بۆ رێگرى لە "کوشتن" لە پارێزگایەکى عێراق 10 کاژێر هاتووچۆى ماتۆڕسکیل قەدەخە دەکرێت
رووداو دیجیتاڵ
پۆلیسى پارێزگاى دیالە لە کاژێر هەشتى شەو بۆ شەشى بەرەبەیان هاتووچۆى ماتۆڕسکیلی دوو تایە و سێ تایە قەدەخە دەکات. بەڕێوەبەرى راگەیاندنى پۆلیسی شارەکە دەڵێت: "ئەو رێکارە بۆ رێگرییە لە رووداوەکانى کوشتن کە زۆربەیان لە رێگەى ماتۆڕسکیلەوە دەکرێن."
رۆژی پێنجشەممە، 30ـى ئادارى 2023، عەمید نیهاد عەبادى، بەڕێوەبەرى راگەیاندنى پۆلیسی پارێزگاى دیالە بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: لە کاژێر هەشتى ئەمشەوەوە دەست دەکرێت بە جێبەجێکردنى بڕیارى قەدەخەى هاتووچۆى ماتۆڕسکیلى دوو تایەیی و سێ تایەیی کە بە توک توک ناسراوە و تاوەکو کاژێر شەشى بەرەبەیان بەردەوام دەبێت.
عەمید نیهاد عەبادى گوتیشى: ئەو بڕیارە لەسەر فەرمانى وەزیرى ناوخۆى عێراق بووە بۆ رێگرى لە رووداوەکانى کوشتن لە دیالە کە زۆربەیان لە رێگەى ماتۆڕسکیلەوە کراون. دەشڵێت، "هەر کەسێک سەرپێچیى ئەو بڕیارە بکات دەست بەسەر ماتۆڕسکیلەکەیدا دەگیرێت و خۆشى دەدرێت بە دادگە بۆ گرتنەبەرى رێوشوێنى یاسایی لەدژى".
ئەو هەنگاوەى پۆلیسی دیالە لەدواى ئەوە دێت کە لەماوەى رابردوودا چەندین رووداوى کوشتن لە سنوورى پارێزگاکە روویاندا و پشێویى ئەمنى لێکەوتەوە، کە نوێترینیان کوژرانى سێ ئەندامى یەک خێزان بوو لە قەزاى خاڵس لە 29ـى ئادار، کە پێکھاتبوون لە دوو هاوژین و کچێکیان.