ئەمریکا حەوت پارچە شوێنەوار دەداتەوە بە عێراق

30-03-2023
هەستیار قادر
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا چەند پارچە شوێنەوارێک دەگەڕێنێتەوە بۆ عێراق کە حەوت مۆرى سەردەمى دەسەڵاتى بابلییەکانى تێدایە و پێشتر بە قاچاخ برابوونە ئەو وڵاتە.
 
رێوڕەسمی رادەستکردنەوەى ئەو پارچە شوێنەوارانە ئەمڕۆ پێجشەممە، 30ـى ئادارى 2023، لە سەرۆکایەتیى کۆماری عێراق ئەنجامدرا، دوای ئەوەى باڵیۆزخانەى عێراق لە ئەمریکا ئەو پارچە شوێنەوارانەی وەرگرتبوونەوە.
 
پارچە شوێنەوارییەکان کە 9 پارچە بوون، لەلایەن لەتیف رەشید، سەرۆککۆمارى عێراقەوە رادەستى لەیس مەجید حوسێن، سەرۆکى دەستەى شوێنەواى عێراق کران.
 
لەو 9 پارچە شوێنەوارە، حەوتیان مۆرى سەردەمى دەسەڵاتى بابلییەکانیان لەسەرە کە مێژووەکەیان بۆ زیاتر لە 1900 ساڵ بەر لە زایین دەگەڕێتەوە. 
 
لەدوای ساڵى 2003، دەیان هەزار شوێنەواری عێراق دزەیان پێکرا بۆ دەرەوەى وڵاتەکە کە تەنیا لە مۆزەخانەى بەغدا، 15 هەزار پارچەی شوێنەواری دیارنەماون.
 
لە 29ـى تەممووزى 2021، ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا 17 هەزار پارچە شوێنەواری گەڕاندەوە بۆ عێراق، کە لەدواى ساڵى 2003 برابوونە ئەو وڵاتە.   

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە