رووداو دیجیتاڵ
زیاتر لە چوار رۆژە ژمارەیەک ئۆتۆمبێل کە بەرهەمی خەیار و سەوزەواتیان لە سلێمانییەوە بردووە، لە بازگەیەکی کەرکووک راگیراون. ئاراس یەکێکە لەو شۆفێرانە و دەڵێت، خەریکە بەرهەمەکەیان بە تەواوی تێکدەچێت.
ئاراس محەممەد، شۆفێری بارهەڵگر بە رووداوی گوت، "ئێمە نووسراوی کشتوکاڵی سلێمانیمان پێیە، دەڵێن: نووسراوی سلێمانی نایخوات، ئەمە میوەیە نابێت چوار پێنج رۆژ لەبەردەم ئەم خۆرە رابگیرێت، رێگەمان نادەن بڕۆین."
تەواوی بازگەکانی پارێزگای کەرکووک فەرمانیان بۆهاتووە رێگری لە تێپەڕبوونی بەرهەمی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان بکەن. ئەمە لەکاتێکدایە ئێستا وەرزی پێگەیشتنی بەرهەمی سەوزەواتە، بەڵام بەهۆی رێگرییەکانەوە وەکو شۆفێران کە خەڵکی باشوور و ناوەڕاستی عێراقن، دەڵێن، لە ناوچەکانیان نرخ لەسەر خەڵک زیادی کردووە.
سدیق عەلی، شۆفێر بە رووداوی راگەیاند، "کیلۆیەک خەیار لەوێ [دیالە] بە هەزارە، لێرە ناهێڵن خەیار تێبپەڕێت، جووتیار دەست بە خۆپێشاندان دەکات."
محەممەد سەعد، شۆفێرێکی دیکەی خەڵکی بەغدایە و باس لەوە دەکات، "گوناهمان چییە ئەوە بەرهەمی عێراقییە، بەرهەمی خۆماڵییە، واتا کوردستان سەر بە عێراق نییە! ئەی چییە؟"
لەگەڵ ئەوەی کە رێگری لە جووتیاران دەکرێت بەرهەمی هەرێمی کوردستان ببەنە نێوەڕاست و خوارووی عێراق، بە پێش چاوی ئەوانەوە بەرهەمی هاوردەکراوی وڵاتان بە بازگەکاندا تێدەپەڕن.
دوای بەدواداچوونی رووداو، فەرمانگەی کشتوکاڵی کەرکووک پەیوەندی بە وەزارەتەکەیەوە کرد و کێشەی بۆ روونکردنەوە، بەڵێنی ئەوەی پێدرا چاو بە بڕیارەکەدا بخشێندرێتەوە و گۆڕانکاری تێدابکرێت.
زوهێر عەلی، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی کەرکووک گوتی، "بێگومان نووسراو لە وەزارەتی کشتوکاڵەوە دەرچووە پێش ماوەیەک، هێنانی هەموو بەرهەمێکی کشتوکاڵی سەوزەوات لە هەرێمی کوردستان و دەرەوە قەدەخەکراوە، بەڵام جەنابی وەزیر چاوخشاندنەوەی پێداکردووە، ئەوە بەرهەمی نێوخۆییە لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستانەوە هاوشێوەی پارێزگاکانی دیکە."
ئەم بڕیارەی وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق لەکاتێکدایە، ئێستا ئەو بەرهەمانەی لە باشوور و نێوەڕاستی عێراق پێگەیشتوون بەبێ رێگری دەهێندرێنە ناوچەکانی هەرێمی کوردستان، کەچی بەپێچەوانە رێگری لە بەرهەمی جووتیارانی کورد دەکرێت لەلایەن دەسەڵاتی بەغداوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ