لە فڕۆکەخانەی بەسرە نۆ گەشتیار بە 522 ماستەر کارتەوە دەستگیرکران

رووداو دیجیتاڵ

لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەسرە لە باشووری عێراق، نۆ کەس دەستگیرکران کە 522 ماستەر کارتیان پێبووە و هەوڵیانداوە لەو رێگەوە دۆلار بە نرخی فەرمی ببنە دەرەوەی وڵات. 
 
عەلادین قەیسی، گوتەبێژی دەستەی دەروازە سنوورییەکانی عێراق ئەمڕۆ (پێنجشەممە، 30-03-2023) بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، دوای نیوەڕۆی دوێنێ لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەسرە لە رێگەی چڕکردنەوەی رێکارەکانی پشکنین و وردبینیی گەشتیاران و کەلوپەلەکانیان، نۆ گەشتیاریان دەستگیرکرد، کە 522 ماستەر کارتیان پێبووە.
 
ئەو نۆ کەسە بە گوتەی عەلائەدین قەیسی، هەوڵیانداوە لەو رێگەیەوە دۆلار بە نرخی فەرمی ببنە دەرەوە، لەوێ دۆلارەکە لە ئەی تی ئێم رابکێشن.
 
چیرۆکەکە بەمشێوەیەیە 522 کەس بەناوی گەشتکردن مامەڵەیان کردووە و هەر 100 دۆلارێکان بە نرخی 132 هەزار دینار وەرگرتووە، پاشان ماستەرکاردەکانیان بەو نۆ کەسە داوە تاوەکو بەبێ ئەوەی خۆیان گەشت بکەن، ئەو کەسانە لە دەرەوەی وڵات پارەکە بە دۆلار رابکێشن.
 
100 دۆلار بە نرخی فەرمی بە 132 هەزار دینارە بۆ ئەو کەسانەی گەشتی دەرەوە دەکەن، هەر گەشتیارێک دەتوانێت تاوەکو دوو هەزار دۆلار بەم نرخە وەربگرێت، لەکاتێکدا لە بازاڕەکاندا ئەمڕۆ بە (152 هەزار دینار) مامەڵەی پێوەکراوە.
 
گوتەبێژی دەستەی دەروازە سنوورییەکانی عێراق دەڵێت سەرەتا وازانرا ئەمانە سێ کەسن، بەڵام دوای لێکۆڵینەوە و پشکنین دەرکەوت نۆ کەسن و سەرجەمیان دەستگیرکراون و رێکاری یاسیان لەبەرامبەر گیراوەتەبەر. 
 
گوتەبێژی دەستەی دەروازە سنوورییەکانی عێراق جەخت لەوەدەکاتەوە، ئەو هەنگاوەیان لێدانێکی کەمەرکێشن بوو لە کەسانی "دەروون لاواز و قاچاخچی".