لە دادگەی فیدراڵیی عێراق سکاڵا لە دژی بڕگەیەکی رێککەوتنی هەولێر و بەغدا تۆمار دەکرێت
رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لەسەر بڕگەیەکی رێککەوتننامەی هەولێر و بەغدا لەبارەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق سکاڵای تۆمارکرد. پەرلەمانتارەکە دەڵێت، تانەی لە نووسراوی رەزامەندیدانی بانکی ناوەندیی عێراق لەبارەی کردنەوەی هەژماریکی بانکی بۆ دانانی پارەی نەوتی فرۆشراوی هەرێمی کوردستان داوە.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 30-4-2023، عودەی عەواد، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق سکاڵای لەسەر محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، عەلی عەلاق، بەڕێوەبەری بانکی ناوەندی، حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوت، مەسرور بارزانی، سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان تۆمارکرد. پەرلەمانتارەکە تانەی لە نووسراوی رەزامەندیی دەربڕینی بانکی ناوەندیی عێراق داوە لەسەر کردنەوەی هەژمارێکی بانکیی تایبەت بە دانانی پارەی نەوتی فرۆشراوی هەرێمی کوردستان و دەڵێت: پێچەوانەی دەستووری عێراقە.
رۆژی سێشەممە، 04-04-2023 بە ئامادەبوونی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، هەولێر و بەغدا رێککەوتنیان بۆ هەناردەکردنەوەی نەوت کرد، بەڵام تائێستا هەناردەکردنەکە دەستی پێنەکردووەتەوە.
ئەو پەرلەمانتارە لە سکاڵاکەیدا گوتی: ئەو رێکارە پێچەوانەی ژمارەیەک ماددەی دەستوورییە لەوانە ماددەی 14 کە دەڵێت: "عێراقییەکان یەکسانن لەبەردەم یاسا بێ جیاکاریی بەهۆی رەگەز یان رەچەڵەک یان نەتەوە و بنەچە یان رەنگ یان ئایین یان مەزهەب یان بیروباوەڕ یان بۆچوون یان دۆزی ئابووری یان کۆمەڵایەتییانەوە." و باسی لەوەکردووە بەو رێکارەی دەکرێت نەوتی کوردستان لە دەرەوەی مامەڵەکردنی بانکی ناوەندیی عێراق دەبێت.
هەروەها ئەو پەرلەمانتارە پێیوایە کە ئەو خاڵەی رێککەوتنی هەولێر و بەغدا پێچەوانەی بڕگەی یەکەم و دووەمی ماددەی 27ـی دەستووری عێراقە، چونکە پارەی نەوتی هەرێم و پارێزگاکان پارەی گشتین و هەرێمی کوردستان ناتوانێت مامەڵە بەو پارانەوە بە پاساوی جیا بکات.
لە خاڵێکی دیکەدا باسی ماددەی 111ـی دەستوور دەکات، کە دەڵێت، "نەوت و گاز موڵکی هەموو گەلی عێراقە لە هەموو هەرێم و پارێزگاکان." و باس لەوەش دەکات کە پەرلەمان نوێنەری رەوای گەلە و دەبێت ئەو رێککەوتننامەیەی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران کردوویەتی بخرێتە بەردەم پەرلەمان بۆ پەسندکردن یان رەتکردنەوەی.
عودەی عەواد، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی سادیقونی سەر بە عەسائیبی ئەهلی حەقە بە سەرۆکایەتیی قەیس خەزعەلی و فراکسیۆنەکە خاوەنی 15 پەرلەمانتارە. عەواد کە یەکێکە لە نوێنەرانی بەسرە لە پەرلەمان؛ لە سکاڵاکەیدا باسی لەوەش کردووە رێکارەکەی بانکی ناوەندی پێچەوانەی ماددەی 112ـی دەستووری عێراقە، کە حکومەتی ناوەندی بۆ بەڕێوەبردنی نەوت و گازی دەرهێنراو دیاریکردووە.
لەگەڵ ئەوانەشدا پێیوایە پێچەوانەی ماددەی 115ـی دەستوورە، کە دەسەڵاتی هەرێم و پارێزگاکانی وا دیاریکردووە نابێت لەو دەسەڵاتانە بن کە تەنیا دەسەڵاتی حکومەتی ناوەندییە.
د. ڤیان سەبری، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لەبارەی سکاڵاکەوە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "لە کارنامەی وەزاریی محەممەد شیاع سوودانی کە پەرلەمان پەسەندیکردووە هاتووە: حکومەتی هەرێمی کوردستان و ناوەند رادەسپێردرێن بە گەیشتن بە رێککەوتن لەبارەی کێشەکانی دارایی و نەوت و گاز، ئیدی پەرلەمان پەسندیکردووە، رێککەوتنەکەش خراوەتە بەردەم سەرکردەکانی نێو هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت و رازی بوون لەسەری."
حکومەتی هەرێمی کوردستان و ناوەند لەسەر ژمارەیەک پرسی هەڵپەسێردراو رێککەوتنیان واژۆکردووە، لەنێویاندا پارەی نەوتی فرۆشراوی هەرێمی کوردستان لە هەژمارێکی بانکی دابنرێت و هەرێمی کوردستان مافی دەرهێنان و دەستکارییکردنی پارەکانی دەبێت و لەژێر سەرپەرشتیی حکومەتی ناوەند دەبێت، هەردوولا پێیانوایە رێککەوتننامەکە سەرەتایەکی باشە پێش گەیشتن بە رێککەوتنی تەواوەتی لەبارەی یاسای نەوت و گازی عێراق کە دوای 20 ساڵ لە رووخانی بەعس هێشتا پەسەندنەکراوە.
لەسەر بڕیاری دەستەی نێوبژیوانی پاریس لە رۆژی 25ـی ئاداری 2023ـەوە هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ بەندەری جەیهان کە تاکە دەروازەی فرۆشتنی نەوتی هەرێمی کوردستانە، راگیراوە، بڕیارەکە دوای سکاڵایەکی عێراق لەدژی تورکیا دێت، ئەو بڕیارە بووە بۆی راگرتنی بەرهەمهێنانی نەوت لە بەشێکی کێڵگەکانی نەوتی هەرێمی کوردستان.