وەزارەتی بەرگریی عێراق: لە کەرکووک دەستمان بەسەر چەندین مووشەکدا گرت
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی بەرگریی عێراق رایگەیاند، "لە پارێزگای کەرکووک و ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی جەزیرە، دەستمان بەسەر چەندین مووشەک و بڕێکی زۆر بۆمب و تەقەمەنیدا گرت".
وەزارەتی بەرگریی عێراق، ئەمڕۆ هەینی لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند: "فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی جەزیرە هەڵمەتێکی پشکنینی لە ناوچەی نێوان رۆژهەڵاتی رووباری فورات و رۆژئاوای دەریاچەی سەرسار ئەنجامدا، تێیدا دەستی بەسەر سێ دەبەی 20 لیتری ماددەی تی ئێن تی گرت، لەگەڵ دەستگرتن بەسەر بۆمبێک و دوو راستەی تەقاندنەوەی بۆمب".
وەزارەتی بەرگریی عێراق راشیگەیاند: "هاوکات هێزێکی بارەگای پێشکەوتووی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان لە کەرکووک هەڵمەتێکی پشکنینی لە ناوچەی سەلام لە شارۆچکەی حەویجە لە پارێزگاکە ئەنجامدا، تێیدا دەستی بەسەر 7 بۆمبی چێندراو و 13 گوللـە هاوەنی 60 ملیمدا گرت، لەگەڵ دەستگرتن بەسەر 19 مووشەک و دوو گوللـە ئارپیجی و هاوەنێکی 82 ملیم و 6 مووشەکی تۆپخانەی نەمساوی".
هەر لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "لە هەڵمەتێکی دیکی هێزەکانی بارەگای پێشکەوتووی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان لە کەرکووک بۆ پشکنینی شارەدێی عەباسی لە پارێزگاکە دەستبەسەر 4 مووشەکی ئێس پی جی 9 دا گیرا، لەگەڵ دەستگرتن بەسەر دوو گوللـە ئارپیجی و گوللـە هاوەنێکی 60 ملیمدا".
خ