لە پارێزگایەکی تورکیا 80 قوتابی عێراقی بەخواردن ژەهراویبوون


رووداو دیجیتاڵ  

ژمارەیەک قوتابیی عێراقی لە پارێزگای سامسوون لە هەرێمی دەریای رەش لە تورکیا بەخواردن ژەهراویبوون. 
 
ئێوارەی دوێنێ هەینی 29ـی نیسانی 2022، ژمارەیەک قوتابیی عێراقی لە "زانکۆی 19ـی مایس" لە پارێزگای سامسوون لە هەرێمی دەریای رەش لە تورکیا، بەربانگییان لە بەشی ناوخۆیی زانکۆکە کرد و کاژێرێک دوای رۆژوو شکاندنیان، 80 قوتابی بەهۆی سکئێشان و ئازاریی زۆری گەدەوە، رەوانەی نەخۆشخانە کران. 
 
هەر 80 قوتابییەکە لە نەخۆشخانەی کۆلێژی پزیشکی هەمان زانکۆ پشکنینی سەرەتاییان بۆ کرا و دەرکەوت سەرجەمیان بەهۆی خواردنەوە ژەهراویبوون. دواتر بە ئەمبووڵانس، قوتابییەکان گواسترانەوە بەشی فریاکەوتنی نەخۆشخانەی فێرکاری "غازی" لەپارێزگاکە. 
 
بەگوێرەی زانیارییەکان، تەنیا 20 قوتابیی دوای وەرگرتنی چارەسەریی لە نەخۆشخانە دەرچوون و 60 قوتابی لە نەخۆشخانەکە خەوێندران. 
 
یەکێک لە قوتابییە عێراقییەکان بەناوی عەبد عەلی، بە میدیاکانی تورکیای راگەیاند، نزیکەی کاژێرێک دوای بەربانگکردنیان، هەستیان بە ئازاری گەدە و سکئێشان کردووە و دەسبەجێ سەردانی نەخۆشخانەیان کردووە بۆ وەرگرتنی چارەسەری.