محەممەد حەلبووسی بۆ 15 رۆژ دەسەڵاتەکانى دەداتە جێگرى یەکەمى

30-03-2023
هەستیار قادر
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکى پەرلەمانى عێراق بۆ ماوەى 15رۆژ مۆڵەت وەردەگرێت و دەسەڵاکانى دەداتە جێگرى یەکەمى. ئەمیندارى گشتیى پەرلەمان دەڵێت: "مۆڵەتکردنەکە ئاساییە و کارى پەرلەمان وەک خۆى بەڕێوەدەچێت". 
 
محەممەد حەلبووسی، سەرۆکى پەرلەمانى عێراق ئەمڕۆ پێنجشەممە، 30ـى ئادارى 2023، لە نووسراوێکدا بڕیارێکى دەرکردووە بۆئەوەى ماوەى 15 رۆژ مۆڵەت وەربگرێت و دەسەڵاتى بەڕێوەبردنى کۆبوونەوەکانى پەرلەمان و سەرپەرشتیکردنى کارى لیژنەکانى داوەتە موحسین مەندەلاوى، جێگرى یەکەمى سەرۆکى پەرلەمان.
 
بەگوێرەى نووسراوەکە، مۆڵەتە 15 رۆژییەکەى محەممەد حەلبووسی، 3ـى نیسانى 2023، دەستپێدەکات.
 
سەفوان گەرگەرى، ئەمیندارى گشتیى پەرلەمانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: بڕیارى وەرگرتنى ئەو مۆڵەتە ئاساییە و کۆبوونەوە و کارەکانى پەرلەمان بەشێوەیەکى ئاسایی بەڕێوەدەچن. گوتیشى: "هەفتەى داهاتوو پەرلەمان کۆبوونەى خۆى ئەنجام دەدات".
 
ئەو مۆڵەتەى محەممەد حەلبووسی لەکاتێکدایە کە زیاتر لە دوو هەفتە تێپەڕبووە بەسەر ناردنى پڕۆژەیاسای بودجەى گشتیى 2023 بۆ پەرلەمان لەلایەن حکومەتەوە، بەڵام سەرۆکایەتیى پەرلەمان پڕۆژەکەى ئاراستەى لیژنەى دارایی نەکردووە بەمەبەستى دەستنیشانکردنى وادەى ئەنجامدانى خوێندنەوەى یەکەم بۆی.
 
جەمال کۆچەر، ئەندامى لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: یەکێک لە هۆکارەکانى نەناردنى پڕۆژەیاساى بودجەى گشتى بۆ لیژنەکەیان، تێبینیى سوننەکانە لەسەر پشکى پارێزگاکانیان لەو بودجەیەدا.
 
محەممەد حەلبووسی هاوکات سەرۆکى پارتى تەقەدومە، کە نوێنەرى زۆرینەى سوننەکانە و یەکێکە لە پێکهێنەرە سەرەکییەکانى هاوپەیمانیى سەروەرى.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە