەوە بڕیاری خۆیان بووە و ئێمەش رێزی ئەو بڕیارەمان گرت. لەو باوەڕەشدام سەماحەتی و برایانی دیکەی سەدری بەو لۆژیکە بیریان دەکردەوە کە ئەم تەوافوق و شتە شتێکی ئەوتۆی بەرهەم نەهێناوە با بیگۆڕین بۆ هاوکێشەی یار و نەیار، جا یان ئێمە لایەنگر دەبین و با ئەوانی دی ببنە ئۆپۆزسیۆن، یان ئەگەر ئەوان دەمێننەوە ئێمە دەبینە ئۆپۆزسیۆن و شێوەیەک دەدەینە ئەم دوالیزمە، رەنگە ئەمە ئەو فەلسەفەیە بێت کە وای لە برایانی سەدری کردبێ بکشێنەوە. دیارە کشانەوە لە ئەنجوومەنی نوێنەران کشانەوە نییە لە رەوشی گشتی و گرنگیدان بە کاروباری گشتی، بەڵام پێموایە بەشداریی هەمووان مەسەلەیەکی گرنگە. بەم دواییە کە پارتی دیموکراتی کوردستان بەیاننامەی دەرکرد و گوتی ئێمە لە هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستاندا بەشدار نابین، ئێمە وەکو رەوتی حیکمە هیچ بەربژێرێکمان بۆ هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان نییە. مەسەلەیەکە پەیوەندی بە رووبەری کاری ئێمەوە نییە. خۆ دەکرا وەکو بێلایەنێک سەیری مەسەلەکە بکەین، گرنگی بە بابەتەکە نەدەین و بڵێین پەیوەندی بە ئێمەوە نییە. بەڵام ئێمە وامان نەکرد. دەستبەجێ توویتێکم کرد و داوام لە پارتی دیموکراتی کوردستان کرد چاو بەو بڕیارەدا بگێڕێتەوە. تەلەفۆنم بۆ بەڕێز مەسعوود بارزانیش کرد و بە درێژی قسەمان کرد، بە هەموو رێگەیەک هەوڵم دا بەڕێزیان قایل بکەم کە بەشداری پارتی دیموکراتی کوردستان لە هەڵبژاردندا کارێکی سوودبەخشە بۆ خۆیان و بۆ هەرێم و بۆ عێراقیش. گرنگیدانمان بە بەشداریی هەموو هێزە سیاسییەکان و حوزوریان، لەگەڵیان کۆک دەبین ناکۆک دەبین بەڵام لەژێر بنمیچی پەرلەماندا گەرەنتی بەشدارییەکی بەرفراوان دەکات و سەقامگیری بۆ وڵات مسۆگەر دەکات و هەموو بیروڕا و ئاراستە و رەنگەکان لە گۆڕەپانی سیاسیدا دەبن.
 
عیسام عارف: سەماحەتی سەید عەمار ئەلحەکیم سڵاوتان لێبێ. من عیسام عارف قوتابی دکتۆرام لە بەشی ئابووریی دارایی لە پارێزگای سەماوە.. خوا بتانپارێزێ سەیدی خۆشەویست. ساڵی 2021 گەیشتمە ئەوەی بڕیارێکی تایبەت بدەم، دیارە بە راوێژ لەگەڵ چەند گەنجێک..
 
حەکیم: کشانەوە نەبێت..
 
- بەڵێ
عەممار حەکیم: بەس لە شوێنێک لە شتێک نەکشێیتەوە..نا با تەواوی بکەم. ئەمە بڕیاری ساڵی 2021 بوو، گوتمان دەبێ گەنجانیش نوێنەرایەتیی سیاسییان لەنێو ئەنجوومەنی نوێنەراندا هەبێ، بۆیە خۆم وەکو پاڵێوراوێک بۆ هەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ساڵی 2021 راگەیاند، وەکو پاڵێوراوێکی سەربەخۆ و نزیکەی سێ هەزار دەنگم هێنا، ئەوە بە کاری نزیکەی دوو مانگ پێش هەڵبژاردن. کێبڕکێیەکی سیاسی هەبوو بەڵام بەشێوەیەکی ئاشتیانە و رێزدارانە لەگەڵ کورسیی یەکەم یان دووەمی ئێوە کە حاجی ئەبو ئەحمەد بوو خوا بیپارێزێ. بەڵێ.. ئێمە هەموو بەربژێرەکان خەمەکانی پارێزگای خۆمان هەڵگرتبوو، کارمان بۆ پەرەپێدانی رەوشی ئابووری ئەو پارێزگایە دەکرد. من وەکو خۆم هەلی بردنەوەم دەستنەکەوت، بەڵام بەردەوام بووم لە هەوڵەکانی خۆم بۆ گەیاندنی دەنگی پارێزگاکەم بە کەسانی خاوەن بڕیار و ئەوانەی کاریگەرییان لەسەر بڕیاری سیاسی هەیە. ئەم بەرنامەیە هەلی ئەوەی بۆ رەخساندم کە رای خۆم دەربڕم و باسی پێداویستییەکانی پارێزگاکەم بکەم. لە ئەڵقەی پێنجەمدا جەنابی سەرۆکوەزیران محەممەد شیاع سوودانی میوانی ئەم بەرنامەیە بوو، پێشموایە ئەو قسانەی بۆ جەنابی سەرۆکوەزیرانم کردن کارێکی گرنگ بوو نەک بۆ خودی خۆم، بەڵکو بۆ هەموو دانیشتووانی پارێزگاکەم. من پێمگوت کە پارێزگای موسەننا یەکەمە لەڕووی هەژارییەوە، رێژەی هەژاران 72٪ی تێپەڕاندووە لەکاتێکدا پارێزگای موسەننا سەرچاوەی ئابووریی هەیە، بەڵام ئەو سەرچاوانە بەشێوەیەکی دروست کارا نەکراون، بۆیە داوام لێکرد دەروازەی جومەیمەی سنووری لەگەڵ عەرەبستانی سعودی بکاتەوە. ئەوە بوو بەڵێنی دا کە ئەو دەروازەیە دەکەنەوە و بەڕاستیش لیژنەیەکی بۆ پێکهێنا و ئێستاش لیژنەکە خەریکی کارە یاساییەکانی ئەو دەروازەیەن و لەم نزیکانە دەکرێتەوە. من وا سەیری دەکەم کە ئەوە دەستکەوتێکە بۆ خەڵکی پارێزگاکەی خۆمم بەدی هێناوە، بێگومان بە هەوڵی بەڕێزان ئەندامانی پەرلەمانیش کە لای خۆیانەوە کاریان بۆ کرد و هەروەها هەوڵی بەڕێزان ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگاش، بۆئەوەی هەوڵی کەسی تێدا بزر نەبێ. ئەو پرسیارەی دەمەوێ لە سەماحەتی سەید عەمار حەکیمی بکەم، بەو ئیعتیبارەی کە ئەم سەکۆیە ئازادیی قسەکردنی لەگەڵ خاوەن بڕیارانی سیاسی داوەتە ئێمە. من لە ساڵی 2010 وە هەتا ئێستا چاودێریی کاری بەڕێز عەمار حەکیم دەکەم. بەڕێز عەمار حەکیم پشتیوانی بەڕێز حەیدەر عەبادی بوو بۆ سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیران. پشتیوانی لە بەڕێز عادل عەبدولمەهدیش کرد و پاشان پشتیوانی لە بەڕێز مستەفا کازمی کرد و ئەمڕۆش دەبینین بەهێزەوە پشتیوانی لە جەنابی سەرۆکوەزیران محەممەد شیاع سوودانی دەکات و منیش وەکو خۆم لەگەڵ ئەو پشتیوانییەم، چونکە ژمارەیەک دەستکەوتی باشی هەبووە لەڕووی ئابووری و ئاواکاری، بەڵام پرسیارە گرنگەکە ئەوەیە ئایا بەڕێز عەمار حەکیم بەردەوام دەبێ لە پشتگیریکردنی جەنابی سەرۆکوەزیران بۆ خولێکی دیکە، یان حیساباتی دیکەی هەیە و گۆڕانکاری لەسەر گۆڕەپانی سیاسی دەبینین. ئەمە پرسیارەکەمە و ئەوەی دووەمیش چاڵنجێکە، ئەگەر گوتت قەبوڵی دەکەم، وەکو زانیویشمە سبەی گەشتێکیشت هەیە بۆ پارێزگای موسەننا، ئەگەر گوتت چاڵنجەکەت قبووڵ دەکەم قسە دەکەم، ئەگەریش گوتت قەبووڵی ناکەم قسە ناکەم.
 
عەممار حەکیم: فەرموون
 
خوێندکار: خوا بتپارێزێ. بەشبەحاڵی خۆم باوەڕم بەوە هەیە کە پۆستەکان لە پارێزگاکاندا و یان لەسەر ئاستی حکومەتی ناوەندیش، پشکی لایەنێکی سیاسی نین هێندەی ئەوەی مافی سیاسین. حیزبی سین یان جیم ژمارەیەک کورسیی پەرلەمان یان ئەنجوومەنی پارێزگا دەباتەوە و بەشێک لە پۆستە تەنفیزییەکانی وەبەردەکەوێ، من ئەوە باش دەزانم و تۆش پشتیوان بەخوا چاوت بەو برایانە دەکەوێ کە لە پارێزگای موسەننا کار دەکەن. ژمارەیەک بەڕێوەبەر و پۆستی دیکەی جێبەجێکار لە پارێزگای موسەننا هەن کە سەر بە رەوتی حیکمەن و هەموویان چوار ساڵ و هەشت ساڵ و هەیانە زیاتریشە لەو پۆستانەدان، تۆش لەنێو سیاسییەکاندا لەوانەی کە دیدێکی گەنجانەت هەیە بۆ توانابەخشین بە گەنجان کە بگەنە پلە و پۆستی جێبەجێکاری، ئەمەمان لە پارێزگای نەجەف بینی. ئایا سەماحەتی سەید عەمار حەکیم...
 
عەممار حەکیم: لە موسەنناش جێگری یەکەمی پارێزگار گەنجێکە..
 
خوێندکار: بەڵێ.. ئایا سەماحەتی سەید عەمار حەکیم بەم سەردانەی بۆ پارێزگای موسەننا گۆڕانکاری لەو پۆستانەدا دەکات و دەستی گەنجان دەگرێ لەو بوارەدا؟ سوپاس.
 
عەممار حەکیم: بەڕاستی ئێمە پێمانوایە بەڕێز سوودانی هەتا ئێستا بە ئاراستەیەکی دروستدا رۆیشتووە، خزمەتگوزاری پێشکەش کردووە و بووە بە چیرۆکێکی سەرکەوتن لە عێراقدا. ئەگەر لەسەر ئەم رێچکەیە بەردەوام بوو بۆچی بچین بۆ جێگرەوەیەک بگەڕێین کە لەوانەیە سەرکەوتوو بێت و لەوانەشە سەرکەوتوو نەبێ. ئێمە ئەوە چیرۆکێکی سەرکەوتن لەپێشمانە، باشە بۆچی هەلێکی نەدەینێ بەردەوام بێت؟ بەشبەحاڵی خۆم هیچ بە پێویستی نازانم بەڕێز سوودانی بە کەسێکی دیکە بگۆڕین ئەگەر لەسەر ئەم میتۆدە پۆزەتیڤەی ئێستا بەردەوام بوو. بەڵام سەید عەمار حەکیم بچێ بۆ پارێزگا، ژێراوژووری بکا، بەڕێوەبەر بهێنێ و خەڵک لابدات، حەقە ئێوە قەبووڵی نەکەن. لۆجیکی ئێمە لۆجیکی دەوڵەتە. دەوڵەتیش رێوشوێن و رێکاری خۆی هەیە. بەڕێوەبەر چۆن دادەنرێ و بەڕێوەبەر چۆن لادەبرێ یان چۆن دەگۆڕدرێ... نا.. راستە، بەشێکی ئیستیحقاقی سیاسییە، بەڵام تەنانەت ئەوەش هەر دەبێ بگونجێنرێ، بەڵێ هەرکات ئەو هەلە رەخسا، ئێمە هەمیشە گەنجەکان پێشدەخەین، جێگری یەکەمی پارێزگاری موسەننا، سەید موئەیەد لەبەرچاوە و دەزانن چۆنە، ئەمە بۆ پۆستەکانی دیکەش هەروایە و لە تەواوی عێراقیشدا هەروا، لە کوێ بوار هەبووبێ وامان بەباشتر زانیوە گەنجانی پڕ وزە بخەینە پێش، ئەوە پارێزگاری نەجەف و ئەوە پارێزگاری زیقار، جێگری پارێزگارەکان، لە هەموو ئەوانەدا گەنجانمان پێشخستوون.
 
خوێندکاری کەرکووک: سڵاوتان لێبێ، ناوم ئیرەمە و لە کەرکووکەوە هاتووم.. نازانم بە کوردی بیڵێم یان عەرەبی، بەڵام وابزانم عەرەبی قسە بکەم باشترە.. باشە دوو رۆژ پێش بەرنامەکە بەبیرم بهێنەوە بۆئەوەی لەبەری بکەم جارێک ڤیدیۆیەکی بەڕێزتم بینی، پرسیاریان لێکردی گوتیان کەرکووک بەلای تۆوە چییە؟ تورکمانیە یان کوردییە یان عەرەبیە، بەڵام تۆ وەڵامت دایەوە گوتت کەرکووک کوردییە.. گوتت کەرکووکییە ببوورە، بەڵێ گوتت کەرکووکییە. بەڵام رای بەڕێزت چییە ئەگەر کەرکووک کوردستانی بێت بۆ ئایندەی کەرکووک خۆی باشتر نییە؟ چونکە دوای ئەوەی، با زۆر نەچینە وردەکارییەوە، بەڵام دوای ئەوەی چەند رووداوێک لە کەرکووک روویاندا، کورد زۆر ئازاردران، عەرەب بە هەمان شێوە و پارێزگاکە بەگشتی بەرەو نەرێنی گۆڕا نە بەرەو باشتر، بۆیە دەمەوێ لە تۆ بپرسم، ببوورە لە بەڕێزت، رات چییە کەرکووک کوردستانی بێت؟
 
عەممار حەکیم: سوپاس. کەرکووک پارێزگایەکی عێراقییە، ناوچەیەکی هەمەڕەنگە بە پێکهاتە جیاوازە ئایینی و نەتەوەیی و مەزهەبییەکانی. کاتێک گوتم ناسنامەکەی کەرکووکیە، ئەوە ئەو شتەیە کە بەرژەوەندیی خەڵکەکەی گەرەنتی دەکات و رێز لە ناسنامەی هەموو پێکهاتەکانی دەگرێ. گەلی کەرکووک چییان دەوێ؟ حەقی خۆیەتی لەگەڵیان بین، هەرشتێکیشیان بوێت هەر کەرکووکی دەبێت، بۆیە ناسنامەکەی هەر بە کەرکووکی دەمێنێتەوە لە هەموو بارێکدا.
 
رووداو: ساڵی 2004 ئێوە زیاتر سەرقاڵی کاروباری کولتووری و پەروەردەیی بوون. باوکی بەڕێزتان لە مەجلیسی حوکم بوو. مام جەلال کۆمەڵێک نەخشەی مێژوویی برد بۆ سەر مێزی مەجلیسی حوکمی ئەوکاتە و باسی مێژووی کەرکووکی کرد. ئەو رۆژە هەموو بەڵگەکانی پێشاندا کە لە رووی مێژووییەوە کەرکووک خاکی کوردستانە. ئەو کاتە هەموو ئەندامانی مەجلیس بە باوکی بەڕێزیشتانەوە رازی بوون بەو بەڵگەنامانە. 
 
عەممار حەکیم: بەڕاستی من ئاگام لەو بەڵگەنامانە نییە، بەڵام هەمیشە ئەو ناسنامانەی کە ئەمڕۆ دێین و دیارییان دەکەین، لەلایەکەوە سەیری لایەنە مێژووییەکەی دەکەین و لەلایەکی دیکەشەوە سەیری ئیرادەی ئەمڕۆی خەڵکەکەی دەکەین. کەرکووک کوردی تێدایە کە نەتەوەیەکی گەورە و کاریگەرن لەو پارێزگایەدا، هەروەها عەرەب و تورکمان و خەڵکی دیکەشی تێدایە. پێموایە ئەوەی لەنێوان خۆیاندا لەسەری رێکدەکەون لەبارەی ناسنامەی ئەو ناوچەیە کە ناوچەی خۆیانە، من کەرکووکی نیم بەڵام رێزی خەڵکی کەرکووک دەگرم، ئەوەی ئەوان هەموویان لەسەری رێکدەکەون، ئێمەش پشتیوانی دەکەین لەبەرئەوەی زێدی ئەوانە و خاکی ئەوانە، کەواتە هەر هەنگاوێک کۆدەنگیی ئەوانی لەسەر بێت و لە چوارچێوەی عێراقێکی یەکگرتوودا بێت، ئێمەش پێشوازیی لێدەکەین. بۆیە سوورم لەسەر ئەوەی ناسنامەکەی کەرکووکییە و نوێنەرایەتی ئەو فرەڕەنگییە دەکات.
 
مریەم موبارەکە: سڵاوتان لێبێ. ناوم مریەم موبارەکە و خەڵکی حیللەم، قوتابی ماستەرم لە راگەیاندن. جەنابی سەید بەڕێزت هەمیشە جەخت دەکەیتە سەر رۆڵی کارای ژنان لە پرۆسەی سیاسیدا، بەڵام هەتا ئێستا نەمانبینیوە ژنێکی بنەماڵەی حەکیم بەشدارییەکی کارای لە پرۆسەی سیاسیدا هەبووبێ. سوپاس.
 
رووداو: پرسیارەکان قورسن. 
 
عەممار حەکیم: ناوەڵا ئاسانن، هەموویان ئاسانن. یەکێ لەو خوشکانە باسی کرد، گوتی میتۆدی رەوتی حیکمە یان خودی حەکیم؟ ئێمە وا بیردەکەینەوە کە دەبێ رووپۆشی ناوی حەکیم و تایتڵەکەی و ئەوەی کە بووە بە سیمبوڵی خێزانەکە، بکەینە رووپۆشێک بۆ کوڕان و کچانی گەنج، بۆیە بەلامانەوە گرنگە ئەوانەی لە بنەماڵەی حەکیمن، ژن بن یان پیاو، لە رووکارەکەدا نەبن و ئەو رۆڵە بدەینە خەڵکی دی. ئێستا تێبینی بکەن پارێزگارەکان، بەرپرسەکان، بەڕێوەبەرەکان و بریکارەکان هەموویان لە گەنجانی هۆزەکانن و گەنجی ئەم نیشتیمانەن کە باوەڕیان بە پرۆژەی حیکمە هەیە، هەر هەلێک بۆ حیکمە هاتبێتە پێش داومانەتە ئەوان. بۆیە پرسیار لە کچانی حیکمە بکە، لە خوشکانمان لەناو حیکمە، چەندمان بردوونەتە پێش؟ بڕۆ سەیری ئەو لیستە درێژەی ناوی خانمان بکە هەموویان ناوی حیکمە و حەکیمیان هەڵگرتووە.
 
زوحا مستەفا: سڵاوێکی گەرم. من زوحا مستەفا لە بەغداوە، چالاکی بواری ژنانم. پرسیارەکەی منیش لەو هاوڕێیەم نزیکە، مریەم. بەڵام.. دەزانین کە سەماحەتی سەید عەمار ئەلحەکیم پشتیوانی ژنانە و هەمیشە لە گوتارەکانیدا و لە تویتەکانیدا جەختی لەسەر دەکاتەوە. بەڵام تا ئێستا نەمانبینیوە بەشێوەیەکی دروست و روون پشتیوانی لە ژنان لە پرۆسەی سیاسیدا بکەن. تا ئێستا لە هەموو ئەو پلە و پۆستانەی بەر رەوتی حیکمە کەوتوون نەمانبینیوە ژنێک بۆ پۆستێکی جێبەجێکار پێشنیاز بکەن. رەوتی حیکمە هیچ ژنێکی بۆ پۆستی پارێزگارێک بەربژێر نەکردووە، یان وەکو وەزیر. کەواتە ئەم پشتیوانییە لە چیدا دیارە؟ سوپاس
 
رووداو: بە جەنابتم گوت پرسیارەکان قورسن
 
عەممار حەکیم: نا ئەمەش ئاسانە.. ئەو خوشکە بەڕێزە دەزانێ ئێمە لە 2010 و 2014 لە خولی دووەمی سەرۆکایەتی بەڕێز مالیکیدا بەشداری حکومەت نەبووین. 2014 بۆ 2018 بەشداریمان لە حکومەتی دکتۆر عەبادیدا کرد، بەڵام لە حکومەتەکانی بەڕێز عەبدولمەهدی و مستەفا کازمی و ئێستاش لە حکومەتی بەڕێز سوودانیدا بەشداریی حکومەتمان نەکردووە. بۆیە هیچ پۆستێکی وەزیرمان نییە تا بڵێین داومانەتە پیاوێک یان ژنێک. پارێزگارەکانیش، بێگومان پارێزگای نەجەفمان هەیە بە رەهەندە رەمزی و مەعنەوییەکەی و تایبەتمەندییەکەیەوە، دەبێ کەسێکی بۆ دەستنیشان بکەین کە کۆمەڵگەکە قەبووڵی بکات و بتوانێ مامەڵەی لەگەڵ بکات. ناتوانین ژنێک بسەپێنین. باوەڕمان بە توانادارکردنی ژن هەیە بەڵام بەشێوەیەک و بۆ پێگەیەک نا کە رەنگە وا دەربکەوێ ناتوانێ شتێکی ئەوتۆ بکات. دەبێ هاوکاریی ژنان بکەین بۆ گەیشتن بە شوێن و پێگەی ئەوتۆ بتوانن شتێک بەرهەم بهێنن، ئەگەر سەرکەوت و بەرهەمی هەبوو، ئەو سەرکەوتنە هێزێک دەداتە لۆجیکی ئێمەش بۆئەوەی رۆڵی گەورەتر و گەورەتر بە ژنان بدەین. تێبینی بکەن لە داڕشتنەوەی دەستووردا لەوانە بووین کە بەهێزەوە بەرگریمان لە دانانی کۆتای ژنان کرد. لەوکاتەدا لیستی داخراویش هەبوو، بۆ ئێمە کارێکی زەحمەت بوو خانمانی ئەوتۆمان دەستبکەون کە ناویان بخەینە لیستەکەوە و بێئەوەی هیچ هەوڵێکیان دابێ سەربکەون. پاشان بوو بە لیستی کراوە و وای لێهات زۆرینەی ژنان بەو کۆتایە سەردەکەوتن نە بە دەنگی راستەقینەی خۆیان. ئێستا لەپاش بیست ساڵ چەند ژنمان هەن کە بە دەنگی خۆیان سەرکەوتوون؟ کەواتە ئێمە هەنگاو بە هەنگاو بەرەوپێش دەچین لەڕووی بنیاتنانی واقیعێکی دروستەوە کە هاوکاریی ژنان بکات و هاوئاهەنگیش بێت لەگەڵ کولتووری عێراقی و بارودۆخی وڵات و کولتووری نێرسالارانەی کۆمەڵگەی ئێمەش بەداخەوە. من زۆر جار دەکەومە بەر هێرش و پەلامار و پلار هەر لەبەرئەوەی باوەڕم بە پێویستیی کارکردن هەیە بۆ بڵاوکردنەوەی کولتووری توانابەخشین بە ژنان. کۆمەڵگەی ئێمە بۆ ئەوە ئامادە نییە، ئامادەکردنی بۆ قەبوڵکردنی ئەو کولتوورە پێویستی بە کات و هەوڵی گەورە هەیە و ئێمەش لەسەر ئەو رێچکەیەین.
 
 
رووداو: قەناعەتت بەو وەڵامە هەیە؟... بۆچی پێمانبڵێ بۆ؟ من گوتم رەوتی حیکمە هیچ ژنێکی نەهێناوەتە پێشەوە بۆ پۆستێکی سەرکردایەتی یان جێبەجێکاری، بۆ نموونە پارێزگارێک یان وەزیرێک. تا ئێستا رەوتی حیکمەمان نەبینیوە ژنێکی بۆ پۆستێکی سەرکردایەتی پێشنیاز کردبێ..
 
عەممار حەکیم: منیش گوتم ئەوانەی تا ئێستا بۆ ئەو پۆستانە بەربژێرمان کردوون ژمارەیان زۆر کەم بووە، هەندێ لەو پێگانەش کۆمەڵگە قەبووڵی ناکات ژنێک لە بارودۆخێکی وەهادا لەوێ دابنێی، بۆیە ئێمەش نامانەوێ ژنێک تووشی شەرمەزاری بکەین. دەمانەوێ لە شوێنێک دایبنێین کە کۆمەڵگە قەبووڵی بکات و بتوانێ کارلێک بکات و سەرکەوتوو بێت. مافی خۆتە قەناعەت دەکەی یان نا، بەڵام ئەوە لۆجیکی منە.
 
رووداو: پرسیارێکی دیکەشم هەیە ئەگەر رێگە بدەن.. راستییەکەی هەوڵێکی زۆر هەیە بۆ هەموارکردنی مادەی 57 کە تایبەتە بە بەخێوکردنی منداڵ. دەمەوێ رای ئێوە بزانم، لەگەڵ هەمواری ئەو مادەیەن یان نا؟ سوپاس
 
عەممار حەکیم: سوپاس. من بەڕاستی لەگەڵ زۆرداری نیم. منداڵ پیویستی بە باوک و بە دایکیش هەیە. ماددەیەکی یاسایی دەرفەتی ئەوە بداتە دایک منداڵ داگیر بکات و باوکەکە ناچار بێ بپاڕێتەوە بۆئەوەی منداڵەکەی ببینێ ئەوە عادیلانە نییە و پێچەوانەکەشی هەر راستە. ئێمە پێویستمان بە عەدالەتە و منداڵ دەبێ بەشێوەیەکی دروست پەروەردە بکرێ و لە ریعایەتی دایک و باوکیشی بێبەش نەبێ.
 
رووداو: رەگەز ، سەماحەتی سەید ئەم کوڕە ساڵێکە یارمەتی ئێمە ئەدا لە بێستووک تۆک ، یەکەمجارە پرسیار دەکا لە بەرنامەکە ، با گوێمان لە پرسیارەکەی ئەو بێت.
 
رەگەز: سڵاو ، من ناوم رەگەزە لە شاری رانیەوە ، حەزدەکەم پرسیارەکەی من جیاواز بێت و دوور بێت لە سیاسەت و دین زۆربەی زۆری سیاسەتڤانانی عێراق سەروەتی خۆیان ئاشکرا ناکەن ، بۆیە من چاڵنجی بەڕێزتان دەکەم لەو بەرنامەیە سەروەتەکەی خۆت بۆمان ئاشکرا بکەیت. زۆر سوپاس.
 
عەممار حەکیم: بەهەرحاڵ، جاری وا هەیە خەڵک باوەڕ بە راستی ناکەن. باشترە ئەوە بۆ دەستەی دەستپاکی لێگەڕێین رای خۆی لەسەر ئەو بابەتە بڵێ. بەشبەحاڵی خۆم کوڕی سەید عەبدولعەزیز ئەلحەکیمم. سەید عەبدولعەزیز وەسێتێکی نووسیبوو، پاش کۆچی دوایی ئینجا کردمانەوە، نەماندەزانی چی تێدا نووسیوە. نووسیبووی هەرچی موڵکی منە و هەرچی وەکو دیاری بۆم هاتووە، ئەگەر نرخەکەی لە سەرووی نرخی شووشەیەک بۆن بوو ئەوە موڵکی من نییە، چونکە خەڵک ئەو شتانەیان داوەتە من نە کەسێکی دیکە. دیارییان داومەتێ لەبەر پێگەکەم، هی من نییە، موڵکی گشتییە و بۆ بەرژەوەندیی گشتییە. بۆیە تەنیا جلوبەرگە بەکارهاتووەکانی و هەندێ شتی بچووک و سادە ماون کە پاراستوومانن. لەوە بترازێ نە هیچی بەناوی خۆیەوە بوو نە بە موڵکی ئەویشمان دانا تا وەکو میراتگر لەنێوان خۆماندا بەشیان بکەین. ئێمەش هەر وامان کردووە. هیچ موڵکێک بەناوی منەوە نییە، بەڵێ موڵک و خانووبەرەمان هەیە بۆ کار، بەڵام بەناوی منەوە تۆمار نەکراون بەناوی قەوارەکە و دامەزراوەکەیە، بۆئەوەی بۆ بەرژەوەندیی گشتی بمێنێتەوە نەک بۆ خۆمان و بنەماڵەکەمان و ژن و منداڵەکانمان. نەخێر هەمووی موڵکی گشتییە. بۆیە ئەگەر ویستت وای دابنێی کە ئەوەی رەوتی حیکمەی پێ بەڕێوەدەچێ هەمووی موڵکی عەمار حەکیمە، رەنگە وا بیبینی کە بەڵێ شتی هەیە، ئەگەر دەشتەوێ باوەڕ بەم لۆجیکە بکەی، دەتوانم پێتبڵێم کە من هیچ شتێکم نییە بۆ خۆم، ئەوەی هەیە وا رەفتاری لەگەڵ دەکەم کە موڵکی گشتییە و خەرجی بەرژەوەندییە گشتییەکانی دەکەم.
 
رووداو: ئۆکەی دەستەکانت خۆشبێت.

 

حەنین حیکمەت: سڵاوتان لێبێ. پرسیارەکەی من.. سەرەتا خۆم بناسێنم، من ناوم حەنین حیکمەت لە کەرکووکەوە، قوتابی زانکۆی تکریتم. پرسیارەکەم ئەوەیە سەید عەمار حەکیم تەنیا پشتیوانی لە گەنجانی رەوتی حیکمە دەکات یان گەنجان بە هەموو بوارەکانی شارەزاییانەوە، سیاسی بن یان لە کۆمەڵگەی مەدەنی. واتە مەبەستم ئەوەیە ئەو گەنجانەی سەر بە بزاڤە نوێیەکانی لاوانن، ئێوە وەکو ئەوەی کە پشتیوانی لە گەنجانی نێو رەوتی حیکمە دەکەن، پشتیوانی ئەوانیش دەکەن؟ ئەگەر وەلامەکە بەڵێ بێت، ئایا مەرجی ئەوە بۆ ئەو رێکخراوە نوێیانە دادەنێن کە ببنە هاوپەیمانی ئێوە یان نا؟ ئەمە پرسیاری دووەمە، رات چییە ئەگەر نوێنەری ئەو شوێنە ژنێک بوو؟ سوپاس.
 
عەممار حەکیم: بەڕاستی بڵێم من هەمیشە خەریکم ئەو هۆشیارییە لەنێو حیکمە بڵاودەکەمەوە کە دەڵێم هەر گەنجێکی سەرکەوتوو سەرکەوتنێکە بۆ پرۆژەی ئێمە. پرۆژەی ئێمە پشتیوانییە لە گەنجان نەک پشتیوانی لە گەنجانی حیکمە. ئێمە لەنێو حیکمە تا ئاستێکی زۆر پشت بە گەنجان دەبەستین، بەڵام هەر گەنجێکی سەرکەوتوو چیرۆکی سەرکەوتنێکە بۆ پرۆژەی ئێمە، بۆیە بەڵێ پشتیوانی لە گەنجان دەکەین، لەنێو ئەوانەدا گەنجی سەرکەوتووش هەن کە سەر بە رەوتێکی سیاسی دیکەشن. پشتیوانییان دەکەین. توانایان پێ دەبەخشین، هەوڵ دەدەین پەرە بە تواناکانیان بدەین، بەرگری لە پێگەکانیان دەکەین، جار هەبووە زیاتر لەو حیزبانەش کە خۆیانی تێدان پشتیوانیمان کردوون. لایەنی بەرپرسمان قایل کردووە کە لەشوێنی خۆیان بیانهێڵنەوە یان هاوکاریی زیاتریان بکەن و بێ هیچ مەرجێکیش. هێزی سەربەخۆ و هێزی تازەپێگەیشتوو، رێکخراوی کۆمەڵگەی مەدەنی و هەتا دوایی، لای هەریەکیان لیستێک هەیە لەبارەی بڕ و قەبارەی ئەو پشتیوانییە بێمەرجەی پیشکەشمان کردوون بۆئەوەی تواناداریان بکەین و بیانپارێزین و کێشەکانیان چارەسەر بکەین. بێگومان هەر ژنێکی گەنجی سەرکەوتوو پێویستی بە هاوکاری بێت هاوکاری دەکەین وەکو هەر پیاوێک کە هاوکاری دەکەین.
 
رووداو: دەستەکانت خۆشبێت، پێش بەرنامەکە بە چەند خولەکێک یەکێک لە خوێندکارەکان هات لێی پرسیم ، گوتیان بێستوون ئەو کۆمپانیایانەی کە سپۆنسەرن چییان کردووە بۆ گەنجانی ئەو وڵاتە ! باشە ئەون چۆن بەشداری دەکەن لە خزمەتکردنی ئابووری وڵاتەکە ، منیش گوتم نوێنەری خۆیان لێرەیە با ئەو وەڵام بداتەوە ، ئینجا با گوێمان لە وەڵامی ئەوان بێت . ئێوە وەکو کەرتی تایبەت چۆن دەتوانن خزمەتی ئەو گەنجانە بکەن ؟ وە خزمەتی ئابووری عێراق بکەن بەشێوەیەکی گشتی ؟
 
سەباح ئەلجەنابی: زۆر سوپاس. من سەباح ئەلجەنابی، خوێندکاری دکتۆرام و لە گرووپی کۆمپانیاکانی سەرداریش کار دەکەم. وەڵامی پرسیارەکەی کاک بێستوون دەدەمەوە... پرسیاری ئەو خوشکە بوو.. تکام لە سەماحەتی سەید عەمار حەکیمیش هەیە کۆمێنتی لەسەر قسەکانم هەبێ. ئێمە لە گرووپی کۆمپانیاکانی سەردار وەکو دابەشکار ئیش دەکەین. دابەشکاریش لە عێراق بەداخەوە بەهۆی یاسای بریکارنامەی بازرگانی بەشێوەیەکی دروست پێناسە نەکراوە. سەرەڕای ئەوەی ئێستا دابەشکار خزمەتگوزارییەکی گەورەی ئابووری پێشکەشی وڵات دەکات. لەوانە رێکخستنی بازرگانیی کارخانە پیشەسازییە جیهانییەکان لە عێراق، هەروەها پیشەسازیی ئەو بەرهەمانەی بەتایبەتی بۆ عێراق دروست دەکرێن، لەوانە پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری لە ناوخۆی عێراق و دابینکردنی هەلی کار بۆ گەنجان و بەتایبەتی گەنجانی زانکۆ و رەخساندنی دەرفەت بۆئەوەی پەرە بەخۆیان بدەن و دەرفەتی ئەوەی ئایندەیەکی باش بۆخۆیان بسازێنن بەوپێیەی کەرتی تایبەت ئێستا هاوبەشێکی کارای کەرتی حکومییە لە دابینکردنی ئایندەیەکی باش بۆ هێزی کار و گەرەنتیکردنی ئایندەیان لەڕووی بابڵێین بیمەی تەندروستی و لەڕووی بیمەی کۆمەڵایەتی و هەتا دوایی. حەزدەکەم گوێم لە کۆمێنتی سەماحەتی سەید عەمار بێت لەسەر ئەوە. زۆر سوپاس.
 
 
عەممار حەکیم: بێگومان هەرکات دەبیستین کۆمپانیایەکی عێراقی کار دەکات و سەرکەوتووە و بەشدارە لە دەوڵەمەندکردنی واقیعی عێراقیدا پێی دڵخۆش دەبین. ئێمە ناتوانین بۆ ئابووریی خۆمان تەنیا پشت بە نەوت ببەستین. پێویستمان بە ئابووریی پێنج لایەنەیە، گرنگیدان بەمە و وازهێنان لە ئابووریی کرێ بەرەو ئابووریی هەمەچەشن: کشتوکاڵ، پیشەسازی، گەشتیاری، وەبەرهێنان و تەکنۆلۆژیا. بەم پێنج ئابوورییە ئینجا دەتوانین ئابووریی عێراق بەرزبکەینەوە و وا لە کۆمپانیا عێراقییەکان بکەین توانای بەرهەمهێنانیان هەبێ. بەم دواییە سەردانێکی ئیماراتی عەرەبیم کرد و چاوم بە رێزدار شێخ حەمەد بن زاید کەوت. پرسیارێکم لێکرد گوتم ئیمارات وەزارەتێکی هەیە بەناوی وەزارەتی هۆشی دەستکرد، لە هیچ وڵاتێکی عەرەبیدا نەمبیستووە وەزارەتێک بەو ناوە هەبێ، دەتوانی بۆمی روونبکەیتەوە چ هۆیەک لەپشت پێکهێنانی وەزارەتێک بەناوی وەزارەتی هۆشی دەستکردەوە بوو؟ وەڵامەکەی سەرنجڕاکێش بوو، گوتی سەید عەمار هەر چەند ساڵێکی کەمە و ئیدی مانای نەخوێندەواری دەگۆڕێ. ئیدی نەخوێندەوار کەسێک نابێ کە نازانێ بنووسێ و بخوێنێتەوە. نەخوێندەوار کەسێکە کە ئەم تەکنۆلۆژیا نوێیەی نییە. بۆیە لەم رووەوە پێشبڕکێ لەگەڵ کات دەکەین. عێراقیش دەبێ بەم چاوە بڕوانێ، کۆمپانیا نیشتیمانییەکانی خۆی بەهێز بکات. ئابووریی خۆی بکاتە پێنجی و خۆی لە ئابووریی نەوت رزگار بکات.      
 
رووداو: دەستەکانت خۆشبێت، زۆر زۆر گرنگە . نیو کاژێرمان ماوە و سەماحەتی سەید کاژێر حەوت بەجێمان دەهێڵێ ، لەو نیو کاژێرە دەمەوێ پرسیارەکانتان کۆبکەنەوە بۆئەوەی بتوانن زۆرترین پرسیار بکەن ، بەس با ئێستا دەرفەت بدەین بە خوشکێکی ئێزدیمان .
  
ساهیرە: بەڕێز سەید عەممار حەکیم سڵاوت لێ بێت، من ساهیرەم خەڵکی شەنگالم و ئاوارەم لە هەرێمی کوردستان بەپێی ئەوەی باسی ئاینەکان کرا و، لەبەر ئەوەی باسی سوننە و شیعە کرا و هەروەها پرسی فەلەستین، من دەمەوێت پێکهاتەی ئێزدیشتان بەبیر بهێنمەوە. ئەوان ماوەی زیتر لە نۆ ساڵە لە هەرێمی کوردستاندا ئاوارەن. پرسیارەکەم بۆ جەنابتان ئەمەیە: بۆچوونت چییە سەبارەت چوار ملیۆن..... پرسیارەکەم بۆ جەنابتان ئەوەیە ئایا پێت وایە چوار ملیۆن بەسە بۆ ئەوەی خێزانە ئێزدییەکان بگەڕێنەوە بۆ شەنگال، سەرباری ئەو زیانە زۆرە و ڕووخانی ماڵەکانیشیان؟ ئەمە پرسیارەکەی منە.
 
عەممار حەکیم: بەڕاستی پرسی گەلی ئێزدی برینێکە خوێنی لێ دەچۆڕێت لە دڵی هەمووماندا ئەوەی بە سەر ئەم پێکهاتە بەڕێزەدا هات لە بەئامانج گرتن و ڕفاندنی ئافرەتەکانیان و دەستدرێژی کردنە سەر ئەم پێکهاتەیە شتێکە گەورەیە. ڕەنگە ئەم پێکهاتەیە لە هەموو پێکهاتەکان زیاتر بووبێتە ئامانجی بەئامانجگرتنێکی ستەمکارانەی گەورە و چۆنایەتییانە و، ئێمە هاوسۆزین لەگەڵ ئێزدییەکان و پرسەکەیانمان بەرز کردەوە بۆ سەکۆ نێودەوڵەتییەکان. ئێمە لە ئەلحەکیم فاوندەیشن یەکەم دامەزراوەی نێودەوڵەتی بووین کە ژمارەیەک لە ئافرەتانی ڕزگاربووی ئێزدیمان بردە ناو نەتەوە یەکگرتووەکان و لەوێ کۆڕمان بەست و لە سەرەتاوە هەوڵی ناساندنی پرسەکەی ئەوانمان دا و، پاشتر بابەتەکە بووە بابەتی ڕای گشتیی جیهانی و ئێمە شانازی بەو پشتیوانییەوە دەکەین کە پێشکەشی دەکەین، هەروەها دووبارە بەیەکگەیشتنەوەی پێکهاتەی بەڕێزی ئێزدی. بێگومان ئەم پێشینانەی لەلایەن حکوومەتەوە دەبەخشرێن بۆ ئەوە نییە قەرەبووی ئەو زیانانە بکات کە بەریان کەوتوون بگرە بۆ یارمەتیدانیانە لە دەستپێکردنی سەرلەنوێ خۆڕێکخستنەوەیان و پێم وایە حکوومەتی عێراق ئیرادەی پێویستی هەیە بۆ یارمەتیدان و، هەروەها هەندێ ڕێکخراوی نێودەوڵەتی هەن یارمەتییان پێشکەش کردووە و دەیانەوێت یارمەتی پێشکەش بکەن. من بەردەوام گوتوومە ئەوەی خەرجی دەکەین یان دەوڵەت خەرجی دەکات بۆ هەر هاووڵاتییەک لە کەمپەکانی ئاوارەییدا لە ماوەی ساڵێکدا ئەگەر بۆ ماوەی دوو یان سێ ساڵ بدرێت بە ئاوارەکە خۆی، ئەوە دەبێتە بڕە پارەیەکی زۆر کە دەتوانێت بەهۆیەوە باری خۆی لە شارەکەی و لە زێدی خۆی ڕێک بخاتەوە و ماڵەکەی یان خانووەکەی نۆژەن بکاتەوە و لەم بابەتانە. ئێمە لەگەڵتانین لەوەی کە پێویستە پشتی ئەم پێکهاتە بەڕێزە بگیرێت و لە بنیادنانەوەی ناوچەکەی خۆی گەڕانەوەی بۆ سەر ماڵ و حاڵی خۆی یارمەتی بدرێت و لە زێدی خۆیان بە ئارامی و پارێزراوی بژین.

 

رووداو: باشە ، بەغداد
 
ئالائ محەممەد: سڵاو و ڕەحمەتی خواتان لێ بێت ئەمەی لەگەڵتانە و قسەتان بۆ دەکات ئالائی کچی محەمەدە، بە نوێنەرایەتیی پارێزگای بەغدا و چالاکی سیاسی و بەرگریکاری مافەکانی مرۆڤ و ئەندامی سەکۆی دیجیتاڵی ئەرینا دەمەوێت دوو پرسیار ئاراستەی سەماحەتتان بکەم پرسیاری یەکەم: گەڕانەوەی سەید موقتەدا سەدڕ بۆ گۆڕەپانی سیاسی چۆن دەبینیت، بە تایبەتیش کە عێراق نزیک بووە و بەرەو هەڵبژاردنی پەرلەمان دەچێت؟ پرسیاری دووەم: سەردانەکەی بەڕێز نێچیرڤان بارزانی بۆ ئێران چۆن هەڵدەسەنگێنیت بە تایبەتیش لە کاتێکدا کە پێش چوونی بۆ تاران گفتوگۆ لەگەڵ سەرکردە سیاسییەکان هەبوو؟ ڕێز

 

عەممار حەکیم: سوپاس بۆ ئێوە.. ئەو بابەتەی یەکەم پێشتر قسەمان لە سەری کرد و گوتمان سەماحەتی سەید سەدڕ و ڕەوتە سیاسییەکان پێشوازییان لێ دەکرێت و ڕاستەکە ئەوەیە کە ئامادەییان هەبێت و کارا و بەشدار بن و پانتایی خۆیان وەرگرن و نوێنەرایەتیی ئەو جەماوەرە بکەن کە لە پرۆسەی سیاسیدا نوێنەرایەتیی دەکەن و پێشوازییان لێ دەکرێت. سەبارەت سەردانەکەی ڕێزدار سەرۆکی هەرێم مامۆستا نێچیرڤان بارزانیی دۆست و برای ئازیزمان، لە ڕاستیدا پێم وایە هەنگاوێکی ڕاست و دروستە لە ئاستی عێراق و هەرێمی کوردستانیش کە پەیوەندیی هاوسەنگ لە کۆماری ئیسلامیی دراوسێمان و تورکیا و وڵاتانی عارەبدا بنیاد دەنێت و پەیوەندییەکانی لەگەڵ هێزە نیشتمانییەکانی عێراق و ئەم یەکتر تەواوکردنەی نێوان حکوومەتی فیدراڵ و حکوومەتی هەرێم و نەهێشتنی قەیرانەکان و سفرکردنی کێشەکان و لابردنی گومانەکان و هەڵوەشاندنەوەی گرێکوێرەکان و گومانەکان، هەموو ئەمانە هەنگاوی دروستن و مایەی پێشوازین و پێویستە پەیوەندی هاوسەنگ و باش لە سەر ئاست عێراق لەگەڵ هەموو وڵاتانی دراوسێ بنیاد بنێین. ئێمە دەزانین لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە هەندێک تێبینی هەبوون سەبارەت پەیوەندی لەگەڵ عێراق و هەرێم سەبارەت ئۆپۆزسیۆنی کورد و سەبارەت وردەکاریی دیکە و هەبوونی لایەنی دەرەکی و شتی دیکە. سەردانی کەسانی سەرکردە لە پێگەی بەڕێز نێچیرڤان و ڕوونکردنەوەی شتەکان و دڵنیاکردنەوەی دراوسێیەکەمان کۆماری ئیسلامی، پێم وایە هەنگاوێکی دروستە.
 
رووداو: دەستەکانت خۆشبێ ، فەرموو
 
شەهریڤان چاڵی: دەرچووی زانکۆی لوبنانی-فەرەنسی . پرسیارێکم بۆ جەنابت هەیە و لە کوردستانیشەوە وەک کچێکی دیارییەکم بۆ هێناوی ئەگەر قبوڵی بکەی، پرسیارەکەم ئەمەیە ! چەپڵەکە بۆ دیارییەکەیە یان بۆ... وابزانم بۆ دیارییەکەیە ئەوەی بینیی بەشداریی تێدا کرد و ئێوەیش هاوبەشمانن تیایدا پرسیارەکەم ئەوەیە ، بەڕای ئێوە شەرم نیە کە عێراق بوودجە وەک ئامرازێکی سیاسی دژی هەرێمی کوردستان بەکاردەهێنێت ، تۆ وەک سیاسییەک ئەو شتە وەک شەرمەک نایبینی کە هەرێمی کوردستان بێ مووچە و بوودجە بێت ؟ 
عەممار حەکیم: بێگومان پەسەندکراو نییە بودجەی عێراق بۆ هەندێک لە عێراقییەکان بێت و بۆ ئەوانی دیکە نەبێت. بەڵام پرسیارەکە ئەوەی ئەو بودجەیە لە کوێوە دێت. لە سەدا 94ی بودجەی ئێمە لە نەوتەوەیە، ئەم نەوتەی عێراق لە یەک سەبەتەدا کۆ دەکەینەوە و بە سەر هەموو عێراقییەکاندا دابەشی دەکەین. هەموو چیڕۆکەکە بریتییە لەوەی گومان وایە پابەندیی هەرێمی کوردستان بێت لە ڕووی بەرهەمهێنانی نەوتەوە و ئەو نەوتە بخاتە سەبەتەکەی عێراق و زینجا بودجەکە بەش بکرێت بە سەر هەموواندا. ئەمە ئەو کێشەیەیە کە خراوەتە ڕوو و لەنێوان برایانی تەکنیکار لە وەزارەتە پەیوەندیدارەکان وردەکاریی زۆر هەیە سەبارەت ژمارەکان و ئەم شتانە. نە بەغدا و نە ئەندامانی ئەنجومانی نوێنەران و نە هیچ لایەنێکی عێراقی فیدراڵ نیازی ئەوەی نەبووە بودجە بۆ هەندێک لە عێراقییەکان ببات و هەندێکی دیکەیانی لێ بێبەش بکات. هەموو بابەتەکە بریتییە لەوەی لە کوێوە داهاتەکانمان دەست دەکەون و چۆن بودجەکە دابەش دەکەین. پێویستە کۆی بکەینەوە و، ئەگەر لایەنێک بۆچوونێکی هەبێت سەبارەت داهات، باشە، خەرجی لە داهاتەوە دێت، ئەمە هەموو ئەو شتەیە سەبارەت بەم بابەتە و سوپاس بۆ خوا پێشکەوتنێکی گەورە لە گفتوگۆکانی چارەسەی ئەم کێشەیەدا هەیە.
 
رووداو: دیارییەکەت ئەم پرسیارە بوو ؟ 

 

قوتابییەکە : ئاڵای پیرۆزی کوردستان پێشکەشت دەکەم ،  هیوادارم ئەو گفتوگۆیەمان ببێتە هۆی ئاشتی و برایەتی پێکەوە. ئەو گوتی دیارییەکت دەدەمێ بەڵێ ئەو گوتی دیارییەک بە جەنابت دەدات
 
رووداو: سەماحەتی سەید موحسین ئەلحەکیم ، مەرجەعی باڵا ، فتواکانی زۆر زۆر گرنگ بوون و لەیادەوەری دەستەجەمعی کورد و کوردستاند ماوەتەوە ، وە تاوەکو ئەمرۆش هەرێمی کوردستان شانازی دەکا بەو پەیوەندییەی کە هەیبوو لەگەڵ نەجەف و مەرجەعیەتدا ، ئێستاش کە ئەم دیارییەی بۆ جەنابت هێنا ، زۆر جێگەی سەرنجبوو بەلای منەوە ، ئەوە نیشانەی ئەوەیە کە لە یادەوەری نەوەی تازەشدا ئەوە بە زیندوویی ماوە کە باپیرەی جەنابت کردوویەتی بۆ هەموو خەڵکی عێراق و خەڵکی کوردستانیش.

 

عەممار حەکیم: دەیکەمە باخەڵمەوە.. ئەوەی بینیی بەشداریی کرد،، بەڵام ناتوانین ئەمە بە سەر ئێوەدا دابەش بکەین.. ئێوە تەماشای بکەن و من دەیخەمە باخەڵمەوە.
 
عەممار حەکیم: بە ڕاستی دیارییەکی بەنرخە و ئێمە پەیوەندییەکی قووڵمان هەیە لەگەڵ گەلی کورد و لە ماڵێکدا گەورە بووین کە لە منداڵییەوە ئێمەیان فێری خۆشەویستیی هەموو عێراق و کورد بە تایبەتی دەکرد. باپیرەم ئیمام سەید موحسین حەکیم لە ساڵی 1965دا کاتێک سوپایەکان بەرەو کوردستان جووڵەیان پێ کرا بە مەبەستی لەناوبردنی گەلی کورد و، حوکمڕانی ستەمکاری ئەو کاتە پێش ئەو هەنگاوە هەندێک لەوانەی کۆ کردەوە کە بانگەشەی زانستیان دەکرد، من پێیان ناڵێم زانایان بەڵکو بانگەشەی زاناییان لە جیهانی ئیسلامی دەکرد و، فتوایەکی لەوانە بەدەست هێنا کە گوایە گەلی کورد لادەرن واتە لە دەسەڵآت یاخین و پێویستە شەڕی لادەر بکرێت و، ئامانجەکە قڕکردنی گەلی کورد بوو. ئەوەبوو سوپاکان بەرەو کوردستان چووڵەیان پێ کرا بۆ لەناوبردنی گەلی کوردستان، لەو کاتەدا باپیرەم ئیمام سەید موحسین حەکیم فتوا بەناوبانگەکەی خۆی دەرکرد و شەڕی دژ بە گەلی کوردی حەرام کرد. زۆر لە ئەندامانی سوپای عێراق لەو کاتەدا موسڵمانی شیعە بوون و لە پەیڕەوانی ئیمام حەکیم بوون و، بەو فتوایە چەکیان فڕێ دا و، پرۆژەکەی دەسەڵات بۆ قڕکردنی گەلی کوردستان لەبار برا. ئیمام حەکیم لە پاش ئەو فتوایە دووچاری ئازاردانی زۆر بوو، ئەوە بوو نیشتەجێبوونی زۆرەملێیان بە سەریدا سەپاند و شەهید سەید مەهدی حەکیمی کوڕیان کردە ئامانج و بەوە تۆمەتباریان کرد کە سیخوڕە و ویستیان لە سێدارەی بدەن و لەو کاتە لە عێراق هەڵات و، بنەماڵەکە ڕووبەڕووی گوشاری زۆر بووەوە. هەندێک بە ئیمام حەکیمیان گوت تۆ عارەبی و ئەوان کوردن و تۆ موسڵمانی شیعەیت و ئەوان موسڵمانی سوننەن و لە پەیڕەوانی تۆ نین کەمێکیان نەبێت و، تۆ لە باشووریت و ئەوان لە باکور و، ڕەنگە کەس چاوەڕوانی ئەوە نەبووە تۆ شتێک بکەیت، دەتتوانی بێدەنگ ببیت و ئەوان خۆیان زانایانی خۆیان هەیە و ئەم شتانە. ئیمام حەکیم گوتی چۆن فتوایەک کە ڕشتنی خوێنی برایان ڕاگرێت من سڵ لە دەرکردنی بکەم. ئەو ئەم هەڵوێستەی ڕاگەیاند و ڕووبەڕووی لێکەوتەکانیشی بووەوە بۆ پاراستنی گەلی کوردستان. ئەم پەیوەندییە بەم بەستەرانە دەستی پێ کرد.
 
رووداو: منیش پرسیارێکم هەیە بۆ جەنابت باسی ئەوەتکرد کە زۆربەی خەڵک لەو کاتەیا موقەلد بوون بۆ سەید ئیمام موحسین حەکیم ، لە چەند رۆژی رابردوودا کە لەگەڵ ئەو گەنجانە ئامادەکاریمان دەکرد بۆ ئەو بەرنامەیە پرسیارێک درووست بوو کە تیمە نزیکەکەی ئۆفیسی جەنابیشت لەگەڵ ئەوانیش قسەمانکرد و گەنجەکان پرسیاریان دەکرد ، دەیانگوت زۆربەی کەسایەتییە سیاسییە عێراقیەکان دیارە موقەلیدی کێن ، بەڵام تاوەکو ئێستا سەماحەتی سەید ئەلحەکیم راینەگەیاندووە کە موقەلدی کام ئیمامە ! نازانم شتی وا هەیە ؟ جەنابت رایناگەیەنی ؟
 
عەممار حەکیم: وەک ئاشکرایە بابەتی پەیڕەوکاری بابەتێکی کەسییە و، مرۆڤ خۆی ئەو مەرجەعە دەستنیشان دەکات کە دەبێتە پەیڕەوکاری و ئەو بەو پەیڕەوکارییە خواپەرستی دەکات. بۆیە لەناو ئێمەدا باو نییە ئەو پەیڕەوکارییە ڕاگەیەنین بە تایبەتیش ئەگەر ئەو مەرجەعەی پەیڕەوی دەکەین دیار بێت و تەنانەت پاش مردنیشی دەشێت دەست بە پەیڕەوی ئەوەوە بگیرێت. ئێمە پەیڕەوکاری هەندێک مەرجەعین کە لە ڕابردوودا لە ژیاندا بوون و ئێستا نەماون و، بێگومان لە سەردەمی ئێستاماندا مەرجەعی باڵا سەید سیستانییە سایەی بەردەوام بێت.
 
خوێندکار: ئامادەبووانی برا، سەماحەتی سەید سڵاوی خواتان لێ بێت. دوو پرسیارم هەن، پرسیاری یەکەم کەسییە و، پرسیاری دووەم ئەوەیە کە سەید عەممار حەکیم لە ئەنجومەنی باڵای ئیسلامی دەرچوو و ڕەوتی حیکمەی نیشتمانیی دامەزراند، یەکەم: جیاوازیی نێوان ئەم دوو ڕەوتە یان ئەم دوو حزبە سیاسییە چییە؟ پرسیاری دووەمیش: ئەو ئاراستانە چین کە زیاتر یارمەتیی لاوان دەدەن، واتە کام لەم دوو حزبە ئەو ئاراستانەی هەیە کە زیاتر یارمەتیی گەنجان دەدەن؟ پرسیاری دووەم: کەی پیپسییەکەم دەدەیتێ؟ 
عەممار حەکیم: چی؟

 

خوێندکار: پیپسییەکە!
 
عەممار حەکیم: خاوەن ماف داواکەی دەخرێتە سەر چاو. راستییەکەی ئەنجومەنی باڵای ئیسلامیی عێراق قەوارەیەکی مێژوویی مەزنە و لە سەر دەستی مامەم ئایەتوڵڵا سەید محەمەد باقر حەکیم دامەزرا لەگەڵ ژ،ارەیەک سەرکردەی گەورەی عێراقی و، لە بەرەنگاربوونەوەی ڕژیم جێپەنجەی خۆی بەجێ هێشت و یەکێک بوو لە گرینگترین ڕووە سیاسییەکانی ئۆپۆزسیۆنی ئیسلامی لەو کاتەدا. پاش 2003 وەک دامەزراوەیەک ڕۆڵی بنچینەیی هەبوو و پاش کۆچی شەهید حەکیم باوکم سەید عەبدولعەزیز حەکیم سەرۆکی ئەم ئەنجومەنە بوو و ڕۆڵێکی بنەڕەتیی لە داڕشتنی دەستوور و بنیادنانی پرۆسەی سیاسیدا هەبوو. بەڵام وەک خۆم لە 2011ەوە هەستم بەوە کرد کە گەشەیەکی دانیشتووان لە عێراق هەیە و نەوەی گەنج فرەوان دەبن و هێزە سیاسییە دیارەکان بە هۆی ڕۆچوونیان لە کاری سیاسیدا گوێ نادەن بە پەیوەندیگرتن لەگەڵ ئەم نەوە گەنجە. بۆیە گردبوونەوەی ئەمەل (هیوا)م دروست کرد و سەرۆکی ئەنجومەنیش بووم پاش کۆچی باوکم، بەڵام گردبوونەوەی ئەمەلم بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ لاوان پێک هێنا، گردبوونەوەی ئەمەل زۆر بە خێرایی گەشەی دەکرد و ئەم گەنجان و هەل و ڕۆڵیان بەدەست دەهێنا. منیش لە کەشی ئەنجومەنی باڵادا دەمبینی کاری گەنجانە تووشی گرفت دەبێت. نەوەکانی پێشتر پێیان وا بوو کە ئەوان شایستەترن و خەڵکی خەباتکار و خاوەن مێژوون و لەم مێژووەدا مافیان هەیە، بەڵام ئەمە لە کۆتاییدا ئەم نەوە نوێیانە دەردەکەوتن و گەشەیان دەکرد و پێویستیان بەوە هەبوو بەهێز بکرێن و هەلیان پێ بدەین. ئیتر تێبینی دەرکەوتن لە سەر ئەم ئاراستەیە و گرینگیدان بە لاوان و ئەم جۆرە شتانە. منیش بەش بە خۆم نەمدەویست لەگەڵ برایانم کە خەباتکاری گەورە و کەسایەتیی بەڕێز بوون ناکۆکیم هەبێت، بۆیە هەنگاوێکم نا کە زۆر کەم ڕوو دەدات. چونکە زۆربەی کات کە کەسێک سەرۆکی قەوارەیەکە و لەو قەوارەیە خەڵکی لەگەڵدا هەن و ئەگەر ئەوانی دیکە بۆچوونی دیکەیان هەبێت ڕەنگە دووریان بخاتەوە و قەوارەکە بەو ئاراستەیە ببات کە خۆی دەیەوێت. ئەم بژاردەیە بۆ ئێمە لە کردن دەهات. بەڵام من پێم وا نەبوو پیاوەتییە ئەنجومەنی باڵا لە خەڵکانێکی خەباتگێر کە لەگەڵ مامەم و باوکم بوون، بستێنم. بۆیە من ئەنجومەنی باڵام بۆ ئەوان بەجێ هێشت بۆ ئەوەی بەو شێوەیە بەڕێوەی ببەن کە پێێان وایە گونجاوە و، ڕووم کردە دروستکردنی قەوارەیەکی دیکە و ناومان لێ نا ڕەوتی حیکمە و، ئێمە دۆستین و پەیوەندیمان هەیە و هیچ کێشەیەکمان نەبوو و، ئەو بەریەککەوتن و کێشانەی لەم جۆرە دۆخانەدا ڕوو دەدەن لای ئێمە نەبوون. ئێمە لەم جۆرە نیین و پەیوەندییەکی زۆر باشمان هەیە لەگەڵ برایانی ئەنجومەنی باڵا و ئەوان ڕۆڵی خۆیان دەگێڕن و، منیش ڕووم لە دامەزراندنی قەوارەیەک کرد کە گرینگی بە لاوان دەدات و هەلی فرەوان بە گەنجان دەدات.
 
محەممەد ئەیاد: من قوتابی زانکۆی کەرکووک و  لە پارێزگای کەرکووکیشەوە هاتووم ، لە زووەووە گوتراوە کەرکووک عێراقێکی بچووکە ، رەگی ئەم بابەتەش پشتبەستنە بەو پێکەوەژیانەی لەنێوان پێکهاتەکانی کەرکووک هەیە ، هیندستان دەکەمە نموونەی ئەو بابەتەی خۆم ژمارەیەکی زۆر زمانی جیاواز  لە هیندستان هەیە  و نزیکەی هەشتا هەزار  ئایینی تێدایە و وەک ئێمە نەوت و گازیشیان نیە ، بەڵام لە زۆر رووەوە لە ئێمە پێشکەوتووترن و بەداخەوە ئێمەی کەرکووکی سەت ساڵە رووبەرووی هەموو ناخۆشییەک دەبینەوە و نەمانتوانی هێندەی هیندستان پێشکەوتوو بین .
 
رووداو: وابزانم لەسەر کەرکووک قسەتانکردن ، بەڵام حەزدەکەی کۆمێنتێکت هەبێت لەسەر ئەوە ؟

 

عەممار حەکیم: لاریم نییە. بە کورتی من هاوڕام لەوەی پارە ئەو شتە نییە کە گەلان یەک دەخات و گەشەیان پێ دەکات، بگرە ئەوە بیری بنیادنەر و هەلی ڕاستەقینەیە و پێکەوەژیانی نێوان پێکهاتەکانە ئەمە دەکات و، خەڵکی کەرکووک بەو توانا گەورانی هەیانە لە هەموو پێکهاتە و مەزهەب و ئاینەکانیانەوە، ئەگەر بە یەکەوە هاوکار بن دەتوانن کەرکووک بکەن بە ئایکۆن سەرکەوتن و پێشکەوتن و درەوشانەوە لە واقعی عێراقدا.
 
رووداو: دەستخۆش ، فەرموو ! کەس نییە خەڵکی سلێمانی بێت ؟ بەس سلێمانی دەست بەرزکاتەوە ! ئەها سلێمانیت تۆ ؟ تۆ هەولێریت . 
 
خوێندکار: سڵاوتان لێ بێت سەرەتا بەخێرهاتنی بێستوون دەکەین کە میوانی ئێمەیە لە بەغدا، هەروەها...
 
رووداو: بەغدا ماڵی منە بە خوا کاکە بۆ وا دەڵێیت، هەموو عێراق بۆ من کوردستانە
 
جەعفەر کامل: بەخێرهاتنی سەماحەتی سەید دەکەین لە ناو زانکۆی بەغدا. سەیدمان، من جەعفەر کاملم ڕاگەیاندن کار و پێشکەشکارم لە ڕادیۆی فرات، بەڵام وەک پێشکەشکارێک لە فرات قسە ناکەم، بەڵکو وەک هاووڵاتییەکی عێراق قسە دەکەم ئەو کێشانەی ئێمە وەک گەنج دەیانبینین، من کە گەنجێکم و پێم وایە زۆربەی لاوان هاوڕای منن، ئەوەیە کە پۆستەکان بۆ حزبە سیاسییەکان قۆرخ دەکرێن، پۆستەکان قۆرخ دەکرێن بۆ فڵانە حزب و بۆ فڵانە فراکسیۆن و، باشترین نموونە ئەوەیە کە دەبینین وەزارەتەکان بە پێێ بەشبەشێنە دابەش دەکرێن بۆ نموونە پۆستە باڵاکان وەک بەڕێوەبەری گشتی یان پارێزگار دەدرێن بە کەسانێک لەبەر ئەوەی ئەندامی بۆ فڵانە حزب یان فڵانە فراکسیۆنی سیاسی. سەیدمان، یان سەماحەتی سەید، ئایا لە داهاتوودا پانتاییەکمان بەر چاو دەکەوێت بۆ ئەوانەی سەر بە حزبی سیاسی نین و هەلی دەبێت پۆستێک وەک وەزارەتێک یان پارێزگایەک یان پۆستێکی باڵاتر وەرگرێت؟ سوپاس سەماحەتی سەید.

 

عەممار حەکیم: لە ڕاستیدا سیستمی ئێمە پەرلەمانییە. ئێمەیش هەشتایەمین وڵاتین کە بە سیستمی پەرلەمانی بەڕێوە دەبرێت. 79 دەوڵەت بەر لە ئێمە ئەم سیستمەیان پیادە کردووە. هەموو سیستمێکی سیاسی سیاق و کاری خۆی هەیە. سیستمی پەرلەمانی سیستمی فراکسیۆنەکانە. فراکسیۆنە براوەکان بردنەوەی خۆیان لە کوێوە هێناوە؟ لە گەل لەو خەڵکەی دەنگیان پێیان داوە، ئەم بردنەوەیە و ئەم متمانەیە هەلی ئەوەیان دەداتی لە بەڕێوەبردنی وڵاتدا بەشدا ببن. ئەمە بە واتەی ئەوە دێت کە فراکسیۆنە براوەکان لە سەر ئاستی ئەنجومەنی وەزیران بە بارتەقای قەبارەی خۆیان هەل لە حکوومەتدا بەدەست دەهێنن، بۆیە فراکسیۆنی گەورەتر و فراکسیۆنی بچووکتر پێک دێن و، فراکسیۆنە گەورەترەکە لەبەر ئەوەی زۆرینەی لە دەستە، حکوومەت بەڕێوە دەبات. لە سەر ئاستی وەزارەتەکانیش، وەزارەت پۆستێکی سیاسییە و پارێزگار پۆستێکی سیاسییە. بەڵێ، ئێمە یەکێکین لەو هێزانەی داوا دەکەین پارێزگار بە هەڵبژاردنی ڕاستەوخۆ دەستنیشان بکرێت. ئەگەر ڕۆژێک لە ڕۆژان کار بەمە بکرێت، ئەو کەسەی خەڵک دەنگی پێ دەدات سەربەخۆ بێت یان سیاسی، ئەو دەبێتە پارێزگار، بەڵام لەبەر ئەوەی ئێستا فراکسیۆنەکانن سروشتییە، زۆرینە چۆن دروست دەبێت؟ ئەو زۆرینەیەی کە زۆرینەیەکی میللییە و ئیرادەی گەلی لەگەڵە خۆی پارێزگار هەڵدەبژێرێت. سروشتییە وەزیر یان پارێزگار، کە ئەم پۆستانە سیاسین دەدرێن بە فراکسیۆنە سیاسییەکان و بە ئیرادەیەکی میللی. جگە لەمە، بەڕێوەبەرە گشتییەکان و بەرپرسان، پەیکەری دەوڵەت دەبێت پلەبەندیی تێدا هەبێت. کەمێک پێش ئێستا یەکێک لە بەڕێزەکان پرسیاری لێم کرد و گوتی ئەگەر بۆ موسەننا بێیت و بەڕێوەبەرەکان بگۆڕیت.. من چیم پێی گوت؟ گوتم بابەتەکە بە دەستی هێزە سیاسییەکان نییە ئەمە سیاقی خۆی هەیە.
 
بەڵێ بەڵێ تەواو وایە من ویستم وەڵامەکەم بە نموونە بهێنمەوە نەک پرسیارەکەی تۆ. وەڵامەکەیشم پشتبەستوو بوو بەوەی پێویستە پۆستە حکوومەتییەکان دەبێت بە پێی لەپێشێتی و شارەزایی بن و سیاسییەکان و بێلایەنەکان کێبەرکێیان لە سەر بکەنك لە سەر پۆستەکانی دەوڵەت، ئەو هەڵەیەی لای ئێمە ڕووی دا ئەوە بوو هەوڵمان دا دابەزینە ئاستەکانی خوارەوە و هێزە سیاسییەکان دەست دەگرن بە سەر هەموو پۆستەکانی لێپرسراوێتیدا لە جەستەی دەوڵەت.. ئەمە شتێکە...
رووداو: فەرموو .. ئەوەی دواوە تکایە مایکرۆفۆنەکەی بدەنێ 
 
شەم: ئێوارەتان باش من شەمم لە کەرکووکەوە دەرچووی کۆلیجی پەروەردەی بنەڕەتیم شەرەفمەندم بەوەی ئەمڕۆ لێرەین، بە هەموو نەتەوەکانەوە ئەمڕۆ لە بەغداین، سوپاسی مامۆستا بێستوون دەکەین کە ئەم هەلەی بۆمان ڕەخساند و ئێمە هاتینە پێش. پرسیارێکم هەیە سەبارەت ئەو پەرلەمانتارە ئافرەتانەی ڕەوتی حیکمە، ڕۆڵیان لە ئەنجومەنی نوێنەران زۆر لاوازە و هیچ چالاکییەکیان نییە و تا ئێستا هیچ هەموارێک لەو یاسایەی بە ژنەوە پەیوەستە بوونی نییە و، جەنابتان لە وتارەکانتدا بەردەوام دەڵێیت کە تۆ پاڵپشتی ئافرەتی و پاڵپشتیی مافی ئارەت دەکەیت. بەڵام ئەمە هەمووی هەر دروشمە و هیچ شتێکمان بە کردەنی نەدیوە. ئەمە یەک. دووەم بە بابەتی کەرکووکەوە پەیوەست بوو بەڵام پێم وایە زۆر قسەمان لە سەر کرد. بابەتێکی دیکەم هەیە، لەگەڵ ڕێزی بێ پایانم بۆ تۆ، تۆ باسی پارەت کرد و گوتت هەموو شوێنەکان بە ناوی ڕێکخراوەکەوە یان حزبەوە، بۆ نموونە ڕەوتی حیکمە کە سەر بە ئێوەیە، تۆمار کراون. بەڵام لەگەڵ ڕێزمدا، ئێوە بەوە تۆمەتبار دەکرێن کە دەستتان بە سەر بڕێکی زۆری پارە و ماڵی خەڵکی جادرییەدا گرتووە و چوارگۆشە زێڕینەکەتان لە جادرییە هەر فرەوان دەبێت کە بارەگای سەرەکیی ئێوەیە. قسەی ئێوە لە سەر ئەمە چییە؟ قسەی ئێوە لە سەر ئەمە.. سوپاس.

 

عەممار حەکیم: لە ڕاستیدا، یەکەم تکا دەکەم وشەی (نائیبە) بەکار نەهێنین چونکە نائیبە لە زمانی عارەبیدا بە واتەی بەڵا دێت. بەڵکو خاتوونە نازیبەکان بەکار بهێنن. ئەمە زانیارییەکی زمانەوانییە. خاتوونی پەرلەمانتارمان هەن نەک نائیبات بەڵامان نییە و کۆمەڵێک خاتوونی بەڕێزمان هەن. بابەتی دووەم کە ئێوە فێرخوازی زانکۆن، وەک ڕێچکەیەکی زانستی، سەرئاوخستن و گشتاندن هەمیشە ڕێچکەیەکی نازانستییانەیە. ئێوە هیچتان نەکردووە! ئەمە نابێت. ئێوە چیتان کرد؟ ئەمەیش هەڵەیە. بۆیە ئەگە بگوترێت خانمە پەرلەمانتارەکانی فراکسیۆنی حیکمە یان هەر فراکسیۆنێکی دیکە هیچیان نەکردووە. باشە ڕەنگە تۆ ئامارێکی وەک پێویستت پێ نەبێت پرسیارت نەکردبێت بەڵام ئەگەر لەگەڵیان دابنیشیت لیستێکی درێژی ئەو ئەرکەی کێشاویانە دەخەنە بەر دەستت، بەڵام کە پەرلەمانتارێک کە کۆششی هەیە لە ناو کۆمەڵگە و لە پەرلەمان و لە لیژنە تایبەتمەندەکان و هتد، ڕۆڵێکی گەورە دەگێڕێت و مەرج نییە بگات بە ئەنجامێک کە لەگەڵ بۆچوونەکانی جەنابت بگونجێت، یان لە یاسایەک کە تۆ حەزی لێ دەکەیت ڕەنگە ئەنجامێکیان بەدەست هێنابێت یان نا. بەڵام ئەوان پەرلەمانتارگەلێکن بە جددی لە ئەرکەکانی خۆیان بەم ئاراستەیە کار دەکەن. سەبارەت جادرییە، بەڵێ ژاوەژاوی ڕاگەیاندن و قسە و قسەڵۆک هەیە و، ئێوە بەو پێیەی فێرخوازی زانکۆن ڕێچکە زانستییەکە دروستەکەیە. فەرمانگەی موڵکەکانی دەوڵەت هەیە دامەزراوەکانی دیکە هەن و، هەموو موڵکێک بە ناوی خاوەنەکەی خۆیەوە تۆمار کراوە و، لەم چواگۆشەیەی تۆ ناوت لێی ناوە چوارگۆشەی زێڕین. دەتوانیت بچیتە ژوورەوە و ئەمە بۆ هەموو هاووڵاتییەک بەردەستە و، یەک بە یەک لە دەرگەی ماڵەکان بدەیت و بزانیت ئەو خانووانە هی کێن و کێیان تێدا نیشتەجێن ئەو کات خێزانی کریستیان و سوننە و شیعە دەبینیت و ئەو خەڵکە خاوەنی خانووەکانی خۆیانن و لەو شوێنە دانیشتوون و، ئێمە هیچ پەیوەندیمان پێیانەوە نییە. ئەم قسەیەی دەڵێت فڵان بووەتە خاوەنی جادرییە. چۆن بووینەتە خاوەنی؟ نە بە ناوی ئێمەوەیە و نە ئەو خەڵکەی لەوێ نیشتەجێن .
 
محەممەد: سەرەتا سڵاو و رێز ، بەخێرهاتنی بەڕێزتان دەکەم ، من محەممەدم خوێندکارم لە هەڵەبجە و خەڵکی شاری سلێمانیم ، هێندەی سەرنجمدا لە قسەکانی بەڕێزتان زۆر باسی خوالێخۆشبوو مام جەلال تان دەکرد ، پێموابێت کە سەرسام بن بە کەسایەتی ئەوان . لێرە دەمەوێ بپرسم راتان چییە لەسەر سەرۆکی ئێستای یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بەڕێز بافڵ جەلال تاڵەبانی ؟ وە چۆن کەسایەتیی ئەو دەبینن وەک سەرۆکی حزبێک و کەسایەتییەکی دیاری سیاسی هەرێمی کوردستان ؟

 

عەممار حەکیم: لە ڕاستیدا بەڕێز بافڵ برا و دۆست و ئازیزی ئێمەیە و گەنجێکی سەرکردەیە و توانیی ڕێی خۆی بکاتەوە و لە ئەوروپا خوێندوویەتی بەڵام بۆ ژینگە سروشتییەکەی خۆی گەڕایەوە و توانیی برایانی خەباتگێڕی حزبێکی دێرینی وەک یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان قایل بکات وەک سەرۆکی یەکێتی دەنگی پێ بدەن و ئێستا ئەم کارە دەکات و، تێبینیمان کردووە کە بە سەرۆکایەتیکردنی یەکێتیی نیشتمانی توانیی پەرتەوازییەکەی کۆ بکاتەوە و کورسیی گرینگ لە هەڵبژاردنە خۆجێیەکاندا بەدەست بهێنێت و، هیوای سەرکەوتن بۆ ئەو و هەموو حزبە بەڕێزەکانی کوردستان لە هەڵبژادنی داهاتووی پەرلەماندا دەخوازین.

 

رووداو: دەستخۆش، باشە، فەرموو
 
مورتەزا کەریم: سڵاوتان لێ بێت، سڵاوی خوات لێ بێت سەماحەتی سەید. من مورتەزا کەریم روبەیعیم دەرچووی بەشی کیمیای کۆلیجی زانستەکانی زانکۆی بەغدام. پرسیارەکەم ئەمەیە:سەماحەتتان پەیوەنیی باشتان هەیە لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ، بە تایبەت سعودیە و ئێران، ئایا هەوڵاکانی جەنابتان بەشدارییان هەبوو لە دوورخستنەوە یان سنووردارکردنی ئەم تەنگژەیەی نێوان وڵاتەکان؟ سوپاس.
 
عەممار حەکیم: بێگومان ئێمە پەیوەندیی باشمان هەن، پەیوەندیی دۆستایەتی و پەیوەندیی متمانە، لەگەڵ زۆرێک لە سەرکردەکانی ناوچەکەدا. بەردەوامیش ئەم پەیوەندییانە دەخەینە خزمەتی بەرژەوەندییەکانی وڵاتان و گەلانی ناوچەکە و بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان ئەم وڵاتانە و بۆ بەدیهێنانی سەقامگیری لە ناوچەکەدا و بۆ ئەوەی ئەمە ڕەنگدانەوە ئەرێنیی لە سەر وڵاتەکەمان هەبێت، چونکە کاتێک ناوچەکە سەقمگیر بێت عێراقیش سەقامگیر دەبێت. بێگومان ئەم دوو دەوڵەتە موسڵمانە گەورەیە، کۆماری ئیسلامیی ئێران و شانشینی عارەبی سعودیە، هەندێک کێشەیان لەنێواندا هەبوو و ئێمە بە هۆی پەیوەندیمان لەگەڵ هەردوو وڵات هەوڵمان دا ڕۆڵێکی ئەرێنی بگێڕین لە تواندنتەوەی ئەم هەستیارییانە و بەشداریکردن لە دروستکترنی پردی ئەم پەیوەندییە، عێراق وەک دەوڵەت بە فەرمی ئەم ڕۆڵەی گێڕا و ئێمەیش لای خۆمانەوە ئەم ڕۆڵەمان گێڕا لە چوارچێوەی پەیوەندییە کەسییەکانمان لەگەڵ سەرکردەکانی هەردوو وڵات.
 
رووداو: حەزەکەم تۆش قسەمان بۆ بکەی فەرموو.
 
محەمەد مەجید: محەمەد مەجید لە پارێزگای ئەنبارەوە، گرینگی بە کاروباری سیاسەتی عێراق دەدەم. پرسیارەکەی من بۆ سەماحەتی سەید ئەوەیە کە ئێستا عێراق بە هەندێ قۆناغی مەترسیداردا تێپەڕ دەبێت لە ڕووی بڵاوبوونەوەی ماددە هۆشبەرەکانەوە. بۆیە لەم ڕووەوە پێویستمان بە هەوڵی حکوومەت دەبێت. ئەمە لە لایەکەوە. لە لایەکەی دیکەوە، کەی هاوشێوەی ناوچەکانی ڕۆژئاوا و باکوری عێراق ئاوەدانی لە ناوچەکانی باشوور دەبینین؟ سوپاس.
 
عەممار حەکیم: بەڕاستی ئەمڕۆ ماددە هۆشبەرەکان یەکێکن لە سەرچاوەکانی نیگەرانیی زۆر بۆ واقعی کۆمەڵگەی عێراق. خەریکە عێراق دەبێتە ڕێڕەوێک بۆ گواستنەوەی ماددە هۆشبەرەکان بۆ ئەوروپا و بۆ وڵاتانی دیکە و، ئەمە عێراق ڕووبەڕووی ئەم ئالنگارییە گەورەیە دەکات. بڵاوبوونەوەی ئەم ماددانە بە نرخێکی کەم و گەیشتنیان تەنانەت هەندێ جار بۆ ناو خوێندنگەکان بابەتێکی زۆر نیگەرانکەرە. پێمان وایە کە پێویستە بازرگانەکان و بەکارهێنەران لە یەک جیا بکەینەوە. چونکە بازرگان تاوانکارە و پێویستە ڕاو بنرێت و بخرێتە زیندانەوە و سزا بدرێت، بەڵام بەکارهێنەر نەخۆشە و پێویستە بنێردرێتە نەخۆشخانە نەک بۆ گرتووخانە. مامەڵەکردن لەگەڵ باکارهێنەران لە سەر بنەمای ئەوەی کە نەخۆشن و پێویستیان بە یارمەتییە بۆ ڕزگاربوون لەم ئالوودەبوونە، لە ڕاستیدا ئاراستەیەکی نوێیە و ئێمە پێویستمان بە نەخۆشخانە هەیە زیاتر لە گرتووخانە بۆ ئەم بەکارهێنەرانە بۆ ئەوەی لەم دیردەیە خۆمان ڕزگار بکەین. پرسیاری دووەمتان سەبارەت پارێزگاکانی باشوور بوو. لە ڕاستیدا، خۆتان لەو دۆخە سەختانە ئاگەدارن کە لە سەرەتای ئەزموونەکەدا بە سەر پارێزگاکانی باشووردا هاتن. دوای ئەوەیش شەڕی داعش هات کە پێویستی کرد هەموو تواناکان لە پارێزگاکانی باشوور بکێشرێنەوە، چ تواناکانی شارەوانی بێت یان توانا لۆجستیکەکان بێت و گواستنەوەیان بۆ بەرەکانی شەڕ بۆ یارمەتیدان لە ڕووبەڕووبوونەوەی داعش. ئەمانە وایان کرد ئەم پارێزگایانە یەکەم لە بودجە خاڵی بکرێن و، دووەم بۆ چەند ساڵێک لە توانای لۆجستیک خاڵی بن. پاش ئەوە پرۆسەیەکی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان دەستی پێ کرد و لە هەندێ پارێزگادا سەرکەوت و توانیی قەڵەمبازێکی خێرا ئەنجام بدات و لە پارێگاکانی دیکەیشدا خەریکە ئەو قەڵەمبازە ئەنجام بدات و، هیوادارین لە چەند ساڵێکی کەمدا گۆڕانی گەورە بەدی بکەین لە دۆخی پارێزگاکانی باشوورمان.
 
رووداو: دەستخۆش فەرموو.. بەغدا دەرفەتی زۆرمان دا بە بەغدا.. فەرموو.
 
رەحمە سەڵاح: سڵاوم هەیە بۆ جەنابتان و بۆ ئامادەبووانی بەڕێز. بەڵێ، من ناوم رەحمە سەڵاحە و لە زانکۆی بەغدا دەخوێنم لە بەشی ڕادیۆ و تیلیفزۆنی کۆلیجی ڕاگەیاندن. پرسیارێکت دەخەمە پێش: ئایا لێپێچینەوە لەگەڵ کەسایەتییە سیاسیەەکان دەکرێت سەبارەت هێزی داراییان، ئەوانەی پێشوو و ئەوانی پاشتر، بە ویستی ئەمەریکا؟ پرسیاری دووەم: جەنابی حەکیم لەبەر چی و چۆن بە ویستی خۆی دەستبەرداری دەسەڵاتی باڵا بوو و دەسەڵاتە فەرمییەکەی ڕادەستی حکوومەت کرد؟ سوپاس.
 
عەممار حەکیم: سەبارەت بابەتی یەکەم، بێگومان ئەوە دەوڵەتە لێپێچینەوە دەکات لە ڕێی دامەزراوە و دەستەکانیەوە، وەک دەستەی دەستپاکی و دەستەکانی دیکەی چاودێری و، ئێمە پشتیوانیی ئەم دامەزراوانە دەکەین و پاڵپشتییان بۆ دابین دەکەین بۆ ئەوەی ئەرکی خۆیان ئەنجام بدەن. وەک خۆمان، ئێمە لە بەسڕە پارێزگارێکمان هەبوو سەر بە ئێمە بوو و، لەو کاتەدا کاری گەورەی بۆ خزمەتکردنی خەڵک ئەنجام دا، بەڵام زانیارییەک هات و هەندێک خەڵک پەڕاویان پێشکەش کرد و گوتیان لە هەندێ شتدا تووشی لاوازی بووە. من ئەو فایلەم برد و دام بە سەرۆکی دەستەی دەستپاکی و پێم گوت بەدواداچوون بۆ ئەم بابەتە بکات دڵنیا ببێت لەوەی ئەم زانیارییانە وردن و ئەگەر ڕاست دەرچوون ئەوە ئێمە بۆ لێپێچینەوە لەو کەسە و هاوشێوەکانی پشتیوانیی دەکەین. بۆیي ئێمە پشتیوانیی دەستەکانی تایبەتمەندی چاودێری و دادوەری دەکەین بۆ ئەوەی ڕۆڵی خۆیان بگێڕن لە لێپێچینەوە لەگەڵ هەر کەسێکدا کە بەرامبەر ماڵی گشتی لاواز دەبێت یان بە شێوەیەک لە شێوەکان دەستدرێژی دەکاتە سەر ماڵی گشتی.  وا بزانم پرسیارێکی دووەمیشتان هەبوو ئێمە نامانەوێت پۆستی جێبەجێکاری بگرینە دەست، بەڵام کاتێک هەڵبژاردنی نوێ دەکرێت و کار بۆ پێکهێنانی حکوومەتێکی نوێ دەکرێت بە ڕژدی کار بۆ دەستنیشانکردنی بەتواناتری دەکەین بۆ ئەوەی ئەم کارە بەڕێوە ببات و لەگەڵی دەبین و پشتیوانیی دەکەین بۆ ئەوەی لەو پۆستە بێت و خزمەتی خەڵک بکات.
 
رووداو: فەرموو جەنابتان..
 
عەبدولڕەحمان مەدلوول: سڵاوتان لێ بێت من عەبدولڕەحمان مەدلوولم خەڵکی پارێزگای ئەنبارم فێرخوازم لە قۆناغی دووەمی باشی ئامێرە پزیشکییەکان. پرسیارەکەم بۆ جەنابتان: پەیوەندیی نێوان ئاین و سیاسەت چییە، ئایا پەیوەندیی ئاشتەواییە یان دژبەرییە؟
 
عەممار حەکیم: نا، گومان لەوەدا نییە کە پەیوەندییەکە پەیوەندییەکی ئاشتەواییە نەک دژبەری. جیاوازی هەیە لەنێوان بەسیاسیکردنی ئاین و ئایندارکردنی سیاسەت. بەسیاسیکردنی ئاین واتە بەهاکانی ئاین لەپێناو سیاسەت بەکار بهێنین ئەمەیش کارێکی هەڵەیە. بەڵام ئایندارکردنی سیاسەت بەواتەی ئەوە دێت کە سیاسەت بریتی نییە لە بەدیهێنانی بەرژەوەندییەکان بە شێوازی میکیاڤیلییانە، سیاسەت بریتییە لە بەدیهێنانی بەرژەوەندییەکانی خەڵک بە ڕێگەی شەرەفمەندانە و ئامرازەکان دەبێت هەمیشە لە جنسی ئامانجەکان بن، ئامانجی باش دەبێت بە ئامرازی باش و پاک پێی بگەین. بۆیە پێمان وایە سیاسەتی ئایندار و سیاسەتی بەڕەوشت ئەنجامەکان بەدەستەوە دەدەن لەگەڵ لەبەرچاوگرتنی ئاکارەکانی کاری سیاسی.
 
ئۆمێد: من ناوم ئومێدە خەڵکی دهۆکم، قوتابی بەشی زانستی سیاسییەکانم، پرسیارەکەم سیاسی نییە، بەڵکو ئاینییە، لە زۆربەی کتێبە شیعەمەزهەبەکاندا وا دەریدەخەن کە کورد جنۆکەن، یەکێک لەو نموونانە کتێبەکەی موسعودی (مروج الزهب) بەرگی یەکەم لاپەڕەی 218 رای جەنابتان لەمبارەیەوە چییە؟

 

عەممار حەکیم: بە پێچەوانەوە زۆر ئاسانە بێگومان وەک دەزانن ئەمە روانینێکی شیعییانە نییە، بەریوایەت هاتوون، کتێبەکانی ریوایەت باسی ئەو شتەیان کردووەو هەندێک کتێبی فیقهیش خستووەتە بەرباس، بەڵێ هەندێک ریوایەت بەو ناوەڕۆکەوە هاتوون کە ئێوە ئاماژەتان بۆ کرد، بەڵام لە سەرچاوەی شیعییەوە نا، لە سەرچاوەی ئیسلامییەوە کە لەنێوان موسڵماناندا دەماودەمیان کردووە، ئەمەش بەڕاستی لەڕوویێکەوە مشتومڕی لەسەر کراوە، لەلایەکەوە قسە لەسەر سەنەدی ئەم ریوایەتانەوە هەیە و پشتیان بەچی بەستووە، دەشزانن کە ژمارەیەکتی زۆری ریوایەتیش هەن، بەڵام پیاوە زاناکان هاتوون لەوەیان وردبوونەتەوە بزانن پشتیان بەچی بەستووە، بەشێکیان بە دروست زانیون و بەشێکیشیان بە دروست نەزانیون، ئەو ریوایەتانەی باسی ئەمشتەیان بەم مانایە کردووە سەنەدیان لاوازە، بۆیە پیاوەزاناکان بەڕاستیان نەزانیوە، جگە لەوەش هەندێک لە مەبەستەکەشی کۆڵیونەتەوە ئایە کە دەڵێت کورد، مەبەستی گەلی کوردە، ئەو ناوە کەلەو کاتەدا بەکارهاتووە واتە پیش 1400 ساڵ ئایە مەبەستی گەلی کوردە ئەم ناوەی کە ئەمڕۆ بەکاردێت، یان ناونیشان و ئاماژەیەک بووە بۆ کۆمەڵێک خەڵک کەلەو کاتەدا کەلە شوێنێکی دوورەدەست ژیاون بۆ نموونە، بۆیە دوومشتومڕی لەسەر بووە، یەکێکیان لەسەر دەلالەتەکەی و ئەویدیکەیان لەسەر  ئەسڵ و بنەوانەکەی، باوەڕیش ناکەم هیچ کام لە زاناکانی ئەم سەردەمەی ئێمە لە تەواوی موسڵماناندا بە شیعە و سوننەوە بروای بەوە هەبێت کە گەلی کورد لە جنۆکەوە پەیدابووبن، گەلی کورد بەشێکە لە مرۆڤایەتی وەک چۆن ئێمە هەموومان بەشێکین لێی، رەچەڵەکی ئێمە دیارە کەلە ئادەمەوە سەلامی خوای لێبێت پەیدابوون.
 
رووداو: زۆر باشە هەڵەبجە.. فەرموو
 
خوێندکار: سوپاس جەنابی سەید. جەنابتان شاڕەزای مێژوو و قوربانی شەهیدانی هەڵەبجەن، ئەوەندەی من ئاگاداربم لە دەشتی شارەزوور و ناوچەکە هاوڕێی زۆر باشت هەیە سەردانیش هەیە لەنێوانتاندا، ئێمە وەک گەنجانی هەڵەبجە و وەک کەسوکاری شەهیدانی هەڵەبجە گلەیی زۆرزۆرمان لە سەرکردەکانی عێراق هەیە لە پەرلەمان و لە سەرۆکی کوتلەکان  کەلەکاتی بڕیاردان بۆ یاسای بەپارێزگابوونی هەڵەبجە دەنگیان بە پارێزگابوونی هەڵەبجە نەدا، کۆمەڵێک لایەن هەم لە شییعە و هەم لە سوننە هەوڵیاندا بابەتەکە بۆ سوودی خۆیان بقۆزنەوەو چەند پارێزگایەکی دیکە زیاتر بکەن، دەبوو بە پارێزگابوونی هەڵەبجە بەو ئاراستەیەدا نەچێت و بەداخەوە کە چووە، دەتوانن لە رێگەی جەنابتەوە دڵنیایەک یان بەڵێنێک وەرگرم لەکاتی دەنگدان بە پارێزگابوونی هەڵەبجە دەگ بە یاساکە بدەن یاخود هەوڵی بۆ بدەی، چونکە تاوەکو ئیستا هەڵەبجە سوودمەند نەبووە لە حکومەتی عێراقی بۆ دابینکردنی خزمەتگوزاری.سوپاس.
 
عەممار حەکیم: زۆر سوپاس بۆ ئێوە، لە ڕاستیدا من زۆر هاوسۆزم لەگەڵ هەڵەبجە، ئەویش لەبەر هۆکارێکی سادە. من کە گەنج بووم و لەو کاتەی قەسابخانەکەی هەڵەبجە ڕووی دا من لە ئێران نیشتەجێ بووم. ئەو کاتە گەنج بووم و خەریکی خوێندن بووم و، لەبەر ئەوەی زامنی ئارەبی بە باشی دەزانم داوای یارمەتیم لێ کرا و چەندین هەفتەم لە گەڕان بە سەر نەخۆشخانەکاندا بەسەر برد و ناوی بریندارانی هەڵەبجەم تۆمار دەکرد و خیزانەکانم بەیەک دەگەیاندەوە، هەندێکیان لە نەخۆشخانە بوون و هەندێکیان لە شوێنانی دیکە بوون. هەروەها وێنامان دەگرت و ناوی شەهیدەکانمان دادەنا بۆ ئەوەی کاتێک دەنێژران دواتر منداڵەکانیان بزانن ئەمانە کێن. زۆربەی ئەو وێنانەی ئەمڕۆ لەبارەی هەڵەبجە و شەهیدانی هەڵەبجەوە بڵاو بوونەتەوە لەلایەن ئەو وێنەگرەوە گیراون کە لە ماوەی ئەو چەند هەفتەیەی کارکدنمان لەگەڵ مندا بوو. بۆیە لە ڕووی ویژدانەوە من هاوسۆز و ئاوێتەی پرسی هەڵەبجەم و هەڵەبجە شایانی ئەوەیە ببێت بە پارێزگە و ئێمە پشتیوانیی ئەم بابەتە دەکەین. بەڵام نەرێنی نییە ئەگەر لە پاڵ ئەویش شوێنانی دیکە هەبن شیاو بن بۆ ئەوەی ببن بە پارێزگا و مەرجە ئیدارییەکانیان تێدا هەیە و بەیەکەوە بن و ئەو خەڵکە لە شوێنانی دیکەیش لەم هەلە سوودمەند ببن و زیاتر لە یەک پارێزگا پەسەند بکەین کە مەرجەکانیان تێدا هەیە. بەڵام ئێمە پشتیوانیی پارێزگای هەڵەبجە دەکەین. 
 
رووداو: داوای بەڵێنێکی لێکردی.
 
عەممار حەکیم: ئەو کەسە بەڵێن دەدات کە لە پەرلەماندا خاوەنی زۆرینەیە. ئێمە خاوەنی زۆرینە نیین بەڵام فراکسیۆنێکمان هەیە پشتیوانیی ئەم ئاراستەیە دەکات و پشتیوانیی ئەوانی دیکەیش دەکەین کە دژی هەڵەبجە نین بەڵام دەڵێن با چەند شوێنێکی دیکەیشی لەگەڵدا بێت کە ئەوانیش مەرجەکانیان تێدا هەبێت. کێشەکە لە کوێیە ئەگەر بە یەکەوە دوو یان سێ پارێزگا دروست بکەین بۆ ئەوەی هەمووان ڕازی بکەین، ئەمە شتێکی باشە.

 

رووداو: دوایین پرسیار، بەڵێ فەرموو..
 
مستەفا عودەی: سڵاوتان لێ بێت مستەفا عودەی لە پارێزگای سەڵاحەددین شاری تکریت، فێرخوازی کۆلیجی پزیشکیی ڤێتێرنەری لە زانکۆی تکریت. پێش هەر شتێک من سوپاسی تۆ دەکەم بۆ پشتیوانیکردنت لە توێژی پزیشکانی ڤێتێرنەری و جێبەجێکردنی یاسای ناوەندیی ڤێتێرنەری لە بابەتی دامەزراندندا. پرسیاری دووەمم: مانگێک کەمتر لە دە ساڵ پێش ئێستا چوار پارێزگا لە عێراق کەوتن، دیالە و سەڵاحەددین و ئەنبار و مووسڵ و بەشێک لە کەرکووک و بەشێکیش لە بەغدا، قەسابخانەیەک ڕووی دا، تیایدا عێراقییەکان کوژران، بە سوننە و شیعە و عارەب و تورکمان و ئێزدی و کریستیانەوە، بەڵام تا ئێستا ئێمە ئەم باجە دەدەین. لە پارێزگای سەڵاحەددین دوو گوند هەن هێشتا نەگەڕاونەتەوە لەبەر ئەوەی بە پەیوەندی لەگەڵ داعش تۆمەتبار کراون هەرچەندە کە زۆربەیان داعش نەبوون، یەکەم گوندی عۆجە و دووەم گوندی تەل ذەهەب، تکا لە جەنابتان دەکەم پشتیوانێکی باوکانە بن بۆ ئەم گوندان، من بە ڕەسەن خەڵکی عۆجەم و گوندی تەل ذەهەب خزم و دۆستی منن. نزیکەی هەزاران خێزان هەن چارەنووسیان نادیارە چ لە کوردستان بن یان لە پارێزگاکانی دیکە و لە ناوەڕاست و لە دەرەوەی عێراق. لەبەر ئەوەی ئەوانە لە خێڵی کەسێکن، بەڵام پەنجەکانی دەستمان وەک یەک نین. من لەگەڵ ئەوەم تاوانکار لێپێچینەوەی لەگەڵدا بکرێت و ئەوەی هیچی لە سەر نییە ئازاد بکرێت. زۆر سوپاس سەیدمان.

 

عەممار حەکیم: لە ڕاستیدا من دەنگی خۆم دەخەمە پاڵ دەنگی ئەم برا بەڕێزەمان. هەر سزایەکی بەکۆمەڵ، ئێستا گوتمان گشتاندن دروست نییە و زانستی نییە، هیچ کۆمەڵێک نییە هەموویان بە تەواوی خراپ بن، ئەمە ڕاست نییە، خراپیان تێدا هەیە، بەدواداچوون بۆ خراپرکر دەکەین و لێپێچینەوەی لەگەڵدا دەکەین بەڵام خەڵکەکە لە هەموو شوێنێک دەبێت بگەڕێنەوە بۆ جێی خۆیان.
 
رووداو: زۆر سوپاست دەکەین، بەڕاستی دەرگایەکی زۆر زۆر باشت کردەوە، جەنابت هەم سیاسیت و هەم پیاوێکی ئاینیشی، هەموو گەنجانی عێراق بۆ یەکەمجار بە کۆکراوەیی بەرامبەر جەنابت بەبێ فلتەر  پرسیاریان کرد، بەبێ ئەوەی پێش وەخت تیمەکەت بڵێن کوا پرسیارەکان، من زۆر سوپاسی جەنابت دەکەم.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ سەلیم سالم، هونەرمەندی عێراقی

سەلیم سالم: هەولێر سەقامگیرە و مرۆڤ تێیدا ئازادە

بەشێک لە هونەرمەندانی عێراق ئێستا لە هەولێر نیشتەجێن، جگە لە گێڕانی ئاهەنگ، کارە هونەرییەکانیشیان لێرە ئەنجام دەدەن. سەلیم سالم، هونەرمەندێکی گەنجی عێراقییە و بەم دواییە گۆرانییەکی نوێی بە زمانی کوردی و عەرەبی بڵاوکردەوە و دەنگدانەوەی زۆری هەبوو، بەتایبەتیش لە نێو کورددا. ئەو دەڵێت، هەولێر ئارامە و مرۆڤ تێیدا ئازادە، لە هەولێر هەستی نەکردووە لە وڵاتێکی عەرەبییە. ئەو گۆرانیبێژە لە 2023 لە ئاهەنگێکی تایبەتەدا لە دەرەوەی عێراق داوای لێکراوە گۆرانی لەبارەی سەدام حوسێن، سەرۆکی پێشووتری عێراق بڵێت، ئەویش گۆرانی گوتووە و بەهۆیەوەی رووبەڕووی رەخنەی زۆر بووەتەوە و دەڵێت، نەیزانیوە بە یاسا قەدەخکراوە، هەروەها ئەو خۆی بە لایەنگری بەعس نازانێت و دوو خاڵی لەسەردەمی بەعسدا لەسێدارە دراون. نالین حەسەن، پێشکێشکاری رووداو، هەڤپەیڤینێکی کورتی لەگەڵدا ئەنجامداوە.